سەرۆك جاش و مستەشاری سەردەمی بەعس قاسم تاهیر مستهفا ناسراو بە (قاسم ئاغای كۆیە)، كۆچیی دوایكرد، ناوبراو دووساڵ لەمەوبەر بە بڕیاری دادگایەكی پارێزگای سلێمانی بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا.
قاسم ئاغا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی كانونی دووەم، بە نەخۆشی دڵ كۆچیی دواییكرد، بەپێی سەرچاوەیەك كە نزیكایەتی لەگەڵ خانەوادەكەی هەیە، بەڵام (كەركوك ناو) زانیاریی ئەوەی دەستنەكەوت ئایا لە هەولێر مردووە یان لە دەرەوەی وڵات.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) مانگێك لەمەوبەر ناوبراو هەر بەهۆی نەخۆش دڵەوە لە وڵاتی توركیا چارەسەری وەرگرتووە.
قاسم تاهیر مستهفا ئاغا ناسراو بە قاسم ئاغای کۆیە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو فەوجێكی لەلایەن رژێمی پێشوی بەعس، بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن بۆ كرابۆوە و تۆمەتبارە بە هاوكاریكردنی ئەو رژێمە لە پرۆسەی ئەنفال و راگواستنی خەڵكی گوندەكان، كە بەهۆیەوە بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم زیاتر لە 180 هەزار كەس لە پرۆسەی ئەنفالدا لەناوچون.
ناوبراو لە 5ی تشرینی دووەمی 2023 لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/2 سزای لە سێدارەدانی بۆ دەركرا، ئەوەش لە دانیشتنێكی نائامادەییدا و لەسەر سکاڵای كەسوكاری پێشمەرگەیەک.
ئەوكات سەرچاوەیەك كە لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا ئامادەبووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆسییەكە بۆ ساڵی 1988 دەگەڕێتەوە، كاتێك قاسم ئاغای كۆیە و جاشەكانی، پێشمەرگەیەك بە برینداری بەدیلدەگرن، دواتر پێشمەرگە گیانلەدەستدەدات".
"دادوەر بە پشتبەستن بە سكاڵای كەسوكاری پێشمەرگەكە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تیایدا دەردەكەوێت قاسم ئاغای کۆیە بە یاوەری هێزێکی سوپاس عیراق و ژمارەیەك لە جاشەکانی فەوجەکەی پێشمەرگەیەكیان بەدیلگرتووە، بڕیارەكەی دەركرد"، سەرچاوەكە جەختیكردەوە "دادگا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی و بەهۆی بونی بەڵگەی تەواو لە دژی، هەروەها داواکاری گشتی-یش داوای تاوانبارکردنی کرد و کۆتایی بە دادگاییکردنەكە هات كە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بوو بۆ قاسم ئاغای كۆیە".
هەر لەو گرتە ڤیدیۆیەدا كە تیمی (كەركوك ناو) بینیویەتی و دادوەر وەك بەڵگە بۆ بڕیارەكەی پشتی پێبەستووە، پێشمەرگەیەكی تر كە رون نییە كوژراوە یان بریندارە لەسەر زەوی كەوتووە.
قاسم ئاغا و ئەفسەرێكی سوپای عیراق بە پلەی مقەدەم هەر لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا وتە لە پێشمەرگە بریندارەكە وەردەگرن و داوای ناونیشانی ماڵ و گەڕەك و ئەو لایەنەش دەكەن كە پێشمەرگەكە پەیوەندی پێوەكردون.
هەرچەندە لە سەروبەندی راپەڕینی گەلی كورد دژی ئەو رژێمە لە ساڵی 1991دا بەرەی كوردستانی – هێزە كوردییەكان پێكیانهێنابوو- لێبوردنی گشتییان دەرکرد بۆ سەرۆک جاش و موستەشارەكان، بەو مەرجەی خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام قاسم ئاغا داواكەی رەتكردەوە و تا روخانی رژێمی بەعس لە بەغدا بوو.
لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس، دادگای باڵای تاوانهکانی عیراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركرد و لە دادگاكانی كوردستانیش دەیان سكاڵای لەدژ تۆماركرا، بەڵام ناوبراو عیراقی بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێهێشت و شوێنی نیشتەجێبونی رون نەبوو.