سەرما بەرۆكی ئاوارەكان دەگرێت و حكومەت نەوتی لێگرتونەتەوە

شنگال/ منداڵێكی ئاوارەی ئێزیدی لە دەلاقەیەكی ژورێكی ماڵەكەیدا دەڕوانێتە خێمەی ئاوارەكان لەسەر چیای شنگال. فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

كەركوك ناو

سەرما تەنگی بەو ئاوارانە هەڵچنیوە كە لەنێو كەمپەكانی پارێزگای دهۆكدا نیشتەجێن، چونكە ئەمساڵ هیچ بەشە نەوتێكیان پێنەدراوە، لەكاتێكدا پلەكانی گەرما لەم هەفتەیەدا بۆ ژێر سفر دادەبەزێت.

زیاتر لە 150 هەزار ئێزیدی هێشتا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا لەنێو خێوەتدا نیشتەجێن، كە خەڵكی ناوچە جیاوازەكانن بەتایبەت پارێزگای نەینەوا و قەزای شنگال، بەشێكی زۆریان توانای كڕینی نەوتیان نییە.

دەخیل خەلەف، باوكی شەش منداڵە و 11 ساڵە لە كەمپدا دەژیت، بە (كەركوك ناو)ی وت "حاڵمان زۆر خراپە و منداڵەكان سەرمایانە و توانای داراییمان بۆ كڕینی نەوت باش نییە، ئەمە ستەمێكی گەورەیە بەرامبەر بە ئێمە دەكرێت".

دەخیل تائێستا 60 لیتر نەوتی لەسەر حسابی خۆی كڕیوە، ئەو بڕەش ئێجگار كەمە بەراورد بەو سەرمایەی كە دوو مانگە عیراق و بەتایبەت هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە. چونكە خێزانێكی ئاسایی تائێستا زیاتر لە 100 بۆ 150 لیتر نەوتی بەكارهێناوە بۆ گەرمكردنەوە.

دەستەی كەشناسی عیراق دووشەممە 19ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە كە ئەم هەفتەیە پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن، لە نێویاندا پارێزگای دهۆك كە ئەگەری هەیە بگاتە پێنج پلە ژێر سفر.

بەو هۆیەوە لە پارێزگای سلێمانی، حكومەتی خۆجێی دوو رۆژ پشوی فەرمی لە تەواوی خوێندنگە و باخچەكانی ساوایانی راگەیاند.

كەس لە حاڵی ئێمە ناپرسێت

دەخیل وتی "كەس لە حاڵی ئێمە ناپرسێت، ئەمساڵ هیچ بڕە نەوتێكمان وەرنەگرتووە، ساڵی پار ئەمكاتە هەر خێزانێكی ئاوارە بڕی 100 لتری وەرگرتبوو".

فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی دهۆك لە دوو مانگی رابردودا دوجار داوای لە حكومەتی عیراق كردووە پەلەبكەن لە دابینكردنی بەشە نەوتی ئاوارەكان، بەڵام وەڵامی هیچكات لەو داواكارییانە نەدراوەتەوە.

nawt awara.
دهۆك/ كانونی یەكەمی 2024/ ساتی دابەشكردنی نەوت بەسەر ئاوارەكاندا لە زستانی رابردوو. فۆتۆ: كەركوك ناو

قاسۆ سەلیم، نیشتەجێی كەمپی بەرسیڤ لە زاخۆ -سەر بە پارێزگای دهۆك-، وتی "سەرمایەكی زۆر سەختە و ژیانمان لەژێر خێوەتدا زۆر خراپە، هەندێك خێزان توانای كڕینی نەوتیان نییە و منداڵەكانیان سەرمایانە".

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم بە (كەركوك ناو )ی وت "پێش دەستپێكردنی وەرزی زستان نوسراوێكمان ئاراستەی بەغدا كرد، بۆ ئەوەی بەشە نەوتی ئاوارەكان بنێرن، دوای ئەوەی وەڵامیان نەبوو نوسراوی دووەممان كرد، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە".

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، چەندجارێك وادەی داخستنی كەمپەكانی ئاوارەیی لە تەواوی عیراق دیاریكردووە، بەڵام هەر جارە و بە هۆكارێك درێژكراوەتەوە، لەوەشدا ناكۆكی هەیە لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندا.

لێپرسراوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەندجارێك جەختیانكردۆتەوە لەوەی ناتوانن ئاوارەكان بە فشار دەربكەن و داوای گرەنتی پاراستنی ژیانیان دەكات لەڕوی ئەمنیی و لەكاتی گەڕانەوەیاندا، بەڵام حكومەتی عیراق دەیەوێت راگرتنی هاوكارییەكانی وەكو فشار بۆ چۆڵكردنی كەمپەكان بەكاربهێنێت.

ساڵی رابردوو وەزارەتی كۆچی عیراق لە كانونی یەكەم بڕی 100 لیتر نەوتی بەسەر هەر خێزانێكی ئاوارەدا دابەشكرد، ساڵانی پێشوتر لانیكەم دوو وەجبە نەوتی دابەشدەكرد.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT