وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق پشتڕاستیكردەوە كە ئەوان وەكو قۆناغی یەكەم 150 چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)یان وەرگرتووە، كە لە زیندانەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بون، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش پێشبینی دەكات تا حەوت هەزار دەستگیركراوی داعش بگوازنەوە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، ئێوارەی چوارشەممە 21ی كانونی دووەم، بڵاویكردەوە كە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی، رەزامەندی خۆی نیشانداوە "ئەو تیرۆریستانە وەربگرێت لە گرتوخانەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بون، بەشێكیان رەگەزنامەی عیراقی و بەشێكی تریان بیانیان هەیە".
حكومەتی عیراق لە قۆناغی یەكەمدا بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، 150 چەكداری داعشی وەرگرتووە، سەباح نوعمان وتی "ئەمانە تێوەگلاون لە رژانی خوێنی خەڵكی بێتاوانی عیراق".
وتیشی كە ئەو هەنگاوەیان بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و مەیدانی بووە بۆ كۆنترۆڵكردنی مەترسی بڵاوبونەوەی ئەو كەسانە، كە بە سەركردە یەكەمینەكانی داعش وەسفی كردن.
ئەو لێدوانە هاوكاتە لەگەڵ راگەیەنراوێكی، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا، كە شەوی رابردوو دەستپێكردنی گواستنەوەی ئەو چەكدارانەی داعشی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریاوە بۆ عیراق راگەیاند و هاتووە "بە سەرکەوتویی 150 دەستگیرکراوی داعش لە گرتوخانەیەكی پارێزگای حەسەکە لە سوریا گواستۆتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە عیراق".
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا پێشبینی دەکات تا حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش لە سوریاوە بگوازرێنەوە بۆ دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی عیراق.
"رۆڵی بەرچاوی حكومەتی عیراق بەرز دەنرخێنین لە دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش... ئاسانکاریی بۆ گواستنەوەی رێک و پێک و پارێزراوی دەستبەسەرکراوانی داعش زۆر گرنگە بۆ رێگریکردن لە هەر هەڵهاتنێک کە بتوانێت مەترسی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و ناوچەکە دروستبکات"، بەپێی راگەیەنراوەكەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا.
گواستنەوەی ئەو چەكدارانەی داعش هاوكاتە لە گەڵ تێكچونی بارودۆخی سوریا و بەردەوامی شەڕ لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە كورد پێكهێنەری سەرەكین تیایدا، لەگەڵ سوپای سوریا بە فەرماندەیی ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری كاتی سوریا.