"گوێزانە كولەكان" لە پشتی یاساوە هەڕەشە لە ژنان دەكەن

سلێمانی/ 5ی شوباتی 2026/ تابلۆیەك تەعبیر لە خەتەنەكردنی مێینە دەكات. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

تیمەكانی رێكخراوی وادی ئەڵمانی كە ئەزمونی نزیكەی دوو دەیەیان هەیە لە بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە لە هەرێمی كوردستان، تۆماركردنی 74 حاڵەتی خەتەنەكردنی كچانی خوار تەمەن 10 ساڵان لە ئیدارەی راپەڕین سەر بە پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنن، ئەمە پێشهاتێكی نوێیە لەپاڵ بونی یاسا و هۆشیاریی گشتی لە زیانە تەندروستی و دەرونییەكان.

ئەم ئامارە نوێیە كە بۆ لێپرسراوانی رێكخراوەكەش شۆكهێنەرە، پێنجشەممە 5ی شوباتی 2026 لە پانێلێكدا لە سلێمانی راگەیەنرا، پانێڵەكە تایبەت بوو بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە و رێكخراوی وادی و هاوبەشەكانی لە نێویاندا رێکخراوی هۆشیاری و گەشەپێدان بۆ ژنان و مناڵان لە عیراق (ئەدوی) كە كار لەسەر پرسی خەتەنە دەكات رێكیانخستبوو.

چرۆ عومەر، ئەندامی تیمی مەیدانی رێكخراوی وادی، لە پانێڵەكەدا وتی "لە ساڵی 2025دا لە رانیە و قەڵادزێ 74 حاڵەتی خەتەنەكردنی مێینە تۆماركراوە، ئەم توندوتیژییە كە یاسا قەدەغەی كردووە، لە دوای دەركردنی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی دێت كه‌ ساڵی 2011 لە په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردووە و تیایدا خەتەنەكردنی مێینەی بە توندوتیژی هەژماركردووە و سزای لەسەر داناوە".

چرۆ وتی "چونكە هەموو ئەو 74 حاڵەتە تەمەنیان لە خوار 10 ساڵانەوەیە، لەكاتێكدا تەمەنی یاساكە 15 ساڵە".

به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی، خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ و ئه‌نجامدانیشی سزای تا سێ ساڵ زیندانی و غەرامەی تا 10 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە.

wadievent
سلێمانی/ 5ی شوباتی 2026/ بەڕێوەچونی پانێلێك بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە. فۆتۆ: هێمن گۆپتەپەیی

چرۆ وتی كە تیمەكانیان بە هەمان شێوە سێ حاڵەتی خەتەنەكردنی مێینەیان لە پارێزگای هەولێر تۆماركردووە. "ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە هێشتا باوەڕێكی باو لە ناو هەندێك لە تاكەكانی كۆمەڵگەدا ماوە كە باوەڕیان بە خەتەنەكردنی كچان هەیە".

ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە هێشتا باوەڕێكی باو لە ناو هەندێك لە تاكەكانی كۆمەڵگەدا ماوە كە باوەڕیان بە خەتەنەكردنی كچان هەیە

لەگەڵئاماژەدان بەوەی ئەم ئامارانە مانای ئەوە نییە لە ساڵی 2025دا تەنیا ئەو چەند حاڵەتە هەبێت، "بەڵكو ئەو چەند حاڵەتە تەنیا لە چەند ناوچەیەكی كەم تۆماركراوە كە تیمەكان سەردانیان كردووە و بۆیان پشتڕاستكراوەتەوە، سەدان ناوچەی تر هەیە كە تیمەكانمان پێینەگەیشتون، بەهۆی كەمی ژمارەمان".

خەتەنەكردمی مێینە بریتییە لە بڕینــی بەشــێکی میتکــە یــان هەمــووی، لەگــەڵ بڕینی لێــوی بچوکــی زێ و ئەوانەی دەوری زێیــان داوە.

رێكخراوی وادی لە ساڵی 2005ـەوە هەڵمەتی "خەتەنەكردنی مێینە رابگرن"ـی لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بەرهەمەكەی جگە لە قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیە بەیاسا، هاوكات هەڵمەتێكی فراوانی بۆ گەیاندنی زیانەكانی ئەو پرسە لەڕوی تەندروستی، سێكسی و دەرونییەوە راگەیاندووە. پیاواین ئایینی بەشێك بون لە هەڵمەتەكە و پرۆسەكەیان بە ناشەرعی ناساندووە.

وادی لە شوباتی 2020دا خاڵی بونی ناوچه‌ی گه‌رمیانی لە خەتەنەكردنی مێینە راگەیاند و جەختیكردەوە كە لە ساڵی 2019دا حاڵه‌ته‌كانی خه‌ته‌نه‌ی مێینه‌ له‌ گه‌رمیان سفر بووه‌، بەڵام ئەوكات بڵاویكردەوە "له‌ هه‌ولێر 161 حاڵه‌ت و له‌ رانیه‌ 162 حاڵه‌ت تۆماركراون"، ئەوەش پاڵپشت به‌ به‌دواداچونی تیمه‌ مه‌یدانییه‌كانیان.

WhatsApp Image 2026-02-05 at 5.33.57 PM
سلێمانی/ 5ی شوباتی 2026/ بەڕێوەچونی پانێلێك بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە. فۆتۆ: هێمن گۆپتەپەیی

گەرمیان بە ناوچەیەكی فراوان دەوترێت كە قەزاكانی كەلار، كفری و دەربەندیخان لەخۆدەگرێت و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانین.

دكتۆرە نەشمیل رەسوڵ، پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەكان، لە پانێڵەكەی رێكخراوی وادی-دا، وتی "خەتەنەكردنی مێینە دوو لێكەوتەی خراپی دەرونی كورتخایەن و درێژخایەنی بۆ سەر ژنان هەیە، لە كورتخایەندا ترس و ناڕەحەتی دەرونی یەخەیان دەگرێت، لە درێژخایەنیشدا روبەڕوی تەنگەژەی دەرونی درێژخایەن دەبنەوە و تا تەمەنی ژیانیان ئەگەر چارەسەری دەرونی وەرنەگرن پێوەی دەناڵێنن".

وتیشی "گرفتی سێكسی كە لەم كۆمەڵگەیەدا زۆركات كێشەی دەرونی بەدوادادێت، زۆركات روبەڕوی ئەو ژنانە دەبێتەوە كە خەتەنەكراون، ئەوە ئەگەر چارەسەر نەكرێت سەردەكێشێت بۆ گرفتی خێزانی، هاوسەرگیری دووەم، هەندێك كاتیش دروستبونی خیانەتی هاوسەرگیری".

لەبارەی چارەسەری دەرونی بۆ ئەوانەی خەتەنەكراون، وتی "پاڵپشتی خێزان و بەتایبەت هاوسەر بۆ ئەوانە زۆر گرنگە، ئەوە هاوكاریان دەكات بۆ زاڵبون بەسەر گرفتەكانیان و وەرگرتنی چارەسەر، ئەوەی گرنگە پێویستە ژنان شەرم نەكەن لە باسكردنی ئەو گرفتە دەرونیانەی كە بەهۆی خەتەنەكردنەوە روبەڕویان دەبێتەوە، بەتایبەت لای پزیشكی دەرونی"، زیاتر وتی "چونكە هەموو ئەوانەی خەتەنەكراون یەكێك لەم دوو گرفتە (دەرونی و سێكسی) یان هەردوكیان روبەڕودەبێتەوە".

چرۆ عومەر لە تیمی مەیدانی رێكخراوی وادی، پاڵپشتی قسەكانی دكتۆرە نەشمیلی كرد و وتی "ژن هەبووە بە مێردەكەی وتووە بچێت ژنی دووەم بهێنێت، چونكە لە سەرجێیدا ساردوسڕ بووە و نەیاتوانی لەڕوی سۆزدارییەوە هاوكاریی هاوژینەكەی بكات، دوای ژنهێنانی دووەمیش كێشەی كۆمەڵایەتی دروستبووە".

ژن هەبووە بە مێردەكەی وتووە بچێت ژنی دووەم بهێنێت، چونكە ساردوسڕ بووە و نەیاتوانی لەڕوی سۆزدارییەوە هاوكاریی هاوژینەكەی بكات

"پاراستنی رێوڕەسم و نەریتی پێشینان، پاراستنی شەرەفی خێزان و پاراستنی پاكیزەیی و پاكوخاوێنی لەگەڵ ئایین"، لە هۆكارە دیارەكانی خەتەنەكردنی مێینەن بەپێی ئەوەی تیمەكانی وادی پێیگەیشتون.

وادی لە ساڵی 2010دا، توێژینەوەیەكی بەرفراوانی لە هەرێمی كوردستان کرد بۆ دەرخستنی رێژەی خەتەنەكردنی مێینە كە لە هەندێك ناوچە سەدا 70 بوو، بەڵام ئێستا جگە لە گەرمیان، وادی پارێزگای هەڵەبجەشی وەك پارێزگایەكی خاڵی لە خەتەنەكردن راگەیاندووە، دوابەدوای كاری بەردەوامی تیمەكانیان.

شنیار محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان، پێیوایە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە سێكسیانە، باشترە ئەوانەی خەتەنەكراون سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن بۆ رێنمایی و وەرگرتنی چارەسەر، "ئەمە رێگایەكی باشترە لەوەی ژنان روبەڕوی گرفت ببنەوە و كێشەیان بۆ دروستبێت".

bakhan jamal
باخان جەمال، بەڕێوەبەری رێكخراوی هۆشیاری و گەشەپێدان بۆ ژنان و مناڵان لە عیراق (ئەدوی)

خوێنبەربون، ئازاری لە رادەبەدەر، گیرانی میز، هەوكردن و چاكنەبونەوەی برین، لە كێشە تەندروستییەكانن كە روبەڕوی ژنانی خەتەنەلێكراو دەبنەوە.

لە ئێستادا سەرەڕای رونكردنەوەی زیانە تەندروستی و دەرونییەكان، لەگەڵ بونی یاسا و ناساندنی پرۆسەكە وەك تاوان، بەڵام تیمەكانی وادی و ئەدوی پێیانوایە لە هەندێك ناوچە و گوندی دورەدەست پرۆسەكە بە بێدەنگی و شارەوایی هەڕەشە لە ئایندەی سەدان مێینەی خوار تەمەن 10 ساڵان دەكات.

باخان جەمال، بەڕێوەبەری رێكخراوی هۆشیاری و گەشەپێدان بۆ ژنان و مناڵان لە عیراق (ئەدوی) بە (كەركوك ناو)ی وت "دەبێت بەردەوامبین لە هەڵمەتی راگرتنی خەتەنەكردنی مێینە، ئامارەكان پێماندەڵێن پێویستمان بە كاری زیاتر و پشتیوانی زیاترە بۆ بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە لە تەواوی هەرێمی كوردستان و عیراق، ئێمە كارەكانمان رانەگرتووە، بەڵام ساڵی واهەبووە پڕۆژەی تایبەتمان بۆ ئەوە نەبووە، لە ئێستادا تیمەكانمان چالاكن و هۆشیاریی گشتی بڵاودەكەینەوە، دەبێت یاساكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و ئەو دیاردەیە بنبڕبكەین".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT