ده‌یان هاوڵاتی خه‌ڵكی مه‌خمور، له گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا شه‌قامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر – مه‌خموریان به‌ڕوی شۆفێراندا داخست، ئه‌وه‌ش دژی بڕیارێكی حكومه‌تی عیراق كه ناچاریان ده‌كات بۆ هاورده‌كردنی هه‌ر به‌رهه‌م و كه‌لوپه‌لێك له هه‌ولێره‌وه بۆ قه‌زاكه باج بده‌ن.
ناڕه‌زاییه‌كه به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 10ی شوبات به‌ڕێوه‌چوو، به سوتاندنی تایه و گرتنی شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه ده‌ستیپێكرد، دوای ئه‌وه‌ی رۆژی پێشتر ئاسایشی نیشتیمانی عیراق بازگه‌كانی ئاگاداركرده‌وه كه ده‌بێت باج به‌سه‌ر كه‌لوپه‌ل و خۆراكی هاوردهكراودا بسه‌پێنن كه له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هاورده‌ی ناوچه‌كانی تری عیراق ده‌كرێت.
زێوه‌ر حاجی رۆسته‌م، له ناوه‌ندی قه‌زای مه‌خمور ده‌ژیت و یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی ناڕه‌زایی نیشاندا، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "روبه‌ری 850 دۆنم زه‌ویم به گه‌نم چاندووه، پێویسته له‌كاتی خۆیدا په‌ین و مه‌وادی كیمیایی بۆ بكڕم و بیڕشێنم، به‌ڵام بازگه‌ی حكومه‌تی عیراق به مه‌رجی وه‌رگرتنی باج رێگه‌م پێده‌ده‌ن هاورده‌ی مه‌خموری بكه‌م".
"ئه‌مه توڕه و نیگه‌رانمان ده‌كات، ناكرێت هه‌ر شتێك له ده‌ره‌وه‌ی مه‌خمور بهێنن باجمان لێوه‌ربگرن"، زیاتر وتی "ته‌نانه‌ت بۆ سه‌وزه و میوه پێداویستی تریش ده‌بێت باج بده‌ین، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه قورس ده‌كات".
مه‌خمور ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه ده‌كه‌وێته باشوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، له دوای 2003وه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئیداره ده‌درا، به‌ڵام له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه دۆسیه‌ی ئه‌منیی و ئیداری له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عیراقه و له چنگی هه‌ولێر ده‌رهێنرا.
هه‌رچه‌نده سه‌پاندنی باج له بازگه‌ی مه‌خموری سه‌ر به حكومه‌تی عیراق هه‌موو جۆره كه‌لوپه‌لێك ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام له‌م وه‌رزه‌دا جوتیاران قوربانی سه‌ره‌كین، چونكه وه‌رزی رشاندنی په‌ین و مه‌وادی كیمیایین بۆ دانهوێڵهكانیان به‌تایبه‌ت گه‌نم، كه به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی مه‌خمور ئه‌مساڵ 310 هه‌زار دۆنم زه‌وی چێنراوه به گه‌نم له سنوری 112 گوندی قه‌زاكه.
زێوه‌ر حاجی رۆسته‌م وتی "ساڵی رابردوو وتیان كێشه‌ی باجتان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام وادیاره ئه‌وه روینه‌دا".
سیروان حسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی مه‌خمور، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڕیاره‌كه‌ی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق كه دووشه‌ممه 9ی شوبات جهختیلێكراوهتهوه، ته‌نیا په‌ین و به‌روبومه كشتوكاڵییه‌كان ناگرێته‌وه، به‌ڵكو له درهزییهوه تاوه‌كو ئۆتۆمبێل باجی خراوه‌ته‌سه‌ر".
گرفتی خه‌ڵكی مه‌خمور ئه‌وه‌یه قه‌زاكه‌یان له هه‌ولێره‌وه نزیكتره كه ته‌نیا 50كم دوره، به‌ڵام له ناوه‌ندی موسڵ 80كم دوره و هاورده‌كردنی هه‌ر كه‌لوپه‌لێك له موسڵ-ه‌وه خه‌رجی زۆرتری ده‌چێته‌سه‌ر.
سیروان وتی "دوای ناڕه‌زاییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ قایمقام و لێپرسراوانی ناوچه‌كه هاتنه‌سه‌ر خه‌ت و بڕیاره جۆرێك له ئاسانكاریی هه‌بێت بۆ هه‌ندێك پێداویستی، ئێمه‌ش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین بزانین بڕیار چی ده‌بێت".
رێگاكه له‌كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌دا كرایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی لێپرسراوێكی ئه‌منی چووه نێو خه‌ڵكی قه‌زاكه‌وه و بهڵێنیدا كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات، هه‌رچه‌نده جه‌ختیكرده‌وه "لێسه‌ندنی باج بڕیارێكه له به‌غداوه هاتووه".