پاكێجی به‌غدا و كه‌ركوك
عه‌ره‌ب و توركمان مكوڕن له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار له‌ كورد

كه‌ركوك/ 12ی كانونی دووه‌می 2026/ رێبوار ته‌ها، پارێزگاری كه‌ركوك یی راستی وێنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حافز، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن كه‌ له‌ ته‌نیشتی دانیشتووه‌، له‌ بۆنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ دامه‌زراندنی سوپای عیراق. فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا

كه‌ركوك ناو

حزبی ته‌قه‌دوم به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی له‌ كورد به‌ستۆته‌وه‌ به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق و وه‌ك یه‌ك پاكێج مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ئه‌مه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی به‌ره‌ی توركمانی له‌ به‌غداوه‌ بۆ ئاڵوگۆڕكردنی پۆسته‌كان، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك نه‌بووه‌ له‌ رێككه‌وتنی هۆتێل ره‌شید.

رێبوار ته‌ها، به‌پێی رێككه‌وتنی هه‌رسێ لایه‌نی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، حزبی ته‌قه‌دوم و بزوتنه‌وه‌ی بابلیۆن، پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی له‌سه‌ر پشكی نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌رگرتووه‌، ئه‌و سێ لایه‌نه له‌ كۆی 16 كورسی،‌ پێكه‌وه‌ نۆ كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیان هه‌یه‌ و له‌ ئابی 2024 واژۆی رێككه‌وتنه‌كه‌یان كردووه‌ كه‌ به‌ رێككه‌وتنی هۆتێل ره‌شد ناسراوه‌.

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌ له‌ هۆتێل ره‌شید له‌ به‌غدا چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك تا 31ی كانونی یه‌كه‌می 2025 لای كورد ده‌بێت، دواتر لە 1ـی كانونی دوەمی 2026ـەوە پۆسته‌كه‌ ده‌درێت به‌ بۆ توركمان و دواتر دەبێتە پشكی عەرەب، وه‌ك زاهیر ئه‌نوه‌ر، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی عەرەب، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی (كه‌ركوك ناو)دا ئاشكرای كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ "ئەو رێككه‌وتن و ئاڵوگۆڕەش لەلایەن ژمارەیەك سیاسییەوە زامنكراوە، لە نێویاندا قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب ئەهلەحق".

كرۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ی كورد و عه‌ره‌ب هه‌ریه‌كه‌ ساڵێك و هه‌شت مانگ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكیان لاده‌بێت، به‌ڵام توركمان ته‌نیا شه‌ش مانگ، ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ هاوكات پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نیش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا لای حزبی ته‌قه‌دومه‌.

رەعد ساڵح، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ پشكی حزبی ته‌قه‌دوم، به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، كه‌ له‌ ئێستادا نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركوك ده‌كه‌ن، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێكهێنان و ئاڵوگۆڕی حكومەتی كه‌ركوك بریتییه‌ لە كۆمەڵێك رێككەوتنی سیاسی، ئه‌و حزبانه‌ی له‌ رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوكدا به‌شداربون، له‌ به‌غداش بونیان هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ له‌ نێویاندا پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقیش پەیوەندی راستەوخۆی بە رێككەوتن و ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركوكه‌وه‌ هه‌یه‌".

anjuman.19-1
كه‌ركوك/ 18ی كانونی دووه‌می 2026/ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌شدارن له‌ رۆژی شه‌هیدانی توركمان. فۆتۆ: ئه‌نجومه‌نی پارێزگا

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوو مانگ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر واده‌ی ئاڵوگۆری پۆسته‌كان له‌نێوان حزبه‌ به‌شداربووه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك.

ره‌عد ساڵح وتی "چه‌ند هۆكارێك هه‌بون كاریگه‌ریی راسته‌و‌خۆیان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك هه‌بوو، له‌ نێویاندا وادی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و دواتر پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ به‌غدا، جگه‌لەوەش ناكۆكی له‌ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك كۆماری عیراق كه‌ ئێستا له‌واده‌ی خۆیدا دواكه‌وتووه‌... به‌گشتی پرۆسەی سیاسی لە عیراق شڵەژانی پێوە دیارە، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، له‌ نێویاندا رێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك".

رێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك، رێككه‌وتنێكی گشتگیره‌ و وابه‌سته‌یه‌ به‌ چه‌ندین پۆستی باڵای تر له‌ پارێزگای كه‌ركوك، له‌ نێویاندا قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كان.

رێككه‌وتنه‌كه‌ی كه‌ركوك‌ تاڕاده‌یه‌ك فراوانتر بووه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق، هه‌ردوو حزبی ته‌قه‌دوم و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كه‌ پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی رێككه‌وتنه‌كه‌ن، هه‌ماهه‌نگییه‌كی به‌هێزیان هه‌یه‌ له‌ به‌غدا و له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو مانگدا سێجار كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌و دوو حزبه‌ كۆبونه‌ته‌وه‌.

رێبوار ته‌ها، پارێزگاری كه‌ركوك و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كانونی دووه‌می رابردوو، وتی "هاوپه‌یمانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك به‌ بڕیار و به‌شداریی یه‌كێتی و ته‌قه‌دوم و بابیلۆن پێكهاتووه‌، بۆیه‌ هه‌ر بڕیارێك په‌یوه‌ست به‌ ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كان، له‌لایه‌ن ئه‌و سێ هێزه‌وه‌ ده‌درێت كه‌ ئێستا به‌شدارن له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت".

وتیشی "ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ هه‌ر بڕیارێك بده‌ن له‌ پێناو كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان، من یه‌كه‌م كه‌سم كه‌ پابه‌ند ده‌بم پێوه‌ی"، زیاتر وتی "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌پێناو سه‌قامگیریی ئه‌من و ئاسایشدا بووه‌، كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركوك ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌".

لایه‌نی توركمانی كه‌ دوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نیان له‌ ‌چوارچێوه‌ی به‌ره‌ی توركمانیدا هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك نه‌بون له‌ رێككه‌وتنه‌كه، به‌ڵام له‌ به‌غداوه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ بۆ ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن.

محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی حزبی ته‌قه‌دوم، له‌ 26ی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵ دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د سه‌معان، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پابه‌ندبون و به‌رده‌وامبون به‌‌ رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان بۆ چەسپاندنی ده‌ستاوده‌ست و ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی كه‌ركوك له‌ پێناو پاراستنی مافی پێکهاتەکان، ئه‌وه‌ش "بەمەبەستی سەقامگیری پارێزگای کەرکوک و پێکەوە کارکردن بۆ پەرەپێدانی دۆخی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان".

Halbusy
به‌غدا/ 26ی كانونی دووه‌می 2026/ كۆبونه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی حزبی ته‌قه‌دوم و محه‌مه‌د سه‌معان، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی بۆ پرسی ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی كه‌ركوك. فۆتۆ: راگه‌یاندنی حزبی ته‌قه‌دوم

 

ئه‌حمه‌د ره‌مزی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن له‌ فركسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بیرۆكه‌ی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار سه‌ره‌تا لەلایەن پێكهاتەی توركمانه‌وه‌ پێشنیازكرابوو، ئه‌وه‌ش بۆ ئەوەی دەرفەت بە هەموو پێكهاتەكان بدرێت تا بەشداربن له‌ بەڕێوەبردنی كەركوك، چونكه‌ وردبینی له‌ تۆماری ده‌نگده‌راندا نه‌كراوه‌ و  ناتوانین پشت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ببەستین لە دابەشكردنی پۆستەكان، بۆیه‌ ئاڵوگۆڕ له‌ پۆسته‌كان باشترین چاره‌سه‌ر بوو بۆ دۆخی كه‌ركوك".

وتیشی "به‌پێی رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی لە خولی دووەمدا ده‌بێت پۆستی پارێزگار بدرێت به‌ توركمان، بۆیه‌ ئێستا چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ین و داواده‌كه‌ین هیچ لایه‌نێك خۆی نه‌دزێته‌وه‌".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT