راییكردنی مامەڵەیەك بە چوار مانگ؛
شۆفێرانی كەركوك لە چاوەڕوانی كۆبۆنی بەنزیندا گیرۆدە بوون

كەركوك/ تەمموزی 2017/ شەقامێكی سەرەكی شاری كەركوك، بەردەم چایخانەی مەجیدییە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

سەردار حەسەن، نمونەی سەدان شۆفێری کەرکوکە کە هەفتانە بڕە پارەیەكی زیاتر بە بەنزین دەدات، چونكە چەند مانگێكە مامەڵەكەی بۆ دەركردنی كۆبۆنی بەنزین رایینەكراوە و ناتوانێت لە وێستگە حكومییەكان سودمەند بێت.

کێشەی دواکەوتنی مامەڵەی کۆبۆنی بەنزین، هەندێکجار چوار مانگیش تێدەپەڕێنێت، وەکو (کەرکوك ناو) بەدواداچونی بۆ کردووە، بۆ ئەوەش، لێپرسراوان پاساویان زۆرە و شۆفێرانیش بە گلەیی و ناڕەزاییەوە لە چاوەڕوانیدا دەمێننەوە.

"نزیکەی سێ مانگ دەبێت ئۆتۆمبێلێکی نوێم کڕیوە و مامەڵەی دەركردنی كۆبۆنی بەنزینم پێشکەش کردووە، بەڵام هێشتا كۆبۆنەكەم نەگەڕاوەتەوە تا بتوانم لە وێستگە حکومییەکاندا بەشە بەنزین وەربگرم" سەردار حەسەن بۆ (كەركوك ناو) وای وت، ئەو هاوڵاتییە کە تەمەنی 54 ساڵە و کاسبکارە، تائێستا تەنیا لیترێك بەنزینی حكومی نەكردۆتە ئۆتۆمبێلە نوێیەكەیەوە.

پێشتر ئەو دواكەوتنە لە راییكردنی مامەڵەكاندا نەبووە، سەردار وتی، "جاران هێندە دوانەدەكەوت"، حکومەت كۆبۆنی بەنزینی رادەستی بریکاری خۆراک دەكرد و لەوێ هاوڵاتیان دەیانتوانی وەریبگرنەوە.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك كۆبۆنی بەنزین بە شۆفێران دەدات، تا بتوانن بە نرخێكی هەرزانتر بەنزین لە بەنزینخانە حكومییەكان وەربگرن، ئەوەش لەڕێی مامەڵەیەكەوە كە چەندین داواكاری تێدایە، لەوانە ساڵنامە بەناوی شۆفێرەوە بە مەرجێك تیایدا شوێنی نیشتەجێبوون بە كەركوك دیاریكرابێت، لەگەڵ وێنەی ئۆتۆمبێل كە تابلۆكەی بە روونی دەربكەوێت، هەروەها كارتی زانیاری نیشتەجێبونی شۆفێر، كارتی نیشتیمانی و كۆبۆنی خۆراك.

هۆکاری دواكەوتنی کۆبۆنی بەنزین هەبوونی چەند کێشەیەکی تەکنیکییە لە چاپخانەی سەرەکی لە بەغدا

كاروان عەزیز (46 ساڵ)، فەرمانبەرە لە كەركوك، لە سەرەتای ئەمساڵەوە مامەڵەی وەرگرتنی كۆبۆنی بەنزینی پێشكەش كردووە و تائێستا كۆبۆنەكەی وەرنەگرتووە، "ئەمە جگە لە بێزاركردن و ماندوكردنی خەڵكی ئەم شارە، هیچ تر نییە" كاروان بە ناڕەزاییەوە، وای وت.

ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت، تەنیا لە كەركوك و موسڵ كۆبۆنی بەنزین هەیە، لە هیچ پارێزگایەكی دیكە كاری پێناكرێت، لە شارەكانی تر هەر كاتێك و چەند بەنزینی بوێت، شۆفێر دەتوانێت بە نرخی حكومی لە وێستگەكاندا وەریبگرێت.

هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت لە پارێزگای كەركوك، بەپێی كۆبۆنی حكومی، پێنج رۆژ جارێك بڕی 50 لیتر بەنزینی بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێك پێدەدرێت، هەروەها ئۆتۆمبێلی تاكسی لەو ماوەیەدا بڕی 70 لیتری بە هەمان نرخ پێدەدرێت. لە كاتێكدا یەك لیتر لەو بەنزینە بە نرخی بازرگانی لە سەروو 850 دینارەوەیە.

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوك، تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی بەغداوە، وەك سەرچاوەیەکی لە کۆمپانیاکە كە لێپرسراوێتی هەیە، بۆ (کەرکوک ناو)ـی رونكردەوە، "هۆکاری نەهاتنەوەی وەجبەی نوێی کۆبۆنی ئەلیکترۆنی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە چاپخانەی سەرەکی لە بەغدا".

جگە لە کێشەی چاپخانە، گۆڕینی سیستەمی دابەشکردنی بەشە نەوتی هاوڵاتیان بۆ شێوازە ئەلیکترۆنییە نوێیەکە، کاتێکی زۆری بردووە و پرۆسەکەی سست کردووە.

سەرچاوەكە وتی لە داهاتویەکی نزیکدا، هەموو ئەو مامەڵانەی لە 15ـی تشرینی یەكەمی 2025ـەوە تا کۆتایی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ پێشکەشکراون، كۆبۆنەكانیان دەگەڕێتەوە و دابەشدەکرێت. سەبارەت بە نەوتی سپی هاوڵاتیانیش ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژانی داهاتوودا و لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمدا، هەر خێزانێكی كەركوكی بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیكراو پێدەدرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT