گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی چه‌ند بنكه و باره‌گایه‌كیان له ده‌شتی نه‌ینه‌وا چۆڵكردووه و كشاونه‌ته‌وه. له روداوێكی هاوشێوه‌دا له هه‌ندێك باره‌گای پارێزگای دیاله ئاڵاكانیان داگرتووه و ژماره‌ی چه‌كداره‌كانیان له‌ناو باره‌گاكان كه‌مكردۆته‌وه.
ئه‌و پێشهاته نوێیه هاوكاته له‌گه‌ڵ به ئامانجگرتنی ناوبه‌ناوی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه جیاوازه‌كانی عیراق له نێویاندا له پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك و ئه‌نبار، له‌وكاته‌وه‌ی شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئیسرائیل دژ به ئێران ده‌ستیپێكردووه.
ئەحمەد كیكی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی له ئه‌نجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "كشانه‌وه‌ی حەشدی شەعبی لە چەند بنكە و بارەگایه‌كی خۆی لە سنوری پارێزگای نەینەوا راسته، بەتایبەت لەدەشتی نەینەوا، بۆ نمونه دوو فرقه‌ی 30 و 50ی حه‌شدی شه‌عبی له سنوری تلكێف و باتنایه كشاونه‌ته‌وه، ئه‌و ناوچانه كریستیاننشینن".
"له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، دوو فیرقەی تازەی سوپای عیراق له سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا جێگیركراون، به ئامانجی كۆنترۆڵكردن و سه‌قامگیری ناوچه‌كه".
شه‌ممه 7ی ئادار، شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی عیراق كوژرانی چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبی و برینداربونی سێی تری راگه‌یاند، له ئه‌نجامی "بۆردومانی نادیار".
ئه‌و كشانه‌وه‌یه دوابه‌دوای ئه‌وه دێت كه محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق شه‌وی 4ی ئادار دورخستنه‌وه‌ی تەواوی لێپرسراوانی هەواڵگری ئۆپەراسیۆنەکانی دەشتی نەینەوای راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش دوابه‌دوای راگه‌یه‌نراوێكی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ناڕەزایی و نیگه‌رانی خۆی نیشاندا بۆ ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردودا "لەو ناوچانەوە" کراونەتەسەر شاری هەولێر و هێشتا ناوبه‌ناو به‌رده‌وامی هه‌یه.
ئەحمەد كیكی، وتی "سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاری گۆڕینی لێپرسراوانی ئه‌منی نه‌ینه‌وای داوه، بەڵام تا ئێستا هیچ لێپرسراوێك نه‌گۆڕدراوه".
خاڵ عەلی، فەرماندەی حەشدی شه‌عبی لە شنگال بە (كەركوك ناو )ی وت "له شنگال هیچ گۆڕانكارییه‌ك له بنكه و باره‌گاكانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی-دا روینه‌داوه، هه‌روه‌كو پێش شه‌ڕ وایه". له‌باره‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌واوه، وتی "ده‌توانن له‌خۆیان بپرسن".
ئه‌وه له‌كاتێكدایه له پارێزگای دیاله به‌پێی زیاد له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو)، له رۆژی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئیسرائیل دژ به ئێران، گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی له دیاله له ترسی به ئامانجگرتنیان له‌ڕێی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه ئاڵای حه‌شدی شه‌عبییان لابردووه.
یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كان جه‌ختیكرده‌وه "ته‌نانه‌ت له خانه‌قینیش ژماره‌ی چه‌كداره‌كانیان له‌نێو باره‌گاكان كه‌مكردۆته‌وه".