عه‌بدوڵا میروه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ره‌تیكرده‌وه فراكسیۆنه‌كه‌یان به‌شداریی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بكات بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك.
عه‌بدوڵا له لێدوانێكیدا تایبه‌تدا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌واوی ئه‌ندامانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له سلێمانین، كۆبونه‌وه‌یه‌كی حزبیمان هه‌یه، بۆیه به‌شداریی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ناكه‌ن"، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌گه‌ر دانیشتنه‌كه بۆ رۆژانی دواتر دوابخرێت؟ وتی "هێشتا هیچ بڕیارێكمان نه‌داوه بۆ داهاتوو".
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كاتژمێر 12:15 خوله‌كی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16ی نیسانی دیاریكردووه بۆ دانیشتنێك كه تایبه‌ته به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی رێبوار ته‌ها، پارێزگاری كه‌ركوك و هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی تر وه‌ك جێگره‌وه.
به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه له ره‌زامه‌ندی نیشاندانی یه‌كێتیی به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی رێبوار ته‌ها و ده‌ستبه‌كاربونی محه‌مه‌د سه‌معان، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی وه‌ك پارێزگار، له‌گه‌ڵ ئاڵۆگۆڕ له پۆسته‌كانی تر.
سه‌وسه‌ن عه‌بدولواحید، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له به‌ره‌ی توركمانی، له 14ی نیسان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پرسی ئاڵۆگۆڕ له پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك كۆتایی هاتووه و بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، ئه‌و پۆسته ده‌درێت به پێكهاته‌ی توركمان".
هه‌روه‌ها ره‌عد ساڵح، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، له لێدوانێكیدا بۆ (كه‌ركوك ناو) به هه‌مان شێوه جه‌ختیكرده‌وه له ره‌زامه‌ندبونی یه‌كێتی له گۆڕانكاریی له پۆستی پارێزگار كه‌ركوك و راده‌ستكردنی به به‌ره‌ی توركمانی، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی سیاسی ئاڵۆگۆڕی پۆسته‌كانی كه‌ركوك كه مێژووه‌كه‌ی بۆ 10ی ئابی 2024 ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ره‌عد وتی "كاندیدی توركمان بۆ ئه‌و پۆسته‌ش محه‌مه‌د سه‌معان سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانییه".
شه‌وی رابردوو، به‌شێك له لایه‌نگرانی یه‌كێتی چونه به‌رده‌م ماڵی رێبوار ته‌ها، پارێزگاری كه‌ركوك له گه‌ڕه‌كی ده‌روازه و ناڕه‌زایی خۆیان نیشاندا له‌هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، هه‌روه‌ها داوایانكرد پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ی یه‌كێتیی به‌شداریی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن نه‌كه‌ن.
به‌ر له‌و گردبونه‌وه‌یه نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی رێبوار ته‌ها، پارێزگاری كه‌ركوك له راگه‌یه‌نراوێكدا جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی رێبوار ته‌ها ده‌ستیله‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه و تائێستا موماره‌سه‌ی پۆسته‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵام ئاماده‌یی خۆی نیشاندا له پابه‌ندبونی به جێبه‌جێكردنی هه‌ر بڕیارێك كه له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌یه‌وه له‌سه‌ر پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك.
به‌پێی زیاتر له سه‌رچاوه‌یه‌ك، هه‌ر پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ی یه‌كێتیی له ئێستادا له سلێمانین بۆ كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی، مه‌به‌ست له كۆبونه‌وه‌كه تاوتوێی گۆڕانكارییه‌كانه له پۆستی پارێزگار.