دواى 10 ساڵ... كاڵەكی دێمی دەگەڕێتەوە بۆ داقوق

داقوق/ ئایاری 2026/ جوتیارانی ناوچەی یەنگیجە سەرقاڵی كێڵان و تۆوكردنی زەوییەكەیانن فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – كەركوك

جارێکی تر کاڵەكی دێمی لە گوندەکانی داقوق تۆو دەکرێت، دوای نزیکەی 10 ساڵ لە كەمی باران و دابڕانی جوتیاران.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە چەند ناوچەیەكی قەزای داقوق جوتیاران هەوڵی بەرهەمهێنانی كاڵەكی دێمی دەدەن، كە پشت بە ئاو نابەستێت و تەنیا پێویستی بە زەوییەكی شێدار هەیە، ئەوەش بەهۆی زۆری رێژەی بارانبارینی ئەمساڵەوە.

"چەندین ساڵ بوو بەهۆی کەمبارانییەوە چاندنی کاڵەكی دێمی لە ناوچەکەماندا بەتەواوی وەستابوو. بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆری ڕێژەی باران و شێداریی (رطوبە) زەوییەکەوە، زەوییەکە بەتەواوی بۆ چاندن گونجاو بوو" سامی زەکی، نیشتەجێی گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی لة داقوق بۆ (كەركوك ناو)، وای وت.

ئەو كە سەرقاڵی چاندن و بەرهەمهێنانی کاڵەکی دێمییە، دەڵێت پێش شەپۆلی کۆتایی بارانبارین تۆوەکانی چاندووە و ئێستا زۆربەیان سەوز بووە، ئەوەی ماوە تەنیا کاری کێڵانی زەوییەکەی لە پێشە، ئەویش بە مەبەستی پاراستنی تۆوەكان لە باڵندە.

daquq kallak 2026 (10)
داقوق/ ئایاری 2026/ جوتیاران بەهۆی كەمی بارانبارینەوە كاڵەكی دێمی-ـیان بەرهەمنەهێناوە فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی جوتیار و شارەزایان، تام و چێژی كاڵەكی دێمی لە هەموو جۆرە كاڵەكێكی دیكە جیاوازە، چونكە تەواوی پرۆسەكە سروشتییە و پشت بە ماددەی كیمیایی نابەستێت.

هێمن شکور، کە جوتیارێکی تری ناوچەی تاڵەبانییە لە داقوق، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو تام و چێژەی لەم کاڵەکەدا هەیە لە كاڵەكی بەرهەمێنراو بە ئاوداری نییە، چونکە هیچ جۆرە پەیینێکی کیمیایی یان دەرمانێکی قڕكەری بۆ بەکارناهێنرێت؛ بۆیە لە بازاڕەکاندا رەواجێكی باشی هەیە".

هەرچەندە وەك هێمن باسیكرد، کاڵەکی دێمی ماندوبونی کەمترە و پێویستی بە ئاودانی بەردەوام نییە، بەڵام لە سەرەتادا چاودێرییەکی وردی دەوێت و کاتێک زەوییەکەی کێڵدرا، ئیتر کاری زۆری نامێنێت تا کاتی پێگەیشتنی.

بەپێی گێڕانەوەی جوتیارانی ناوچەکە، کاڵەکی دێمی مێژویەکی کۆنی لە داقوقدا هەیە و لە سەردەمی باو و باپیراندا سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی بووە، ئەو تۆوەی دەچێنرێت هەمان ئەو تۆوە بۆ چەندین ساڵ بەدوای یەكدا هەڵدەگیرێت و بەكاردەهێنرێتەوە.

"باوکم لە ساڵانی هەشتاکاندا لە ناوچەیەک بە ناوی (حاوی عەرفان) لە نزیک گوندەکەمان ئەم کاڵەکەی دەچاند و ناوچەکەمان بەم بەرهەمە ناوبانگی دەرکردبوو" سامی زەکی، وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT