فه‌یسه‌ڵ حه‌مادی جبوری، وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای نه‌وتی باكور ده‌ستبه‌كاربوو، له‌جێی عامر موههیری. گۆڕانكارییه‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاریی نوێ، له‌گه‌ڵ زیندووبونه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كان له دۆسیه‌ی هاوسه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێو فه‌رمانگه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك.
به‌ڕێوه‌به‌ره نوێیه‌كه
فه‌یسه‌ڵ حه‌مادی، كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 14ی حوزه‌یران به‌ڕه‌سمی پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له دیوانی پارێزگای كه‌ركوك نزیكه له حزبی ته‌قه‌دوم، به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، ئه‌و حزبه له ئێستادا له‌پاڵ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و به‌ره‌ی توركمانی، پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوكن.
حه‌مادی، نزیكه‌ی سێ ده‌یه‌یه له كۆمپانیای نه‌وتی باكور كارده‌كات، ناوبراو له پێكهاته‌ی عه‌ره‌به و خه‌ڵكی قه‌زای حه‌ویجه‌یه له باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك. هه‌روه‌ها ئه‌ندازیاره و پێشتر له‌ناو كۆمپانیاكه‌دا چه‌ند لێپرسراوێتییه‌كی وه‌رگرتووه و وه‌كو سه‌رۆكی ده‌سته‌ش كاریكردووه.
لە سنوری پارێزگای كەركوك، كۆمپانیای نه‌وتی باكور سه‌رپه‌رشتی پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو ده‌كات، له‌وانه ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور و خەبازه.
چهكهرهكردنهوهی پرسی هاوسه‌نگی
ده‌ستبه‌كاربونی به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی كۆمپانیاكه له‌كاتێكدایه بۆ جارێكی تر پرسی هاوسه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی له نێو فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركوك سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه و لایه‌نه‌كانی نێو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی لیژنه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه ئه‌و پرسه راستبكه‌نه‌وه.
كۆمپانیای نه‌وتی باكور 17 هه‌زار كارمه‌ندی هه‌یه، به‌وانه‌شی به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست كارده‌كه‌ن، به‌ڵام رێژه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له‌و 17 هه‌زار كارمه‌نده، به‌رده‌وام جێی ناكۆكی نێو پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بووه.
سیروان مسته‌فا، ئەندازیاری جیۆلۆجی له كه‌ركوك و شارەزا لە بواری نەوت، ده‌ڵێت له‌و 17 هه‌زار كارمه‌نده‌ی كۆمپانیای نه‌وتی باكور، كورد كه‌متر له هه‌زار كارمه‌ندی هه‌یه، ئه‌ویش ناگاته له‌سه‌دا 10ی كۆی كارمه‌نده‌كانی كۆمپانیاكه.
"زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری كارمه‌ند و لێپرسراوانی كۆمپانیاكه له پێكهاته‌ی عه‌ره‌بن، دوای ئه‌وه توركمان دێت و كورد نه‌ته‌وه‌ی سێیه‌مه له پشكی نێو كۆمپانیاكه‌دا"، سیروان وایوت.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه هه‌فته‌ی رابردوو، موهەیمەن حەمدانی، پەرلەمانتاری تەقەدوم، ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراقی به‌ده‌ستهێنا، بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق بۆ په‌یڕه‌وكردنی هاوسه‌نگی وه‌زیفی له فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك.
موهه‌یمه‌ن رونیكرده‌وه كه پشكی پێكهاته‌كان له فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی بهمێشوهیهیه: توركمان له‌سه‌دا 54، كورد له سەدا 39 و عه‌ره‌بیش تەنیا سەدا 7ی فه‌رمانگه‌كه پێكده‌هێنن. به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ندروستی موهه‌یمه‌ن له‌و ئاماره‌دا مه‌به‌ستی لێپرسراوێتییهكانی نێو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی كه‌ركوك.
وروژاندنی ئه‌م پرسه، ناڕه‌زایی به‌ره‌ی توركمانی به‌دواداهات و ئه‌حمه‌د ره‌مزی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن له به‌ره‌ی توركمانی، له رونكردنهوهیهكیدا دەستخۆشی لە هەنگاوەكەی حەمدانی كرد بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی بەدیهێنانی هاوسەنگی، به‌ڵام وتی "داوادەكهم ئەو هەنگاوە، فراوانتر و هاوسەنگتر بێت، ژمارەیەك فەرمانگەی سەرەكی دیكەی كەركوك بگرێتەوە".
رەمزی چەند نمونەیەكی هێناوەتەوە، نوسیویەتی "فەرمانگەی تەندروستی كەركوك كە توركمان رێژەیەكی زۆری پۆستەكانی بەڕێودەبات، فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك كە پێكهاتەی عەرەب رێژەی زۆری پۆستەكانی بەڕێودەبات، لەگەڵ شارەوانی كە زۆربەی پۆستەكانی لای پێكهاتەی كوردە".
عه‌بدوڵا میروه‌یس، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌م پرسه نابێت ببردرێته به‌غدا، خۆمان لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و ده‌توانین له‌وێ گفتوگۆی هاوسه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ین له فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركوكدا".
عه‌بدوڵا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كه‌می رێژه‌ی كوردی له كۆمپانیای نه‌وتی باكور به نمونه هێنایه‌وه و وتی "كاتێك باسی هاوسه‌نگی ده‌كرێت ده‌بێت رچاوی هه‌موو فه‌رمانگه‌كان بكرێت". ئه‌و هه‌رچه‌نده جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی پرسێكی ناوخۆی پارێزگای كه‌ركوكه، به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا وتی "به‌دیهێنانی ئه‌وه ئاسان نییه".
به‌ڕێوه‌به‌ری نوێ له‌به‌رده‌م ئاڵنگاریدا
ده‌ستبه‌كاربونی فه‌یسه‌ڵ حه‌مادی، له‌كاتێكدایه كۆمپانیای نه‌وتی پاكور له‌به‌رده‌م هه‌ندێك ئاڵنگاریدایه، له نێویاندا ده‌ستدرێژی به‌رده‌وام بۆ سه‌ر بیره نه‌وتییه‌كان و بۆرییه‌كان، پرسی ئه‌منیه‌تی كێڵگه نه‌وتییه‌كان دوای راده‌ستكردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی له سوپاوه بۆ وه‌زاره‌نی ناوخۆ.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق بۆری نه‌وتی كه‌ركوك – جه‌یهان نزیكه‌ی 4000 كۆنی لێكراوه، له‌وكاته‌وه‌ی بۆرییه‌كه كه‌وتی ژێر هێرشی گروپه تیرۆرستییه‌كان و دواتر گروپه چه‌كداره جیاوازه‌كانی عیراق.
سیروان مسته‌فا، شارەزا لە بواری نەوت، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له ساڵی 2018دا هێڵی نه‌وتی كه‌ركوك – جه‌یهان كه‌وته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عیراق، وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌وكاته‌وه ده‌ڵێت نۆژهنیدهكهینهوه، به‌ڵام هێشتا نۆژهننهكراوهتهوه".
وتیشی "ئێستا ده‌ڵێن له قۆناغی كۆتاییدایه، به‌ڵام پرۆسه‌كه لاوازه، چونكه ئیشكردن له نۆژه‌نكردنه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و وێرانكارییه‌ی بیره نه‌وتییه‌كان، توانای مرۆیی و مه‌واد و كارمه‌ندی پسپۆڕی باشی ده‌وێت".
ئه‌وه له‌كاتێكدایه یه‌كێك له گرفته گه‌وره‌كانی به‌رده‌م كیڵگه نه‌وتییه‌كانی عیراق ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام ده‌ستدرێژییان ده‌كرێته‌سه‌ر، ئه‌مه له پارێزگای كه‌ركوكیش بونی هه‌یه.
"ئێمه به فه‌رمی ئه‌وه نابینین كه گروپه چه‌كداره‌كان له پشت ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌وه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه‌ی نافه‌رمی ئه‌وه راسته"، زیاتر وتی "ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی كه پاڵپشتی گه‌وره‌یان هه‌یه، به‌شێكی زۆریان رێژه و پشكیان له كێڵگه و بیره نه‌وتییه‌كاندا هه‌یه... ده‌ستیانبه‌سه‌ردا گرتوون و له‌ژێر ناوی جۆراوجۆردا شه‌رعیه‌تیان پێداوه".
ئه‌و جارێكی تر وتی "كه‌س به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی پێتناڵێت ئه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له بواری نه‌وتدا كارده‌كات راستی ئه‌وه ده‌ستدرێژییانه‌ی ده‌كرێته‌سه‌ر كێڵگه، بیر و بۆرییه نه‌وتییه‌كان ده‌زانێت". بۆ ئه‌وه‌ش دۆسیه‌ی پاڵاوگه‌ی نه‌وتی بێجی وه‌ك نمونه بۆ پاڵپشتی قسه‌كانی هێنایه‌وه.
له‌گه‌ڵئاماژه‌دان به‌وه‌ی كونكردنی بۆری نه‌وت، كارێكی ئاسان نییه، "ئه‌گه‌ر كه‌سانی گه‌وره‌ی له پشته‌وه نه‌بێت، چونكه كونكردنی بۆری نه‌وت كۆمه‌ڵێك رێكاریی گه‌وره و شاره‌زایی پێویسته، پرۆسه‌كه ئاسان نییه و كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی گه‌وره‌ی هه‌یه، له‌وانه كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر، ته‌قینه‌وه‌ی غاز و مه‌ترسییه‌كانی كاره‌با، ئه‌مانه ده‌بێت كه‌سانی شاره‌زا و هونه‌ری گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵدا بێت. بۆیه دۆسییه‌كه گه‌وره‌یه و چارهسهركهش زۆر لاوازه".
له ئێستادا بۆرییه نه‌وتییه‌كان له‌لایه‌ن هێزی جۆراوجۆر له سوپا، حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسه‌وه ده‌پارێزرێن، به‌ڵام له حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی راده‌ستی پۆلیس بكرێت، پاراستنی بۆرییه نه‌وتییه‌كانیش ده‌خرێته ژێر ركێفی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه. ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تره له ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی كۆمپانیای نه‌وتی باكور.
عه‌بدوڵا میروه‌یس وتی "وه‌كو یه‌كێتی پاڵپشتی راده‌ستكردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك ده‌كه‌ین، له سوپاوه بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه روبدات، ئه‌وا سوپا ده‌چێته سنوری پارێزگاكان".