رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك باس لە كارەكانی لیژنە تایبەتمەندەكانی ئەنجومەن دەكات بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم لە هەموو فەرمانگە حكومییەكانی پارێزگاكەدا، لە نێویاندا دۆسیەی دامەزراندنی حەوت هەزار كەس بە گرێبەست، كە دەڵێت كارەكانی لای ئەوان تەواو كراوە و ئێستا پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە.
لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، رەعد ساڵح (لە پێكهاتەی عەرەب) جەختیكردەوە، كە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا هەوڵی زۆر دەدەن بۆ لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان، لەگەڵ وەرگرتن و بەدواداچون بۆ سكاڵای هەر هاوڵاتی و لایەنێك كە ئاڕاستەیان دەكرێت.
كەركوك ناو: ئایا لە پێناو بەهێزكردنی شەفافیەت و لێپرسینەوەدا چاودێری ئەدای لێپرسراوانی كەركوك دەكەن؟
رەعد ساڵح: بەڵێی، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و بەپێی كاری ئەو لیژنانەی پێكهێنراون بەدواداچون بۆ رەوتی كاری فەرمانگەكانی دەوڵەت دەكەین، من وەكو سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری و وەبەرهێنان، چەندین نوسراوم دەربارەی دۆسیە جیاوازەكان هەیە، كە گفتوگۆیان لەسەر دەكەین و دواتر لەو چوارچێوەیەدا راسپاردەكان بۆ پارێزگار بەرز دەكەینەوە.
كەركوك ناو: ئەو میكانیزمە چییە لە كەركوك بۆ ئەركی چاودێری پەیڕەوی دەكەن، قۆناغەكانی لە سەرەتاوە چۆن دەستپێدەكات؟
رەعد ساڵح: سەرەتای چاودێری و بەدواداچونەكانمان لە گومان و وەرگرتنی سكاڵاكانەوە دەستپێدەكات، پاشان چەند رێوشوێنێكی ناڕەسمی دەگرینەبەر، ئەوەش لەڕێی ناردنی خەڵكەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەو گومان و سكاڵایانەی بەدەستمان دەگات، بۆ نمونە بەو رێگایە مامەڵەمان لەگەڵ فەرمانگەی وەبەرهێنان كرد، كاتێك چەندین سكاڵامان لە وبەرهێنەرانەوە پێگەیشت. دوابەدوای كاری مەیدانی چەندین نوسراو و راپۆرت بەرزدەكەینەوە و هەندێك نوسراو و دۆكیۆمێنتیش لای خۆمان گل دەدەینەوە تا دەستكاری و یاری پێنەكرێت.
كەركوك ناو: ئەگەر پێشێلكارییەكی دیاریكراوتان بەدیكرد، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن تا شەفافیەتی تەواو بەدیبهێنن؟
رەعد ساڵح: بابەتەكە لەڕێی ئەو لیژنەیەوە یەكلاییدەكرێتەوە كە تایبتمەندە بەو دۆسیەیە، دواتر راسپاردەكان بە واژۆی هەموو ئەندامانی لیژنەكەوە رەوانەی سەرۆكی ئەنجومەن دەكرێت تا رەزامەندی لەسەر بدات و پاشان رێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر.
كەركوك ناو: ئێوە دەتوانن بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك بە تۆمەتی كەمتەرخەمی دوربخەنەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكەن بەپێی یاسا؟
رەعد ساڵح: بەڵێ رێكارێكی تەواو گونجاوە و دەكرێت، ئەوەش بەپێی ئەو بارودۆخەی دۆسیەكە دەیخوازێت، وەك دەزانن دورخستنەوە و لابردنی كەسێك لە پۆستێك بەڵگەی زۆری دەوێت، بە تایبەت ئەگەر دۆسیەكەی پەیوەست بێت بە بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی دارایی لەلایەن بەڕێوەبەری فەرمانگەیەكەوە، ئەوكاتە دۆسیەیە لە كارە پێشینەكانی ئەنجومەنی پارێزگایە، بۆیە هەوڵی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە دەدەین، ئەگەر وەڵامەكانی بڕواپێهێنەر نەبوو، ئەوا دورخستنەوە و لابردنی لە پۆستەكەی دەخرێتە دەنگدانەوە.
كەركوك ناو: ئایا هیچ هەنگاوێكی دیكە هەیە بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت لە كاری فەرمانگە حكومییەكانی كەركوكدا؟
رەعد ساڵح: ئەنجومەنی پارێزگا لایەنی چاودێرییە نەك جێبەجێكردن، بۆیە لە ئەركەكانی ئێمەیە كە چاودێری لایەن و دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە حكومەتی خۆجێیی بكەین، هەروەها پێویستە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵكی كەركوكدا چاودێرییان بكەین، بۆیە چاودێرین بەسەر هەموو جومگەكانەوە بە تایبەت كاروباری پەیوەندیدار بە گەندەڵی و جێبەجێكردنی پرۆژەكان، هەر لەبەر ئەوەش بوو دەنگماندا كە رەزامەندی لەسەر هیچ پرۆژەیەك نەدەین ئەگەر پێشوەختە دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگای بۆ نەكرێت، واتە چاودێری هەموو پرۆژە و دۆسیەیەك دەكەین لە نێویاندا دامەزراندنی حەوت هەزار پلەی وەزیفی بە گرێبەست لە كەركوك.
كەركوك ناو: هیچ رێگریی و بەربەستێك هەیە بۆ كارەكانتان لە كەركوك، بە تایبەت لە دۆسیەی دامەزراندنی حەوت هەزار پلەی وەزیفی؟
رەعد ساڵح: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەمیشە تۆمەتی ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكرێت، بەڵام دوبارەی دەكەینەوە و با هەموان بزانن كە ئێمە لایەنی چاودێریین، بۆیە ئەركی ئێمەیە نوسراو بەرز بكەینەوە و پرسیار بكەین كارەكانی دۆسیەی دامەزراندنی پلەی وەزیفی و بابەتەكانی دیكە بەكوێ گەیشتون، لە پێناوی دیاریكردنی وادەیەكی رون بۆ راگەیاندنی ناوی كەسانی شایستە بۆ ئەو دامەزراندنە.
ئێمە چاوەڕێی لایەنەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەكەین بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆسیەیە و بەرزكردنەوەی هەموو وردەكارییەكان بۆ وەزارەتی دارایی، تا بە یەكجاری دۆسیەكە لای ئێمە نەمێنێت، چونكە لای خۆمانەوە هەموو رێكار و رێوشوێنەكانی ئەو دۆسیەیەمان بە تەواوی جێبەجێكردووە.