له‌كاتی گەڕان بەدوای بژێویی ژیاندا، ژنانی ئاوارەی ئێزیدی روبه‌ڕوی دوو به‌ربه‌ستی نایەکسانیی ئابوریی ده‌بنه‌وه و پێوه‌ی ده‌ناڵێنن، سنورداربونی ده‌رفه‌ته‌كانی كار و چڕبونه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی كاری قورس‌دا كه له‌گه‌ڵ سروشتی ئه‌واندا ناگونجێت، له‌گه‌ڵ نه‌بونی هیچ ئاسانكارییه‌كی دارایی له جۆری مانه‌وه یان دابینكردنی خه‌رجی هاتوچۆ كاتێك ده‌رفه‌تی كاره‌كه له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كاندا بێت.
ئەم بێبەشبونه ئابورییه‌ی ژنان، وایکردووە کچانی خاوەن بڕوانامەی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان،له ژێر خێوه‌تدا به‌بێ كار، شه‌و و رۆژ به‌ڕێبكه‌ن، هه‌رچه‌نده خه‌ونیان به‌شداربوونه له بازاڕی كاردا.
سوعاد حەمو، یه‌كێكه له‌و سه‌دان كچه‌ی باجی ئه‌و نایه‌كسانییه ئابورییه ده‌دات، له‌گه‌ڵ خێزانەكەی لەكەمپی با‌جد كەندالا لە سنوری قه‌زای زاخۆ دەژیت، دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاری له به‌شی وزه به‌ده‌ستهێناوه.
دوو ئاڵنگاریی له‌به‌رده‌م سوعاد-دایه بۆ كاركردن، یه‌كه‌میان ده‌رفه‌ته‌كانی كار له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كانن كه پێویستی به تێچوی مانه‌وه و هاتوچۆ هه‌یه و كۆمپانیاكان له‌وه‌دا ئاسانكارییان بۆ ناكه"، دووه‌م وه‌ك خۆی وتی "كەمی هەلی كاره بۆ ژنان".
ئه‌وه له‌كاتێكدایه سوعاد له توانای خۆی راده‌بینیت له پسپۆڕییه‌كه‌یدا به‌باشی كاربكات و سه‌ركه‌وتووبێت.
سوعاد له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی دانانی سیستمی سۆلار. له دهۆك كارێكی دۆزییه‌وه، به‌ڵام وتی "شوێنی مانه‌وه‌م له دهۆك بۆ دابیننه‌كرا، هه‌روه‌ها كرێی هاتوچۆشم له كه‌مپه‌وه بۆ شوێنی كاره‌كه‌م بۆ خه‌رجنه‌كرا، بۆیه دوای یه‌ك مانگ وازمهێنا".
هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بوو موچه‌كه‌ی له نێوان 600 تا 700 هه‌زار دینار بوو، له‌كاتێكدا بۆ مانه‌وه له شوققه‌یه‌ك پێویستی به 250 تا 300 هه‌زار دینار بوو، جگه له خواردن كه ئه‌و پێیوایه 100 هه‌زار دیناری پێویست بوو، ئه‌مه جگه له خه‌رجی تر.
ئه‌وه له‌كاتێكدا له كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی، ژنانی ئێزیدی هیچ ده‌رفه‌تێكی تری كاركردنیان نییه، ئه‌مه به‌تایبه‌ت له دوای كشانه‌وه‌ی ده‌یان رێكخراو له كه‌مپه‌كان، كه له ساڵانی رابردودا هه‌وێنی ده‌یان ده‌رفه‌تی كار بوون بۆ ژنان.
خالیدا شه‌مۆ (32ساڵ)، له‌كەمپی خانكێ لەگەڵ خێزانەكەیدا دەژیت و دەرچووی بەشی دەروونناسییه، وتی "ئێمه دوجار قوربانین، جارێكیان كه ژنین و ده‌رفه‌تی كاركردن بۆ ژنان كه‌متره، جارێكی تر له كه‌مپ ده‌ژین و ده‌رفه‌ته‌كه دوو هێنده قورس‌تر ده‌بێت به‌راورد به‌وه‌ی له‌ناو شاره‌كاندا بژیت".
"ژیانی كولەمەرگی و سەختییەكانی ژیانكردن لەژێر خێوەتدا زۆر سەخته، بیهێننە بەرچاوی خۆتان چه‌ندین ساڵ بخوێنێت و بڕوانامە به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام به‌هۆی ئاواره‌ییه‌وه له‌ژێر خێوه‌تدا رۆژ بكه‌یته‌وه و كارت نه‌بێت"، خالیدا وایوت.
بۆ پیاوان دۆخه‌كه كه‌مێك باشتره، چونكه ئه‌وان ده‌توانن كرێكاریی بكه‌ن. خالیدا وتی "ئه‌و ده‌رفه‌تی كاركردنانه‌ی له كه‌مپ هه‌یه، كاری قورسی رۆژانه‌ن، ئه‌وه‌ش لەگەڵ ژناندا ناگونجێت".
ئێزیدییه‌كان كه پێكهاته‌یه‌كی ئایینین له عیراق، له ساڵی 2014دا روبه‌ڕوی ئاواره‌یی، رفاندن و كوشتن بونه‌وه، كاتێك چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام ناسراو به (داعش) هێرشیكرده سه‌ر ناوچه‌كانیان، له‌وانه‌ش قه‌زای شنگال له پارێزگای نه‌ینه‌وا.
ئه‌وان یه‌كێكیان له‌و پێكهاتانه‌ی كۆمه‌ڵگه كه له كه‌مپه‌كاندا روبه‌ڕوی بێكارییه‌كی تاقه‌تپروكێن بونه‌وه، به‌تایبه‌ت ژنانی پێكهاته‌كه كه ئێستاش پێوه‌ی ده‌ناڵێنن.
هێشتا زیاتر له 110 هه‌زار كه‌س له ئاواره‌ییدا له كه‌مپه‌كانی پارێزگای دهۆك ده‌ژین و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی خۆیان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ناجێگری ئه‌منی و سیاسی ناوچه‌كانیان.
به‌گشتی ئیداره‌ی كه‌مپه‌كان جۆرێك له ئاسانكارییان بۆ ئاواره‌كان كردووه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بۆ كاركردن بچنه ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وه به‌س نییه.
پیر عەلو كەچەل، بەڕێوەبەری كەمپی خانكێ له پارێزگای دهۆك، به (كەركوك ناو)ی وت "ئێمه هیچ رێگرییه‌كمان بۆ ژنان نییه كاتێك بیانه‌وێت بچنه ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ بۆ كاركردن، به‌ڵام ده‌ره‌فه‌ته‌كانی كاركردن بۆ ئه‌وان ئێجگار كه‌مبۆته‌وه".
ده‌ره‌فه‌ته‌كانی كاركردن بۆ ئه‌وان ئێجگار كه‌مبۆته‌وه
ئه‌و رونیكرده‌وه "پێشتر له‌هه‌ر كه‌مپێك چوار بۆ پێنج رێكخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەبون كە پاڵپشتی و هاوكاری ژنانیان دەكرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی كار و هانیانده‌دان بۆ كاركردن، به‌ڵام دەمێكە نەماون و پاڵپشتی و هاوكاری حكومەتیش نییە".
به‌شێك له ژنان راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان كاریان ده‌كرد، به‌شێكی تریان له‌ڕێی پڕۆژه‌ی بچوك به هاوكاریی رێكخراوه‌كان ده‌رفه‌تی كاریان بۆ خۆیان و خه‌ڵكی تریش فه‌راهه‌م ده‌كرد، له‌وانه دانانی ئارایشتگه و فرۆشتنی بابه‌ته‌كانی جوانكاریی، درومان و پڕۆژه‌ی چاندن، به‌ڵام ئه‌و پاڵپشتییانه ئیستا نه‌ماون.
"ئێستا ته‌نیا كرێكاریی و كاری قورس هه‌یه، كه له‌گه‌ڵ ژناندا ناگونجێت"، پیر عه‌لو وایوت.
عەبدولكەریم حەماد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كار لە پارێزگای دهۆك، جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی نه‌ڕه‌خساندنی شوێنی مانه‌وه بۆ كرێكاران و خه‌رجنه‌كردنی كرێی هاتوچۆ، له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانن كه ژنانی كه‌مپه‌كان نه‌توانن بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان له شاره‌كاندا كار بكه‌ن.
عەبدولكەریم حەماد كه خۆی پسپۆڕی ئابورییه، وتی "هه‌ر كه‌مپێكی ئاواره‌كان لانیكه‌م نیو كاتژمێر له شاره‌وه دوره، ئه‌مه‌ش تێچوی هاتوچۆی زۆره... جگه له‌وه‌ش كه‌می ئه‌زمون و شاره‌زایی هۆكارێكی تره كه ئاواره‌كان كه‌متر كاریان ده‌ستبكه‌وێت و واده‌كات بێكاربن".
فەرمانگەی كار لە پارێزگای دهۆك پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنیان داناوه بۆ هه‌ركه‌سێك كه به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێت، عەبدولكەریم وتی "ئاواره‌كان ده‌توانن خۆیان تۆماربكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كار".
بەسنا خەڵەف، چالاكوانێكی ئێزیدییە، وتی "توانای ژنانی ئێزیدی كه‌متر نییه له ژنانی پێكهاته‌كانی تر، به‌ڵام ده‌ستگیرۆیی كه‌مه و ده‌رفه‌ته‌كانیش بۆ هه‌مووان یه‌كسان نییه".