خاوه‌ن مۆلیده‌كانی كه‌ركوك هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن و فه‌رمانگه‌كانی شاره‌كه‌ش به بێده‌نگی ورد ورده مۆلیده‌كانیان ده‌كوژێننه‌وه، ئه‌م پرسه دوابه‌دوای دروستبونی قه‌یرانی گاز دێت له پارێزگاكه، كه سه‌ره‌ڕای به‌رزبونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی، له بازاڕیشدا به زه‌حمه‌ت ده‌ستده‌كه‌وێت.
له هه‌فته‌ی رابردووه‌وه خاوه‌ن مۆلیده ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك كه زیاتر له‌سه‌دا 50ی كاره‌بای هاوڵاتیان دابین ده‌كه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ی كوژاندنه‌وه‌ی مۆلیده‌كانیان ده‌ستپێكردووه، چونكه ده‌ڵێن ئه‌و بڕه گازه‌ی حكومه‌ت به نرخی كه‌متر له بازاڕ پێیانده‌دا، ته‌نیا به‌شی دوو هه‌فته‌ی كارپێكردنی مۆلیده‌كان ده‌كات.
كێشه‌كه چییه؟
سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه به‌هۆی ده‌ستنه‌كه‌وتنی گازی بازرگانیی و به‌رزبونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌یه‌تی بۆ نزیكه‌ی دوو هێنده، له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه گازه‌ی حكومه‌ت كه به‌پێی خاوه‌ن مۆلیده ئه‌هلییه‌كان به‌شی مانگێكی كارپێكردنی مۆلیده‌كانیان ناكات.
ئه‌دهه‌م ئه‌حمه‌د، یه‌كێك له خاوه‌ن مۆلیده ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێشتر له‌گه‌ڵ ته‌واوبونی به‌شه گازه‌كه‌ی حكومه‌ت، له بازاڕ گازی بازرگانیمان به نرخی گرانتر ده‌كڕی، به‌ڵام ئێستا گازی بازرگانی نرخه‌كه‌ی زۆر به‌رزبۆته‌وه و ده‌ستیشناكه‌وێت".
"پارێزگاری كه‌ركوك و قایمقامیه‌تمان ئاگاداركردۆته‌وه، به‌ڵام نه‌توانراوه چاره‌سه‌ر بكرێت"، ئه‌ده‌هه‌م وایوت.
فشار هه‌یه و چاره‌سه‌ر روون نییه
خاوه‌ن مۆلیده ئه‌هلییه‌كان وه‌كو فشارێك هه‌ڕه‌شه‌ی كوژاندنه‌وه‌ی مۆلیده‌كانیان كرد، به‌ڵام چانسێكی تریان به ئیداره‌ی كه‌ركوك داوه تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه به‌شه گازیان بۆ زیاد بكه‌ن.
كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان لقی كه‌ركوك، بۆ هه‌ر كه‌یڤی-یه‌ك 45 لیتر گاز به خاوه‌ن مۆلیده ئه‌هلییه‌كان ده‌ده‌ن، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له كۆمپانیاكه ئه‌و بڕه هیچ نه‌گۆڕاوه و وه‌كو خۆیه‌تی.
سه‌رچاوه‌كه كه لێپرسراوێتی هه‌یه و له‌به‌رئه‌وه‌ی رێپیدانی نییه بۆ میدیاكان قسه بكات، بۆیه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه، وتی "له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه هیچ بڕه گازێكی زیاتر به مۆلیده‌كان بده‌ین، چونكه پرۆسه‌كه په‌یوه‌سته به به‌شه گازی پارێزگای كه‌ركوك و هیچ بڕێك زیادنه‌كراوه".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی پێشتر گازی بازرگانی له بازاڕدا ده‌ستده‌كه‌وت و نرخه‌كه‌شی هه‌رزان بوو، وتی "ئه‌وه‌ی به ئێمه گه‌یشتووه، ئه‌وه‌یه چه‌ند كۆمپانیایه‌ك به‌رهه‌مهێنانی گازیان له كه‌ركوك وه‌ستاندووه و هۆكاره‌كه‌شی نازانین".
له ئێستادا هه‌ر به‌رمیلێك گاز له كه‌ركوك نرخه‌كه‌ی گه‌یشتۆته 220 هه‌زار دینار، به‌وه‌ش لانیكه‌م له‌سه‌دا 40ی نرخه‌كه‌ی به‌رزبۆته‌وه به‌راورد به دوو مانگی رابردوو.
محه‌مه‌د سه‌معان، پارێزگاری كه‌ركوك، هه‌فته‌ی رابردودا، له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنیدا نیگه‌رانی خۆی نیشاندا له‌و دۆخه‌ی له‌ڕوی گازه‌وه روبه‌ڕوی پارێزگاكه‌ی بۆته‌وه، چونكه به‌هۆیه‌وه ته‌نانه‌ت فه‌رمانگه حكومییه‌كانیش ناچاربون هه‌ندێك كات مۆلیده‌كانیان بكوژێننه‌وه، له‌كاتێكدا پله‌كانی گه‌رما هێشتا له‌سه‌روی 45 پله‌وه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێك فه‌رمانگه به‌بێ كاره‌با ناتوانن كاره‌كانی هاوڵاتیان رایی بكه‌ن.
فه‌رمانبه‌رێكی كه‌ركوك وتی "به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كان به‌شێك له كاره‌كانیان بۆته په‌یداكردنی گاز بۆ مۆلیده‌كانیان، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانیانه‌وه".
محه‌مه‌د سه‌معان وتی كه داوای له چه‌ند كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنانی سوته‌مه‌نی له كه‌ركوك كردووه، یارمه‌تییان بده‌ن له په‌یداكردنی گاز بۆ فه‌رمانگه‌كان، له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته قسه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وت كردووه. به‌ڵام هێشتا قه‌یرانه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌بووه.
گاز بۆچی كه‌مبۆته‌وه؟
هه‌رچه‌نده لێپرسراوانی لقی كه‌ركوكی كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان هۆكارێكی كه‌مبونه‌وه‌ی گاز ده‌گێڕنه‌وه بۆ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنانی گاز له كه‌ركوك، گوایه به‌رهه‌مهێنانیان "وه‌ستاندووه"، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئیداره‌ی كه‌ركوك، به‌شێكی قه‌یرانه‌كه ده‌یبه‌ستێته‌وه به راگرتنی هێنانی گازی به‌شێوه‌ی قاچاغ له بازگه‌كانه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه كه لێپرسراوێتی هه‌یه و نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه، وتی "بازگه‌كان توندوتۆڵكراون، به‌تایبه‌ت بازگه‌ی داره‌مان، پێشتر له‌و بازگه‌یه‌وه گاز به‌شێوه‌ی قاچاغ له هه‌ولێره‌وه ده‌هاته كه‌ركوك، ئێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌یان پێ‌نادرێت".
هێزه ئه‌منییه‌كان له‌وكاته‌وه‌ی پرۆسه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له عیراق ده‌ستیپێكردووه، لانیكه‌م 30 كارمه‌ند و ئه‌فسه‌ری باڵایان به تۆمه‌تی به‌رتیلوه‌رگرتن له كه‌ركوك ده‌ستگیركردووه، به‌شێكی زۆری ئه‌وانه له بازگه‌كانه‌وه له به‌رامبه‌ر پاره‌دا كارئاسانییان بۆ تێپه‌ڕبونی باری قاچاغ ده‌كرد، به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كانی ده‌سته‌ی نه‌زاهه و هێزه ئه‌منییه‌كان.