حزبە كوردییەكانی دیالە، دەترسن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكەدا دەنگەكانیان بفەوتێت و نەتوانن كورسییەكانی پێشتریش بەدەستبهێننەوە، بەهۆی پەرتەوازەیی و دانانی 50 كاندید لە چوارچێوەی سێ لیستی جیاوازدا.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، كورد هیچ هاوپەیمانییەكی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە پێكنەهێناوە و بەجیا بەشداری دەكەن، هەندێكیشیان بایكۆتیان كردووە یان هیچ كاندیدێكیان نییە.
سێ لایەن بە رەسمی كاندیدیان لە دیالە هەیە؛ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆرترین كاندیدی هەیە كە 30 كەسن و لە لیستێكی سەربەخۆدا كێبڕكێی بەدەستهێنانی كوردسی دەكەن، لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستێكی جیا 16 كاندیدی داناوە و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیش بە چوار كاندیدەوە لیستی خۆی هەیە.
ئەكبەر حەیدەر خان، لێپرسراوی لقی خانەقینی پارتی دەڵێت ئەو 16 كاندیدەی حزبەكەی كە پێنجیان بۆ كۆتای ژنانە، بەسەر هەموو ناوچەكانی دیالەدا دابەشبوون، بە تایبەت لە قەزای خانەقین، "پێمانوایە ئەمجارە لە ئەنجومەنی پارێزگا كورد یەك بۆ دوو كورسی بەدەستدەهێنێت"، بەوتەی ئەكبەر بۆ (كەركوك ناو)، هەوڵیانداوە كورد یەكلیستی هەبێت تا كورسییەكانیان كەمنەبێتەوە، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
ئەمجارە دەنگ و قەوارەی كورد لە خانەقین مەترسیی گەورەی لەسەرە
كورد لە ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای دیالە (هەڵبژاردنی 2013)، بە هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان سێ كورسی هەبوو لە كۆی 29 كورسی، كە ئەویش یەكێكیان پارتی و دوانیان یەكێتیی بون.
لە هەڵبژاردنی 2009ـی هەمان ئەنجومەندا لە كۆی 29 كورسی، شەش كورسییان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستانیدا بەدەستهێنابوو، كە سێ كورسی بۆ یەكێتیی، هەریەك لە پارتی و سۆسیالیست و یەكگرتوو یەكی كورسییەكیان بەركەوت.
حسێن جەلیل، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی سۆسیالیست دەڵێت لە چوار كاندیدەكەی ئەوان تەنیا یەكێكیان ئافرەتە، مەترسیی ئەوەشی نەشاردەوە "ئەمجارە دەنگ و قەوارەی كورد مەترسیی گەورەی لەسەرە، زۆربەی لیستەكان بەهێز و توانایەكی زۆرەوە بەشداری دەكەن.. بەڵام حزبە كوردییەكان لە ئێمەوە تا هەموو حزبەكانی تر، هەر یەكە و بۆ خۆی بەجیا بەشدارە، یەكڕیز و یەكدەنگ نین، دەنگەكانمان پەرتەوازە دەبن، بۆیە پێمانوایە كورد كاندیدی دەرناچێت".
ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای دیالە بۆ 15 كورسی كەمكراوەتەوە، ئەوەش بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە دیاریكراوە كە زیاتر له ملیۆن و 600 ههزار كهسن. قەزای خانەقین بە هەردوو ناحیەی جەلەولا و سەعدییەوە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 238 هەزار كەسن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 90 هەزار كەسیان دانیشتوی ناوەندی خانەقینن، بەپێی خەمڵاندنی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی 2019.
لە دیالە زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەر هەن، بەڵام كەمتر لە ملیۆنێك كارتی بایۆمەترییان بەدەستهێناوە و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكە مافی دەنگدانیان هەیە، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش لەو پارێزگایە زیاتر لە 11 هاوپەیمانی تۆماركراوە.
"ژمارەی دەنگدەری كورد لە دیالە 100 هەزار دەنگدەرن، ئەوەش كەمینەیە بەراورد بە كۆی دەنگدەران، بۆیە كورد قورسە كورسی زیاتر بەدەستبهێنێت.. بەداخەوە حزبەكانیش یەكلیست نەبون.. بۆیە هیوادارین دەنگدەرانی كورد بەشداری بكەن تا بتوانین مافی خۆمان لە دیالە بەدەستبهێنین" لێپرسراوەكەی پارتی وای وت.
ئەكبەر حەیدەر پێیوایە پێشتریش هەر بەهۆی پەرتەوازەیی و نەبونی یەكلیستییەوە، "لە ناوچە كێشە لەسەرەكان نەمانتوانیووە مافەكانمان بەدەستبهێنین و زۆرینەی پۆستەكانمان لەدەستداوە".
تا 16ـی ئۆكتۆبەری 2017؛ زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی خانەقین و دۆسیەی ئەمنی لەژێر دەستی لایەنە كوردییەكاندا بوو، بەرلەوەی هێزەكانی سەر بەحكومەتی فیدراڵی بگەڕێنەوە، كاتێك پێشمەرگە پاشەكشێی كرد بەهۆی بارگرژییەكانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە هەرێم و ناوچەكانی جێناكۆك.
كورسییەكانی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگا زۆر كەمدەبنەوە
(كەركوك ناو) چەندجارێك پەیوەندی بە شێركۆ میروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتیی و لێپرسراوانی دیكەی ئەو حزبەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبون لەسەر بەشداری یەكێـتیی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لێدوان بدەن.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ 31ـی تشرینی یەكەمی 2023، بە فەرمی بڵاویكردەوە لە دیالە 30 كاندیدیان هەیە و بە لیستی سەربەخۆ بەشدارن.
پێشتر و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2021ـی عیراقیش، كورد لە قەزای خانەقین و دەوروبەری، بە حزبی و سەربەخۆوە حەوت كاندیدی هەبوو، لە ئەنجامدا تەنیا یەك كورسییان بەدەستهێنا، ئەویش بۆ كاندیدی یەكێتیی بوو.
عەباس رەحمان، لێپرسراوی كۆمیتەی خانەقینی حزبی شیوعی كوردستان، دەڵێت هەوڵیانداوە لایەنە كوردییەكان یەكبن و یەكلیستیان هەبێت، بەڵام یەكێتیی و پارتی رەتیانكردۆتەوە، بۆیە شیوعی لە دیالە بڕیاریداوە پشتیوانی لیستی حزبی شیوعی عیراق بكات، بەبێ ئەوەی هیچ كاندیدێكیان هەبێت.
"ئێمە كاندیدمان نییە، چونكە ئەمجارە كورسییەكانی كورد زۆر كەمدەكات.. پێمانوایە لە بەرژەوەندی كورد نییە كە كاندیدی زۆری هەبێت، تا دەنگەكان پەرتەوازەنەبن و یەك دوو كاندیدی كورد دەربچن".
حزبە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا و سەڵاحەدینیش لە بری هاوپەیمانێتیی و یەكلیستیی، بە دەیان كاندید و لیستی جیاجیا بەشداری دەكەن.
"رێكنەكەوتنی كورد گەورەترین زیانە بۆ كورد و حزبەكان بە تایبەت لە دیالە و خانەقین، پێشتر ئێمە حوكمی پارێزگای دیالەمان دەكرد، تا وردەوردە هەموو شتێكمان لەدەستدا" بەوتەی عەباس بۆ (كەركوك ناو).
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق (2021)، كاندیدەكەی یەكێتیی بە 21 هەزار و 722 دەنگ دەرچوو و كاندیدێكی پارتیش بە هەشت هەزار و 873 دەنگ كورسی بەدەستنەهێنا، بە هەردوو كاندیدەكە 30 هەزار و 595 دەنگیان هێنا.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئایاری 2018ـیشدا دەنگی كورد لە دیالە نزیكەی 55 هەزار دەنگ بوو، لە كاتێكدا یەكێتیی و پارتی و حزبە كوردییەكانی تر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2014ـدا پێكەوە زیاتر لە 61 هەزار دەنگیان لە دیالە بەدەستهێنا.
هەموان بەرژەوەندی حزبایەتییان پێباشتر بوو لە كوردایەتی
"ئێستا قورسایی كورد لە ناوەندی خانەقینە، چونكە سەعدیە و جەلەولا و مەندەلی و شوێنەكانی ترمان لە دەستداوە، لە خانەقین ماوین و زۆرینەین.. لەوێ هەڵبژاردنی رابردوو زۆرینەی دەنگدەران بەشدارنەبون، ئەوەش زیانی گەورەی لێدەكەوێتەوە كە پێمانوایە ئەمجارەش دوبارە دەبێتەوە، چونكە خەڵك مافخوراون و بایكۆت دەكەن" لێپرسراوەكەی سۆسیالیست وادەڵێت.
حسێن جەلیل باسی لەوەشكرد حزبەكەی نائومێد بووە، چونكە هەوڵی یەكلیستی داوە و ئەنجامی نەبووە، "ویستمان لە خانەقین كوردایەتی بكەین نەك حزبایەتی، بەڵام هەموان بەرژەوەندی حزبایەتییان پێباشتر بوو لە كوردایەتی، ئەوەش بە زیانی گەورە بۆ كورد و حزبەكان دەشكێتەوە".
خانەقین و بەشێك لە ناوچەكانی دیكەی دیالە، كە دانیشتوانەكەی لە كورد، عەرەب، توركمان و پێكهاتە ئایینییەكانی كاكەیی و لە پێشودا كریستیانیشی تێدابوو، ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستانن بەپێی رێكارەكانی ماددەی 140ی دەستوری عیراق.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بڕیارە لە 18ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە چوارەمین خولی دەنگدانە بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، كە یەكەم خولی ئەنجومەنی پارێزگا لە 2005ـدا بوو، دوەمیان لە 2009 و سێیەمیان لە 2013ـدا بوو، كەركوكیش یەكجار و تەنیا لە 2005ـدا بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا كردووە.