لە خانەقین؛ پارتی بێخەمە و یەكێتی دەترسێت

دیالە/ ئەیلولی 2021/ ئاڵا و پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە شەقامێكی سەرەكی ناوەندی قەزای خانەقین فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – دیالە

كورد لە قەزای خانەقین و دەوروبەری، بە حزبی و سەربەخۆوە حەوت كاندیدی هەیە؛ كە لەگەڵ 28 كاندیدی پێكهاتەكانی دیكەدا دەچنە كێبڕكێی بەدەستهێنانی سێ كورسی پەرلەمانی عیراقەوە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021ی پەرلەمانی عیراق، خانەقین و ناحیەكانی لە چوارچێوەی بازنەی چواری دیالەدا سێ كورسییان بۆ تەرخانكراوە لە كۆی 14 كورسی پشكی پارێزگاكە، بۆ ئەوەش 35 كاندید (15 ژن و 20 پیاو)ی كوتلەی سیاسی و هاوپەیمانیی و سەربەخۆ هەن.

لەناو كاندیدەكانی بازنەی خانەقین و دەوروبەری حەوت كەسیان كوردن، دوو سەربەخۆ و پێنج حزبی؛ حزبییەكان یەكێكیان كاندیدی یەكێتییە لە هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێكی دیكەیان پارتی دیموكراتی كوردستان، دوانیان لە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و یەكێكیان لە هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانییە كە لە ژمارەیەك لایەنی شیعە پێكهاتون.

 

دەنگدەری "توڕە"

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) لەناو دەنگدەرانی كورددا، بەشێكیان توڕە و نیگەرانیشن، بەتایبەت بەهۆی ئەو روداوانەی لە ساڵانی رابردودا روبەڕوی سنورەكە بۆتەوە لەنێویاندا دوبارەبونەوەی هێرشی گروپە چەكدارییەكان، پێیانوایە تەنیا بەڵێنی بێ كرداریان پێدەدرێت و دواتر قەزاكە بێ كەس دەمێنێتەوە.

"زۆربەی خەڵك بڕوای بە هەڵبژاردن نەماوە، چونكە لە رابردودا هەموو ئەوانەی بەدەنگی خەڵكی خانەقین دەرچون بەڵێنەكانیان نەبردەسەر، خانەقین لە چارەنوسێكی نادیاردا ماوەتەوە و نوێنەرەكانیشی لەگەڵ دەنگدەراندا درۆیان كرد" مامۆستا كامەران خورشید، كە لە چلەكانی تەمەنیدایە وای وت.

لە خانەقین و ناحیەكانی، 467 بنكەی دەنگدان دەكرێنەوە و زیاتر لە 205 هەزار هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.

ئەوانەی بەدەنگی خەڵكی خانەقین دەرچون بەڵێنەكانیان نەبردەسەر

كامەران خورشید لە دوو خولی رابردوی پەرلەماندا بەشداری دەنگدانی كردووە و بۆ خولی داهاتوش هەر بەشداردەبێت، بەڵام "تەنیا لەپێناو پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبونی خانەقین دەچم بۆ دەنگدان و كاندیدێكی كورد هەڵدەبژێرم".

خانەقین و بەشێك لە ناوچەكانی دیكەی دیالە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستانن بەپێی رێكارەكانی ماددەی 140ی دەستوری عیراق.

"نامانەوێت جارێكیتر شارەكەمان تەعریب بكرێتەوە، ئەگەر كورد دەنگی پێویست بەدەستنەهێنێت ئەوا لایەنی تر دەستدەگرن بەسەر ئیدارەی شارەكەدا و كورد دوردەخەنەوە، .. بۆیە لەناو كاندیدە كوردەكاندا یەكێكیان هەڵدەبژێرین".

تا 16ی ئۆكتۆبەری 2017؛ زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی خانەقین و دۆسیەی ئەمنی لەژێر دەستی لایەنە كوردییەكاندا بوو، بەرلەوەی هێزەكانی سەر بەحكومەتی فیدراڵی بگەڕێنەوە، كاتێك پێشمەرگە پاشەكشێی كرد بەهۆی بارگرژییەكانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە هەرێم و ناوچەكانی جێناكۆك.

 

یەكێتی ترسی لە "ساختەكاری" هەیە

لە دوو خولی رابردوی پەرلەمانی عیراق تەنیا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدی دەرچون بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ترسی لە "ساختەكاری و گۆڕینی" رێژەی دەنگەكانی هەیە، بە تایبەت لە ناحیەكانی خانەقین.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا یەكێتیی دوو كاندیدی سەركەوتن و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018یشدا یەك كاندیدی سەركەوت كاتێك هەموو پارێزگای دیالە یەك بازنەی هەڵبژاردن بوو.

عەباس مەحمود، وتەبێژی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) لە دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێك لە حزبە كوردستانییەكان و كاندیدە سەربەخۆكان كاریگەریان دەبێت لەسەر كۆی دەنگی كورد".

"لە بازنەی چوار تەنیا دوو حزبی گەورە هەن كە یەكێتی و پارتین، بۆیە دەبوو ئەوانیتر رەچاوی ئەو بارودۆخە هەستیارەیان بكردایە و سنورەكەیان بۆ دوو حزبە گەورەیە بەجێبهێشتایە".

بازنەی چوار پێكهاتووە لە قەزای ناوەندی خانەقین (زیاتر لە 81 هەزار دەنگدەر) و هەریەك لە ناحیەكانی جەلەولا (نزیكەی 54 هەزار دەنگدەر)، سەعدیە (نزیكەی 32 هەزار دەنگدەر)، قەرەتەپە و جەبارە (بە هەردوكیان نزیكەی 39 هەزار دەنگدەر) لەخۆدەگرێت.

bangasha. xanaqi (2)
دیالە/ ئەیلولی 2021/ سێ حزبی سیاسی كوردی لە خانەقین كاندیدیان هەیە فۆتۆ: كەركوك ناو

لێپرسراوەكەی هاوپەیمانی كوردستان وتی "لە ناحیەكانی خانەقین هەست بە مەترسی دەكەین چونكە بەكرداری لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێمەدا نییە و بەدەست خەڵكانێكەوەیە كە دەتوانن دەستكاری دەنگەكان بكەن".

"ترسمان لادروست بووە كورد بەگشتی بەهۆی بارودۆخی ئەو ناوچانە و نەبونی چاودێرییەوە دەنگەكانی كەمببنەوە، چونكە لەو ناحیەیانە پێشتر دەنگمان هەبوو بەڵام ئێستا لەو ناوچانە جموجۆڵی سەربازی هەیە، ناتوانین لەرێگەی رێكخستنەكانمانەوە بانگەشە بكەین و هەستی نەتەوایەتی و كوردستانیبونی خەڵكی ئەو ناوچانە بەرزبكەینەوە كە كورد و عەرەبیشی تێدایە تا دەنگ بەئێمە بدەن" عەباس مەحمود وای وت.

یەكێتی لە 19ی ئەیلولی ئەمساڵ گروپێكی چەكداری سەر بە حەشدی شەعبی تۆمەتباركرد بە رێگری لە بانگەشەی هەڵبژاردنی تیمەكانیان لە جەلەولا.

وتەبێژی هاوپەیمانی كوردستان دەڵێـت لەو ناوچانە "پۆستەری كاندیدی كوردی تێدا نییە، چونكە بەڕۆژ پۆستەری خۆمان هەڵدەواسین و شەوەكەی لێی دەكرێنەوە"، وتیشی "ترسمان هەیە لە رۆژی دەنگداندا دەنگدەرانی كاندیدەكانمان روبەڕوی فشار ببنەوە و دیاردەی چەكداری كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان دابنێت،.. ئەم مەترسییانە لە ئێستاوە دەركەوتون و هەستیان پێدەكەین".

بەپێی یاسای هەڵبژاردن دڕاندن و لێكردنەوەی پۆستەری كاندیدەكان سزای زیندانی و غەرامەی بۆ دانراوە.

عەباس مەحمود داواشی لە حكومەتی فیدراڵی كرد رێگری لە دەستتێوەردان بكات و هەوڵی نەهێشتنی فشارەكان بدات، ئەوەش لەڕێی ناردنی "هێزی نیزامی بۆ ناحیەكانی خانەقین".

یەكێتیی و پارتی و حزبە كوردییەكانی تر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2014دا پێكەوە زیاتر لە 61 هەزار دەنگیان لە دیالە بەدەستهێنا.

ترسمان هەیە لە رۆژی دەنگداندا دەنگدەرانی كاندیدەكانمان روبەڕوی فشار ببنەوە

"خۆزگە ئێمە و پارتیش وەك ئێستای یەكێتی و گۆڕان یەك هاوپەیمانی دەبوین لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ... هیوادارین لە ئایندەدا پێكەوە لە ناو یەك لیست بین و ململانێ لەگەڵ نەیارانی خۆمان بكەین نەك لەگەڵ خۆمان" عەباس مەحمود وادەڵێت.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئایاری 2018دا دەنگی كورد لە دیالە بۆ نزیكەی 55 هەزار دەنگ كەمیكرد و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 27 هەزار دەنگی بۆ یەكێتی بوو.

 

پارتی: كورسییەكمان مسۆگەرە

بەپێچەوانەی مەترسییەكانی یەكێتییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە دوو خولی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا نوێنەری لە خانەقینەوە نەناردۆتەوە بەغدا، لەم هەڵبژاردنەدا پێیوایە كورسییەك "مسۆگەر" دەكات.

"پێشبینی زۆر گەورە هەیە كە كاندیدی پارتی دەنگی پێویست بەدەستدەهێنێت و كورسی مسۆگەر دەكات و دەبێتە نوێنەری بازنەی چواری خانەقین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق" بەوتەی ئەیاد كەركوكی، ئەندامی مەكتەبی لقی 15ی خانەقینی پارتی.

ئەیاد لەبارەی ئەو گەشبینییەی حزبەكەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت ئەوان بە "هێزێكی گەورەوە" دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە لە خانەقین و "دەنگدەرێكی زۆر بە بێلایەنەكانیشەوە دەنگ بە پارتی دەدەن".

bangasha. xanaqi (1)
دیالە/ ئەیلولی 2021/ لەبازنەی خانەقین 35 كاندیدی پێكهاتە جیاوازەكان كێبڕكێ دەكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا پارتی زیاتر لە 10 هەزار دەنگی لە دیالە بەدەستهێنا و نەبووە خاوەنی كورسی پەرلەمان.

لێپرسراوەكەی پارتی وتی "دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە ناوچە دابڕاوەكان بە تایبەت لە خانەقین توشی نەهامەتی و ماڵوێرانی بوین، خەڵكێكی زۆر شاریان بەجێهێشت و نزیكەی 40 گوندی دەوروبەری خانەقین چۆڵ بون، كە زۆربەیان كوردنشینن، بەهۆی جموجۆڵی داعش و حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا".

هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و پێشمەرگە رێككەوتون لەسەر پێكهێنانی چەند ژورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و هەماهەنگی لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێویاندا خانەقین.

ئەیاد كەركوكی پێیوایە بارودۆخی ئەمنی كاریگەری لەسەر دەنگدانی داهاتوو هەیە، "خەڵك داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە نەك هێزی حزبی، بۆ ئەوەی جارێكیتر توشی روداوی هاوشێوەی 16ی ئۆكتۆبەر نەبنەوە... چونكە نەبونی پێشمەرگە بۆشایی ئەمنی دروستكردووە لە خانەقین و هیچ هێزێكی تر جگە لە پێشمەرگە ناتوانێت ناوچەكە بپارێزێت".

پارتی جگە لە بازنەی خانەقین، لە سنوری مەندەلیش بە یەك كاندیدی دیكە بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق دەكات كە دەكەوێتە سنوری بازنەی دوی پارێزگای دیالەوە و سێ كورسی بۆ دانراوە.

 

سۆسیالیست چاوی لە كورسییە

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، كە لە خولی دوەمی پەرلەمانی عیراقەوە كورسی لە هیچ پارێزگایەكدا بەدەستنەهێناوە، ئێستا چاوی لەوەیە لانیكەم كورسییەكی خانەقین ببات.

حسێن جەلیل، لێپرسراوی مەڵبەندی سۆسیالیست لە دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، حزبە گەورەكان سیستەمی فرەبازنەییان دروستكرد لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا و دژ بە حزبە بچوكەكان بەڵام پێدەچێت ئەم سیستەمە لە بەرژەوەندی ئێمەدا بشكێتەوە و دەنگێكی زۆرباش بەدەستبهێنین".

لە هەڵبژاردنی رابردودا هەر پارێزگایەك كرابوو بە یەك بازنەی هەڵبژاردن بەڵام لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەك دابەشكراوە.

كورد تەنیا كورسییەك بەدەستدەهێنێـت، ئەویش كورسی كۆتای ژنانە

"كورد تەنیا كورسییەك بەدەستدەهێنێـت، ئەویش كورسی كۆتای ژنانە و لەوە زیاتر توانای نییە، چونكە هەموان لە یەك هاوپەیمانیدا كۆنەبونەوە، هەرچەندە ئێمە دەستپێشخەریمان كرد بۆ یەكلیستی بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەكان نەهاتن بە دەممانەوە" حسێن وای وت.

جگە لە یەك كاندیدی سەربەخۆ، تەواوی كاندیدەكانی دیكەی كورد لە خانەقین ژنن.

لێپرسراوەكەی سۆسیالیست وتی "گرنگە كورد كورسییەك بەدەستبهێنێت لەم ناوچەیە و بەدەستنەهێنانی كورسی زیانێكی گەورەیە، بۆیە ئێمەش ئومێد دەكەین كورسییەكەی كورد بۆ حزبی سۆسیالیست بێت".

پارێزگای دیالە زیاتر لە ملیۆنێك دەنگدەری هەیە، دابەشكراوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن و 164 كاندید لە كێبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی 14 كورسی پشكی پارێزگاكە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT