ناكۆكی سەرەكی لەسەر كەركوكە
وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكرا

كەركوك/هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عیراق، ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

پەرلەمانی عیراق، یەكی نیسانی 2020ی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاریکرد، دوای ئەوەی لە دانیشیتنێكدا یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەمواركردەوە. ناكۆكی سەرەكی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك چۆنیەتی هەڵبژاردنە لەو پارێزگایە.

دانیشتنی پەرلەمانی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەمموز بەڕێوەچوو و تا ئێستا (كاتژمێر 7ی ئێوارە) بەردەوامی هەبووە لەسەر چەند بڕگەیەكی تایبەت بە هەڵبژاردن لە كەركوك.

لە دانیشتنەكەدا، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەمواركرایەوە و رۆژی یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردن.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "یاساكە هەمواركراوەتەوە و هەموو پارێزگاكان جگە لە هەرێمی كوردستان لەهەمان رۆژدا هەڵبژاردنی تیادا ئەنجامدەدرێت، بەڵام ناكۆكی قوڵ هەیە لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك".

ناكۆكی قوڵ هەیە لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك

توركمان و عەرەب پێداگریی دەكەن لەسەر پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەر لە هەڵبژاردن، گۆڕینی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و رێگەنەدان بەدەنگدانی ئەو خێزانە كوردانەی كە لەدوای ساڵی 2003وە فۆرمی خۆراك و نفوزیان بۆ كەركوك گوێزراوەتەوە.

سەرچاوەكە وتی "كورد كێشەی لەگەڵ ئەوە نییە تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە بەر لە هەڵبژاردن، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو نییە ئەو خێزانانەی لەدوای ساڵی 2003 فۆرمی خۆراكیان بۆ كەركوك گواستۆتەوە مافی دەنگدانیان نەبێت".

پرسی هەڵبژاردن لە كەركوك هێشتا ناكۆكی قوڵی لەسەرە و كۆبونەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە بەردەوامی هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT