ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌بنه دوو به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ك له‌سه‌ر دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده، دوای ئه‌وه‌ی له به‌غداوه كاندیدێكی هه‌ڵبژێردراو ره‌تكرایه‌وه.
له نوسراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه، قوسه‌ی سوهه‌یل، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی عیراقی به وه‌كاله‌ت له 3ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا بڕیاریداوه به لابردنی به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ی تێدا نیه.
ئه‌و بڕیاره دوای چه‌ند رۆژێك هات له ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌سیل عه‌بادی، له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده له جێی وه‌حید فه‌رید، ئه‌وه‌ش دوای هه‌ڵبژاردنی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه.
نوره‌دین قه‌بلان، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا پشتگیری بڕیاری لابردنی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده ده‌كات و بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "راسپاردنی ئه‌سیل عه‌بادی بۆ ئه‌و پۆسته له سه‌ره‌تاوه بڕیارێكی راست نه‌بوو، ئه‌وكاتیش له ئه‌نجومه‌ن ناڕه‌زاییمان ده‌ربڕی، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو رویدا و ئه‌وه‌تا وه‌زاره‌ت ره‌تیكرده‌وه".
هه‌روه‌ها داوای له پارێزگاری نه‌ینه‌وا كرد، جارێكی‌تر ده‌رگای خۆپاڵاوتن بكاته‌وه و ناوی سێ كه‌س پێشكه‌شبكات كه مه‌رجه یاساییه‌كانیان تێدابێت، بۆ وه‌رگرتنی پۆستێكی باڵا له دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی.
قه‌بلان جه‌ختیشیكرده‌وه "ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌رشانه تا كه‌سێكی به توانا و شایسته و به‌پێی مه‌رجه‌كانی ئه‌و پۆسته هه‌ڵبژێرێت".
پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا، 23ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونه‌ری و چه‌ند پۆستێكی تردا پڕكرایه‌وه، ئه‌سیل یاسین عه‌بادی، له كوتله‌ی سه‌نه‌د بۆ ئه‌و ئه‌ركه هه‌ڵبژێردرا، ئه‌وه‌ش له ده‌نگدانێكی راسته‌وخۆدا له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.
سیدۆ تاتانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌باره‌ی پۆسته‌كه‌وه ره‌تكرده‌وه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌سیل عه‌بادی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌یه به وه‌كاله‌ت نه‌ك هه‌میشه‌یی، هه‌موو مه‌رجه‌كانی به‌رێوه‌بردنی ئه‌و پۆسته‌ی تێدایه به وه‌كاله‌ت".
به‌وته‌ی تاتانی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده سه‌رباری بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌ت له پۆسته‌كه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت.
سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، باسی له‌وه‌شكرد كه شه‌ڕ و هێرشه‌كانی داعش كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر كه‌رتی په‌روه‌رده له نه‌ینه‌وا، پێیوسته لایه‌نه سیاسییه‌كان رێكبكه‌ون له‌وباره‌یه‌وه تا هه‌نگاو به ئاراسته‌ی خزمه‌تی ئه‌و كه‌رته‌دا بنێن و كاربكرێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و په‌روه‌رده‌یی خوێندكاران.
به‌پێی نوسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق، به‌رێوه‌به‌ری نوێی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا، توانا و لێهاتویی پێویستی نیه و مه‌رجه‌كانی تێدانیه بۆ به‌رێوه‌به‌ری ئه‌و پۆسته وه‌ك له یاسادا هاتووه؛ پێویسته هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی جگه له بڕوانامه‌ی زانكۆ و هاوتاكه‌ی لانیكه‌م 15 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت.
دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته ئیداریه‌كانی نه‌ینه‌وا، به‌پێی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان بوو له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی مه‌شروعی عه‌ره‌ب سه‌ر به خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌نه‌د و حزبی ئیسلامی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.
پێشتر و له ساڵی 2013دا، دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پۆسته باڵاكانی نه‌ینه‌وا به‌پێی رێککه‌وتنێکی سیاسی دابه‌شكرا، به جۆرێك پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سونه، جێگری یه‌که‌م بۆ کورد و جێگری دووه‌م بۆ عه‌ره‌بی سونه بوو، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ کورد و جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ تورکمان.
دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان له كاتێكدایه، چه‌ند مانگێك ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، كه بڕیاره له 1ی نیسانی 2020دا ئه‌نجامبدرێت.