پارتی دیموكراتی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكی تر، ته‌واوی پۆسته ئیدارییه‌كانی موسڵ پڕده‌كه‌نه‌وه دوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ئه‌وه‌ش وایكرد ژماره‌یه‌ك كوتله له نێویاندا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ببنه ئۆپۆزسیۆن.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 23ی تهمموز له دانیشتنێكدا به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئاماده‌بوان ی كۆبونه‌وه‌ك هه‌ریه‌ك له پۆسته‌كانی جێگری پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده و وه‌به‌رهێنانی پڕكرده‌وه.
دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته ئیداریه‌كانی نه‌ینه‌وا، به‌پێی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتی نێوان پارتی بوو له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی مه‌شروعی عه‌ره‌ب سه‌ر به خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌نه‌د و حزبی ئیسلامی.
حه‌سه‌ن شه‌بیب، سه‌رۆكی كوتله‌ی خه‌میس خه‌نجه‌ر له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ململانێ له‌نێوان چه‌ند كوتله‌یه‌ك دروستبوو له‌سه‌ر هه‌ندێك پۆست به‌ڵام بارودوخی پارێزگای نه‌ینه‌وا چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و ململانێیه ناگرێت".
"رێككه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان ئێمه و فراكسیونی پارتی و چه‌ند لایه‌نێكی تر هه‌یه بۆ دابه‌شكردنی ته‌واوی پۆسته‌كان".
له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا حه‌سه‌ن خه‌ڵه‌ف له كوتله‌كه‌ی خه‌میس خه‌نجه‌ر، وه‌ك جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونه‌ری هه‌ڵبژێردرا و ئه‌حمه‌د نازم، له پشكی پارتی بۆته به‌رێوه‌به‌ری ته‌ندروستی و ئه‌سیل یاسین، له كوتله‌ی سه‌نه‌د بۆته به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده و محهد ئیبراهیم، له حزبی ئیسلامی به به‌رێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنان هه‌ڵبژێردرا.
به‌ره‌كات شه‌مۆ، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێش هه‌ڵبژاردنی پارێزگار هاوپهیمانیێتییهك پێكهێنراوه به‌ناوی (هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه) كه فراكسیونی پارتیشی تێدایه".
به‌وته‌ی شه‌مۆ، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه رێككه‌وتنی نوێیان كردووه له‌سه‌ر هه‌موو پۆسته‌كانی موسڵ، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پارێزگار و جێگری یه‌كه‌می له 13ی ئایاری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژێردران، كه پۆستی جێگره‌كه به‌ر پارتی كه‌وت.
هه‌روه‌ها ئاشكراشیكرد "پارتی 21 پۆستی به‌رده‌كه‌وێت له‌وانه به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی، به‌رێوه‌به‌ری ئاو و به‌رێوه‌به‌ری كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ جێگری به‌رێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنان، جێگری به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده و جێگری به‌رێوه‌به‌ری گشتیی پۆلیس".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ده‌ڵێت دوابه‌دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌وان ژماره‌یه‌ك لایه‌ن له نێویاندا یه‌كێتی بونه‌ته ئۆپۆزسیۆن له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و 9 كورسی پێكده‌هێنن.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێكهاتوه له 39 ئه‌ندام، پارتی به هه‌شت كورسیی وه‌كو حزب خاوه‌نی زۆرینه بوو به‌ڵام دوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی لایه‌نه‌كان، كوتله‌ی تر پێش ئه‌و كه‌وت.
گەڵاوێژ عەلی ئه‌مین، ئەندامی ئەنجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له فراكسیۆنی یه‌كێتی كه حزبه‌كه‌ی سێ كورسی هه‌یه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لەدوای هەڵبژاردنی پارێزگاره‌وه فراكسیۆنی یه‌كێتی بۆته ئۆپۆزسیۆن، بۆیه هیچ پۆستێكمان وه‌رنه‌گرتووه و سیڤی كاندیدمان پێشكه‌شنه‌كردووه".
پێشتر و له ساڵی 2013دا، دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پۆسته باڵاكانی نه‌ینه‌وا به‌پێی رێککه‌وتنێکی سیاسی دابه‌شكرا، به جۆرێك پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سونه، جێگری یه‌که‌م بۆ کورد و جێگری دووه‌م بۆ عه‌ره‌بی سونه بوو، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ کورد و جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ تورکمان.
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له فراكسیۆنی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نێوان پارتی كرد له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی تر و جه‌ختیكرده‌وه، ئه‌وان دانوستانیان له‌گه‌ڵدا نه‌كردون و ده‌نگیش به كاندیده‌كانیان ناده‌ن.
"ئێمه له نه‌ینه‌وا شه‌ڕی پۆستوه‌رگرتن ناكه‌ین، ده‌مانه‌وێت به وردی چاودێری هه‌موو سێكته‌ره‌كانی حكومه‌ت بكه‌ین، ئه‌وه‌ی باشه ده‌ستخۆشی لێبكه‌ین و ئه‌وه‌ی خراپه هه‌وڵده‌ده‌ین باشتر بكرێت" گه‌لاوێژ عه‌لی واده‌ڵێت.
دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی نه‌ینه‌وا له كاتێكدایه، چه‌ند مانگێك ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، كه بڕیاره له 1ی نیسانی 2020دا ئه‌نجامبدرێت.