پارتی دیموكراتی كوردستان، ته‌نیا رۆژێك به‌ر له‌واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پۆسته باڵاكانی نه‌ینه‌وا، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێك ئه‌نجامدا و سه‌رباری ناڕه‌زایی به‌شێك له سیاسیه‌كانی ئه‌و پارێزگایه و په‌رله‌مانی عیراق، پارێزگاری نوێ و جێگره‌كه‌ی هه‌ڵبژێردران.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، دوشه‌ممه 13ی ئایار ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به ئاماده‌بونی 28 ئه‌ندام له كۆی 39 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن هه‌ریه‌ك له پۆسته‌كانی پارێزگار و جێگری یه‌كه‌می پارێزگاری هه‌ڵبژارد، ئه‌وه‌ش له نێو ده‌یان كاندید و مشتومڕی زۆری لایه‌نه سیاسییه‌كاندا.
دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی خه‌ڵك و به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان، جگه له هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد جێگری دووه‌می پارێزگار یهكلایینهكرێتهوه.
به‌ره‌كات شه‌مۆ، سه‌رۆكی فراكسیونی پارتی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێككه‌وتنی ئێمه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا شتێكی نوێ نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ درێژكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ساڵی 2013یه كه بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكدا كرا".
پۆسته باڵاكانی نه‌ینه‌وا له ساڵی 2013 به‌پێی رێککه‌وتنێکی سیاسی نێو کوتله‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دابه‌شكرا.
به‌پێی رێککه‌وتنه‌که پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سونه، جێگری یه‌که‌م بۆ کورد و جێگری دووه‌م بۆ عه‌ره‌بی سونه بوو، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ کورد و جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ تورکمان.
"هه‌ندێك لایه‌ن زۆر هه‌وڵیاندا كێشه بۆ رێككه‌وتنه‌كه دروستبكه‌ن.. به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان سه‌رینه‌گرت و توانیمان دوباره رێككه‌وتنه‌كه نوێ بكه‌ینه‌وه".
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێكهاتوه له 39 ئه‌ندام، پارتی به هه‌شت كورسیی وه‌كو حزب خاوه‌نی زۆرینه بوو به‌ڵام دوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی لایه‌نه‌كان، كوتله‌ی تر پێش ئه‌و كه‌وت.
لێپرسراوه‌كه‌ی پارتی وتی "تائێستا هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه نه‌گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ جێگری دوهكی پارێزگار بۆیه یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته ماوه‌ته‌وه".
بۆ پۆسته‌كانی پارێزگار و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی، 72 كه‌س خۆیان له نه‌ینه‌وا كاندید كرد، له نێویاندا كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ.
له نێو كاندیده‌كاندا بۆ پۆستی پارێزگار، هه‌ریه‌ك له حوسامه‌دین عهبار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگار و مه‌نسور مه‌رعید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌پشكی ئه‌و پارێزگایه له پێشه‌وه‌ی كاندیده‌كانی تردا بون.
له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، مه‌نسور مه‌رعید به ده‌نگی 28 ئه‌ندامی ئاماده‌بوی كۆبونه‌وه‌كه وه‌ك پارێزگار هه‌ڵبژێردرا و سیروان محه‌مه‌د رۆژبه‌یانی به 26 ده‌نگ بوو به جێگری یه‌كه‌م، ئه‌وه‌ش به پاڵپشتی هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و پارتی.
گەلاوێژ عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراكسیۆنی یەكێتی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای زنجیره‌یه‌ك دانیشتن و كۆبونه‌وه هاوپه‌یمانی نه‌ینه‌وا حوسامه‌دین عهبار-ی كاندید كرد بۆ پۆستی پارێزگار به‌ڵام پێش دوو رۆژ لێكترازان له‌نێو هاوپه‌یمانییه‌كه رویدا".
هاوپه‌یمانی نه‌ینه‌وا، سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له ته‌واوی كوتله‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پێكهێنرا و خاوه‌نی 28 كورسی بوو، به‌بێ پارتی.
ئه‌و هاوپه‌یمانییه له چه‌ند رۆژی رابردودا، به‌شێكیان جیابونه‌وه، له نێویاندا هاوپه‌یمانی ئاوه‌دانكردنه‌وه كه خاوه‌نی 18 كورسی بون.
"رێككه‌وتنی ئه‌و به‌شه‌ی جیابونه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌وه‌بوو هه‌ریه‌ك له پارێزگار و جێگری دوه‌م بۆ ئه‌وان بێت و جێگری یه‌كه‌م بۆ پارتی بێت"، گه‌لاوێژ عه‌لی واده‌ڵێت.
چه‌ند كاتژمێرێك پێش واده‌ی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، پێشنیوه‌ڕۆی دوشه‌ممه 13ی ئایار، نوره‌دین قه‌بلان جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی تری ئه‌نجومه‌ن، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داوایانكرد دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن دوابخرێت، ئه‌وه‌ش به چه‌ند هۆكارێك، له نێویاندا گومانی گه‌نده‌ڵی و گۆڕانكاریی كتوپڕ له رێككه‌وتنه سیاسییه‌كاندا.
ئه‌و ئه‌ندامه ناڕازییانه‌ی ئه‌نجومه‌ن، له نوسراوێكیشدا به واژۆی خۆیانه‌وه به فه‌رمی داوای دواخستنی دانیشتنه‌كه‌یان له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن كرد و دوای شكستی هه‌وڵه‌كه‌یان، نوسراوێكی دیكه‌یان ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی عیراق كردووه تا ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
گه‌لاوێژ عه‌لی، كه یه‌كێك بوو له‌و ئه‌ندامانه‌ی بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی كرد، وتی "به فه‌رمی په‌رله‌مانی عیراق داوای كرد دانیشتنه‌كه دوابخرێت، چونكه ده‌سته‌ی نه‌زاهه و ئاسایشی نیشتمانی زانیاری ته‌واویان له‌سه‌ر كاندیده‌كان راده‌ستی په‌رله‌مان نه‌كردبوو".
هه‌روه‌ها وتیشی "چه‌ند ده‌نگۆیه‌كی خراپ لسه‌ر ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڵاوبۆته‌وه ئه‌گه‌ر راست ده‌رچون ئه‌وا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ده‌كه‌ین".
به‌شێك له‌و ده‌نگۆیانه‌ی به تایبه‌ت له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوبۆوه، گومانی به‌كارهێنانی پاره و ئیمتیازات بوو له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار، له نێوان لایه‌نه‌كاندا.
هه‌وڵه‌كانی دانانی پارێزگار دوابه‌دوای هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا هات، ئه‌وه‌ش له‌رێی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه، كه شكستیهێنا له گفتوگۆ و ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه و ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی دواخست، به‌هۆی دروستبونی ناكۆكی له نێوان كوتله جیاوازه‌كاندا.
محه‌مه‌د حه‌لبوسی، له 12ی ئایار، رۆژێك به‌ر له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، داواكاری 15 په‌رله‌مانتاری پشكی ئه‌و پارێزگایه‌ی ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری كردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له گومانی گه‌نده‌ڵی و به‌كارهێنانی پاره له دۆسیه‌ی دانانی پارێزگار.
هه‌مان رۆژ و له نوسراوێكدا بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌لاح جاسم ئه‌مینداری گشتی په‌رله‌مانی عیراق به‌وه‌كاله‌ت داوایكردووه دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجامنه‌درێت، تا وه‌ڵامی كۆتایی له لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه وه‌رده‌گرن.
داود جوندی، سه‌رۆكی فراكسیونی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا داواكاری په‌رله‌مانی عیراقی بۆ دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن پشتڕاستكرده‌وه و له‌سه‌ر گومانی به‌كارهێنانی پاره له‌هه‌نگاوه‌كانی دانانی پارێزگاردا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ناتوانین بڵێین ئه‌م بابه‌ته ڕاسته یاخود دووره له ڕاستیه‌وه، ده‌بێت دادگا و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان لێكوڵێنهوهیهكی وردی له‌سه‌ر بكه‌ن".
له سه‌روبه‌ندی ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگار، ژماره‌یه‌ك له هاوڵاتیانی موسڵ، گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌ن نیشاندا و داوایانكرد، ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه نه‌ك پۆسته‌كانی پارێزگاكه دیاریبكات.
گۆڕانكارییه ئیداریی و سیاسییه‌كانی نه‌ینه‌وا، دوابه‌دوای نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری هات له روباری دیجله، كه ئێواره‌ی 21ی ئازار به زیاتر له 280 كه‌سه‌وه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و ته‌نیا نزیكه‌ی 70 كه‌س رزگاریان بوو، ئه‌وانیتر زیاتر له نیوه هێشتا ته‌رمه‌كانیشیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
له‌چوارچێوه‌ی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و روداوه‌دا، سه‌رۆكوه‌زیران به‌بێ پارێزگار شانه‌یه‌كی قه‌یرانی بۆ نه‌ینه‌وا پێكهێنا و دواتر له 24ی ئازاردا، په‌رله‌مانی عیراق بڕیاریدا به دورخستنه‌وه‌ی نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆکوه‌زیران و به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی.