چیرۆكی گیانلەدەستدانی دكتۆر یوسف شێخ بزێنێ لە "مەسعەدێكی تەواونەكراو"دا

دكتۆر یوسف ئەحمەد شێخ بزێنی، مامۆستای زانكۆ و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی عاسی لە روداوێكی تەمومژاویدا گیانیلەدەستدا

گۆران بابان – كەركوك

خوێن و جێ پەنجەی دەست، بەسەر مەسعەدێكی تەواونەكراودا لە بینایەكی هەولێر جێدەمێنێت، كە دوێنێ پێنجشەممە تەرمی دكتۆر یوسف ئەحمەد شێخ بزێنی تیادا دۆزرایەوە، لەگەڵ شوێنەواری خزان و گریمانەی هەوڵدان بۆ خۆ دەربازكردن.

ئەم دیمەنانە لەلایەن محەمەد ئەحمەد برای دكتۆر یوسف بۆ (كەركوك ناو) گێڕدرایەوە، دوای ئەوەی هەمان رۆژ لەگەڵ پۆلیسی هەولێر چونە ئەو شوێنەی تیایدا تەرمی براكەی دۆزرایەوە.

دكتۆر یوسف ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی عاسی لە كەركوك، چوارشەممە 20ی تشرینی دووەم، بۆ رایكردنی هەندێك مامەڵەی حكومی چووە هەولێر، لەكاتێكدا بڕیاربوو هەمان رۆژ بگەڕێتەوە كەركوك، بەڵام لەكاتژمێر 5ی ئێوارەوە پەیوەندی لەگەڵ هاوژین و كەسوكارەكەی پچڕا.

زەنگ لێدەدەن و وەڵام نییە

تا كاتژمێر 5ی ئێوارە، پەیوەندی دكتۆر یوسف بەردەوامبووە لەگەڵ كەسوكارەكەیی، لەنێویاندا هاوژینەكەیی و پێیوتووە "هەر ئەمڕۆ دەگەڕێمەوە ماڵ".

بەڵام لەدوای كاتژمێر پێنجەوە، پەیوەندی بەكەسوكارەكەیەوە دەپچڕێت، هەرچەندە سەدان تەلەفونی بۆ دەكەن، زەنگ لێدەدات و وەڵامی نابێت، تا كاتژمێر 10ی بەیانی پۆلیس وەڵامدەداتەوە.

محەمەد ئەحمەد یەكێك لە براكانی دكتۆر یوسف، بۆ (كەركوك ناو)ی گێڕایەوە، "تا بەیانی بەردەوام تەلەفونمان بۆ دەكرد، لەپڕ كاتژمێر 10 وەڵامدرایەوە و لەبری براكەم پۆلیس قسەی كرد".

تا بەیانی بەردەوام تەلەفونمان بۆ دەكرد، لەپڕ كاتژمێر 10 وەڵامدرایەوە و لەبری براكەم پۆلیس قسەی كرد

"تەرمی دكتۆ یوسف لە پزیشكی دادوەری هەولێرە"، ئەمە وەڵامی پۆلیس دەبێت بۆ كەسوكاری.

دكتۆر یوسف (41ساڵ) خێزاندارە و خاوەنی سێ كچە، لە گەڕەكی رەحیماوای كەركوك دادەنیشێت، لەیەككاتدا مامۆستای زانكۆ بوو و بەشێوەی خۆبەخش-یش لە مزگەوتی عاسی وتاربێژ و پێشنوێژی دەكرد.

ئەو پێنج برای هەیە و خۆی برا گەورەی خێزانەكەی بوو.

 

لە كامێرا دەردەكەوێت

پۆلیسی هەولێر، ڤیدیۆی دكتۆ یوسف بە كەسوكاری نیشاندەدەن، كاتێك ئۆتۆمبێلەكەی لە جۆری تۆكسون لە شەقامی 60 مەتری هەولێر رادەگرێت، دادەبەزێت و بەرەو ژمارەیەك شوقەی تەواونەكراو دەڕوات.

زانا ئەحمەد، برایەكی تری دكتۆر یوسف، بە (كەركوك ناو)ی وت "براكەمان لەکامێراکاندا دەردەکەوێت و پۆلیس نیشانی داوین، پێدەچێت بۆ دەستگەیاندن بەئاو چوبێتە ئەو شوقانە".

وتیشی "رودەکاتە شوقەکە، شوێنەواری پێ خزان دیارە. پۆلیس شوێنی تەرمەكەی پێ نیشانداین لە قوڵایی مەسعەدەكەدا بوو كە هێشتا تەواونەكراوە... بەڵام لە كامێراكە تەنیا كاتی چوونە ناو شوقەكان دیارە، چونكە لەناوەوە كامێرا نییە".

بەپێی دەركەوتنی لە كامێرا، دكتۆ یوسف 10 مەترێك لە ئۆتۆمبێلەكەی دوردەكەوێتەوە و ئیتر دیارنامێنیت، ئەو دەركەوتنە لە كاتژمێر پێنج و 15 خولەكی ئێوارەی چوارشەممە بووە.

yousiff
دكتۆر یوسف ئەحمەد شێخ بزێنی

ئۆتۆمبێلەكەی دكتۆر یوسف تا بەیانی لەهەمان شوێن دەمێنێت و مۆبایلەكەشی هەر لەناویدا جێهێشتووە.

بەپێی وتەی زانا، دكتۆر یوسف شێخ بزێنی چاوی كز بووە و چاویلكەی بەكارهێناوە و پێیانوایە "كەوتۆتە خوارەوە".

تەرمەكەی دكتۆر یوسف شێخ بزێنی

بەیانی پێنجشەممە 21ی مانگ، كاتێك ژمارەیەك كرێكار دەچنە ناو شوقەكەوە، تەرمی دكتۆر یوسف دەبینن و پۆلیس ئاگاداردەكەنەوە.

محەمەدی برای دكتۆر یوسف، كە چۆتە شوێنی روداوەكە، وتی "شوێنەكە تەنگ و تاریكە، جێ پەنجە بەنێو قەدی دیواری مەسەعەدەکەوە دیارە، وەك ئەوەی هەوڵی خۆ رزگاركردنی دابێت، هەروەها شوێنەواری  خزان و شوخت بەسەر لوتییەوە دیارە، بەهەمان شێوە شوێنەواری خوێن بەقەد دیوارەکە و شوێن پەنجەکانی هەیە و بینیومانە".

دكتۆر یوسف، سەری شكاوە و خوارەوەی مەسعەدەكە كۆنكرێتە و خوێنی زۆری لێ رۆیشتووە.

بەگشتی كەسوكاری، لەوانەش محەمەد جەختیلێكردەوە، گومانیان لە هیچ كەسێك و لایەنێك نییە و دەڵێن كێشەشی لەگەڵ كەس نەبووە.

محەمەد وتی "خۆشەویستی خەڵكی گەڕەك و هاوڕێی و كەسوكار بوو"، ئەوەش هۆكاری بەدەنگەوهاتنی خەڵك بوو بۆ روداوەكە.

ئێوارەی پێنجشەممە تەرمی دكتۆ یوسف گەیەنرایەوە كەركوك و لە گۆڕستانی رەحیماوا بەخاكسپێردرا.

كەسایەتی دكتۆر یوسف

دكتۆر یوسف، كەسێكی ئایینی و نەتەوەیی بوو، هاوسۆزی بۆ كوردانی سوریا هەبوو، چەند جارێك لەوتارەكانیدا دژایەتی خۆی بۆ هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەربڕیوە.

محەمەدی برای وتی "باوەڕناکەم روداوەکەی مامۆستا پەیوەندی بە هاوسۆزییەکەیەوە هەبێت بۆ کوردانی رۆژئاواو و هێزەكانی سوریای دیموكرات".

"ئەگەرچی ئێمە بە روداوێكی تیرۆریستی نابینین، بەڵام بە پۆلیسمان وتووە کەیسەکە دانەخات و وردەکاریی و لێكۆڵینەوەی زیاتر بكات"، محەمەد وایوت.

ئەگەرچی ئێمە بە روداوێكی تیرۆریستی نابینین، بەڵام بە پۆلیسمان وتووە کەیسەکە دانەخات

سامان عوبێد (41 ساڵ) كە بەردەوام هاتوچۆی مزگەوتەكەی دكتۆر یوسفی دەكرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "دواین وتاری لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان و پرسە هەنوکەییەکانی رۆژگار بوو، هەمیشە لە مینبەرەوە هاوسۆز بوو لەگەڵ خەڵكی كەركوك و كۆمەكردنیان".

یوسف ئەحمەد شێخ بزێنی، لە چەندین ئامادەیی كەركوك لەوانە ئامادەیی حەمرین وانەی عەرەبی وتۆتەوە، بڕوانامەی دكتۆرای هەر لەو زمانە هەبوو، مامۆستای زانكۆی كەركوكیش بوو.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی لێكۆڵینەوەكانمان دكتۆر یوسف لە باڵەخانەكە كەوتۆتە خوارەوە و مردووە... بەڵام لێكۆڵینەوەی زیاتریش دەكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT