هاواری ئێزیدییەكان گەیشت
بەغدا و رێكخراوەكان پرۆسەی ناسینەوەی روفاتی قوربانیان دەستپێدەكەنەوە

نەینەوا/ ژنێكی ئێزیدی وێنەی دوو قوربانی خێزانەكەی بەرزكردۆتەوە فۆتۆ: پەیجی نادیە موراد لە فەیسبوك

كەركوك ناو

مانگێك بەسەر بانگەوازەكەی بەدر سلێمان-ـدا تێنەپەڕی، حكومەتی عیراق و رێكخراوەكان هەوڵەكانیان چڕكردەوە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ناسینەوەی روفاتی قوربانیانی ئێزیدی، تا كۆتایی بە ساڵێك چاوەڕوانی كەسوكاریان بهێنن.

ئەو هەنگاوە دوای راپۆرتێكی (كەركوك ناو) هات، كە لەڕێی چیرۆكی بەدر سلێمان، یەكێك لە كەسوكاری قوربانیانی ئێزیدییەوە، وردەكارییەكانی پەككەوتنی پرۆسەی ناسینەوە و گەڕانەوەی روفاتەكانی لە پزیشكی دادی بەغدا بڵاوكردەوە، بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەی چوار ملیار دینارەوە.

روفاتی داپیرەی بەدر و زیاتر لە 400 كەسی دیكە، ساڵێك لەمەوبەر لە گۆڕێكی بە كۆمەڵی ناوچەی سولاغ (خۆرهەڵاتی شنگال - نەینەوا) دەرهێنران و بۆ پشكنینی دی ئێن ئەی رەوانەی بەغدا كران، دوای ئەوەی دەیەیەك لەمەوبەر كەوتنە دەستی چەكدارانی داعش، كاتێك ئەو گروپە لە ئابی 2014ـدا هێرشیكردە سەر شنگال و دەوروبەری، لە ئەنجامدا "هەزار و 293 ئێزیدی شەهید بون" و زیاتر لەشەش هەزار هاوڵاتی رفێنران، كە هێشتا چارەنوسی زیاتر لە دوو هەزار و 500ـیان نادیارە.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، وەزارەتی دارایی عیراق بڕیاریداوە بە خەرجكردنی بودجەی پزیشكی داد، هەروەها رێكخراوی دەستپێشخەری نادیە موراد، دەیەوێت هاوكاری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ناسینەوەی روفاتی قوربانیان بكات.

خالد سەیدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پێکهاتەی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ـی وت "كێشەی گەورە خەرجنەكردنی بودجە بوو، دوای هەوڵێكی زۆر، وەزارەتی دارایی رازی بوو بودجەكە خەرجبكاتەوە"، دەشڵێت هەموو رێكارەكانی خەرجكردنی ئەو بودجەیە لە وەزارەت تەواو كراوە و بڕیارە پارەكە بخرێتە سەر هەژماری پزیشكی دادی بەغدا.

23ـی تەموز لە بەغدا، نوێنەرانی ئێزیدی لە پەرلەمان و چالاكوان لە نێویاندا دەستپێشخەری نادیە موراد، ژنە چالاكوانی ئێزیدی كۆبونەوە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ناسینەوەی روفاتی قوربانیان و رێكخراوەكەی نادیە بڕیاریداوە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە، كە هاوكات لەگەڵ ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئەو پێكهاتەیە، هەڵمەتێك بەڕێوەببەن بۆ وەرگرتنی نمونەی خوێنی كەسوكاری قوربانیان بۆ پشكنین.

فەیسەل غانم، نوێنەری دەستپێشخەری نادیە موراد دەڵێت جگە لە وەرگرتنی نمونەی خوێن لە 2ـی ئاب تا 6ـی ئاب، هاوكاری دیكەی لۆجیستی پرۆسەكە دەكەن، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "یەكێك لەكێشەكانی بەردەم پزیشكی داد  كەمی پشكنینەكانی جۆری خوێن بوو، بۆیە ئەو ئەركەمان هەڵبژارد تا زۆرترین نمونەی خوێنی كەسوكاری قوربانیان وەربگرین"، هەروەها هۆكارەكانی گواستنەوە و هاتوچۆ بۆ كەسوكاری قوربانیان دابین دەكەن.

پێشیوایە لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان، یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكان ئەوەیە، كۆتایی بە دۆسیەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ناسینەوەی روفاتەكان بهێنرێت.

دوایین قۆناغی ناسینەوە و گەڕانەوەی روفاتی قوربانیانی ئێزیدی، لە ئابی 2025ـدا بوو، كە لە گۆڕستانەكانی شنگال بەخاكسپێدرانەوە.

زیاتر لە 80 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە. مێژووی هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ بۆ 15ـی ئاداری 2019 دەگەڕێتەوە، لەوكاتەوە 776 روفات هەڵگیراونەتەوە و رەوانەی پزیشكی داد بەغدا كراون، لەو ژمارەیە تەنیا 297 روفات ناسراونەتەوە، هێشتا 479 روفات چاوەڕێی ناسینەوە و گەڕانەوەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT