له‌كاتێكدا ئاشور تۆما (56ساڵ)، له‌به‌رده‌م بینای پارێزگای دهۆك، ده‌نگی بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی 31 دۆنم زه‌وی باب و باپیرانی به‌رزده‌كرده‌وه، له بازگه‌كانی دهۆكیش په‌یتا په‌یتا كاروانی ئۆتۆمبێلی كریستیانه‌كان ده‌گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی هاتبون.
پرۆسه‌كه دوولایه‌نه بوو، ئاشور ده‌یویست به ده‌نگی زۆرترین كریستیان فشار بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه زه‌وتكراوه‌كانیان، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان ئامانجیان گه‌وره‌نه‌بونی خۆپیشاندانه‌كه بوو.
خۆپیشاندانه‌كه له 6ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌چوو، ئامانجی لێی قه‌ره‌بوكردنه‌وه یان گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌وی كریستیانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوو كه روبه‌ڕوی ده‌ستدرێژی و داگیركاریی و زه‌وتكردن بونه‌ته‌وه له‌لایه‌ن حزب، خێڵ و هاوڵاتیانی ئاسایی، له‌و نێوه‌نده‌شدا حكومه‌ت ده‌سته‌وه‌ستانه له چاره‌سه‌ركردن.
ئاشور تۆما، كه له گوندی بلیجانكێ سەر بە قەزای ئامێدی دەژیت، دەیان ساڵە له نێوان داموده‌زگا جیاوازه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتوچۆ ده‌كات، بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی 31 دۆنم زه‌وی له ناوه‌ندی دهۆك، كه كراوه به باڵه‌خانه‌ی حكومی و باره‌گای حزبی.
"ته‌نیا بۆ سێ دۆنم زه‌وی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یان پێداوم، من ده‌مه‌وێت قه‌ره‌بوی هه‌موو زه‌وییه‌كانم وه‌ربگرمه‌وه"، ئاشور تۆما یه‌كێكه له‌و سه‌دان كریستیانییه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه ده‌ستدرێژی كراوه‌ته سه‌ر موڵكه‌كانی و لێی زه‌وتكراوه، حكومه‌تیش نه‌یتوانیوه مافی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه.
ئاشور به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویستی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كانی به تیمی (كه‌ركوك ناو) نیشاندا كه ده‌یسه‌لمێنێت ده‌یان ساڵ زه‌وییه‌كانیان لابووه و باوكی به‌كاریهێناوه، "زه‌وییه‌كان ده‌كه‌وێته كه‌رتی (8، 9، 11) له ناوه‌ندی دهۆك و 31 دۆنمه"، به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان.
"حزبێكی سیاسی لەسەر روبەری شه‌ش دۆنم بارەگای له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانمان دروستكردووه، له‌گه‌ڵ چه‌ند بینای تر، زه‌وییه‌كانی تر داموده‌زگای میری له‌سه‌ر دروستكراوه، هەندێكی تری خەڵكی ئاسایی بۆ خۆی بردویه‌تی"، ئاشور وایوت.
له هەرێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دوو جۆر زه‌وی هه‌ن، یه‌كه‌میان به "مولك صرف" ناوده‌برێن، به واتای ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتییان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌سێك و ئه‌گه‌ر لێی بسه‌نرێت یاسایی نییه و به زه‌وتكردن و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ی ناوده‌برێت. جۆری دووه‌میان خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌ژێر چاودێریی هه‌ردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و داراییدایە. به‌ڵام ساڵانێكه بۆ كشتوكاڵ و ئاودێری به‌سه‌ر جوتیاراندا دابه‌شكراون.
له جۆری دووه‌مدا هه‌ركاتێك حكومه‌ت بیه‌وێت كوژانه‌وه بۆ زه‌وییه‌كه بكات و بۆ شتی تر به‌كاریبهێنێت، ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر دۆنمێكدا 200 مه‌تر زه‌وی وه‌كو قه‌ره‌بوكردنه‌وه بدات به‌و جوتیاره.
به‌پێی نوسراو و به‌ڵگه‌كان كه ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه، 31 دۆنمه‌كه‌ی ئاشور تۆما، له جۆری دووه‌میانه و به‌و پێیه‌ش حكومه‌ت ناچارده‌كرێت بۆ هه‌ر دۆنمێك 200 مه‌تر له هه‌مان شوێن، یان له شوێنی تر به ئاشور بدات، ئه‌وه‌ش وه‌كو قه‌ره‌بوكردنه‌وه.
ئاشور وتی "من ته‌نیا 600 مه‌ترم وه‌رگرتووه، ئه‌وه‌ش وه‌كو قه‌ره‌بوی سێ دۆنم، ئه‌مه‌م به هه‌وڵ و ماندوبونی چه‌ندین ساڵه‌م به‌ده‌ستهێناوه، ئێستا داوای قه‌ره‌بوی 28 دۆنمه‌كه‌ی تر ده‌كه‌م".
داوای قه‌ره‌بوی 28 دۆنمه‌كه‌ی تر ده‌كه‌م
به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا تاڕاده‌یه‌ك بێومێد بوو له به‌ڵێنه به‌رده‌وامه‌كانی حكومه‌ت و ئیداره‌ی خۆجێی دهۆك بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی كریستیانه‌كان و خه‌ڵكانی تر.
له خوپێشاندانەكەی شه‌شی ته‌مموزی ئه‌مساڵ، كه سێ پارتی سەرەكی كریستیانی پێی هەستابون، كۆمه‌ڵێك دروشمی جۆراوجۆریان به‌رزكرده‌وه كه هه‌مویان جه‌ختیان لە زه‌وتكردنی زەویی كریستیانه‌كان ده‌كرده‌وه له پارێزگای دهۆك.
پارته بزاڤی دیموكراتی ئاشوری (زووعا)، پارتی یەكێتی بەیتئه‌لنەهرینی نیشتیمانی و پارتی نیشتیمانی ئاشوری، ئه‌و سێ پارتی كریستیانه بون كه سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ماف بۆ كرێستیانه‌كانی پارێزگای دهۆك.
ئه‌وان داوایان له كریستیانه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای دهۆك كرد به‌شداریی بكه‌ن، به‌ڵام له بازگه‌كاندا رێگرییان لێكرا و نه‌یانهێشت بچنه ناو شاره‌كه‌وه. وه‌ك پەیامنێری (کەرکوک ناو ) ئه‌و رۆژه رایگه‌یاند كه ئەو بازگانە رێگریان لە گەیشتن بە دەیان مەسیحی کردووە بۆ شوێنی ناڕەزایەتییەکە.
زه‌وتكردنی زه‌وی كریستیانه‌كان، ته‌نیا له‌ناو شاری دهۆكدا نییه، قه‌زاكانی ئامێدی، ئاكرێ و چه‌ندین ناوچه‌ی تری پارێزگاكه‌ی گرتۆته‌وه.
بۆ نمونه ته‌نیا لە سنوری قه‌زای ئاكرێ زه‌وی هه‌شت گوندی كریستیان روبه‌ڕوی ده‌ستدرێژی و داگیركاریی بۆته‌وه.
ئه‌و گوندانه نه كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ركراوه، نه حكومه‌ت ئاماده‌یه قه‌ره‌بویان بكاته‌وه، سه‌ره‌ڕای دەرچونی بڕیاری دادگای بەرایی قەزای ئاكرێ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كان بۆ خاوه‌نه‌كانیان.
ئوگر ئیبراهم، خەڵكی گوندی كەشكاوای سەر بە ناحیەی دینارتەیه لە قەزای ئاكرێ، وتی "لە گوندەكەی ئێمه، شوێنێك هەیە بەناوی گرێ سور، زیاتر لە 250 دۆنم زەوییە و موڵكی كریستیانه‌كانه، به‌ڵام پێنج كه‌س به پاڵپشتی هۆزێكی كوردی دەستیان بەسەردا گرتووە و ئامادەنین رادەستی كریستیانەكانی بكەنه‌وه".
ئوگر كه خۆی كریستیانییه، وتی "ته‌مه‌نم 55 ساڵه و له‌م گونده له‌دایكبوم، زەوی گوندی كەشكاوا و گرێ سور لەسەر ناوی باب و باپیرانی ئێمەیە، به‌ڵام لە ساڵانی حەفتاكان رژێمی بەعس چەند گوندێكی زێبارییەكانی وێرانیان كرد، دواتر بەرەو گوندەكەی ئێمە هاتن، ئێمەش ئەوكات شوێنمان بۆ ئه‌وان كرده‌وه، دواتر ورده ورده ژماره‌یان زۆربوو، ئێستا به‌شێكیان ئاماده‌نین چۆڵی بكه‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ر موڵكه‌كاندا گرتووه".
لە ساڵی 2017دا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەكی دروستكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئه‌و هه‌شت گونده و دۆسییەكە كرا به چوار قوناغ.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه و له ساڵی 2018دا دادگای بەرایی ئاكرێ بڕیاریدا به گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌وییه‌كان بۆ خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانیان كه كریستیانین، به‌ڵام لایه‌نی به‌رامبه‌ر تانه‌ی له بڕیاره‌كه‌دا.
دوای ده‌یان دانیشتنی دادگا، ساڵی 2022 ئەنجومەنی دادوەری له هه‌ولێر وردبینی بۆ دۆسییه‌كه كرد و جارێكی تر له به‌رژه‌وه‌ندی كریتسیانه‌كان ده‌نگیدا.
ئوگر ئیبراهیم، وتی "دوای ده‌رچونی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، پۆلیسی دینارته چه‌ند جارێك مه‌فره‌زه‌یان ناردە سه‌ر زه‌وییه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه، به‌ڵام له‌كۆی پێنج له‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییه‌كانیان داگیركردبوو، ته‌نیا یه‌ك كه‌سیان ئاماده‌بوو زه‌وییه‌كه راده‌ست بكاته‌وه".
سه‌ره‌ڕای بڕیاری دادگا، به‌ڵام له‌كۆی پێنج له‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییه‌كانیان داگیركردبوو، ته‌نیا یه‌ك كه‌سیان ئاماده‌بوو زه‌وییه‌كه راده‌ست بكاته‌وه
"چوار كه‌سه‌كه‌ی تر ئێستاش خۆیان زه‌وییه‌كان به‌كارده‌هێنن و ساڵانە بۆ پاوان و له‌وه‌ڕگا زه‌وییه‌كان به كرێده‌ده‌ن و هه‌ندێك ساڵ به بڕی 12 ملیۆن دینار پاوانه‌كه‌ی ده‌فرۆشن".
له هه‌ندێك ناوچه‌ی تریش له‌وانه له قه‌زای ئامێدی، به‌شێك له كریسیتانه‌كان توانییان خاوه‌ندارێتی به‌شێك له زه‌وییه‌كانیان به‌ده‌ستبهێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا بڕیاربوو، چونكه هێشتا قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه.
له كۆمه‌ڵگه‌ی ئازادی لە ناحیەی سەرسنگ له قه‌زای ئامێدی و چه‌ند گوندێكی تری كه ئێستا هیچ كریستیانییه‌كی لێنه‌ماوه، بڕیاربوو له به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی زه‌وییه‌كاینان قه‌ره‌بوبكرێنه‌وه، به‌ڵام بڕیاره‌كه جێبه‌جێنه‌كرا.
به‌پێی ئاماری حزبه كریستیانه‌كان، لانیكه‌م 56 گوندی كریستیان له سنوری پارێزگای دهۆك زیاده‌ڕۆیی كراوه‌ته‌سه‌ر.
فەرید یەعقوب، جێگری سكرتێری گشتی بزاڤی دیموكراسی ئاشوری، كه یه‌كێكه له حزبه كریستیانه‌كانی بۆ داكۆكی له‌و پێكهاته‌یه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هەرشتێكمان پێبكرێت ده‌یكه‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه‌كانمان، له‌پاڵ خه‌ڵكی خۆمان و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆمان به‌رده‌وامده‌بین... دەبێت ئەو مەلەفە چارەسەر بكرێت"، فەرید یەعقوب هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندانی تری كرد.
دوای خۆپیشاندانه‌كه‌ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ، پارێزگاری دهۆك بەڵێنی به كریستیانه‌كان داوه، كۆبونەوەیەكی فراوان رێكبخات بە ئامادەبونی وەزیری ناوخۆ و لێپرسراوانی په‌یوه‌ندیدار بۆ چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی دۆسییه‌ی زه‌ویوزاری كریستیانه‌كان، وه‌ك فه‌رید یه‌عقوب جه‌ختیلێكرده‌وه، به‌ڵام وتیشی "پارێزگار تا ئێستا هیچ واده‌یه‌كی بۆ كۆبونەوەكە دانه‌ناوه، له‌كاتێكدا تەواوی مەلەفی كریستیانەكان لە ئیدارەی پارێزگاكه‌یه و ئه‌و ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانه".
شەمعون شلیمون، كه یه‌كێكه له‌و كه‌سایه‌تییه كریستیانانه‌ی ناحیه‌ی دینارته، كه گونده‌كه‌ی چوار جار له‌لایه‌ن حزبی به‌عسه‌وه روخێنراوه و به‌هۆیه‌وه بونه‌ته قوربانی و ئێستا خۆی یه‌كێكه له جێگرانی پارێزگاری دهۆك، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خەڵكی ئێمە داوای شتێكی زیاده‌یان نه‌كردووه، باب و باپیرانمان لەسەر گوندەكانی خۆمان دەژیاین، ئێستاش تەنیا داوای ئەوە دەكەین ئەو گوندانەمان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه... ئێمه خاوه‌ن ماڵین".
به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا وتی "كێشەكە زۆر ئەستەمە به‌زویی چارەسەربكرێت، كاتی پێویستە"، زیاتر وتی "50 ساڵە ئەم كێشەیە هەیە و بەشێكی كەمی چارەسەركراوە، بەشێكی تری لە دادگایە و هەندێكیشی هەر زۆر قورسه چارەسەربكرێت".
شەمعون شلیمون ده‌ڵێت "پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه پێویستی به گوژمه‌یه‌كی زۆری پاره هه‌یه، له‌مكاته‌دا ئه‌مه قورسه... لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دەكەن بەڵام وا بەئاسانی چارەسەرناكرێت".
پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه پێویستی به گوژمه‌یه‌كی زۆری پاره هه‌یه، له‌مكاته‌دا ئه‌مه قورسه
ئایینی مەسیجی، دووەم گەورەترین ئایینە لە عیراق دوای ئایینی ئیسلام، بەپێی دەستوری عیراق دانیپێدانراوە و مافی بەكارهێنانی زمان، ئایین و پارێزگاریكردن لە كەلتوری خۆیان هەیە و مافەكانیان له‌ڕێی ده‌ستور و یاساوه پارێزراون.
بەپێی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، رێگە بە هیچ رەفتارێك یان هەر سیاسەتێكی نەرێنی نادرێت كە ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخی رەسەنی ئەو ناوچانەی پێكهاتەیەكی دیاریكراو تیادا نیشتەجێن، هه‌روه‌ها یاساكه رێگە ده‌گرێت له گوڕانكاری دیمۆگرافی ئه‌و ناوچانه‌ی پێكهاته‌كان تیایدا ده‌ژ‌ین.
بەپێی ئاماره ناڕه‌سمییه‌كان، تەنیا لە پارێزگای دهۆك زیاتر لە 50 هەزار كریستیان هه‌ن.
خالید جەمال، بەڕێوەبەری كاروباری كریستیانەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێم بە (كەركوك ناو)ی "كێشەی كریستیانه‌كان ده‌ركردنی بڕیار نییه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌كانیان، بەڵكو جێبەجێكردنەكە گرنگە"، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بڕیاره‌كانی دادگا و سه‌رۆكی پێشوی حكومه‌ت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زه‌ویی، یان قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی كریستیانه‌كان.
وتیشی "بەڕاستی بێهیوابوین، چونكه له‌به‌ر خزمخزمێنه و نزیكایه‌تی له ئاغا و به‌رپرسانی حزبی، لایەنی جێبەجێكار دەترسن لەكاتی هه‌ڵبژاردندا تۆڵه‌یان لێبكرێته‌وه، بۆیه بڕیارەكان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زه‌وی كریستیانه‌كان هیچ سودێكیان نییه".
به‌ڵام خالید جه‌مال مه‌ترسییه‌كی تری خسته‌ڕوو، وتی "ئێستاش زیادەڕویی ده‌كرێته سه‌ر زەوی كریستیانەكان". بۆ ئه‌وه‌ش نمونه‌ی قه‌زای سێمێڵی له پارێزگای دهۆك هێنایه‌وه و وتی "حكومه‌ت به‌نیازه ئەو پارچە زەوییانە به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌ش بكات كه له بنه‌ڕه‌تدا موڵكی كریستیانه‌كانن، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسیار بكات ئه‌و زه‌وییانه موڵكی كێن!".
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ کاروباری هونەری، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "کریستیانەکان مافی خۆیانە داوای قەرەبوكردنه‌وه بكه‌ن... به‌ڵام ئەمە پرۆسەیەکی زۆر دوور و درێژە، مەرج نییە لەیەکكاتدا تەواوی کریستیانەکان مافەکانیان به‌ده‌ستبهێننه‌وه".
ئاشور تۆما، له ساڵی 1985 به‌هۆی دژایه‌تی مامه‌ڵه‌ی حزبی به‌عس له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا، برایه‌كی له سێداره‌دراوه و خۆیشی زیندانی كراوه و ئه‌شكه‌نجه دراوه، سوربونی خۆی بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافی كریستیانه‌كانی دهۆك ده‌ربڕی.
لە خوپێشاندانەكەی شه‌شی ته‌مموزی رابردوو، به‌ده‌نگی به‌رز وتی "له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ی له سه‌رده‌می به‌عس بینیومانه، ئێستاش ئازار ده‌كێشین كه له سه‌رده‌می حكومه‌تی هه‌رێم مافه‌كانمان بۆ ناگه‌ڕێننه‌وه، ئیتر تەنیا خوامان هەیە".