بۆچی پێشمەرگە رێگریی لەهاتوچۆی ژمارەیەك تەنكەر كرد؟

كەركوك/25ی ئاداری 2020/ رێگریی پێشمەرگە لەچەند تەنكەرێك لەناحیەی قەرەهەنجیر فۆتۆ: لەڤیدیۆكەوە وەرگیراوە

كەركوك ناو

ژمارەیەك پێشمەرگە لەنێوان ناحیەی قەرەهەنجیر و گوندی چیمەن، رێگرییان كرد لە هاتوچۆی چەند تەنكەرێك كە لە پارێزگای كەركوكەوە بەرەو سلێمانی دەڕۆیشتن، لەدژی ئەوەی پۆلیسی فیدراڵی رێگەی پێنەدان لە دەوامەوە بچنەوە ماڵەكانیان لەكەركوك.

ئەو روداوە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئادار رویدا و بۆ ماوەیەك بەردەوامبوو. هەر خۆشیان ڤیدیۆی رێگرییەكەیان بڵاوكردەوە و هەڕەشەیان كرد.

بەپێی گرتە ڤیدیۆكە كە 28 چركەیە،یەكێك لە پێشمەرگەكان دەڵێت "ئەم رێگرییەمان وەكو هەڵوێستێكە لەبەرئەوەی پۆلیسی فیدراڵی رێگەی نەداین بچینەوە كەركوك".

ئەم رێگرییەمان وەكو هەڵوێستێكە لەبەرئەوەی پۆلیسی فیدراڵی رێگەی نەداین بچینەوە كەركوك

هەروەها دەڵێت "خۆمان ئەم بازگەیەمان دانا، بۆ ئەوەی لەسەرمان بێنە وەڵام، بەقورئان رێگەنادەین یەك تەنكەر و شتێك یڕوات، یان دەبێت رێگەمان پێبدەن یان دەبێت بازگە دابنێین... حكومەتی هەرێم جەماعەتی كەركوك لەكوێن".

یەكێك لە پێشمەرگەكان لەڕێی نامەیەكی مۆبایلەوە بۆ (كەركوك ناو) وتی "ئەم تەنكەرانە نەوتی خاو لەكەركوكەوە بۆ پاڵاوگەی بازیان دەگوازنەوە و ئێمەش رێگەیان پێنادەین، لەبەرئەوەی رێگە بە ئێمە نادرێت بچینەوە كەركوك".

ئەو رێگرییەی پێشمەرگە لەتەنكەرەكان لەكاتێكدایە بەپێی بڕیاری ئیدارەی كەركوك و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان رێگەی پێنادرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، لە 16ی ئادارەوە بڕیاریدا بەداخستنی هاتوچۆكردن لە تەواوی دەروازە سنورییەكانی كەركوك تاكاتێكی نادیار، هەروەها لە 22ی ئادار، راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت جارێكی تر جەختیكردەوە لە داخستنی تەواوی بازگەو دەروازەكانی پارێزگاكە بەشێوەیەكی تەواوەتی.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەمان شێوە بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكان بەهەموو شێوەیەك، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "هیچ فەرمانبەر، ئەفسەر، یان كارمەندێك كە لە پارێزگاكانی تری عیراق خزمەت دەكەن رێگایان پێنادرێت بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان تا یەكی نیسانی 2020 ئەگەر دانیشتوی هەرێمی كوردستانیش بن".

هەموو ئەو رێكارانە لە پێناو خۆپاراستنن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەپێی ئامارەكانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان تائێستا 324 حاڵەت لە تەواوی عیراق تۆماركراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT