شێخێکی عەشیرەتی عوبەیدی تێدایە
سێ كەس لەدەستی چەكدارانی نەناسراو رزگاركران

كەركوك/2ی حوزەیرانی 2020/ ئۆپەراسیۆنی هێزە عیراقییەكان لە باشوری كەركوك فۆتۆ: سۆران محەمەد

محەمەد ئەڵماس – داقوق

سێ كەس لە دەستی چەكدارانی نەناسراو لەنزیك چەمی رۆحانە لە باشوری قەزای داقوق رزگاركران، كە یەكێكیان شێخێكی عەشیرەتی عوبەیدە و لە 9ی ئایاری ئەمساڵەوە رفێنراوە.

لویس ئەفەندی، بەڕێوەبەری ناحیەی رەشاد و قایمقامی قەزای داقوق بەوەكالەت، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە كە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوەزیران، ئەو سێ كەسە لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە رزگاركراون.

ئەفەندی وتی "ئەو سێ كەسە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنرابون و ئێستا رزگاركراون".

یەكێك لەو رزگاركراوانە، شێخ ئەحمەد عەجمى عوبەیدییە، كە یەکێکە لە شێخەکانی عەشیرەتی عوبەیدی و لە 9ی ئایاری ئەمساڵ لە گوندی ستیح لە باشورى قەزاى داقوق رفێنرا.

رزگاركردنی ئەو سێ كەسە هاوكاتە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنێكی فراوان لە ناوچەی دابڕاوی هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین و نزیك قەزای داقوق، كە 2ی حوزەیران بەسەرپەرشتی راستەوخۆی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستیپێكرد و ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای سێ رۆژ كۆتاییهات.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا 17 گوند پاككرانەوە، كە تیایدا هێزەكانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبیی و هێزەكانی بەرپەرچدانەوی خێرا بەشداربون و ئامانج لێی نەهێشتنی مەترسییەكانی گروپە چەكدارییەكان بوو لەو ناوچەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT