بۆكس و تفەنگ بەكارھێنراوە
وردەكاریی شەڕی ژمارەیەك گەنج و كوڕی سەرۆكی دادگای كەركوك

كەركوك/24ی حوزەیرانی 2020/ مەجید حەمید (29ساڵ)، لە مۆبایلەكەیەوە سەیری وێنەی ئەشكەنجدانی دەكات دوای ئەوەی لەلایەن كوڕ و پاسەوانانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوكەوە لێدرا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

ژمارەیەك گەنج، "كوڕ و پاسەوانەكان"ی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك تۆمەتبار دەكەن بە پەلاماردان و لێدانیان بە "قۆناغە تفەنگ و بۆكس" و تەقەكردن بەسەریاندا، ئەوەش لەناو یاریگەیەكی وەرزشیدا، بنەماڵەی سەرۆكی دادگا روداوەكە رەتناكەنەوە و جەختدەكەنەوە لەوەی كوڕەكەی ئەوانیش "لێیدراوە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و سكاڵایان تۆماركردووە".

ئەو شەڕە كاتژمێر 11 بۆ 12ی شەوى دوشەممە 22ی حوزەیران لە ئەنجامی ناكۆكیی و دەمەقاڵێی نێوانیان ژمارەیەك گەنج و كوڕێكی ساڵح عوبەیدی، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك رویدا كاتێك پێكەوە یارییان دەكرد، شەڕەكە لەكۆتایی یارییەكەدا سەریكێشا بۆ بەكارهێنانی تفەنگ و ئەشكەنجەدانی یەكتر.

ئەیوب سەڵاح (28ساڵ) و دانیشتوی گەڕەكی واستی، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەناو یارییەكەدا فشارمان لەسەر بوو، بۆ ئەوەی گۆڵمان لێبكەن، من بۆ تۆپەكە رۆیشتم، قاچم بەر قاچی یاریزانێكی بەرامبەرم كەوت، بەهۆیەوە بووە شەڕە جنێو و یارییەكە راگیرا، من داوای لێبوردنم لێكرد، نەشمدەزانی ناوی چییە و كوڕێ كێیە و ئیتر یارییەكە دەستیپێكردەوە".

كاتێك كاتژمێر 12ی شەو یارییەكە تەواو بوو، ئەیوب وتی "دەرگاى یاریگەکەیان نەکردەوە و مەشغوڵیان دەكردین، ئەو كوڕەی قاچم بەر قاچی كەوت تەلەفونی كرد، ژمارەیەك كەس بە چەكەوە هاتن و دەستیانكرد بە لێدان و ئازاردانمان بەبۆكس و قۆناغی كڵاشینكۆف"، زیاتر وتی "ئەو كەسەی لەناو یارییەكە لەگەلیدا بوو بە دەماقاڵێمان، دوای یارییەكە هاتە نزیكم و پێی وتم ئێمە ناناسیت؟ وتم نەخێر، ئیتر بۆکسێکى کێشا بەسەرچاومدا و بەڕاكێشان پاڵیان پێوەنام و سوكایەتیی و جوێنیان پێدام".

 ئەو كوڕەی قاچم بەر قاچی كەوت لەناو یارییەكە تەلەفونی كرد، ژمارەیەك كەس بە چەكەوە هاتن و دەستیانكرد بە لێدان و ئازاردانمان بە بۆكس و قۆناغە كڵاشینكۆف

 ئەیوب، شوێنەواری لێدان بە سەرییەوە دیاربوو، كاتێك قسەی بۆ (كەركوك ناو) دەكرد.

ئەو یارییە لە یاریگاى تارتانى نەورۆز بەڕێوەچوو لە گەڕەكی واستی. هەردولا خەڵكی ئەو گەڕەكەن.

ashkana2
كەركوك/23ی حوزەیرانی 2020/ دوو گەنج (مەجید حەمید و ئەیوب سەڵاح)، دوای ئەوەی لە یارییەكدا لەگەڵ كوڕی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك دەبێت بە شەڕیان بەو شێوەیە بریندار دەبن فۆتۆ: كەركوك ناو

مەجید حەمید ئەحمەد (29ساڵ) و باوكی دوو منداڵ لە تیپەكەی ئەیوب یاریی دەكرد. سەری شكێنراوە، ئازار بە دەستی گەیشتووە و شوێنەواری لێدان بە پشتیەوەیەتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمەقاڵێیەكە سەرەتا لە نێوان ئەیوب لە تیپەکەى ئێمە و محەمەد کوڕێكی سەرۆکى دادگاى تێهەڵچونەوەی كەركوك دروستبوو، لەناو یارییەكە توانیمان بارودۆخەكە هێوربكەینەوە و داواى لێبوردن بکەین، بەڵام وتیان دواى یارییەکە قسەى خۆمان دەکەین و دەبێت تۆڵەی خۆمان بكەینەوە، ئێوە ئێمە ناناسن، ئەوە بوو دەستمان بە یاریكردن كردەوە".

مەجیدیش جەختیكردەوە لەوەی دوای یارییەكە، دەرگایان لێ داخراوە و رێگەیان نەداوە بڕۆنە دەرەوە، "ئەوە بوو براكانی محەمەد هەندێك كەسی تر بەچەكەوە هاتنە ناو یاریگا و چەند فیشەكێكیان تەقاند و بە بۆكس و شەق بەربونە گیانمان".

هەروەها وتی "ماوەى نیو کاتژمێر لەناو یاریگە سوكایەتییان پێكردین و لێیان دەداین".

ماوەى نیو کاتژمێر لەناو یاریگە سوكایەتییان پێكردین و لێیان دەداین

ئەیوب و مەجید هەردوكیان جەختیانكردەوە لەوەی چەك بەدەستەكان پاسەوانانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك و سێ لە كوڕەكانی بون.

"ئەوە بوو دواتر براکانم هاتن و بەو جەماعەتەیان وت بۆ وادەكەن، وتیان ئێمە کوڕى سەرۆکى دادگاى کەرکوکین و راستەوخۆ پەیوەندیمان بە پەروەردگارەوە هەیە و هیچ کەسێکیش ناتوانێت رێگریمان لێ بکات"، مەجید وایوت، جەختیشیكردەوە كە نزیكەی 30 كەس چواردەورانیان گرتووە.

ئەیوب و مەجید دوای شەڕەكە چونەتە بنكەی پۆلیسی عەدالە بۆ سكاڵا تۆماركردن. "لە بنكەی پۆلیس وتیان سكاڵاكەتان سودى نییە، لەبەرئەوەى ئەوان باڵادەستترن و رێنماییتان دەكەین سکاڵا تۆمار نەکەن"، مەجید وای وت.

 (كەركوك ناو)، چەندجارێك هەوڵیدا لەگەڵ بنكەی پۆلیسی عەدالە لەسەر ئەو پرسە لێدوانیان لێوەربگرێت، بەڵام ئامادەنەبون قسەبكەن. بە پاساوی ئەوەی مافی لێدوانیان نییە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و بە بڕیاری لێدوانیان لێ قەدەغەكراوە.

هەروەها محەمەد ساڵح عوبەیدی – كوڕی سەرۆكی دادگا-، رەتیكردەوە هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو روداوە بدات.

majid
كەركوك/24ی حوزەیرانی 2020/ مەجید حەمید (29ساڵ)، دوای ئەوەی لەلایەن كوڕ و پاسەوانانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوكەوە لێدرا فۆتۆ: كەركوك ناو

بەڵام لە رونكردنەوەیەكدا خێزانی محەمەد، كە چوارشەممە 24ی حوزەیران بڵاویانكردەوە و كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، تیایدا هاتووە "لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وابڵاوكراوەتەوە، گوایە كوڕی سەرۆكی دادگا و پاسەوانەكانی سەرۆكی دادگا پەلاماری ژمارەیەك یاریزانیانداوە، ئەوانەی كاریگەر و هاوسۆز بون لەگەڵ ئەو گەنجانە، پێویستە بزانن سەرەتا دەمەقاڵییەكە چۆن بووە".

ئەوانەی كاریگەر و هاوسۆز بون لەگەڵ ئەو گەنجانە، پێویستە بزانن سەرەتا دەمەقاڵییەكە چۆن بووە

لەو رونكردنەوەیەدا بەهیچ شێوەیەك روداوەكە رەتنەكراوەتەوە و جەختكراوەتەوە لەوەی "ئەو ژمارە گەنجە، بووە بە دەمەقاڵێیان لەگەڵ كوڕی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك و لێیانداوە، بەجۆرێك ئاسەواری گەورەی لە جەستەدا دیارە... بەهۆیەوە باری تەندروستی ناجێگیر بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە".

لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی راپۆرتی پزیشكی بۆ كراوە و داوای یاساییان تۆماركردووە.

هەروەها هاتووە "هەر لەو چوارچێوەیەشدا دەماقاڵی لەگەڵ پاسەوانەكان دروستبووە، شتێكی سەیریش نییە لەكاتی دەمەقاڵیی و مشتومڕدا بۆكست بەركەوێت و ئاسەواری لێدان و ئەشكەنجەت پێوەدیاربێت".

(كەركوك ناو) زانیویەتی، هەردولا بەڕێگای عەشایەری هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوانیان دەدەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT