وەسفی عاسی لە بەغدایە بۆ ئەوەی لە جێگەی راكان جبوری سوێندی یاسایی بخوات

كەركوك/16ی ئەیلولی 2019/ بەرەی عەرەبی لە كەركوك لەكاتی راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەك بۆ هەڵبژاردنەكان. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

وەسفی عاسی، كاندیدی سەرنەكەوتوی بازنەی سێی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی بەرەی عەرەبی، دوو رۆژە لە بەغدایە بە مەبەستی راییكردنی مامەڵە و سوێندخواردنی وەكو پەرلەمانتار تا لە جێگەی راكان سەعید جبوری دەستبەكاربێت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، كاندیدی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، پابەندە بە سوێندخواردنی دەستوری لە ماوەی مانگێكدا لە دوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر سوێندی نەخوارد، كورسییەكەی بە كاندیدێكی دەرنەچوو پڕدەكرێتەوە كە خاوەنی زۆرترین دەنگی هەمان بازنەیەی هەڵبژاردنە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی شوبات، مانگێك تێپەڕی بەسەر یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عیراق كە لە 9ی كانونی دووەم بەڕێوەچوو، بەوەش دەبێت شوێنەكەی راكان سەعید لە پەرلەمانی عیراق، بە وەسفی عاسی پڕبكرێتەوە. ئەمەی دووەمیان خاوەنی زۆرترین دەنگی دەرنەچوی هەمان بازنەی هەڵبژاردنە.

سەرچاوەیەك لە نوسینگەی وەسفی عاسی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ ئێستا ئەو لە بەغدایە و رێكارەكانی سوێندخواردن و دەستبەكاربونی تەواو دەكات وەكو پەرلەمانتار، لەجێگەی راكان سەعید".

 ئێستا ئەو لە بەغدایە و رێكارەكانی سوێندخواردن و دەستبەكاربونی تەواو دەكات وەكو پەرلەمانتار لە جێگەی راكان سەعید

هاوكات ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی هاوپەیمانی عەرەبی – راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات-، بە (كەركوك ناو)ی وت "رێككەوتنی نێوان راكان سەعید و وەسفی عاسی چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، دوو رۆژە وەسفی عاسی لە بەغدایە بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و راكان سەعیدیش وەكو پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت دەمێنێتەوە، هەر لەپێناو ئەو پۆستەشدا ئامادەنەبوو بچێتە پەرلەمان و كورسی پەرلەمانی بۆ وەسفی عاسی بەجێهێشت".

wazer (1)
كەركوك/23ی ئایاری 2020/ عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عیراق و راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەت لە فڕۆكەخانەی كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی پارێزگار

سەباح زەنگەنە، پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە بەغدا، بە (كەركوك ناو)ی وت "رێككەوتنەكەیان چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و وەسفی عاسی سەرقاڵی راییكردنی مامەڵەكانییەتی وەكو پەرلەمانتار لە جێگەی راكان سەعید".

ئەو جەختیشیكردەوە "سوێندخواردن بۆ دەستبەكاربون لە شوێنی كاندیدی تر، پێویستی بە دانیشتنی پەرلەمان نییە".

(كەركوك ناو)، لە 6ی شوباتی ئەمساڵ لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە هاوپەیمانی سیادە، بڕیاریداوە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، سوێندی یاسایی لە پەرلەمانی عیراق نەخوات و لە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەردەوامبێت، ئەو هەوڵەش بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك، "بەشێكە لە رێككەوتنی هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان سەدر، حەلبوسی و بارزانی".

ئەو سێ لایەنە عیراقییە، لە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، هاوپەیمانێتییەكیان بۆ دروستكردنی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی راگەیاند و هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە 9ی كانونی دووەم، پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراقیان لە نێوان خۆیاندا یەكلاییكردەوە.

هاوپەیمانی سیادە، لایەنێكی سەرەكی ئەو رێككەوتنەیە و هەردوو سەركردەی سوننە، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكەن، هاوپەیمانی عەرەبیش كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات لە ئێستادا بەشێكە لە هاوپەیمانی سیادە.

بەپێی رێككەوتنی نێو هاوپەیمانی سیادە، "هەر کاتێک راكان سەعید داوای گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عیراق بكات، ئەوا دەبێت وەسفی عاسی لە ئەندامێتی پەرلەمان بكشێتەوە، بۆ ئەوەی راكان سەعید ببێتە پەرلەمانتار".

راكان سەعید لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق كە لە 10ی تشرینی یەكەم بەڕێوەچوو، بە 14 هەزار و 684 دەنگ، دووەم كاندیدی سەركەوتوی بازنەی سێی پاریزگاكە بوو، هەرچی وەسفی عاسییە، 11 هەزار و 129 دەنگ بووە براوەی سێیەمی بازنەكە، بەڵام بۆ كورسی كۆتای ژنان كورسییەكەی چۆڵكرد، ئەوەش بەپێی یاسای هەڵبژاردن كە لەهەرسێ كورسییەكی پەرلەمانی، پێویستە یەكێكیان بۆ ژنان بێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT