رەشبینییەكی گشتی هەیە بۆ پرسی ئێزیدییەكان
هەمووان لە گفتوگۆیەكدا هاوڕابون: پابەندین بە دۆزی ئەو پێكهاتەیە

هەولێر/ 2ی تەمموزی 2025/ دیمەنێك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێكخراوی وادی ئەڵمانی و هاوبەشەكانی لەسەر پرسی ئێزدییەكان. فۆتۆ: تیمی وادی

شۆڕش خالید

نیگەرانی و رەشبینییەكی گشتی بەدیكرا بۆ دۆخی ئێستای ئێزیدییەكان لە عیراق، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رێكخراوی وادی ئەڵمانی و هاوبەشەكانی رەنگیدایەوە، كە تیایدا چەندین پێشنیار بۆ باشتركردنی دۆخیان خرایەڕوو، لەسەروی هەمویان كاركردن بۆ دروستكردنی فشار بۆ سەر عیراق تاوەكو شنگال بونیادبنێتەوە و ناچاركردن بۆ داخستنی كەمپەكانیش وازلێبهێنێت.

رێكخراوی وادی ئەڵمانی كە دەیەیەكە بەشێك لەكارەكانی تایبەت كردووە بە دۆخی ئاوارەكان لە عیراق و بەتایبەت ئێزیدییەكان، چوارشەممە 2ی تەمموز لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوبەشەكانی گفتوگۆیەكی قوڵی لەبارەی كێشەو گرفتەكانی بەردەم ئاوارەكان رێكخست. دوای 11 ساڵ دێت لە وێرانكردنی شنگال و كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش).

گفتوگۆكە وەك چیمەن حەمەڕەشید، رێكخەری وادی ئەڵمانی لە عیراق جەختیلێكردەوە، دوابەدوای ئەو پشتگوێخستنە گشتگیرە دێت كە روبەڕوی ئێزیدییەكان بۆتەوە، لەوانە بڕیاری داخستنی كەمپەكان لەلایەن حكومەتی عیراق و راگرتنی پاڵپشتیی و هاوكارییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكان.

چیمەن لەسەرەتای گفتوگۆكەدا وتی "دۆخی ئێستای شنگال و كەمپەكانی ئاوارەیی سەلماندویەتی كە ئێزیدییەكان چەندە پێكهاتەیەكی پشتگوێخراون... داخستنی خوێندنگەی كەمپەكان، بنكەكانی تەندروستی و پێدانی چارەسەر، نەبونی كارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی تر پرسگەلێكن دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكەین".

وتیشی "ئەم پێكهاتە ئایینیەی عیراق پێویستی بەوەیە چارەسەری بنبڕی كێشەكانیان بكەین، چونكە ئەوەی دەكرێت، لەوانەش ناوبەناوی كاری رێكخراوەكان هەموی كاتییە و ئازارشكێنە".

لەئابی 2014دا، داعش دەستی بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوانی باكوری عیراقدا گرت و لەڕێی توندوتیژییەوە، بە شێوەیەكی سیستماتیك كەمینە ئەتنی و ئاینییەكانی كردە ئامانج - دیارترینیان ئێزیدی و مەسیحییەكان - لە هەڵمەتێكی دڕندانەدا بۆ سڕینەوەی ئەو پێکهاتانەی بیروباوەڕەكانیان بە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی خۆی ناکۆکبوون.

wadii
هەولێر/ 2ی تەمموزی 2025/ دیمەنێك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێكخراوی وادی ئەڵمانی و هاوبەشەكانی لەسەر پرسی ئێزدییەكان. فۆتۆ: تیمی وادی

لە 15ی ئابی هەمان ساڵدا، داعش كۆمەڵكوژی لە گوندی كۆجۆی ئێزیدی نشین ئەنجامدا و بەپێی ئاماری نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوو هەزار و 293 ئێزیدی بە دەستی داعش كوژراون، لەپاڵ رفاندنی 6417 ئێزیدی لەنێویاندا ژن و منداڵ، تا ئێستاش زیاتر لە 3580یان رزگاركراون.

لەكاتێكدا 11 ساڵ بەسەر ئەو روداوەدا تێپەڕدەبێت، هێشتا 188 هەزار و 944 ئێزدی لە ئاوارەییدا دەژین، لە نێویاندا 135 هەزار و 616 ئاوارە لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆكدان و دابەشبون بەسەر 27 هەزار و 69 خێزاندا.

عەبدوڵا سابیر، راوێژكار لە رێكخراوی وادی، لە گفتوگۆكەدا وتی "من بەم دۆخەی ئێستای ئێزیدییەكان زۆر رەشبینیم و پێشبینی كۆمەڵكوژی تر دەكەم، چونكە دەبینم هیچ هەنگاوێك بۆ ئەو پێكهاتە ئاینییە نەدراوە"، بەدەنگێكی بەرزتر وتی "وەكو مرۆڤ سەیری ئێزیدییەكان ناكرێت، مەعقولە لە وڵاتەكەی خۆمدا ئاوارەبم و 11 ساڵ لەژێر خێوەتدا لە كەمپ بژیم... بونی مرۆڤ 11 ساڵ لە كەمپدا هەر بۆ خۆی توندوتیژی و بە كەم سەیركردنییەتی".

گفتوگۆكە بەگشتی بانگەوازێك بۆ نوێكردنەوەی پابەندبون بۆ دۆزی ئەو پێكهاتە ئایینییە، ئامانج لێی دانانی ستراتیژی درێژخایەن بوو بۆ گەڕانەوەیەكی ئارام و پارێزراو بۆ زێدی خۆیان.

سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتی "دانانی ستراتیژ پێویستی بە پلانێكی گشتگیر هەیە، پلانیش پێویستی بە داتا هەیە، دەكرا لەم گفتوگۆیە بە داتا كێشەی ئێزیدییەكان بخرایەتەڕوو"، هەروەها وتی "یەكێك لە گرفتە گەورەكانی بەردەم ئێزیدییەكان، بڕیاری داخستنی كەمپەكانە، ئەمە بڕیارێكی زۆر خراپە، چونكە بەداخەوە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و باڵیۆزخانەكانیش مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا دەكەن".

"پرسەكە تەنیا ئەو ئاوارانە نییە كە لە 14 كەمپی دهۆكدا دەژین، ئەوانەی لە دەرەوەی كەمپەكانن و نەگەڕاونەتەوە بۆ شنگال بەهەمان شێوە لە دۆخێكی زۆر خراپدان، ئازاری كۆمەڵگەی ئێزیدی زۆر گرانە و قوربانی ململانێی سیاسی و سەربازین، هەر بەو هۆیەوە ناتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان"، سعود مستۆ وایوت.

هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم لە ساڵی 2020دا رێككەوتننامەی شنگالیان واژۆكرد، كە نەخشەڕێگایەك بوو دروستكردنی ئیدارەكی نوێ بۆ شنگال، رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئەمنی، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی، بەڵام رێككەوتنەكە سەرەڕای پێداگری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، جێبەجێنەكراوە.

سعود مستۆ، وتی "جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە گرنگ بوو، بەڵام نەكرا"، وتیشی "بڕیارەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ راگرتنی پاڵپشتییە داراییەكان كاریگەریی خراپی هەیە لەسەر كاری رێكخراوەكان و هاوكارییەكانیان بۆ كەمپەكانی ئاوارەیی".

ئەلینە رۆمەناوسکی، باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا لە عیراق، لە تشرینی دووەمی 2024دا لە وەڵامی پڕسیارێكی (كەركوك ناو)دا وتی "جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە زامنی ئەمن و ئاسایش و گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان دەكات"، زیاتر وتی "جێبەجێنەكردنی یەكێكە لەو پرسانەی بۆتە جی نیگەرانی ئێمە".

لانیكەم 10 هێزی جۆراوجۆری ئەمنی و سەربازی لە ئێستادا لە قەزای شنگال – زێدی مێژویی ئێزیدییەكان – بونیان هەیە، ئەوەش ناسەقامگیری ئەمنی بۆ ئەو پێكهاتەیە دروستكردووە، بەتایبەت هەریەكە و فەرمان لە لایەنێكی دیاریكراو وەردەگرن و هەندێكیان دژ بەیەكن، ئەوەش یەكێكە لە هۆكارەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان.

wadi2
هەولێر/ 2ی تەمموزی 2025/ دیمەنێك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێكخراوی وادی ئەڵمانی و هاوبەشەكانی لەسەر پرسی ئێزدییەكان. فۆتۆ: تیمی وادی

سعود مستۆ، وتی "گرنگی ئەم گفتوگۆیە لەوەدایە، نوێنەری كونسوڵخانەكان لێرە ئامادەن و دەتوانین نیگەرانی خۆمانیان راستەوخۆ پێبگەیەنین".

نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریكا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە گفتوگۆكەدا ئامادەبون، لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی هەرێم و بەشێك لە رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان.

فرمێسك ئەحمەد، لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دوو پرسی ورژواند، وتی ئایا شنگال گونجاوە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە، ئەی ئایا كەمپی ئاوارەیی گونجاوە بۆ ژیانكردن.

"قسەكردن لەسەر گەڕاندنەوەی ناچاری ئاوارەكان لە كەمپەكان شتێكە دەبێت هەموومان لەسەری هەڵوەستە بكەین، ئەوە ئاسان نییە، چونكە شنگال هێشتا گونجاو نییە بۆ ژیان و دەبێت جگە لە قەرەبوكردنەوە، دەستی ئاوەدانكردنەوە و سەلامەتی ئەمنی بۆ درێژبكرێت"، فرمێسك زیاتر وتی "مانەوەشیان لە كەمپ دەبێت چاودێری بەردەوام بكرێن بەتایبەت لەڕوی دەرونی و مەترسی توندوتیژی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی".

بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو) لە كۆی 21 بنكەی تەندروستی لەناو 16 كەمپی ئاوارەیی لە پارێزگای دهۆك تەنیا حەوت بنكەیان ماون، ئەوەش دوابەدوای تەواوبونی گرێبەستی كاركردنی رێكخراوەكانی بواری یارمەتیدانی ئاوارەكان.

هەردی ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان، وتی "دەبێت كاركردنی رێكخراوەیی لە پرسێكی لەمشێوەیەدا بەشێوەیەك بیت پلانی درێژخایەنتر هەبێت، نەك كاری تاكە رێكخراوەیی، كۆكردنەوەی هەموو رێكخراوەكان بۆ كاركردن لە پرسێكی وادا كاریگەریی زیاتر دەبێت".

هەر بۆیە پێشنیاری دروستكردنی سەكۆیەكی كرد بۆ هەماهەنگی و كاركردن كە پێكهاتبێت لە رێكخراوە لۆكاڵی و نێودەوڵەتییەكان، كەرتی تایبەت، حكومەت و نوێنەری وڵاتان.

چیمەن حەمەڕەشید وتی "گرنگە وەك هەنگاوی یەكەم هەمومان پێكەوە فشاربكەینە سەر حكومەتی عیراق تا ئاوارەكان ناچار بە گەڕانەوە نەكرێن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT