لە هەرسێ بنكەیەكی تەندروستی دوانیان داخراون
ئاوارەكان دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی ناگات

كەمپێكی ئاوارەكان بەناوی مام رەشان، لە سنوری قەزای ئاكرێ لە پارێزگای دهۆك. فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز

پێستی منداڵە دوو ساڵانەكەی شاكر عەلی، سورهەڵگەڕاوە، بەردەوام دەیخورێنێت و بێزاری خۆی بەسەر خێزانەكەدا هەڵدەڕێژێت. خێزانەكەی شاكر گیرۆدەبون، بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی ناگات و بۆ هەر سەردانێكی پزیشك دەبێت پارەیەك خەرجبكەن كە لە توانای دارایی ئەواندا نییە.

شاكر عەلی (31 ساڵ)، خێمەكەی لەناو كەمپی بێرسیڤی دووە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، 11 ساڵە بەهۆی شەڕی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام (داعش) ئاوارە بووە.

"هەموو گیانی منداڵەكەم سورهەڵگەڕاوە و دەبێت چارەسەری بكەین، بەڵام كێشەكەمان ئەوەیە بۆ هەر سەردانێكی پزیشك دەبێت 30 خولەك بچینە دەرەوەی كەمپ، ئەوەش لەم ئاوارەییەدا پارەیەكی زۆری دەوێت"، شاكر نەیتوانی بەرگەی نەخۆشی منداڵەكەی بگرێت، هەر بۆیە بڕیاریدا بەرەو نەخۆشخانەیەكی حكومی لە زاخۆ هەنگاوبنێت، كە پێیوابوو هێشتا پارەیەكی زۆری تێناچێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

"تا گەیشتمە زاخۆ، پزیشك لە نەخۆشخانە حكومییەكان نەمابون، بۆیە بە ناچاری بردمە كلینكێكی ئێواران كە تێچوی چارەسەر و وەرگرتنی دەرمان گرانترە، تائێستا سێ جار بردومە بۆ ئەو كلینكە و بە هەر هەموی 200 هەزار دینارم خەرجكردووە".

چوینە كلینكێكی ئێواران كە تێچوی چارەسەر و وەرگرتنی دەرمان گرانترە

تاكە بنكەی تەندروستی ئەو كەمپە كە خێزانەكەی شاكر لێی نیشتەجێن لە كانونی دووەمی 2023دا بە تەواوی داخرا، لەوكاتەوە ئاوارەكانی كەمپەكە بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی هەمان رێگای شاكر دەگرنەبەر، ئەوەش لەكاتێكدایە توانای ماددی خێزانەكان باش نییە و دەستكەوتنی كار ئاسان نییە.

"خەڵك هەیە ئۆتۆمبێلی نییە دەبێت كرێی ئۆتۆمبێلیش بدات، جگە لە كڕینی دەرمان و پشكنین و وەرگرتنی چارەسەر"، شاكر وایوت.

لە كۆی 21 بنكەی تەندروستی لەناو 16 كەمپی ئاوارەی پارێزگای دهۆك تەنیا حەوت بنكەیان ماون، ئەوەش دوابەدوای تەواوبونی گرێبەستی كاركردنی رێكخراوەكانی بواری یارمەتیدانی ئاوارەكان، لەكاتێدا بەپێی ئامارەكان هێشتا 188 هەزار و 944 ئاوارە لەو پارێزگایە ماون، كە 135 هەزار و 616 ئاوارە لە كەمپەكان و دابەشبون بەسەر 27 هەزار و 69 خێزاندا.

بۆ نمونە لە كەمپی بێرسیڤی دوو كە خێزانەكەی شاكر لێی نیشتەجێن، حەوت هەزار و 66 ئاوارەی لێیە، بەڵام بنكە و خزمەتگوزاریی تەندروستی لێ نییە.

Xanke

دهۆك/ بنكەی تەندروستی كەمپی خانكێ. فۆتۆ: عەمار عەزیز

پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەكان و  رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە لە عیراقدا كاردەكەن، چونكە بەشێك لە پێداویستییە پزیشكییەكانی ئاوارەكان ئەوان دابینیان دەكرد.

ئەڤراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو )ی وت "رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زۆربەیان كشانەوە، بەردەوامیدان بەو بنكە تەندروستیانەش چیتر لە توانای ئێمەدا نەبوو، هەر بۆیە تەنیا شەش بۆ حەوت بنكەی تەندروستی ماون"، زیاتر وتی "هەندێك رێكخراو ماون، بەڵام خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانیان زۆر كەم و سنوردارن و لە توانای زۆری رێژەی ئاوارەكاندا نییە".

"چارەسەر تەنیا ئەوەیە بۆ دوو كەمپی نزیك یەكتر، یەك بنكەی تەندروستی ماوە، ئەوانەشی نزیكن لە شارەكان با بچن لەوێ چارەسەر وەربگرن"، ئەڤراسیاب وایوت.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەوە بارگرانی بۆ ئاوارەكان دروستناكات؟ وتی "دەزانین ئەوە بارگرانییە، بەڵام هیچ چارەیەكی تر نییە... سەرەڕای داخستنی ئەو بنكانە، هێشتا فشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكانی خۆمان هەیە".

فشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكانی خۆمان هەیە

بەپێی ئامارەكانی تەندروستی دهۆك لەسەدا 40ی ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییە حكومییەكان دەكەن لە ئاوارە و پەنابەرانن.

ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەی رونكردۆتەوە كە كۆی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم زیاترە لە 960 هەزار كەس و بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانیان لە رۆژێكدا دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، چەندجارێك وادەی داخستنی كەمپەكانی ئاوارەیی لە تەواوی عیراق دیاریكردووە، بەڵام هەر جارە و بە هۆكارێك درێژكراوەتەوە، لەوەشدا ناكۆكی هەیە لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان.

لێپرسراوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەندجارێك جەختیانكردۆتەوە لەوەی ناتوانن ئاوارەكان بە فشار دەربكەن و داوای گرەنتی پاراستنی ژیانیان دەكات لەڕوی ئەمنییەوە لەكاتی گەڕانەوەیاندا.

ئاوارەكان زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "بنكەكانی تەندروستی تەنیا لەو كەمپانە ماون كە دورن لە شارەكان، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئێستادا لە پێشكەشكردنی هاوكارییەوە گوڕاوە بۆ پاڵپشتیكردنی ئاوارەكان و پەرەپێدانی تواناكانیان"، زیاتر وتی "ناڕازایی و گلەیی ئاوارەكانمان لەسەر داخستنی كەمپەكان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام هیچ هەوڵێكی دڵخۆشكەر نییە بۆ چارەسەر".

هیچ هەوڵێكی دڵخۆشكەر نییە بۆ چارەسەر

"پرسەكە تەنیا كەرتی تەندروستی نییە، كەرتەكانی تریش روبەڕوی هەمان كێشە بونەتەوە،  لەوانە كۆكردنەوەی خاشاك، دابینكردنی كارەبا، ئاو و پرسی پەروەردە، ئەوەی هەیە حكومەتی هەرێم دەیكات لەەسر ئەركی خۆی".

 پیر دەیان جەختیكردەوە كە ئەوەی ئەوان وەكو حكومەت دەتوانن بیكەن ئەوەیە، كە لە بنكە تەندروتسییەكانی ناو شار وەك هەر هاوڵاتییەكی تری هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ ئاوارەكاندا بكرێت.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، لە بەرامبەر راگرتنی هاوكارییەكان بۆ كەمپەكان،  هاوكاری دارایی گەڕانەوەی خێزانەكانی لە كەمپەوە بۆ زێدی خۆیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار زیادكردووە، جگە لە پێدانی كەرەستەی ناوماڵ و چەندین ئیمتیازاتی تری وەكو دامەزراندن و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی، بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان.

گرفتێكی تری تەندروستی كە روبەڕوی ئاوارەكان بۆتەوە ئەوەیە ئەو بنكە تەندروستییانەی لەكەمپەكاندا ماون، دەرمان و پزیشكی پسپۆڕیان بەپێی پێویست لێ نییە.

خالیدا شەمۆ، دانیشتووی كەمپی خانكێ، وتی "زیاتر لە شەش ساڵە نەچومەتە ئەو بنكە تەندروستییەی لە كەمپەكاندا هەیە، چونكە دەرمان و پزیشكی تایبەتمەندی لێ نییە"، زیاتر وتی "بۆ دەرمان و پشكنین هەر دەبێت بچینە دەرەوە، تەنانەت دوو هەفتە لەمەوبەر بۆ پشكنین چوم بۆ قەزای سێمێڵ، كرێی هاتوچۆ، دەرمان و پشكنین ئەركی قورس كردوین".

هەرچەندە بەرێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك دەڵێت با ئاوارەكان بەنیازنەبن جارێكی تر ئەو بنكانە بكرێنەوە، بەڵام شاكر عەلی پرسیاری كرد "چۆن دەكرێت زیاتر لە هەزار خێزان بێبەشن لە خزمەتگوزاریی تەندروستی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT