چاودێرانی هەڵبژاردن و لێكۆڵەرەوان پێیانوایە رێككەوتنی حزب و نەتەوەكان تاكە رێگای دیاریكردنی پارێزگاری داهاتوی كەركوكە، چونكە پێیانواییە "هیچ حزبێكی سیاسی چانسی بردنەوەی لەو پارێزگایەدا نییە تا بتوانێت پارێزگار دابنێت"، هەندێك پێیانوایە ئەمە بۆ دۆخی پارێزگای نەینەواش هەر راستە.
كەركوك و نەینەوا دوو پارێزگای جێناكۆكن بەپێی دەستوری عیراق و هێشتا خاوەندارێتیان یەكلایینەكراوەتەوە لە نێوان حكومەتی فیدرال و هەرێم، لێكۆڵەرەوان و شارەزایانی هەڵبژاردن پێیانوایە پارێزگاری داهاتوو لەو دوو پارێزگایە بەبێ رێكەوتنی سیاسیی هێز و هاوپەیمانێتییە جیاوازەكان "نە دەكرێت نە سەركەوتوو دەبێت".
ئەو پرسە بووە جێی گفتوگۆی پانێڵێکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە هەرێمی و نێودەوڵەتی (IRIS) كە دووشەممە 27ی تشرینی دووەم لە زانکۆی ئەمریکی لە عیراق، سلێمانی بەڕێوەچوو، بە ناونیشانی "بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق".
سەجاد جیاد، لێکۆڵەر لەو پەیمانگەیە، هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بە "زۆر گرنگ"، وەسفكرد و بەشداریكردنی خەڵكی لە دەنگدان بە گرنگ ناوبرد، "گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە 10 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نەكراوە، گرنگییەكی تر بۆ كەركوك ئەوەیە 18 ساڵە نەكراوە".
"بۆ كورد هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوك زۆر گرنگ و تایبەتە، بەڵام دەبێت كورد و هەموو نەتەوە و حزبە سیاسییەكانی تر لە ناوچەكانی جێناكۆك ئەوە بزانن كە ئەگەر لەو ناوچانە نەبەیتەوە بە مانای ئەوە نایەت تۆ لەوێ كۆتاییت دێت".
ئەگەر لە ناوچەكانی جێناكۆك نەبەیتەوە بە مانای ئەوە نایەت تۆ لەوێ كۆتاییت دێت
بە بڕوای سەجاد راستییەك هەیە كە پێویستە خەڵك بزانن، ئەوەش ئەوەیە "هیچ حزبێكی سیاسی چانسی بردنەوەی لە كەركوك نییە تا بتوانێت بۆ خۆی پارێزگار دابنێت، بۆیە دانانی پارێزگاری داهاتوو بە رێككەوتن و هەماهەنگی دەكرێت، پێویستە حزبەكان و هاوپەیمانەكان و خەڵك ئەو راستییە بزانن".
سەربەست مستەفا، سەرۆكی پێشوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، پشتیوانی قسەكانی سەجاد جیاد-ی كرد، وتی "لە دوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 2003 لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا كورد لە كەركوك زۆرینەی هێناوە، بەڵام دۆخی كەركوك جیاوازە، كاتێك باسی كەركوك دەكەیت، دەبێت باسی سێ پێكهاتەی سەرەكی بكەیت...".
یەكەم حكومەتی خۆجێی كەركوك لە ساڵی 2005 بە رێككەوتنی هەر سێ نەتەوە سەرەكییەكەی پارێزگاكە عەرەب، كورد و توركمان پێكهات، تیایدا پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن بۆ كورد، جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بۆ توركمان.
لەكۆی 41 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەوكات لیستی برایەتی كە حزبە كوردییەكان پێكهێنەری سەرەكی بون، 26 كورسی ئەنجومەنەكەیان بەدەستهێنا.
لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا كە لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، كورد شەش كورسی پارێزگاكەی لەكۆی 12 كورسی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا عەرەب چوار كورسی و توركمان دوو كورسی.
سەربەست مستەفا لەبارەی نەینەواوە وتی "بەردەوام كورد لەسەدا 35ی دەنگەكانی پارێزگاكەی هێناوە، ئەمەش بە مانای ئەوەی ئەگەر كورد یەكگرتوبن دەتوانن نەهێڵن پارێزگاری داهاتوو و حكومەتی خۆجێی نەینەوا بەبێ ئەوان دیاری بكرێت".
ئەگەر كورد یەكگرتوبن دەتوانن نەهێڵن پارێزگاری داهاتوو و حكومەتی خۆجێی نەینەوا بەبێ ئەوان دیاری بكرێت
لە خولی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پارتی دیموكرات نۆ كورسی بەدەستهێنا لەگەڵ دوو كورسی كۆتا، لەكۆی 29 كورسی پارێزگاكە، بەوەش توانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و جێگری پارێزگار بۆ خۆی ببات و ببێتە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە.
سەجاد جیاد وتی "پارتی دیموكرات ئەمجارە ناتوانێت وەكو حزب زۆرترین دەنگی پارێزگاكە بەدەستبهێنێت، بەڵام یەكێك دەبێت لەو حزبانەی كە دەنگی باش بەدەستدەهێنێت".
ئەو وتی "كاتێك باسی ناوچەكانی جێناكۆك دەكەیت، دەبێت باسی رێككەوتنی سیاسی و هاوپەیمانێتی بكەیت".
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كە بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەم بەڕێوەبچن، نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بە پەرتەوازەیی و بە یەكنەگرتویی دەچنە كێبڕكێی بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی.
سەربەست مستەفا وتی "ئەدای حزبە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردن زۆر خراپە، ئەوان وەكو شەڕ سەیری پرۆسەكە دەكەن، ئەگەر بدۆڕێن راستەوخۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و خەڵك تۆمەتباردەكەن، ئەمە كێبڕكێیەكی باش نییە".