بەبێ بەشداری عەرەب، كورد و توركمان و كریستیان پێكەوە ئیدارەی نوێی خۆجێی كەركوك پێكنایەت، ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەرچییەك بن.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دەسەڵات بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت،كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان، وەكو لە ماددەی 35ـی تایبەت بە پارێزگای كەركوك لەو یاسایەدا جێگیركراوە.
هەر لەو یاسایەدا، كە ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـیە و دوایینجار لە ئاداری ئەمساڵدا هەمواركرایەوە، دەربارەی كەركوك هاتووە؛ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری پهیوهست به دیاریكردنی داهاتووی پارێزگاكە. بەڵام ئەو مەرج و رێكارانە تەنیا بۆ یەك هەڵبژاردن دانراوە.
دەیان پۆستی باڵای ئیداری لە پارێزگای كەركوك بڕیارە جارێكیتر لە نێوان پێكهاتەكاندا دابەشبكرێن، كە ئێستا زۆرینەیان بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن، لەو پۆستانە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگر و یاریدەدەرەكانی، چوار قایمقام و 16 بەڕێوەبەری ناحیە و چەندین بەڕێوەبەری گشتی هەن.
لە كەركوك پێكهاتەكانی عەرەب، كورد، توركمان و كریستیان هەن، بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، لە كۆی 16 كورسی كە كورسییەكی بە كۆتا بۆ كریستیانە، ئەوانیتر حەوت كورسییان بۆ دوو لایەنی كوردی رۆیشتووە، شەش كورسی بۆ سێ لایەنی عەرەبی و دوو كورسییەكەی دیكە بۆ لایەنێكی توركمانی بووە.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرەتای پێكهێنانی ئیدارەی نوێی هەر پارێزگایەكە و لە كەركوكیش دانوستانی رەسمی حزبەكان، چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەی 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـەیە، كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دوای یەكلاییكردنەوەی هەموو تانەكان هەر خۆی ئەنجامەكە پەسەند دەكات و پێویستی بە پەسەندكردنی دادگای فیدراڵی نییە.
ئــەنجومەنی پــارێزگا
ئەنجومەنی نوێی پارێزگای كەركوك، لە 16 ئەندام پێكدێت و دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا لەسەر بانگهێشتی پارێزگار یەكەم كۆبونەوەی دەستپێبكات و ئەگەر لەو ماوەیەدا پارێزگار بانگهێشتی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی نەكرد، ئەوا لە رۆژی 16ــیەمدا ئەنجومەن كۆبونەوەكە بكات.
بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن دەكات.
لە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا پێویستە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەكەی هەڵبژێردرێن، ئەوەش بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامان، كە مەبەست لێی (50 + 1)-ــە، واتە لە 16 ئەندامەكەی ئەنجومەنی كەركوك دەبێت دەنگی نۆ ئەندام بەدەستبهێنن.
بەڵام هیچ بڕگەیەكی یاسایی نییە رونیبكاتەوە ئەگەر ئەنجومەن لە یەكەم دانیشتندا نەیتوانی ئەو دوو پۆستە یەكلاییبكاتەوە تا كەی دەتوانێت دانیشتنەكەی بە كراوەیی بهێڵێتەوە.
هەموو ئەو رێكارانەی پەیوەستن بە ئەنجومەن، بەپێی یاسای پارێزگاكان لە عیراق، ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراو رێكخراون، كە لە ماددەی حەوتی یاساكەدا بە 17 خاڵ تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دیاریكردووە.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەكەی بە دەنگی زۆرینەی رەها هەڵدەبژێردرێن
ئەنجومەن، جگە لە هەڵبژاردن پارێزگار و جێگرەكانی، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە، دەتوانن كاندیدی پۆستەكانی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و پۆستە باڵاكانی دیكە یەكلابكەنەوە تا ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەربدات، هەر ئەوانیش دەتوانن پاڵپشت بە چەند مەرج و رێكارێك متمانە لە پۆستە باڵاكانی كەركوك وەربگرنەوە.
هەروەها باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریی لە سنوری ئیدارەی پارێزگاكەدا لای ئەنجومەن دەبێت، بەجۆرێك مافی دەركردنی یاسای ناوخۆیی و رێنمایی هەیە تا لەو رێگایەوە كاروبارەكانی پارێزگاکە بەڕێوەببرێن، سیاسەتی گشتی پارێزگا دادەڕێژن و یەكێك لە كارە گرنگەكانیان گفتوگۆ و پەسەندكردنی بودجەی پارێزگا و پلانی پرۆژەكانە.
هەر ئەندامێكی ئەنجومەن مانگانە نزیكەی دوو ملیۆن و 300 هەزار دینار وەردەگرێت، لەگەڵ نزیكەی 600 هەزار بۆ كرێی بەنزین و هاتوچۆ؛ لەوەش زیاتر، 50 هەزار بۆ ئینتەرنێت و مانگی هەریەك سێ بۆ چوار كارتی 10 هەزار دیناریان بۆ مۆبایلەكانیان پێدەدرێت، بەپێی راپۆرتێكی پێشتری (كەركوك ناو).
تەمەنی ئەنجومەن بۆ چوار ساڵە و لە بەرواری یەكەم دانیشتنیەوە دەستپێدەكات.
پـــــــــارێزگاری كەركوك
پۆستی پارێزگار، باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە پارێزگاكەدا و لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێردرێت، بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامان، وەك لە یاسای پارێزگاكاندا هاتووە و لە ماددەی 122ـی دەستوری هەمیشەیی عیراقیشدا ئاماژەی پێكراوە.
بەپێی ماددەی 7ـی ئەو یاسایە، ئەنجومەن دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا، لە رۆژی دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنیەوە، پارێزگار و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت، ئەگەر هیچ كاندیدێك دەنگی زۆرینەی رەهای بەدەستنەهێنا، ئەوا دوبارە دەنگدان بۆ دوو كاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگ دەكرێت و كێ زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا دەبێت بە پارێزگار.
لە ماددەی 26ـدا هاتووە؛ دوای هەڵبژاردنی پارێزگار، لە ماوەی 15 رۆژدا بە مەرسومێكی كۆماری دادەمەزرێت و كاروبارەكانی دەستپێدەكات.
هەر لەو ماددەیەدا ئەوە رونكراوەتەوە؛ دەكرێت ئەنجومەنی پارێزگا، كاندیدی پارێزگار لەناو ئەنجومەن یان دەرەوەی ئەنجومەندا هەڵبژێرێت، واتە دەكرێت كاندیدی پارێزگار ئەندامی ئەنجومەنیش نەبێت.
بهپێی ماددهی 25ی یاساكه، كاندیدی پۆستی پارێزگار پێویسته تهواو مهرجهكانی ئهندامی ئهنجومهنی پارێزگای تێدابێت، لهگهڵ مهرجی بڕوانامهی زانكۆ و ئەزمونی لە كارەكەیدا بۆ ماوەیەك لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت، هەمان ئەو مەرجانە جێگرەكانیشی دەگرێتەوە.
ئاساییە كاندیدی پۆستی پارێزگار ئەگەر ئەندامی ئەنجومەن بێت یان ئەندام نەبێت
له مهرجهكانی ئهندامێتی ئهنجومهنی پارێزگا كه بۆ پارێزگاریش جێگیركراوه، وهك له ماددهی 5ـی یاساكهدا هاتووه؛ پێویسته عیراقیی بێت، خهڵكی ئهو پارێزگایه بێت پۆستهكهی تێدا وهردهگرێت له تۆماری باری شارستانی یان بهشێوهیهكی بهردهوام كهمتر نهبێت له 10 ساڵ نیشتهجێی ئهو پارێزگایه بێت، بهمهرجێك نیشتهجێبونهكهی به ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارهكه نهبێت.
بهپێی مهرجهكانی تری یاساكه، كاندیدهكه پێویسته ناوبانگ و ههڵسوكهوتی باش بێت، به تاوان و كهتن سزانهدرابێت، لهكاتی خۆكاندیدكردنی ئهندامی هێزه سهربازیی و دامهزراوه ئهمنییهكان نهبێت، ههروهها بڕیار و یاساكانی ریشهكێشكردنی بهعس نهیگرێتهوه و بهشێوهیهكی نامهشروع لهسهر حسابی نیشتمان و ماڵی گشتی دهوڵهمهند نهبوبێت.
پارێزگار ژمارەیەك یاریدەدەری بۆ كاروباری كارگیڕی و هونەری دەبێت، بە مەرجێك لە پێنج كەس تێنەپەڕێت.
دەسەڵاتەكانی پارێزگار لە ماددەی 31ـی یاساكەدا بە 11 خاڵ دیاریكراوە، لە نێویاندا ئامادەكردنی پرۆژەی بودجە و ناردنی بۆ ئەنجومەن، دەسەڵاتی بەسەر هێزە ئەمنییە ناوخۆییەكاندا هەیە و هەروەها مافی تانەدانی لە بڕیارەكانی ئەنجومەن هەیە لە چەند حاڵەتێكدا، كە ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام و چارەسەر، ئەوا دادگای فیدراڵی پرسەكە لە نێوانیاندا یەكلاییدەكاتەوە.
دابەشكردنی پۆستەكان
جیاواز له ههموو پارێزگاكانی تری عیراق، كهركوك به یاسا ئهو مافهی لێسهندراوهتهوه لهرێی ههڵبژاردنهوه گۆڕانكاریی دروستبكات و له بازنهی پشكپشكێنه بچێته دهرهوه، چونكە دەبێت لە دابەشكردنی پۆستەكاندا هەموان بەشداربن.
ئەگەر ئەو بڕگە یاساییەش نەبوایە، حزبەكانی سەر بە هیچ نەتەوەیەكی كەركوك، بەشی پێویست كورسییان نییە بتوانن پۆستەكانی ئیداری نوێی خۆجێی لە ئەنجومەندا بە تەنیا یەكلاییبكەنەوە، وەك لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردندا دەركەوتووە.
نەتەوەی كورد بە حەوت كورسییەوە، لە نێویاندا یەكێتیی كە پێنج كورسی هەیە پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا نەتەوەی عەرەب، بە دیاریكراوی هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات و سێ كورسییان مسۆگەر كردووە، هەوڵدەدەن پۆستەكە لای ئەوان بمێنێتەوە، هەرچی بەرەی توركمانییە، كە دوو كورسی هەیە، داوادەكات ئەمجارە پارێزگارێكی توركمان دابنرێت، ئەوەش بەپێی لێدوان یان بەیاننامەی رەسمی هەریەك لەو حزبانە كە لەدوای هەڵبژاردنەوە بڵاویانكردۆتەوە.
لە دوای ساڵی 2003ــەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی كۆچكردوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە تەمموزی 2009ـدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا.
لە 2009ـدا پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب و توركمان دیاریكرا
بەپێی رێككەوتنەكەی ساڵی 2009، كە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك و كریستیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك واژۆیانكرد، پۆستی پارێزگار بۆ كورد، جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان بوو، پۆستەكانی تری ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوكیش بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكە و لەسەدا چوار بۆ كریستیان.
بەڵام رێككەوتنەكە تەنیا بۆ پۆستی پارێزگار، جێگرەكەیی و سەرۆكی ئەنجومەن جێبەجێكرا و شۆڕنەبۆوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.
پێشتر و له سهردهمی رژێمی بهعسدا، زوربهی جومگه سهرهكییهكانی ئیدارهدان و حوكمڕانی له كهركوك بهدهست پێكهاتهی عهرهبهوه بوو، بێ هیچ ههڵبژاردنێك، له دوای 2003یشهوه، كورد له ترۆپكی دهسهڵاتی جێبهجێكردندا بوو تا 2017.
یەكەم پارێزگاری كەركوك، دوای هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجومەنی پارێزگا، عهبدولڕهحمان مستهفا بوو له پشكی كورد، دواتر و له ساڵی 2011دا نهجمهدین كهریم، لهلایهن ههمان ئهنجومهنهوه وهك پارێزگار له پشكی كورد/ یهكێتیی ههڵبژێردرا، دوای شهش ساڵ بهبڕیاری پهرلهمانی عیراق له پۆستهكهی دورخرایهوه.
زیاتر لە شەش ساڵە پۆستی پارێزگار گەڕاوەتەوە بۆ پێكهاتەی عەرەب، دوای ئەوەی راكان سەعید جبوری، جێگری پارێزگار لە كۆتایی تشرینی دووەمی 2017ـەوە، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق، پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەوەكالەت وەرگرت و تائێستا بەردەوامە.
جبوری لە هەردوو هەڵبژاردنی 2018 و 2021ـی پەرلەمانی عیراق، دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، بەڵام لەپێناو پۆستی پارێزگاری كەركوكدا سوێندنی پەرلەمانتاری نەخوارد و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا، كورسییەكی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە.
لەسەر پۆستە باڵاكانی كەركوك و دابەشكاری دەسەڵات، لەناو حزبەكانی یەك نەتەوەشدا، بەردەوام ململانێ و ناكۆكی لە رابردودا هەبووە.
یهكێتیی و پارتی، لە 2017ـەوە تا تەموزی 2019 لە مشتومڕ و ناكۆكییدا بون، تا دواجار لەسەر یەك كاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی پارێزگار رێككەوتن بەڵام دواتر دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا نەكرا و لە كۆتایی ئەو ساڵەدا پەرلەمان كۆتایی بە تەمەنی كاركردنیان هێنا.
هەروەها توركمانی كهركوك كه پۆستی سهرۆكی ئهنجومهنی پارێزگای هەبوو، له 2014ـەوه لهناخۆیاندا رێكنهكهوتون بۆ پڕكردنهوهی ئهو پۆسته، بۆیه كورد به وهكالهت پڕیكردهوه.
حكومهتی فیدراڵی، له ساڵانی رابردودا، زیاد له جارێك پێشنیازی بۆ پێكهاتهكانی كهركوك كرد لهسهر ئیدارهدانی هاوبهش و هاوسهنگ و دابهشكردنی پۆستهكان رێكبكهون، بهڵام حزبه كوردی، عهرهبی و توركمانییهكان سەرباری چهندین كۆبونهوه نهگهیشتنە هیچ رێككهوتنێك.
بەپێی دابەشكاری كورسییەكانی پشكی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق، كە 13 كورسییە و یەك كورسی بۆ كۆتای كریستیان دەڕوات، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـدا، حزبە كوردییەكان شەش كورسی، عەرەب چوار كورسی و توركمان دوو كورسییان بەدەستهێنا.
تهواوی پارێزگای كهركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە ملیۆنێك و 770 هەزار كەسە)، ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، یهكلاییكردنهوهی چارهنوسیشی له چوارچێوهی ماددهی 140ـی دهستوردایه لهرێی سێ قۆناغی ئاساییكردنهوه، سهرژمێری و راپرسی.