ئەستێرەی یارییەكە ئەركی ئاسان نییە
نەینەوا؛ هێزی نوێ شوێنی بە هێزە نەرێتییەكان لێژ كرد

موهەنەد نەجم جبوری، كوڕی نەجم جبوری پارێزگاری پێشوی نەینەوا، بە بەدەستهێنانی 55747 دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی پارێزگاكە بەدەستهێنا. فۆتۆ: راگەیاندنی لیستی نەینەوا لی ئەهلیها

شۆڕش خالید

دەركەوتنی هێزی نوێ لە نەینەوا یارییەكەی لە زلهێزە نەرێتییەكان تێكدا، ئەوەش وایكردووە كەس زۆرینە نەبێت، بە پێچەوانە بۆ ئەوەی حكومەتی خۆجێی پێكبهێنیت، پێویستت بە رێككەوتنی پێنج قۆڵی دەبێت. ئەوەش ئەركی ئەستێرەی یارییەكەی نەینەوا قورس دەكات.

هەندێك نەجم جبوری، پارێزگاری پێشوی نەینەوا، وەك ئەستێرەی یارییەكەی نەینەوا دەبینن، كاتێك بۆ یەكەمجار لەڕێی كوڕەكەیەوە (موهەنەد نەجم جبوری) سەرۆكایەتی پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی كرد و بووە هێزی یەكەم، ئەوەش دوای بەدەستهێنانی پێنج كورسی لە كۆی 29 كورسی پارێزگاكە.

دەنگەكانی موهەنەد نەجم جبوری كە هەر خۆی بە تەنیا (55747) دەنگی بەدەستهێنا، رەنگە وەك پاداشتێك بێت بەرامبەر كارەكانی باوكی وەكو پارێزگار، ئەو لە 24ـی تشرینی دوەمی 2019دا ئەركی پارێزگاری نەینەوای وەرگرت، كاتێك شاری موسڵ و دەوروبەری بەهۆی شەڕی سێ ساڵەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) وێرانە بوو و هێشتا دەیان هەزار خێزان لە ئاوارەییدا لەژێر خێمە و لە كەمپەكان دەژیان، بەڵام كاتێك لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە 26ی تشرینی دووەمی 2023 پۆستی پارێزگاری بەجێهێشت دۆخی پارێزگاكە لەڕوی ئاوەدانییەوە گۆڕابوو، زۆرینەی هەرە زۆری ئاوارەكان گەڕابونەوە زێدی خۆیان و شار سیمایەكی تری هەبوو.

نەجم جبوری (نه‌جم عه‌بدوڵا عه‌بدولساڵح)، دوای ئەوەی بە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ ریشەكێشكردنی ئەندامانی حزبی بەعس، بە "ئەندامێتی حزبی بەعس"، تۆمەتباركرا، وازی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا هێناو، هەر بەو هۆیەوە كوڕەكەی لەجێی خۆی كردە كاندیدی یەكەمی لیستی نەینەوا لی ئەهلیها.

نەجم جبوری یه‌كێك بووه‌ له‌ ئاماده‌كارانی پلانی ده‌ركردنی داعش له‌ ته‌له‌عفه‌ر و ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بووه‌، بەو هۆیەشەوە له‌ نیسانی 2015وه‌ تا ناوه‌ڕاستی 2019 فه‌رمانده‌ی گشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا بووه‌ و دواتر خانه‌نشین كراوە. یەكێك لە سیفاتەكانی ئەوەیە نزیك بووە لە خەڵك و لەناو خەڵكدا بووە.

لەم هەڵبژاردنەدا بە لیستی نەینەوا لی ئەهلیها و بە 52 كاندید چووە گۆڕەپانی ململانێی هەڵبژاردنەوە و یەكەمی پارێزگاكەی بەدەستهێنا.

najim
نه‌ینه‌وا، تشرینی دوه‌می 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی نه‌جم جبوری پارێزگاری نوێی نه‌ینه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سێشەممە 19ی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، جبوری وەك هێزێكی نوێ توانی بەسەر هاوپەیمانێتییە نەرێتییەكاندا سەربكەوێت و پێنج كورسی پارێزگاكە ببات.

بەڵام ئەركی جبوری ئاسان نییە، چونكە ئەگەر پێداگربێت لە بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار بۆ لیستەكەی خۆی كە مافی خۆیانە وەك هێزی یەكەم، پێویستی بە دەنگی 10 ئەندامی تری ئەنجومەن دەبێت، ئەوەش وادەخوازێت لەگەڵ چوار حزب و قەوارەی تردا هاوپەیمانێتی بكات.

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا 29 كورسی هەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن پێویستت بە 50+1 دەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت پۆستی پارێزگار وەرگرێت، بەو مانایەی بە دەنگی 15 ئەندامی ئەنجومەن.

وادەردەكەوێت نزیكترین هێز لە جبورییەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بێت كە چوار كورسی ئەنجومەنەكەی هەیە، جبوری لە ساڵی 2019دا بەدەنگی پارتی دیموكرات – هێزێكی كوردییە و مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات- بووە پارێزگار، چونكە پارتی ئەوكات نزیكەی سێیەكی ئەنجومەنەكەی بەدەستبوو.

لە حاڵەتی هاوپەیمانێتی ئەو دوو هێزەشدا، هێشتا هێزەكەی جبوری ناتوانێت دەنگی پێویست كۆبكاتەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار.

هێزی سێیەمی پارێزگاكە، هاوپەیمانێتی عەقدی وەتەنی-یە، ئەمە هاوپەیمانێتییەكی تاڕادەیەك نامۆیە لە پارێزگاكە، بەهۆی یەكگرتنی چەند هێزێكی شیعیی و سوننی لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا.

عەقدی وەتەنی، پێكهاتووە لە سێ حزبی سەرەكی لەوانە جوڵانەوەی عەتا، حزبی سبات عیراقی و ئیسلامی عیراقی.

جوڵانەوەی عەتا لە ساڵی 2017 لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی گشتی حەدشی شەعبی دروستكراوە، ناوبراو لە ساڵی 2022دا ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵپەسارد، لەجێی ئەو خالید كیبان كرایە سەرۆك كە كەسێكی نزیكی ناوبراوە. تەنانەت هەندێك پێیانوایە هێشتا فالح فەیاز، بە ناڕاستەوخۆ جوڵانەكە و ئاراستەی كاركردنی بەڕێوەدەبات.

pdk
نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2023/ ناساندنی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا. فۆتۆ: راگەیاندنی پارتی

هەرچی حزبی سباتی عیراق-ییە كە لەلایەن پەرلەمانتاری سوننی عەبدولڕەحیم شەمەرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و رون نییە تێڕوانینی ئەم هاوپەیمانێتییە سێ كورسییە بەرامبەر جبوری چی دەبێت.

بەڵام ئەگەر گریمانەی رێككەوتنی هاوپەیمانێتی عەقدی وەتەنی و جبوری و پارتی دیموكراتیش بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، هێشتا سێ كورسی تریان پێویست دەبێت، لەكاتێكدا هیچ هێزێكی تر نییە سێ كورسی هەبێت، بۆ ئەوەش پێویستە لەگەڵ دوو لایەنی تردا رێككەوتن بكرێت.

ئەمەش بەگشتی مانایە دێت كە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی نەینەوا، پێویستی بە هاوپەیمانی لانیكەم پینج هێز دەبێت، ئەمەش ئەركی ئەستێرەی یارییەكەی نەینەوای قورس كردووە.

هێزە نەرێتییەكانی نەینەوا جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمویان لە باشترین حاڵەتدا دوو كورسیان هێناوە.

بۆ نمونە هاوپەیمانی حەسم وەتەنی كە ئوسامە نوجەیفی و وەزیری بەرگری عیراق پێكیانهێنابوو تەنیا دوو كورسیان برد. لەكاتێكدا بنەماڵەی نوجەیفی سەردەمانێك بە تەنیا حوكمی نەینەوایان دەكرد.

جگە لە كۆتاكان،11 حزب و هاوپەیمانێتی لە پارێزگای نەینەوا بەپێی ئەنجامە بەراییەكان كورسییان هێناوە، لەوانەش سەیادە و تەقەدوم یەكی دوو كورسی، هاوپەیمانێتی عەزم و حزبی تەجدید كە دوو هێزی سوننی-ن، یەكی یەك كورسی.

Mosil. halbzhardn. 3
نەینەوا/ 5ی كانونی یەكەمی 2023/ پۆستەری بانگەشەی پیاوێكی ئایینی كە خۆی لەسەر هاوپەیمانێتییەكی شیعی - سوننی كاندید كردووە، بەناوی هاوپەیمانی عەقدی وەتەنی و توانیان بە بەدەستهێنانی سێ كورسی ببنە هێزی سێیەمی پارێزگاكە. فۆتۆ: ئەحمەد بلە

سەیادە و تەقەدوم، كە لەلایەن خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسییەوە سەرۆكایەتی دەكرێن، چاوەڕواندەكرا كورسی زیاتر بەدەستبهێنن.

هەرچی ئەو هێزە شیعانەی كە كۆنترۆڵی زۆرێك لە پارێزگاكانی عیراقیان كردووە، لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا (هاوپەیمانێتی حەدبا) لە نەینەوا تەنیا دوو كورسیان بەدەستهێنا، دیارترین لایەنەكانی ئەم هاوپەیمانێتییە، دەوڵەتی قانون بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، رێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتی هادی عامری، سادقون بە سەرۆكایەتی خەز عەلی.

هەروەها لیستی هەویەی وەتەنی، بە سەرۆكایەتی رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتی جوڵانەوەی بابلیۆن، دوو كورسی تری ئەنجومەنەكەی بردووە، كاندیدەكانی ئەم لیستە پێكهاتبون لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی نەینەوا.

هاوپەیمانی ئیتیحاد ئەهل نەینەوا، دوو هێزی كوردی پێكهێنەری بون، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و حزبی رەفعەی وەتەنی، بە سەرۆكایەتی دڵدار زێباری، دوو كورسی تری ئەنجومەنەكەیان بۆ خۆیان برد.

لیستەكەی جبوری لە نێو ئەو دابەشبونە نەتەوەیی و ئایینیەدا لە ئاهەنگی سەركەوتنیاندا لە شەوی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، جەختیانكردەوە كە پۆستی پارێزگاری نەینەوا بۆ ئەوان دەبێت، بەڵام هێشتا رون نییە چۆن یارییەكە دەستپێدەكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT