كاندیدانی ژن لە پارێزگاكانی عیراق، 76 كورسییان بەدەستێهناوە و 17ـیان بە دەنگی خۆیان دەرچون، بەبێ پشتبەستن بە سیستەمی كۆتا.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، 76 كاندیدی ژن براوە بون و كورسییان مسۆگەر كرد، ئەوەش زیاترە لەو رێژەیەی كۆتای ژنان كە لە یاسای هەڵبژاردندا جێگیركراوە.
لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هاتووە، لە كۆی 285 كورسی ئەنجومەنەكان (بەبێ هەرێمی كوردستان)، زیاتر لەسەدا 25ـیان بۆ ژنان تەرخانكراوە، كە 75 كورسی دەكات.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەو 76 كاندیدە ژنەی بوون بە خاوەنی كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، 17 كاندیدیان بەدەنگی بەدەستهاتوی خۆیان و بەبێ گەڕانەوە بۆ سیستەمی كۆتا، براوە بون، لە ناو ئەو 17 كاندیدەشدا، سێ كەسیان دەنگی یەكەمی لیستەكانیان بەدەستهێناوە.
تەنیا لە پارێزگای كەركوك، ژنان رێژەی كۆتایان تێپەڕاندووە، لە كۆی 16 كورسی پێنج كورسییان بەدەستهێناوە، كە بەپێی یاسا تەنیا چوار كورسی بۆ كۆتای ژنان دانرابوو، دوان لەو ژنانە بە دەنگی خۆیان سەركەتون كە یەكێكیان كۆتای كریستیانە.
لە پارێزگای نەینەوا حەوت ژن كورسییان هەیە، وەك لە رێژەی كۆتا دیاریكراوە بەپێی یاسا، لەو حەوت كاندیدە سەركەوتووە چواریان بە دەنگی خۆیان دەرچوون و دوان لەوانەش دەنگی یەكەمی لیستەكانیان بردووە.
چوار لە دیالە بون بە ئەندامی ئەنجومەن، ئەوەش هەمان رێژەی دیاریكراوی كۆتایە، بەڵام دوانیان بە دەنگی خۆیان دەرچون و لە سەڵاحەدینیش تەنیا بە كۆتا چوار ژنان سەركەوتون.
لە ژنانی دیكەی سەركەوتوو، 13ـیان لە بەغدایە، كە چواریان دەنگی خۆیان دەرچون و یەكێكیان زۆرینەی دەنگی لیستەكەی هەیە، لە زیقار سێ ژن بە دەنگی خۆیان دەرچون لەكۆی پێنج ژن، هەروەها لە بابل پێنج ژن كورسییان بەدەستهێناوە و تەنیا یەكێكیان بەبێ پشتبەستن بە كۆتا بووە، لە قادسیە بە هەمانشێوە لە چوار ژن یەكێكیان بە دەنگی خۆی دەرچووە.
لە پارێزگاكانی دیكە ژنان تەنیا پاڵپشت بە سستەمی كۆتا كورسییان بەدەستهێناوە؛ وەكو میسان كە چوار كورسی هەیە، موسەنا سێ كورسی، واست چوار كورسی، ئەنبار چوار كورسی، كەربەلا چوار كورسی، نەجەف چوار كورسی و بەسرە شەش كورسی بەسیستەمی كۆتا بۆ كاندیدانی ژن بووە.
بەپێی خەمڵاندنێكی دەزگای ناوەندی ئامار، رەگەزی مێ نزیكەی سەدا 50ـی كۆی دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنن.
له دهستوری ههمیشهیی وڵاتدا، جگه له جێگیركردنی سیستهمی كۆتا، له ماددهی 20ـدا هاوشانی پیاو ههموو مافێكی به ژنان داوه تا بهشداری له كاروباری گشتییدا بكهن و به مافه سیاسییهكانیان بگهن لەوانە دهنگدان، ههڵبژاردن و خۆپاڵاوتن.
لە كابینەی ئێستای حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سێ ژن وەزیرن، لە كۆی 23 وەزیر كە دەكاتە رێژەی سەدا 13.
ئەوەش لە كاتێكدایە ژنان لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق، بەپێی یاسا 83 كورسییان بۆ تەرخانكراوە، كە سەدا 25ـی كورسییەكان دەكات.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا (تشرینی یەكەمی 2021)، ژنان توانییان كۆتا تێپەڕینن و 97 كورسی مسۆگەر بكەن، لەو ژمارەیەش 57 ژن بە دەنگی خۆیان و بەبێ پشتبەستن بە سیستەمی كۆتا كورسییان بەدەستهێنا.
له دوای ساڵی 2003 و قۆناغی نوێی حوكمڕانی له عیراقدا، به دهستور و دواتر یاسا كۆتا بۆ ژنان جێگیرکرا، به مهرجێك له سهدا 25ی كۆی كورسییهكان كهمتر نهبێت.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، كە 15 پارێزگای گرتەوە و لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو، لە نزیكەی شەش هەزار كاندید، زیاتر لە هەزار و 600 كاندیدی ژن لە كێبڕكێیەكەدا بون.