ژنان لە پارێزگاكانی عیراق، سەدا 28ـی كاندیدەكانی هەڵبژاردن پێكدەهێنن و لە ئێستاوە 75 كورسییان مسۆگەر كردووە، بەپێی سیستەمی كۆتا.
لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هاتووە، لە كۆی 285 كورسی ئەنجومەنەكان (بەبێ هەرێمی كوردستان)، زیاتر لەسەدا 25ـیان بۆ ژنان تەرخانكراوە، كە 75 كورسی دەكات.
لە لیستی كاندیدی هاوپەیمانی و حزبەكاندا، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، مەرجە سەدا 25ـی بۆ ژنان بێت، بە جۆرێك وەك یاساكە باسی دەكات، پێویستە لە دوای سێ كاندیدی پیاو لە لیستەكەدا، ناوی كاندیدێكی ژن دابنرێت و بەوشێوەیە تا كۆتایی ریزبەندییەكە بڕوات.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە دوایین ئاماردا بڵاویكردەوە، پێنج هەزار و 919 كاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەن: لەو ژمارەیە هەزار و 663 كاندیدیان ژنن، كە رێژەی زیاتر لە سەدا 28 پێكدەهێنن.
لە پارێزگای كەركوك 245 كاندید هەن و 67ـیان ژنن، چاویان لە 16 كورسی ئەنجومەنە كە تەنیا چوار كورسییان بۆ كۆتای ژنانە.
ئەنجومەنی داهاتوی پارێزگای نەینەوا لە 29 كورسی پێكدێت؛ لەو ژمارەیە حەوت كورسییان بۆ ژنانە و لە پارێزگاكەیدا، 625 كاندید هەن كە 157 ژنی تێدایە.
دیالە 321 كاندیدی هەیە و لەو ژمارەیە 94ـیان ژنن، كە چاویان لە 15 كورسی ئەنجومەنی پارێزگایە و چوار كورسی بەپێی سیستەمی كۆتا بۆ ژنان تەرخانكراوە.
لە 15 كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین چواریان بۆ ژنانە، كە لە هەموو پارێزگاكەشدا ژنان 71 كاندیدیان هەیە لە كۆی 256 كاندید.
بەپێی خەمڵاندنێكی دەزگای ناوەندی ئامار، رەگەزی مێ نزیكەی سەدا 50ـی كۆی دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنن.
له دهستوری ههمیشهیی وڵاتدا، جگه له جێگیركردنی سیستهمی كۆتا، له ماددهی 20ـدا هاوشانی پیاو ههموو مافێكی به ژنان داوه تا بهشداری له كاروباری گشتییدا بكهن و به مافه سیاسییهكانیان بگهن لەوانە دهنگدان، ههڵبژاردن و خۆپاڵاوتن.
لە كابینەی ئێستای حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سێ ژن وەزیرن، لە كۆی 23 وەزیر كە دەكاتە رێژەی سەدا 13.
ئەوەش لە كاتێكدایە ژنان لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق، بەپێی یاسا 83 كورسییان بۆ تەرخانكراوە، كە سەدا 25ـی كورسییەكان دەكات.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا (تشرینی یەكەمی 2021)، ژنان توانییان كۆتا تێپەڕینن و 97 كورسی مسۆگەر بكەن، لەو ژمارەیەش 57 ژن بە دەنگی خۆیان و بەبێ پشتبەستن بە سیستەمی كۆتا كورسییان بەدەستهێنا.
له دوای ساڵی 2003 و قۆناغی نوێی حوكمڕانی له عیراقدا، به دهستور و دواتر یاسا كۆتا بۆ ژنان جێگیرکرا، به مهرجێك له سهدا 25ی كۆی كورسییهكان كهمتر نهبێت.
جگە لە ژنان، لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كەمینەكانی كریستیان، سابیئەی مەندائی، كوردانی فەیلی، ئێزیدی و شەبەك-ـیش لە 285 كورسی 10 كورسییان بەپێی سیستەمی كۆتا بۆ تەرخانكراوە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە بڕیارە لە 18ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، زیاتر لە 16 ملیۆن هاوڵاتی تۆمارەكانیان نوێكردۆتەوە و بەپێی كارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان هەیە.