پەنجەمۆر بەربەستی یەكەم بوو... هەڵبژاردن كۆتایی هات

دیالە/ 18ی كانونی یەكەمی 2023/ كچە دەنگدەرێكی كورد دوای دەنگدانی لە بنكەیەكی قەزای خانەقین. فۆتۆ: ئەمری خانەقینی

كەركوك ناو

دەرگای بنكەكانی دەنگدان لە عیراق دوای 11 كاتژمێر داخران و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە ماوەی 24 كاتژمێری داهاتودا ئەنجامە بەراییەكان رادەگەیەنێت.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، كە لە ناوچەكانی جێناكۆك روماڵی هەڵبژاردنیان دەكرد، لە پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا سەرەكیترین كێشەی بەردەم دەنگدەران نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر بوو، كە بەهۆیەوە سەدان دەنگدەر لە پارێزگا جیاوازەكان لە دەنگدان بێبەشبون.

دەنگدانی گشتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگا كاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانوی یەكەمی 2023ی دەستیپێكرد، لە هەموو عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان. ئەوە یەكێك بوو لە هەڵبژاردنە گرنگەكان بۆ پارێزگای كەركوك، چونكە بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان 18 ساڵە لەو پارێزگایە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەنەچووە.

halbzhardin.kirkuk
كەركوك/ 18ی كانونی یەكەمی 2023/ سەرەتای كردنەوەی بنكەیەكی دەنگدان. پۆلیس ئەمینییەتی بنكەكە دەپارێزن. فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، لە دەنگدانی گشتیدا زیاتر لە 15 ملیۆن دەنگدەر لە پارێزگاكانی عیراقەوە مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگدان بەپێی كارتی بایۆمەتری بوو.

لە زۆربەی بنكەكانی دەنگدان لە  كەركوك، كێشەی پەنجەمۆر دوبارەبۆوە و ئامێرەكە پەنجەمۆری دەنگدەرانی نەدەخوێندەوە، لەكاتێكدا خوێندنەوەی پەنجەمۆر مەرجی رێپێدانە بۆ دەنگدان. بەو هۆیەوە سەدان هاوڵاتی لە پێكهاتە جیاوازەكان بێبەشبون لە دەنگدان و لە خۆپیشاندانێكدا چونە بەردەم نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆن و داوای چارەسەركردنی كێشەكەیان كرد. بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێك بدۆزرێتەوە.

بۆ هەمان مەبەستە لێپرسراوانی هەردوو لایەنی عەرەب و توركمان لەوانەش راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەك دەكات بۆ هەڵبژاردن، چونە كۆمسیۆن و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش وەكو لایەنێكی كوردی سكاڵای تۆماركرد.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) لە ناوچەكانی تری پارێزگای نەینەوا و دیالە هەمان كێشەی پەنجەمۆر هەبوو.

تەنیا لەیەك بنكەی قەزای شێخان، كە سێ هەزار و 597 دەنگدەری هەبوو، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ 93 دەنگدەر بەوهۆیەوە لە دەنگدان بێبەشبون. لە داقوقیش دەیان كەس لە بنكە جیاوازەكان نەیانتوانی دەنگبدەن.

لێپرسراوێكی كۆمسیۆن لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كێشەیە زیاتر لەو كەسانەدا هەیە كە بە تەمەنن، یاخود نەخۆشی درێژخایەنی وەكو فشاری خوێن و شەكرەیان هەیە، چونكە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی پەنجەكانیان بۆ پشكنینی خوێن بەكارهێنراوە و ئامێرەكە ناتوانێت بیخوێنێتەوە، دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە كە كێشەكە لە ئامێرەكاندا نییە".

Naynawa
نەینەوا/ 18ی كانونی یەكەمی 2023/ پۆلیسێك دوای داخستنی بنكەیەكی دەنگدان. فۆتۆ: ئەحمەد بلە

وتیشی "ئامێرەكان بەجۆرێك داتا كراون تا سەدا 5ی دەنگدەرانی هەر وێستگەیەك بەبێ پەنجمۆر بتوانن دەنگبدەن، دواتر ئامێرەكە دەنگدەری تر وەرناگرێت و رادەوەستێت".

تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ رێژەی بەشداریی لە هەموو عیراقدا لەسەدا 17 بوو، كەركوك بەرزترین رێژەی تۆماركرد كە گەیشتە لەسەدا 32، دوای ئەوە پارێزگای ئەنبار و ئینجا نەینەوا كە گەیشتە 23 لەسەد.

بەپێی وتەی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) لە دوای كاتژمێر 12ە و بەرەو ئێوارە رێژەكە زیاتر بوو، زۆرینەی لایەنەكانیش هانی دەنگدەرانیان دەدا بەشداریی بكەن.

جومانە غولای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، كاتژمێرێك بەر لەداخستنی بنكە و وێستگەكانی دەنگدان، وتی "زیادبونێكی زۆری دەنگدەرانمان تۆماركردووە و هەموو ئامێرەكان زۆر بە باشی كاردەكەن و تا ئەوكاتەش هیچ پێشیلكارییەكی پەیوەست بە هەڵبژاردن و ئەمنی تۆمارنەكراوە".

هەروەها بەپێی ئەو روماڵەی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) كردیان لەو بنكانەی كە تایبەت كرابون بە روماڵی راگەیاندن، هیچ پێشیلكارییەكی ئەمنی و هەڵبژاردن تۆمارنەكران.

Shexan.halbzhardn
نەینەوا/ 18ی كانونی یەكەمی 2023/ كارمەندێكی كۆمسیۆن پەنجەمۆری دەنگدەرێك لە قەزای شێخان وەردەگرێت. فۆتۆ: عەمار عەزیز

ئەوەش لەكاتێكدایە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عیراق لە ئامارێكدا ئاشكرای كرد كە هێزەكانیان 303 تۆمەتباریان بەتۆمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە نزیك بنكەكانی دەنگدان لە پارێزگا جیاوازەكان دەستگیركردووە كە بانگەشەیان بۆ ژمارەیەك كاندید كردووە.

هاوكات بەپێی هاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکان – لە چەند رێكخراوێكی مەدەنی كە چاودێری هەڵبژاردنەكان دەكەن پێكهاتووە -، 82 بنكەی دەنگدان لە عیراق گەیشتن پێیان ئاسان نەبوو، 86 حاڵەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە نزیک و لەناو ناوەندەکانی دەنگدان بونی هەبووە و شەش هەوڵدان بۆ رێگری لە دەنگدەر هەبووە بۆ چونە ناو ناوەندی دەنگدان.

هەروەها 18 چالاكنەبونی ئامێرە بنەڕەتییەكانی دەنگدان تۆماركراوە، لەگەڵ 15 رێگری لەچونە ژورەوەی بریکاری کیانی سیاسی بۆ ناو ناوەندەکانی دەنگدان.

جگە لە كێشەی پەنجەمۆر، كەمی بەشداریی لە دیارترین سیمای ئەم هەڵبژاردنە بوو، بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كە كارتی بایۆمەتری مەرجی دەنگدان بوو، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، هەتا 15ی ئەم مانگە، زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس كە تۆمارەكانیان نوێكردبۆوە، كارتەكانیان وەرنەگرتبۆوە. لە نێویاندا لە زیاتر لە 83 هەزار لە نەینەوا، 65 هەزار دەنگدەر لە كەركوك و 42 هەزار دەنگدەر لە پارێزگای دیالە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، لەگەڵ داخستی بنكەكانی دەنگدان، پێویستە دوابەدوای ناردنی ئەنجامەكان بە رێگای ئەلكترۆنی، هەر لەناو بنكەكەدا جیاكردنەوە و هەژماری دەستی دەنگەكان دەستپێبكات. هەر سندوقێكیش ئەگەر كێشەی هەبوو راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی كۆمسیۆن لە بەغدا.

daqua.halbzhardn
كەركوك/ 18ی كانونی یەكەمی 2023/ دوو كورد و عەرەبێك پێكەوە دانیشتون و گفتوگۆ دەكەن دوای ئەوەی لە بنكەیەكی قەزای داقوق دەنگیاندا. فۆتۆ:محەمەد ئەڵماس

بەپێی رێكارەكانی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن، كە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا جارێكی تر جەختیلێكرایەوە، ئەولەویەتی ئەوان گواستنەوەی میمۆری ئامێرەكانی دەنگدانە كە هەموو داتاكانی تێدایە، ئەوەش لەڕێی ئاسمانییەوە بۆ ناوەندی سەرەكی كۆمسیۆن لە بەغدا.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەر ئەمڕۆش جارێكی تر بە پاڵپشت بە یاسای هەڵبژاردن جەختیكرەوە لەوەی لە ماوەی 24 كاتژمێردا كە دەكاتە سێشەممە 19ی كانونی یەكەم، ئەنجامە بەراییەكانی هەردوو هەڵبژاردنی گشتی و  تایبەت رابگەیەنێت.

دەنگدانی تایبەت دوو رۆژ پێشتر بە بەشداری زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگدەر لە هێزە ئەمنیی و سەربازیی و ئاوارەكان بەڕێوەچوو.

لە دەنگدانی تایبەتیشدا نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و نەبونی ناوی دەنگدەر لە تۆماری دەنگدەراندا لە كێشە سەرەكییەكان بوو.

بەپێی یاسا، ئەنجامی كۆتایی دوای ئەوە ئاشكرادەكرێت كە هەموو سكاڵاكان لەبارەی سندوقەكان یەكلاییدەكرێنەوە و پەسەند دەكرێن، بەبێ ئەوەی كاتی راگەیاندنی دیاریبكرێت.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، كاتژمێر 6ی ئێوارە سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی راگەیاند.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT