قوربانی ژماره 62
تاوانبار دیارە و سزاكەی نادیار

رۆژنامەنوس شوان نەوزاد

شوان نه‌وزاد

زۆرجار لۆمه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت كه‌ كاتێك پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت سكاڵا ناكه‌ن، به‌ڵام من سكاڵام كردو تاوانبارەكەشم دۆزیەوە، كه‌چی‌ دەسەڵات ‌و لێپرسراوانی ئەمنی كه‌ركوك هیچیان بۆ نەكردم.

من شوان نەوزادم یەكێكم لە قوربانیانی ئەو پێشێلكارییانەی‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت، زۆرم هه‌وڵدا ئه‌وه‌ی‌ پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر كردووم به‌ سزا بگات، به‌ڵام هیچ.. با بۆتان بگێڕمه‌وه‌، چیرۆكی‌ ئه‌و تاوانه‌ی‌ به‌رانبه‌ر من كرا لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات:

نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەرو لەرۆژی 4ی كانون یەکەمی‌ 2014 لە گەرەكی شۆریجەی شاری كەركوك لە هۆڵێكی لەشجوانی راهێنانم دەكرد، چونكە لەپاڵ كاری رۆژنامەوانی لە هەوڵدابووم بەشداری لە پاڵەوانی لەشجوانی بكەم لە عێراق، كاتژمێر 7:45 دەقیقەی ئێوارە بوو لە پڕ دەنگێكی بەهێزم بیست ‌و هۆڵی لەشجوانییەكە بەتەواوی شڵەژا، كاتێك لە پەنجەرەی هۆڵەكەوە سەیری دەرەوەم كرد بینیم بە دوری ٥٠٠ مەترێك لە هۆڵەكەوە دووكەڵ ‌و ئاگرێكی زۆر بەرزبۆتەوە دواتر دڵنیابوومەوە ئۆتۆمبێلێك تەقیوەتەوە.

من له ‌ساڵی‌ 2009ه‌وه‌ له‌ناو كه‌ركوك كاری میدیایی ده‌كه‌م، چه‌ند ساڵێكیشه‌ وه‌ك په‌یامنێری‌ ڤیدیۆ بۆ ئاژانسی‌ فرانس پرێس (AFP) كارده‌كه‌م، بۆیه‌ ئه‌زموونێكی‌ باشم له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ رووداوانه‌ هه‌یه‌و ده‌زانم به‌هاكه‌یان چه‌نده‌و چۆن خێرا پێیان بگه‌م ‌و رووماڵیان بكه‌م.

بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بچم به ‌شه‌و و به ‌رۆژ كامێراكه‌م له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌مدایه‌، زۆر كه‌می‌ پێچوو كه‌ خێرا خۆم گۆڕی ‌‌و له‌ناو ئۆتۆمبێل كامێرام هه‌ڵگرت‌و چوومه‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌، بەهۆی نزیکیمەوە یەکەم میدیاکار بووم گەیشتمە شوێنی رووداوەکە.

Kamera
كەلوپەلەكانی رۆژنامەنوس شوان نەوزاد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە شكێنران، دوای ئەوەی لە رۆژی 4ی كانون یەکەمی‌ 2014 لە گەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك لەكاتی روماڵی تەقینەوەیەكدا هێرشی كرایەسەر

خێرا خێرا گۆشه‌ی‌ وێنه‌گرتم ده‌گۆڕی‌، چونكه‌ ده‌زانم ئاژانسه‌كه‌م چی‌ ده‌وێت‌و چۆن ده‌بێت وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كه‌وه‌ بگوازمه‌وە.

له ‌گه‌رمه‌ی‌ ئیشدا بووم كه‌ كه‌سێكی‌ جل مه‌ده‌نی‌ به ‌ده‌نگی‌ به‌رز هاواری‌ لێكردم‌و پرسی‌ چ كاره‌م، منیش بۆم روونكرده‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسم، داوا‌ی‌ ناسنامه‌ی‌ كرد، كاتێك ناسنامەكەم نیشانیدا ئیتر كەمێك لێم دور كەوتەوە و دەستمكردەوە بە وێنەگرتن.

ئه‌گه‌ر ساڵانێكی‌ زۆر بێت له‌ شارێكدا هه‌موو رۆژێك كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ بكه‌یت ئاسانه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بتناسنه‌وه‌و بزانن تۆ چ كاره‌یت، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ كه‌ركوك راست نییه‌، چونكه‌ له‌ناو كه‌ركوكدا نۆزده‌ ده‌زگای‌ ئه‌منی‌ جۆراوجۆر هه‌بوو، دیارترینیان لەلایەنی کوردییەوە بریتی بوون لە‌ ئاسایشی یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، ده‌زگا پاراستن‌و زانیاری‌ سه‌ر به ‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، هەردوو دەزگای دژە تیرۆری پارتی‌و یەکێتی‌و پۆلیسی بەرگری‌و فریاکەوتن‌و لیوای یەک‌و دووی پێشمەرگە. لەلایەنی عێراقیشەوە پۆلیسی‌ كه‌ركوك‌و هه‌واڵگری‌ عێراق‌و  پۆلیسی‌ فریاكه‌وتن‌و دژە تیرۆرو پۆلیسی نەوت‌و گاز،  له‌ناو ئه‌م هه‌موو ده‌زگایه‌شدا ده‌كرێت دووانیان تۆ بناسن‌و چواریان نه‌تناسن.

 ئه‌گه‌ر ساڵانێكی‌ زۆر بێت له‌ شارێكدا هه‌موو رۆژێك كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ بكه‌یت ئاسانه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بتناسنه‌وه‌و بزانن تۆ چ كاره‌یت، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ كه‌ركوك راست نییه‌

هه‌رچۆنێك بوو من له‌ كاری‌ خۆم به‌رده‌وام بووم كاتێك كه‌سێكی‌ دیكه‌ به ‌جلی‌ ئاسایشی‌ كه‌ركوك له‌ هه‌مان شوێن په‌یدا بووه‌وه‌و یه‌كسه‌ر پەلاماری كامێراكەمی دا و گوتی "چۆن وێنەدەگریت بۆ كێ‌ وێنەدەگریت؟" خۆم پێیناساند، بەڵام گوێی‌ نه‌گرت‌و هەوڵی بردنی كامێراكەمی دەدا، كاتێك بینی دەستبەرداری كامێراكەم نابم، هاواری كرد "وه‌رن ئه‌مه‌ بۆ تیرۆریسته‌كان وێنه‌ ده‌گرێت" ئیتر زیاتر لە هەشت کەس به‌جلی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ لێم كۆبوونەوە مل‌و دەست‌و لاقیان گرتم‌و زۆریان لێدام، بەڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌رزشی‌ له‌شجوانیم ده‌كردو بازوویه‌كی‌ به‌هێزم هه‌بوو، ئاسان نه‌بوو به‌هه‌موویانه‌وه‌ كامێراكه‌ له ‌ده‌ستم بسه‌نن، بۆیه‌ كە زانیان هه‌ر دەستبەرداری كامێراكەم نابم ئەو كەسەی هاوكارەكانی هاندا هێرشبكەنە سەرم، بە شەق لە كامێراكەمی داو شكاندی ‌و له‌گه‌ڵیشیدا په‌نجه‌م شكاو لووتم خوێنی لێهات.

سه‌یر بوو ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌وان په‌لاماریان ده‌دام ‌و له‌ گه‌رمەی‌ لێداندا بون، من خه‌یاڵم له ‌شوێنێكی‌ تر بوو، بیرم ده‌كرده‌وه‌ ده‌بێ‌ له‌م مه‌ینه‌ته‌ رزگارم ببێت‌ و بتوانم ببم به ‌پاڵه‌وانی له‌شجوانی‌ عێراق؟

من له‌و خه‌یاڵه‌دا بووم كه‌ پاش لێدانێكی‌ زۆر دوو كه‌س به ‌جلی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ به ‌جله‌كانم رایانده‌كێشام بۆ ئەوەی دەستگیرم بكەن‌و بمبەن، بەڵام نەمدەزانی بۆ كوێ‌ دەمبەن، له‌پڕ گوێم له‌ ده‌نگی‌ كه‌سێك بوو كه‌ هاواری‌ لێكردن "بكشێنه‌وه‌، من ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ناسم"، ئیتر وازیان لێهێنام.

ئه‌وه‌ی‌ هاواره‌كه‌ی‌ كرد كارمه‌ندێكی‌ ئاسایش بوو، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌مان ئه‌و هۆڵه‌ی‌ من وه‌رزش ده‌كات، یه‌كترمان ده‌ناسی‌، كه‌ بینی بووی‌ له ‌من ده‌ده‌ن خێرا هاتبوو به‌هانامه‌وه‌.

Shwan 5
شوان نەوزاد لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتێكدا لە پای كارە رۆژنامەوانییەكانیدا

محەمەد عەلی كارمەندی ئاسایشی كەركوكەو هاورێمە، لەبارەی هۆكاری رزگاركردنەكەم دەڵێت :" كاتێك بینیم هێرشكراوەتە سەر شوان دڵنیابوومەوە هۆكارەكەی ئەوەیە كارمەندانی دەزگاكەم بە هەڵە لە شوان تێگەیشتوون‌و وایان زانیوە ئەوە كەسێكەو كار لەگەڵ رێكخراوە چەكدارییەكان دەكات، چونكە گروپە چەكدارەكان پارەیان دەدا بەو كەسانەی ئەگەر كردەوە توندوتیژییەكانیان وێنە بگرێت‌و دواتر بۆیان بنێرێتەوە بۆیە بەپەلە لەژێر دەستیان ئازادم كرد."

كاتێك بینیم هێرشكراوەتە سەر شوان دڵنیابوومەوە هۆكارەكەی ئەوەیە كارمەندانی دەزگاكەم بە هەڵە لە شوان تێگەیشتوون‌و وایان زانیوە ئەوە كەسێكەو كار لەگەڵ رێكخراوە چەكدارییەكان دەكات

محه‌مه‌د منی‌ ئازاد كردو هه‌رچۆنێك بێت به‌و ئازاره‌وه‌ خۆم گه‌یانده‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌و كات نه‌مده‌توانی‌ بچمه‌ نه‌خۆشخانه‌، چونكه‌ نزیکترین نەخۆشخانە کە نەخۆشخانەی ئازادیی بوو به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ پڕ بووبوو له‌بریندارو كوژراو نه‌ده‌په‌رژانه‌ سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ من، بۆیه‌ رۆژی‌ دواتر چوومه‌ عیاده‌یه‌كی‌ ئه‌هلی‌‌و پشكنین كراو ئه‌وه‌ پشتڕاستكرایه‌وه‌ كه‌ په‌نجه‌م شكاوه‌‌و چاره‌سه‌رم وه‌رگرت.

محه‌مه‌د جگه‌ له‌وه‌ی‌ بووه‌ فریادڕه‌سی‌ خۆم، هاوكات كامێراو ناسنامه‌كه‌ی‌ له‌هێرشبه‌ره‌كان وه‌رگرتبۆوه‌و بۆی‌ هێنامه‌وه‌، به‌ڵام كامێرایه‌كی‌ بێفه‌ڕو شكاو.

كامێراكه‌ی‌ من له‌و جۆره‌یه‌ كه‌ پێی‌ ده‌ڵێن سۆنی‌ 170، ئه‌و جۆره‌ میمۆری‌ نییه‌و هه‌موو ڤیدیۆكان له‌ناو خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ شكاندنی‌ كامێراكه‌ هه‌موو ڤیدیۆكان فه‌وتابوون.

له‌و كاته‌ی‌ له‌ده‌ست په‌لامارده‌ره‌كان رزگاركرام، له‌ چاوه‌ڕوانی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌كانم، به‌ده‌م ئازاره‌وه‌ له‌ په‌نایه‌ك دانیشتبووم، بینیم كا‌مێره‌مانی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ ته‌غیر و كه‌ركوكیش هاتن، به‌ڵام كه‌ بینیان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خه‌ریكه‌ ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن، هه‌ر دووكیان هه‌ڵهاتن، ماوه‌یه‌كی‌ پێچوو تا بارودۆخه‌كه‌ كه‌مێك هێور بووه‌وه‌و ورده‌ ورده‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی‌ دیكه‌ هاتن بۆ رووماڵی‌ رووداوه‌كه‌.

سی‌ و پێنج رۆژی‌ ویست تا توانیم بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌م، هه‌ندێ‌ پاره‌م كۆكرده‌وه‌و كامێرایه‌كی‌ نوێم پێ‌ كڕی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست بكه‌مه‌وه‌ به‌كاره‌كانم.

سی‌ و پێنج رۆژی‌ ویست تا توانیم بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌م، هه‌ندێ‌ پاره‌م كۆكرده‌وه‌و كامێرایه‌كی‌ نوێم پێ‌ كڕی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست بكه‌مه‌وه‌ به‌كاره‌كانم

دوای‌ چوار پێنج رۆژ له‌هێرشه‌كه‌و كه‌ به‌هۆی‌ سۆراغكردنه‌وه‌ په‌لامارده‌ره‌كانم ناسییه‌وه‌، چوومه‌ بنكەی پۆلیسی ئازادی كە گەرەكی شۆریجە لە سنووری ئەو بنكەیە سكاڵام لەسەر ئەو كەسە تۆماركرد كە هانی هاوكارەكانی دەدا.

فه‌رمانی‌ بانگكردن بۆ كه‌سی‌ په‌لامارده‌ر ده‌رچوو، هیچ نه‌چوو به‌ده‌م داواكه‌وه‌و منیش دوای‌ نزیك مانگێك كه‌ بێهیوا بووم‌و زانیم هیچ ناكرێت‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان خه‌مساردن، چوم سكاڵاكه‌م كشانده‌وه‌، چونكه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هۆی‌ بێنه‌و به‌رده‌ی‌ پۆلیس‌و دادگاوه‌ به‌هیلاكیان بردم.

FPU
باجێكی رۆژنامەوانی شوان نەوزاد، كاتێك بۆ ئاژانسی‌ فرانس پرێس (AFP) كاری دەكرد

عه‌قید یاسین دەلۆ بەرێوەبەری ئەو كاتی بنكەی پۆلیسی ئازادی كەركوك كه‌ كاتی‌ نووسینه‌وه‌ی‌ ئه‌م چیرۆكه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ كرد، به‌م شێوه‌یه‌ رووداوه‌كه‌ی‌ بیر مابوو "كاتێك شوان نەوزاد لەبنكەی پۆلیسی ئازادی سكاڵای تۆماركرد هیچ كەسێك نەبوو شاهیدی بدات كە ئەو كەسەی بەناوی (م) بوو كارمەندانی دەزگاكەی هاندابێت دژی ئەو رۆژنامەنووسە، بۆیە دوای ماوەیەك لە دەركردنی بریاری دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە، بەهۆی داڵدەدانی لەلایەن دەزگاكەیەوە دەستگیر نەکرا، شوان سكاڵاكەی كشاندەوە ئێمە پەراوی لێكۆڵینەوەكەمان داخست."

دوای ماوەیەك لە دەركردنی بریاری دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە، بەهۆی داڵدەدانی لەلایەن دەزگاكەیەوە دەستگیر نەکرا، شوان سكاڵاكەی كشاندەوە ئێمە پەراوی لێكۆڵینەوەكەمان داخست

له ‌رووداوێكی‌ له‌م چه‌شنه‌دا كه‌ په‌لامارده‌ر سه‌ر به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بێت، ره‌نگه‌ پۆلیسیش هه‌ر به‌قه‌د من ده‌سه‌ڵاتی‌ بشكێت، عه‌قید یاسین نه‌ك بۆ من ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیبوو مافی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ خۆیشی‌ وه‌ربگرێت.

كوڕه‌كه‌ی‌ عه‌قید یاسین رۆژنامه‌نووس بوو له‌كه‌ناڵی‌ زاگرۆس لە كاتی روماڵكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق به‌فیشه‌ك پێكرا، یاسین ده‌ڵێت "كوڕەكەم لە كەركوك لەلایەن لایەنگرانی حزبێكی دیاری كوردییەوە بە دەمانچە هێرشكرایە سەری‌و گورچیلەیەكی لەدەستدا، لە كاتێكدا ئەو شوێنەی روداوەكەی لێی رویداوە لە سنووری بنكەكەم بوو بەڵام نەمتوانی تاوانباران بەسزا بگەیەنم لەبەرئەوەی یاسا بەتەواوی هێزی بەسەر خەڵكی مافیا ناشكێت." ره‌نگه‌ هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ بێت یاسین ده‌لۆ له‌هه‌موو شتێك بێ هیوا بووبێت‌و عێراقی‌ جێهێشتبێت، ئێستا له‌ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه‌.

كاتێك هه‌واڵی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ میدیاكان بڵاوكرایه‌وه‌، میدیاکان وایان نووسیبوو کە ئه‌و كه‌سه‌ خۆكوژه‌ی‌ له‌به‌رده‌م چایخانه‌ی‌ شۆریجه‌ خۆی‌ ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ 61 کەسی کردووەتە قوربانی، 21 کوژراوو 40 بریندار، به‌ڵام ره‌نگه‌ میدیاكان نه‌یانزانیبێت كه‌ من قوربانی‌ ژماره‌ 62 بووم، سه‌یریش ئه‌وه‌یه‌ به‌ده‌ستی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌ك به‌ده‌ستی‌ تیرۆریسته‌كه‌، ئه‌گه‌ر محه‌مه‌دی‌ هاوڕێم نه‌بوایه‌ دوور نه‌بوو ناوم بچووایه‌ پاڵ ٢١ كوژراوه‌كه‌ی‌ دیكه‌.

https://kirkuknow.com/kurdish/?p=45256

https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0412201419 

هەرچەندە چەند ژمارەیەکی جیاواز لە بارەی قوربانیانی ئەو تەقینەوەیە رادەگەیەنرێت، رۆژی 21ی تەمموزی 2020 هاوڕێیەکی رۆژنامەنووسم بۆ ساغکردنەوەی ئەو ژمارەیە پەیوەندی کرد بە سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشی کەرکوک، کاتێک چوونەوە بە تۆمارەکاندا گوتیان لە 24 کاتژمێری یەکەمی رووداوەکە ئەوەی لای ئەوان تۆمار کراوە 13 کوژراوو 35 بریندار بووە، بەڵام نازانن ئەگەر رۆژەکانی دواتر ژمارەکە گۆڕابێت.

كات تێپه‌ڕی‌ بێ ئه‌وەی‌ برینی‌ ئه‌و په‌لاماره‌ ساڕێژ ببێت چوومه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌ خۆم‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامم، هەرچەندە نەمتوانی بەشداری پاڵەوانێتی لەشجوانی بکەم، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ نه‌بووم كه‌ كاتی‌ هێرشه‌كه‌ له‌سه‌رمدا بوو، ساڵێك دواتر به‌شداریی پاڵه‌وانێتی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ قورساییم كردو له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق پله‌ی‌ چواره‌مم به‌ده‌ستهێنا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT