من رۆژنامه‌نووسم، نه‌ک سیخوڕ
له‌سه‌ر کارکردن له ‌ئاژانسێکی‌ تورکی‌ چی‌ به‌من کرا؟

ئۆژین جۆڵا لەكاتی روماڵی شەڕی داعش لە سنوری پارێزگای كەركوك

ئۆژین جۆڵا

له ‌هاوڕێ نزیکه‌کانمه‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ش که‌ نه‌مده‌ناسین، له‌سه‌ر تاکه‌ پۆستێک کارێکیان پێکردم که‌ نزیکبوو له‌وه‌ی‌ به‌یه‌کجاریی واز له‌کاری‌ میدیایی بهێنم.

زۆربه‌ی‌ جار ئه‌وه‌نده‌ی‌ بینیومه ‌و به‌رچاوم که‌وتووه‌، ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان ده‌کرێن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، که‌مجار هه‌بووه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی‌ من پێشێلکاریی ‌و هێرشه‌که‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی‌ ئاساییه‌وه‌ بێت که‌ به‌شێکیان هاوپیشه‌ی‌ خۆم بوون.

له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵ، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵوی‌ تورکی‌ رێککه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ک په‌یامنێری‌ که‌رکوک، کار بۆ ئه‌وان بکه‌م، ئیتر له ‌رێی‌ ئه‌کاونته‌کانی‌ خۆم له‌ فه‌یسبووک‌و ئینیستاگرام په‌یوه‌ندیکردم به‌ ئاژانسه‌که‌وه‌ به‌یانکرد.

چه‌ند کاتژمێرێکی‌ که‌می‌ پێچوو که‌ "هێرشێکی‌ رێکخراو" به‌شێوه‌یه‌کی‌ چڕو پڕ دژی‌ من ده‌ستی‌ پێکرد، بۆیه‌ ده‌ڵێم هێرشی‌ رێکخراو، چونکه‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یجه‌کان روونه‌ که‌ یه‌ک ئاڕاسته‌ی‌ سیاسییان هه‌یه‌، هه‌موویان کارکردنیان له‌و ئاژانسه‌ له‌من حه‌رام ده‌کردو به‌"سیخوڕ" ناویان ده‌بردم، کارگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ له ‌رێی‌ ماسنجه‌ره‌وه‌و به ‌ته‌له‌فۆن هه‌ڕه‌شه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ کوشتنیان لێده‌کردم.

هه‌موویان کارکردنیان له‌و ئاژانسه‌ له‌من حه‌رام ده‌کردو به‌"سیخوڕ" ناویان ده‌بردم

نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ بگره‌ ئه‌وانه‌ش که‌ کۆمێنتیان له‌باره‌ی‌ پۆسته‌کانه‌وه‌ ده‌نووسی‌، جگه‌ له ‌جنێو و سوکایه‌تی‌، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ کوشتن‌و شاربه‌ده‌رکردنیان لێده‌کردم، هه‌ندێ‌ له‌و پۆست‌و کۆمێنتانه‌ به‌ ئه‌کاونتی‌ ساخته‌و نه‌ناسراو ده‌کرا، هه‌ندێکی‌ تریان به‌ ئه‌کاونتی‌ فه‌رمی‌ خۆیان ده‌یانکرد، له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌ بوو هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی‌ قسه‌و کۆمێنتی‌ ناشرینیان ده‌نووسی‌ یه‌کتر ده‌ناسین، ده‌شزانن من چۆنم له‌ کارکردندا.

هه‌ر له‌و چه‌ند رۆژه‌دا سێ جار له‌ رێی‌ مۆبایله‌وه‌ به‌ژماره‌ی‌ نه‌ناسراو په‌یوه‌ندیم پێوه‌ کراو هه‌ر سێجاره‌که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ کوشتنیان لێکردم ‌و گوتیان ده‌بێ‌ تا زووه‌ واز له‌و ئاژانسه‌ بهێنیت.

ozhin
ئۆژین جۆڵا، لە تەنیشت وێنەیەكی رۆژنامەنوسی تیرۆركراو (سۆرانی مامە حەمە)ەوە لە بەردەم قەڵای كەركوك

دووان له‌وانه‌ی‌ له‌ رێی‌ فه‌یسبووکه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردم ده‌یانناسم، بۆیه‌ رووبه‌روو له‌گه‌ڵیان دانیشتم ‌و بۆم رونکردنه‌وه‌ که‌ من له ‌هه‌ر شوێنێک کار بکه‌م کاری‌ میدیایی خۆم ده‌که‌م ‌و هه‌قم به ‌ئاراسته‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌و ده‌زگایه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وان قسه‌کانی‌ منیان نه‌سه‌لماند و سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ کارکردن بۆ ئه‌و ئاژانسه‌ واته‌ "سیخوڕیکردن بۆ میتی‌ تورکی‌".

ئه‌و کاتانه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌کانم لێده‌کران‌و سوکایه‌تیم پێده‌کرا، بیرم له‌چه‌ند رێگەیه‌کی‌ جیاواز کرده‌وه‌، یه‌ک له‌وانه‌ ئه‌وه‌ بوو سکاڵا له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ تۆماربکه‌م که‌ هێرشم ده‌که‌نه‌ سه‌ر، به‌ڵام له‌وه‌یان پاشگه‌ز بوومه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی‌ لێم ده‌کران زۆر بوون‌ و نه‌مده‌زانی‌ سکاڵا دژی‌ کامیان بکه‌م، له‌وه‌ش زیاتر وا هات به ‌خه‌یاڵمدا که‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ کاتین‌و تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سکاڵا تۆمار بکه‌م ئه‌وکات ده‌بنه‌ بابه‌تی‌ شه‌خسی‌‌ و کۆتاییان نایه‌ت‌و خۆیشم له‌ هه‌وڵی‌ بچووککردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌که‌دا بووم نه‌ک گه‌وره‌کردنی‌، ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو وه‌ڵامی‌ هیچ پۆست‌و نامه‌و کۆمێنتێکم نه‌ده‌دایه‌وه‌.

رێگایه‌کی‌ تر ئه‌وه‌ بوو، بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌ واز له‌ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵو و بگره‌ هه‌ر واز له‌کاری‌ میدیاییش بهێنم، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستم به‌وه‌ بوو ماوه‌یه‌ک له‌و جه‌نجاڵییه‌ دوور بکه‌ومه‌وه‌ تا بڕیارێکی‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بده‌م.

بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌ واز له‌ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵو و بگره‌ هه‌ر واز له‌کاری‌ میدیاییش بهێنم

خێزانه‌که‌م برده‌وه‌ ماڵی‌ باوکی ‌‌و خۆم چوومه‌ هه‌ولێر، بۆ ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌ک فه‌یسبووکه‌که‌م ‌و ئه‌و مۆبایله‌شم داخست که‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌کان په‌یوه‌ندیان پێوه‌ کردو به‌ته‌واوی‌ خۆم له‌و که‌شه‌ ئاڵۆزه‌ دابڕی‌.

ئه‌وکات په‌یوه‌ندیم به‌سه‌ندیکای‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ کوردستانه‌وه‌ کردو ورده‌کاری‌ گرفته‌که‌م بۆ باسکردن‌و هه‌موو به‌ڵگه‌کانم خستنه‌ به‌رده‌ست، ئه‌وانش سکاڵاکه‌ی‌ منیان وه‌ک پێشێلکاریی تۆمار کرد.

له‌ هه‌ولێر بووم که‌ براکه‌م په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ کردم‌و گوتی‌ دایکم به‌ هەڕەشەکانی‌ زانیوه‌و چوار رۆژه‌ به‌هۆی‌ فشاری‌ خوێنه‌وه‌ له‌ جێگەدا که‌وتووه‌، منیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێکرا که‌ به ‌ته‌له‌فۆن دڵنه‌وایی دایکم بده‌مه‌وه‌.

media-1
مایكی ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی میدیای له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌مه‌ بڕیارێکی‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی‌ باره‌گای‌ ئاژانسه‌که‌م کرد له ‌شاری‌ هه‌ولێر‌و هه‌موو ورده‌کارییه‌که‌م بۆ گێڕانه‌وه‌، ئه‌و کات به‌رپرسی‌ به‌شی‌ سۆرانی‌ ئاژانسه‌که‌ بۆی‌ روونکردمه‌وه‌ که‌ پێشتر ئه‌مه‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسی‌ دیکه‌ش کراوه‌، به‌ڵام به‌ڕاده‌ی‌ که‌متر، هانی دام گوێ‌ به‌و هێرشانه‌ نه‌ده‌ م‌و به‌رده‌وام بم له‌ کاره‌که‌م.

منیش هه‌ر وامکرد، دوای‌ هه‌فته‌که‌ گه‌ڕامه‌وه ‌و له‌رووی‌ ده‌روونییه‌وه‌ خۆم ئاماده‌کرد بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر هێرشه‌کانداو به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر کاره‌که‌م، ئه‌وا بۆ دوومانگ ده‌چێت له‌کاری‌ خۆم به‌رده‌وامم.

سه‌یر بوو به‌لامه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌مناسن‌و ده‌زانن سیانزه‌ ساڵه‌ کاری‌ میدیایی ده‌که‌م، له‌و ماوه‌یه‌شدا چه‌ند وێستگه‌یه‌کی‌ جیاوازم تاقیکردووه‌ته‌وه‌ وه‌کو رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌‌، ته‌له‌فزیۆنی‌ که‌ی‌ ئێن ئێن‌، ئێن ئاڕ تی ‌‌و خه‌ندان، بۆچی‌ کارکردن له‌هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه‌ به‌ئاڕاسته‌ی‌ جیاوازه‌وه‌ قبوڵ بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌نادوڵو نا؟

دوو مانگه‌ من له‌و ئاژانسه‌م، تا ئێستا هیچ یه‌کێک پێی‌ نەوتووم بابه‌تێک ئاماده‌ بکه‌م که‌ به ‌دژی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ کوردی‌ بێت، هه‌موویان ته‌نیا جه‌خت له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ کاری‌ میدیایی خۆم بکه‌م، ئه‌وه‌ی‌ من ده‌یکه‌م ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌واڵ‌و زانیاریانه‌یه‌ له‌که‌رکوکه‌وه‌ که‌ بایه‌خی‌ میدیاییان هه‌یه‌.

کاتێک هێرشه‌کانی‌ به‌رامبه‌ر من ده‌کران هه‌ندێک که‌مبونه‌وه ‌و په‌رژامه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ سۆراغ بکه‌م، بۆم ده‌رکه‌وت چه‌ندین رۆژنامه‌نووسی‌ دیکه‌ش هه‌بوون به‌هۆی‌ کارکردنیان له‌ میدیا یان ئاژانسێکی‌ دیاریکراو هێرشی‌ زۆریان کراوه‌ته‌ سه‌ر.

هه‌ژار ره‌شید یه‌کێکه‌ له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی پێشووتر بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵو کاری کردوه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌ویش چه‌ندین جار هێرشی‌ کراوه‌ته‌ سه‌ر، ده‌ڵێت "کاتێک په‌یامنێری ئاژانس ئه‌نادۆڵو بووم به‌رده‌وام پێیان دەگوتم تۆ میتی تورک‌و جاسوسیت‌و زۆرجار له‌ناو خۆپیشاندان‌و گردبوونه‌وه‌کاندا ئه‌وه‌یان ده‌دا به‌چاومه‌ که‌ من سه‌ر به‌میتی تورکیم".

کاتێک په‌یامنێری ئاژانس ئه‌نادۆڵو بووم به‌رده‌وام پێیان دەگوتم تۆ میتی تورک‌و جاسوسیت

هه‌ژار ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ی‌ به‌لاوه‌ سه‌یر نییه ‌و ده‌ڵێت "ئیتر له‌ کوردستان به‌و جۆره‌یه‌، له‌هه‌ر میدیایه‌ک کار بکه‌ی قسه‌ت له‌سه‌ر ده‌کرێ، ئه‌گه‌ر له‌ده‌زگای میدیایی یه‌کێتی کار بکه‌ی ئه‌وه‌ رکابه‌ره‌کانی یه‌کێتی قسه‌ت پێ ده‌ڵێن‌و ئه‌گه‌ر له‌ده‌زگایه‌کی گۆران کار بکه‌یت ئه‌وه‌ رکابه‌ره‌کانی حزبه‌که‌ قسه‌ت پێ ده‌ڵێن ئه‌م نموونانه‌ بۆ هه‌موو ده‌زگاکان راستن و بایی خۆی قسه‌ت پێ دەگوترێ".

ozhin. jolla
رۆژنامەنوس ئۆژین جۆڵا، لەكاتی كاری رۆژنامەوانیدا

چه‌ند رۆژنامه‌نووسێکی‌ تر هه‌ن قسه‌که‌ی‌ هه‌ژار پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه‌، هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ به‌هۆی‌ کارکردنیان له‌ده‌زگایه‌کی‌ دیاریکراو هێرشی‌ زۆریان کراوه‌ته‌ سه‌ر.

زانیار جومعه‌ که‌ پێشووتر پێشکه‌شکاری به‌رنامه‌بوو له‌ که‌ناڵی که‌ی‌ ئێن ئێن به‌ڵام دواتر چووه‌ که‌ناڵی عێراقیه‌ی کوردی، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ هێرشێکی‌ زۆر بووه‌ته‌وه‌، زانیار ده‌ڵێت "پاش رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ر چوومه‌ که‌ناڵی عێراقییه‌، ئه‌وکات نێوانی حکومه‌تی هه‌رێم‌و به‌غدا زۆر خراپبوو، زۆرجار پێیان ده‌گوتم تۆ جاشی عێراقی‌و کار بۆ عێراقییه‌ ده‌که‌ی که‌ دژ به‌کورده‌، ئه‌م قسانه‌م رووبه‌روو پێ ده‌وترا‌و زۆرجاریش له ‌کۆمێنت بۆیان ده‌نووسیم تۆ جاشی عێراقی".

له‌ چه‌ند هاوڕێیه‌کی‌ دیکه‌شم بیستووه‌ که‌ له ‌که‌ناڵی‌ رووداو کارده‌که‌ن، باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ کاتێک چوونه‌ته‌ رووداو له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی‌ هه‌ندێ‌ له ‌حزبه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌ هێرشیان کراوه‌ته‌ سه‌ر، ته‌نانه‌ت تا ئه‌و کاته‌ی‌ زۆر نێوانی‌ رووداو و رۆژئاوای‌ کوردستان توندوتۆڵ نه‌بووه‌ زۆرکه‌س پێیان گوتوون "جاشی‌ تورکیا" به‌ڵام ئێستا ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ زۆر به ‌که‌می‌ ماون.

ئێستا له‌ناو که‌رکوکدا په‌یامنێری‌ ده‌یان ده‌زگای‌ میدیایی‌و ئاژانس هه‌ن به ‌کوردی‌‌و عێراقی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و بیانییه‌وه‌، جگه‌ له‌ که‌ناڵه‌ کوردی‌‌و عێراقییه‌کان، ئاژانسه‌کانی‌ رۆیته‌رزو ئه‌ی‌ په‌ی‌ پی‌‌و فرانس پرێس‌و ئه‌نادۆڵو و عه‌ره‌ب 24‌و چه‌ندین ئاژانسی‌ دیکه‌ هه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌هۆی‌ ناکۆکی‌ سیاسییه‌وه‌ زیاتر هه‌موو چاوه‌کان له‌سه‌ر ئه‌نادۆڵو بوون.

به ‌تێپه‌ڕبوونی‌ کات توانیم بۆ هه‌ندێکیان بسه‌لمێنم که‌ کاره‌که‌ی‌ من کارێکی‌ میدیایی روون‌و ره‌وانه‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌"سیخوڕی"یه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام هه‌ندێکی‌ دیکه‌ش هه‌ن نه‌ک به‌ دوو مانگ، به‌ دوو ساڵ‌و بیستی‌ دیکه‌ش ئه‌وه‌ ناسه‌لمێنن.

ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵو – له‌ زمانی‌ باودا پێی‌ ده‌گوترێت ئه‌نادۆڵ به‌ڵام ئاژانسه‌که‌ له‌به‌شی‌ کوردی‌ به‌(ئه‌نادۆڵو) خۆی‌ ناساندووه‌- له‌نیسانی‌ ساڵی‌ 1920 دامه‌زراوه‌و ئه‌مساڵ یادی‌ سه‌د ساڵه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ کرده‌وه‌، له‌سه‌رانسه‌ری‌ دنیادا حه‌وت هه‌زار ئابوونه‌داری‌ هه‌یه‌و به‌ یانزه‌ زمانی‌ جیاواز رۆژانه‌ چوار هه‌زار هه‌واڵ بڵاوده‌کاته‌وه‌.

بۆ وه‌رگرتنی‌ باری‌ سه‌رنجی‌ ئه‌نادۆڵو له‌باره‌ی‌ ئه‌م هێرشانه‌، په‌یوه‌ندیم به‌به‌رپرسانی‌ به‌شی‌ سۆرانی‌ ئاژانسه‌که‌وه‌ کرد، به‌ڵام پێیان باشبوو هیچ لێدوانێک نه‌ده‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT