99 رۆژ زیندانیکردن بەبێ بڕیاری دادگا

هاوكار حسێن خه‌ڵكی شاری دوزخورماتووه‌، سه‌رقاڵی ڕووماڵكردنی شه‌ڕی نێوان داعش و پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی كه‌ركوك فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

 هێمن شوان*

رۆژنامه‌نووسان له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان زۆر عه‌زێت دراون، برینداربوون، تیرۆركراون، ده‌ستگیركراون، به‌ڵام ره‌نگه‌ كه‌م دۆسێ هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ من بێت، به‌هۆی‌ پیشه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ بەدوو جاری جیاواز نزیكه‌ی‌ چوار مانگی‌ ره‌به‌ق له‌زینداندا بووم.

کارکردن وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد یان کارکردن لە دەزگایەکی میدیایی بێلایەن و ئۆپۆزسیۆن لەم دەڤەرەدا خۆی کارێکی پڕ لە بەربەست و کێشە. بۆ سێ‌ ساڵ ده‌بوو له‌كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن‌و میدیای‌ گۆڕان له‌ناحیه‌ی‌ شیلادزێی‌ سه‌ر به‌قه‌زای‌ ئامێدی‌ پارێزگای‌ دهۆك كارم ده‌كرد‌، ناوه‌ ناوه‌ش بۆ دەزگای میدیایی تر کە لەلایەن دەسەڵاتەوە نەخوازرابوون، کارم دەکرد. ئه‌م كاره‌ی‌ من ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ناڕه‌حه‌ت كردبوو، رۆژێك ژماره‌یه‌ك ئاسایش هاتنه‌ ماڵه‌وه‌و به‌بیانووی‌ گفتوگۆ بردیانمه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێم له‌ماڵ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای‌ 99 رۆژ ماڵه‌وه‌م بینییه‌وه‌.

رۆژی‌ 20ی حوزه‌یرانی‌ 2020 له‌شیلادزێ‌ خۆپیشاندانێكی‌ فراوان دژی‌ بۆردومانه‌كانی‌ توركیا له‌ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌و رۆژه‌ منیش وه‌ك زۆربه‌ی‌ گه‌نجی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌م به‌شداربووم له‌خۆپیشاندانه‌كه‌و هه‌م به‌كامێراكه‌م وێنه‌و ڤیدیۆم ده‌گرت‌و دواتر ناردم بۆ یەکێک لە کەناڵەکان، چونكه‌ ئه‌و ده‌مه‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن له‌په‌خش وه‌ستابوو.

راسته‌ به‌ زه‌بری‌ هێز خۆپیشاندانه‌كه‌ بڵاوه‌ی‌ پێكرا، به‌ڵام بۆ من هه‌موو شتێك ئاسایی رۆیشت تاكو رۆژی‌ 26 مانگ، ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ سه‌عات 10ی‌ به‌یانی‌ چوار ئاسایش هاتنه‌ ماڵمان، كه‌ دوانیان به‌رگی‌ مه‌ده‌نی‌‌و دوانیان جلی‌ ئاسایشیان له‌به‌ردا بوو، ئه‌وكات من له‌خه‌ودا بووم كه‌ به‌خه‌به‌ریان هێنام، وتیان "مامۆستا" بانگت ده‌كات، كه‌ مه‌به‌ستیان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایش بوو، منیش ره‌تم كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان بڕۆم‌و وتم ده‌بێ‌ فه‌رمانی‌ دادگا بهێنن، چونكه‌ پێشتر ئه‌زموونی‌ له‌م شێوه‌یه‌م بینیبوو، چه‌ندو چونی‌ زۆر كرا ئه‌وان پێداگریان ده‌كرد كه‌ بچم‌و منیش ده‌موت نایه‌م، تا ئه‌وه‌ی‌ سوێندیان خوارد كه‌ مامۆستا تەنیا 10 خوله‌ك كاری‌ پێمه‌و ئیزنم ده‌دات.

منیش له‌گه‌ڵ مامێکم له‌گه‌ڵیان كه‌وتمه‌ ڕێ‌، له‌وێ‌ له‌بنكه‌ی‌ ئاسایش له‌یه‌كیان دابڕین، له‌ یه‌كه‌م قسه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ داوای‌ مۆبایله‌كه‌میان كردبوو، من به‌روونی‌ پێم وتن ئه‌گه‌ر ده‌ ساڵیش زیندانیم بكه‌ن مۆبایلم له‌گه‌ڵ خۆم نه‌هێناوه‌و ناتانده‌مێ‌، چووبوون ماڵه‌وه‌ش گه‌ڕابوون هه‌ر نه‌یانبینیبووه‌وه‌.

له‌ یه‌كه‌م قسه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ داوای‌ مۆبایله‌كه‌میان كردبوو، من به‌روونی‌ پێم وتن ئه‌گه‌ر ده‌ ساڵیش زیندانیم بكه‌ن مۆبایلم له‌گه‌ڵ خۆم نه‌هێناوه‌و ناتانده‌مێ‌، چووبوون ماڵه‌وه‌ش گه‌ڕابوون هه‌ر نه‌یانبینیبووه‌وه

له‌بێنه‌و به‌رده‌ی‌ مۆبایله‌كه‌ كه‌ هیچیان ده‌ستگیرۆ نه‌بوو، توره‌كه‌یه‌كی‌ ره‌شیان كرده‌ سه‌رم‌و ده‌ستیان كه‌له‌پچه‌ كردم‌و به‌شه‌ق‌و تێهه‌ڵدان‌و بردیانمه‌ ناو ئۆتۆمبێلێك‌و بۆ جێیه‌كی‌ نادیار گواسترامه‌وه‌، دواتر زانیم ئه‌وه‌ی‌ بۆی چووم  ئاسایشی‌ گشتی‌ دهۆكه‌.

14552019_sardashteea
هەولێر/ 2010/ خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی كوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان. وێنەكە لە پەیجی بەشدار عوسمان برای سەردەشت عوسمانەوە وەرگیراوە

یه‌كه‌م رۆژ له‌ئاسایشی‌ دهۆك له‌جێیه‌ك دایاننام كه‌ سه‌ری‌ به‌تاڵ بوو، له‌قرچه‌ی‌ هاوینی‌ مانگی‌ حوزه‌یراندا به‌درێژایی رۆژ هه‌تاو ده‌یدا له‌سه‌رم، دوای‌ سێ‌ رۆژ گواستیانمه‌وه‌ بۆ زیندانی‌ ئینفیرادی‌‌و له‌رۆژی‌ پێنجه‌مدا بۆ یه‌كه‌مجار بانگیان كردم بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.

چومه‌ ژووری‌ لێكۆڵینه‌وه‌، نه‌مده‌زانی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات كێیه‌و چ كاره‌یه‌، چونكه‌ چاوم به‌سترابوو، به‌ده‌نگی‌ به‌رز‌و به‌توڕه‌ییه‌وه‌ لێی‌ پرسیم: ده‌زانی‌ له‌سه‌ر چی‌ ده‌ستگیركراویت؟: منیش وتم ده‌زانم ماده‌ی‌ هۆشبه‌رو دزی‌‌و په‌كه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵام نازانم چییه‌؟ بێگومان بۆیه‌ ئه‌و گومانانه‌م باسكرد، چونكه‌ ئه‌وه‌ گومانه‌ حازره‌كانن بۆ ده‌ستگیركردنی‌ رۆژنامه‌نووس‌و چالاكوانانی‌ ناوچه‌كه‌.

وتی‌ تۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ستگیركراویت كه‌ خۆپیشاندانی‌ شیلادزێت رێكخستووه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش تۆمه‌تێكی‌ ناڕاست بوو، بۆیه‌ ره‌تم كرده‌وه‌، ئه‌و سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ من رێكخه‌ری‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ بووم‌و پلان هه‌بووه‌ باره‌گای‌ پارتی‌ بسووتێنین، دوای‌ 20 ده‌قیقه‌ ناردیانمه‌وه‌ بۆ زیندانه‌كه‌م.

وتی‌ تۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ستگیركراویت كه‌ خۆپیشاندانی‌ شیلادزێت رێكخستووه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش تۆمه‌تێكی‌ ناڕاست بوو

10 ده‌قیقه‌ بوو كه‌ له‌زیندان مابوومه‌وه‌، جارێكی‌ تر بانگیان كردم بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ تۆمه‌ته‌كه‌ گۆڕا، وتیان تۆ پاره‌ت لە کەسێک وه‌رگرتووه‌و كه‌سانێكت پێ‌ به‌رداوه‌، ئه‌وانه‌ش هەمووی دووربوون لە ڕاستی، بۆیه‌ هه‌موویم ره‌تده‌كرده‌وه‌ و هیچ بەڵگەیەکیان بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتانە پێ نەبوو.

دواتر هه‌مان كه‌س پێی‌ وتم ئه‌گه‌ر ئیمزا له‌سه‌ر به‌ڵێننامه‌یه‌ك بكه‌م كه‌ به‌شداری‌ هیچ چالاكییه‌ك ناكه‌م لێم ده‌گه‌ڕێن، منیش ئیمزاكردنی‌ نووسراوێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌م ره‌تكرده‌وه‌.

ئه‌و كه‌سه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ من ده‌كرد به‌مه‌ زۆر نیگه‌ران بوو، بۆیه‌ به‌گرژییه‌وه‌ بانگی‌ كرد كه‌ بمبه‌نه‌وه‌ بۆ زیندان، 28 رۆژ له‌زیندان مامه‌وه‌، ئینجا گواستیانمه‌وه‌ بۆ زیندانێکی تر و باقی‌ رۆژه‌كانی‌ دیكه‌م له‌وێ‌ له‌ناو چه‌ند به‌ندكراوێكدا ته‌واوكرد كه‌ هه‌ندێكیان به‌تۆمه‌تی‌ په‌كه‌كه‌و هه‌ندێكی تریان به‌تۆمه‌تی‌ تیرۆرو هه‌روه‌ها به‌تۆمه‌تی‌ جیاوازی‌ دیكه‌ له‌وێ‌ گیرابوون.

به‌گشتی‌ قاوشه‌كه‌ حه‌وت كه‌سی‌ تێدابوو، هه‌ندێكی نوێ‌ ده‌هاتن‌و هه‌ندێكی‌ كۆن ده‌رده‌چوون، به‌و شێوه‌یه‌ هه‌تا 5ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2020 مامه‌وه‌و دواتر به‌كه‌فاله‌تی‌ 10 ملیۆن دینار ئازادكرام هه‌تا رۆژی‌ دادگایی كردن.

وه‌ك وتم ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نه‌بوو من ده‌ستگیر بكرێم، هه‌ر له‌مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵ له‌نێوان 6 بۆ 26ی‌ ئه‌و مانگه‌ له‌دهۆك به‌تۆمه‌تی‌ بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ لایەنێکی سیاسی ده‌ستگیر كرابووم كه‌ بێگومان ئه‌مه‌شیان تۆمه‌تێكی‌ ناڕاست بوو.

له‌ماوه‌ی‌ زیندانی كردنه‌كه‌مدا چه‌ند پارێزه‌رێكی‌ خۆبه‌خشم هه‌بوون، به‌ڵام له‌ژێر فشاردا كشانه‌وه‌.

لە مانگی‌ 10 له‌ دادگای‌ دهۆك به‌سێ‌ مانگ زیندانی‌ به‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ ئاسایش خستبوویه‌ پاڵم حوكم درام، به‌ڵام من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ جاری‌ یه‌كه‌م 20 رۆژو جاری‌ دووه‌م 99 رۆژ به‌بێ‌ دادگایی ده‌ستگیر كرابووم، بۆیه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌م بۆ هه‌ژمار كراو ئازادكرام.

له‌راستیدا من مانگێك زیاتر له‌حوكمه‌كه‌م له‌زینداندا بووم، بۆیه‌ ئێستا دادگا مانگێك قه‌رزداری‌ منه‌.

تا کاتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکی پێشلکارییانە، من ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری دەزگا ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیەم. بەجۆرێک نەک هەر خۆم بەڵکو چاودێریان خستووەتە سەر کەسە نزیکەکانم. هەر کاتێک کە ئەگەری چالاکییەکی مەدەنی وەک گردبوونەوە و خۆپیشاندان لەم دەڤەرە هەبێت، ڕاستەوخۆ من دەبم بە یەکێک لەو کەسانەی کە دەزگا ئەمنییەکان تۆمەتی جۆراوجۆر و ناڕاست دەخەنە پاڵم.

*هێمن شوان، ناوی‌ خوازراوی‌ ئەو رۆژنامه‌نووسه‌‌یه‌، کە له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی، ئەو ناوە خوازراوە بەکارهاتووە. ‌‌-ئیدیته‌ر-

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT