لەژێر هەڕەشە و فشاردا ناچارکرام واز لە کارەکەم بهێنم

فۆتۆ: CoWomen، ئەم وێنەیە لە ماڵپەری unsplash وەرگیراوە لە 22ی نیسانی 2020

ئاشنا محه‌مه‌د*

گێچه‌ڵی‌ سێكسی‌، تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌، ناوزڕاندن، رێگریی‌ ‌و سوكایه‌تی‌ پێكردن، ئه‌مه‌ هه‌موی له ‌چیرۆكی‌ كاركردنی‌ مندا جێی‌ ده‌بێته‌وه‌ ساڵانێكی‌ زۆر نییه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نوس كارده‌كه‌م.

كاری‌ رۆژنامه‌نوسی‌ بۆ پیاوان زۆر ئاسته‌م ‌و پڕ زه‌حمه‌ته‌، جا چ جای‌ بۆ ژنان كه‌ له‌پاڵ هه‌موو رێگرییه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كان ناوزڕاندن ‌و گێچه‌ڵی‌ سێكسیشی‌ دێته‌سه‌ر.

گێچه‌ڵی‌ سێكسی‌ له‌شوێنی‌ كاردا

سه‌ره‌تای‌ كاركردنم بوو له‌بواری‌ میدیا به‌هۆی‌ پیشه‌كه‌مه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ گێچه‌ڵێكی‌ سێكسی‌ رون‌ و ره‌وان بومه‌وه‌.

ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ی‌ ریداوه‌ شتێكی‌ تازه‌ نه‌بێت، چونكه‌ له‌چه‌ند خانمێكی‌ دیكه‌ی‌ میدیاكارم بیستووه‌ كه‌ ئه‌وانیش له ‌شوێنی‌ كاره‌كه‌یان یان به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یانه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ گێچه‌ڵی‌ سێكسی‌ بونه‌ته‌وه‌.

ساڵی‌ 2012 له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان سیڤییه‌كه‌م پێشكه‌ش كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێ‌ كار بكه‌م، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و قۆناغه‌م به‌سه‌ركه‌وتویی تێپه‌ڕاند ‌و یه‌كه‌مین كارم بڵاوبۆوه‌، كه‌سێكی‌ به‌رپرس له‌وێ‌ بابه‌تی‌ مانه‌وه‌ی‌ منی‌ گرێدایه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ سێكسی‌ له‌گه‌ڵ بكه‌م، بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ كه‌ناڵه‌كه‌م جێهێشت.

ئه‌مه‌ ئازایه‌تی‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ناچاریدا منیش وه‌كو به‌شێكی‌ زۆر له‌و خانمانه‌ی‌ روبەڕوی‌ گێچه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌، بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد، هه‌موو جارێكیش هۆكاره‌كه‌ یه‌كه‌: كاتێك باسی‌ ده‌كه‌ین له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ پشتگیری‌ بكرێین، دیسانه‌وه‌ خۆمان له‌ چاوی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌بینه‌وه‌ قوربانی‌.

له‌ناچاریدا منیش وه‌كو به‌شێكی‌ زۆر له‌و خانمانه‌ی‌ روبەڕوی‌ گێچه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌، بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌م جێهێشت بۆ ماوه‌ی سێ‌ مانگ له‌كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن كارم كرد، پێشتریش بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك وه‌ك په‌یامنێر له‌كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ كارمكردبوو، پێش ئه‌وه‌ش دیسان ساڵێك وه‌ك نوسه‌ری‌ ده‌نگوباس له‌كه‌ناڵی‌ بادینان سات بوم.

به‌هۆی‌ هه‌ڕه‌شه‌و فشاره‌وه‌ وازم له‌كاره‌كه‌م هێنا

ساڵی‌ 2013 له ‌نوسینگه‌ی‌ دهۆكی‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن كارم ده‌كرد، ماوه‌یه‌كی‌ زۆر نه‌بوو له‌وێ‌ به‌رده‌وام بوم كه‌ راسپێردرام بۆ روماڵكردنی‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت له‌بنكه‌یه‌كی‌ قه‌زای‌ ئامێدی‌.

ده‌نگدانه‌كه‌ دوو رۆژ پێش ده‌نگدانی‌ گشتی‌ بوو، واته‌ له‌ 19ی‌ ئه‌یلولی‌ به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وكات بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له ‌كاریگه‌رترین بزوتنه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بوو، كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن-یش كه‌ زمانحاڵی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو دژایه‌تییه‌كی‌ زۆر ده‌كرا.

rozhnamanus-1
سلێمانی/ 2015" دوو رۆژنامه‌نوس له‌كاتی رۆماڵی خۆپیشاندانی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

ئێمه‌ تیمێك بوین له‌گه‌ڵ وێنه‌گری‌ كه‌ناڵه‌كه‌ (شوكری‌ رێكانی‌) ره‌حمه‌تی‌ كه‌ سێ‌ ساڵ دواتر له‌ روداوێكی‌ ته‌مومژاویدا گیانی‌له‌ده‌ستدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ چوینه‌ بنكه‌كه‌ رێگریمان لێكراو به‌رپرسی‌ بنكه‌كه‌ كه‌ پله‌دارێكی‌ سه‌ربازیی بوو هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكردین ‌و وتی‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ جێبهێڵین، ئێمه‌ش له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌ خۆمان دوركه‌وتینه‌وه‌ و خۆمان شارده‌وه‌.

رێبوار ناوی‌ خوازراوی‌ رۆژنامه‌نوسێكه‌ كه‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ده‌زگایه‌كی‌ جیا له‌وه‌ی‌ (ئاشنا) كاری‌ ده‌كردو شایه‌ت بوو به‌سه‌ره‌ روداوه‌كه‌وه‌، ده‌ڵێت "ئه‌و به‌رپرسه‌ زۆر به‌توندی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌..... كردو ئیتر دیاربوو ژیانی‌ .... له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌"، ئێستا ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ به‌هۆی‌ گۆڕینی‌ شوێنی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ نایه‌وێت ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ ئاشكرا بكات.

هه‌ڕه‌شه ‌و فشارو رێگرییه‌كان به‌رده‌وام بون، من له‌ زانكۆیه‌كی‌ ئه‌هلی‌ ده‌مخوێند و به‌رده‌وام دژایه‌تی‌ ده‌كرام ‌و نمره‌كانم ده‌هێنرایه‌ خواره‌وه‌، له‌هه‌موو دام‌و ده‌زگا حكومییه‌كانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كارم رایی نه‌ده‌كرا، ده‌چومه‌ هه‌ر شوێنێك ده‌یانوت: "ئه‌وه‌ تۆ په‌یامنێره‌كه‌ی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن-یت؟" وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كاركردن له‌گه‌ڵ كه‌ی‌ ئێن ئێن تاوان بێت.

ئیتر زانیم كه‌ڵكی‌ كاركردن نه‌ماوه‌، بۆیه‌ له‌ژێر فشاردا وازم له‌و كه‌ناڵه‌ هێنا.

كاتێك ئیدیته‌ری‌ ئه‌م راپۆرته‌ داوای‌ له‌ (ئاشنا) كرد سه‌رنجی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ بزانێت له‌باره‌ی‌ وازهێنانیه‌وه‌، ئه‌میر گۆران به‌رپرسی‌ نوسینگه‌ی‌ دهۆكی‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن له‌نامه‌یه‌كدا نوسیبوی‌ ".... ....  لەو ماوەیەی کە وەکو پەیامنێر لە نوسینگەی دهۆکی کەناڵی KNN کاری دەکرد بوێرانە و دڵسۆزانە کارەکانی ڕادەپەڕاند و حەزو ئارەزوی لەوە زیاتری هەبوو، بەڵام بەهۆی بەربەست ‌و رێگرییەکانی بەردەمی ناچاركرا دەست لەکاری خۆی بەردات‌و ژیانی خۆی لەجیاتی پێشەی خۆی هەڵبژێرێت ".

شه‌ڕ له‌ فه‌یسبوكه‌وه‌

له‌وه‌ته‌ی‌ وەک رۆژنامەنوس کاردەکەم رێگری زۆرم بۆ دروستبووە، كار به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، له‌ڕێی‌ فه‌یسبوكه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ رێكخراو له‌دژی‌ من به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ ناوزڕاندنم، كاسانێك به‌ناوی‌ منه‌وه‌ ئه‌كاونتی‌ فه‌یسبوك ده‌كه‌نه‌وه‌و نامه‌ بۆ هاوڕێكانم ده‌نێرن ‌و داوای‌ پاره‌یان لێده‌كه‌ن.

یاخود هه‌ندێ‌ پۆست ‌و وێنه‌ به‌ناوی‌ منه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌موو مه‌به‌ستیان ناوزڕاندن ‌و سوكایه‌تی‌ پێكردنه‌، چه‌ندم كردووه‌ نه‌متوانیوه‌ بزانم ئه‌وانه‌ كێن، له ‌بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ ناوچەکەی خۆمان سكاڵام تۆماركرد، ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بوو، دواتر له ‌بنكه‌یه‌كی‌ دهۆك سكاڵام تۆماركرده‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كۆرۆناوه‌ رێوشوێنه‌كان باش نه‌چون به‌ڕێوه‌، ئێستا ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سانه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌ستگیرنه‌كراون.

سۆران ناوی‌ خوازراوی‌ پارێزه‌ره‌كه‌مه‌، له‌م دۆسێیه‌دا، كه‌ به‌رودی‌ چاودێری‌ ئه‌كاونته‌كه‌ی‌ كردووه‌، زانیوێتی‌ كه‌ نامه‌یان بۆ چه‌ندین هاوڕێم ناردووه ‌و داوای‌ پاره‌و كارتی‌ مۆبایل ‌و ئینته‌رنێتیان كردووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ تاوانه‌و ده‌بێت بكه‌ره‌كانی‌ ده‌ستگیر بكرێن".

باش ده‌زانم هه‌موو ئه‌م كارانه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌پیشه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن ده‌شزانن ئاسانترین رێگا بۆ لێدانی‌ رۆژنامه‌نووسه‌ كچه‌كان ناوزڕاندنه‌، بۆیه‌ په‌نای‌ بۆ ده‌به‌ن.

له‌دهۆك كه‌سانێك هه‌ن كه‌ خۆیان ئاشكرا ناكه‌ن‌و وه‌ك شاره‌زای‌ بواری‌ ئینته‌رنێت خۆیان ده‌ناسێنن، ئه‌وان ده‌ڵێن كه‌ ده‌توانن ئه‌كاونته‌كان بسوتێنن‌و بكه‌ره‌ش بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام داوای‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر ده‌كه‌ن كه‌له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ مندا نییه‌.

وازیشم هێناوه‌، به‌ڵام لێم ناگه‌ڕێن

له‌ژێر فشاره‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كان به‌ته‌واوی‌ له‌كاری‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ دوور كه‌وتمه‌وه‌و ئێستا ناوه‌ ناوه‌ بۆ وێبسایته‌ كوردییه‌كان ده‌نوسم، به‌ڵام ئێستاش به‌شداری‌ هه‌ر جموجۆڵێكی‌ میدیایی بكه‌م فشارێكی‌ زیاترم ده‌خرێته‌ سه‌ر.

رۆژی‌ 13ی‌ ئابی‌ ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس ‌و چالاكوان كه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ 10 كه‌س، چوینه‌ گۆڕستانی‌ شاخکێ له‌دهۆك بۆ ئه‌وه‌ی‌ یادی‌ چوار ساڵه‌ی‌ تیرۆركردنی‌ شه‌هید وه‌دات حسێن بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌ر له‌ گه‌یشتنی‌ ئێمه‌ هێزێكی‌ زۆری‌ ئه‌منی‌ له‌ناو گۆڕستانه‌كه‌دا بون بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌هێڵن كه‌س بچێته‌ ئه‌وێ‌.

من تاكه‌ كچ بوم له‌ناو ئاماده‌بواندا، چه‌ند خوله‌كێك پێش كاتی‌ دیاریكراوی‌ یادكردنه‌وه‌كه‌ به ‌ته‌كسی گه‌یشتمه‌ شوێنه‌كه‌، یه‌كسه‌ر شه‌ش چه‌كداری‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان لێم هاتنه‌ پێشه‌وه ‌و وتیان ده‌بێ‌ ئه‌وێ‌ جێبهێڵم، كه‌مێك وه‌ستام تا هه‌ڤاڵه‌كانی‌ دیكه‌ هاتن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتر له‌و چه‌كدارانه‌ له‌من نزیكبونه‌وه ‌و پله‌داره‌كه‌یان بوو به‌ده‌نگی‌ به‌رز كه‌وته‌ جنێودان ‌و سوكایه‌تی‌ پێكردنم، مۆبایله‌كانیان لێسه‌ندین ‌و هه‌مویان پشكنی‌ ‌و وتیان بڕۆن له‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ (گرێباز) وه‌ریبگرنه‌وه‌، دوای‌ پێنج كاتژمێر ئینجا مۆبایله‌كانیان داینه‌وه‌، له‌وێش پاش پرسیاری‌ ناو ناونیشان ‌و وه‌رگرتنی‌ ژماره‌ی‌ ته‌له‌فۆن، ئینجا رێیاندا بڕۆین، به‌ڵام سێ‌ هه‌ڤاڵی‌ دیكه‌مان ده‌ستگیركران.

مه‌سعود هادی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ژوی‌ هه‌واڵ بوو له‌كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن ‌و ئه‌و رۆژه‌ یه‌كێك بوو له ‌ئاماده‌بوانی‌ مه‌راسیمه‌كه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "لەرۆژی یادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن رۆژنامەنوسی شاری دهۆک، بەشێک لە رۆژنامەنوسان‌و چالاکوانی دهۆک لەو رۆژە ئامادەکاری کرابوو کە لەیادی تیرۆرکرنی لەسەر گۆڕەکەی لەگۆرستانی شاخکێ لەناو شاری دهۆک بەیانامە دەربکەن‌و داوای ئاشکراکردنی بکوژانی وەدات حسێن بکەن، بەڵام لەلایەن هێزی ئەمنیەکانی شاری دهۆک هەر دوو دەرگای گۆرستانی شاخکێیان داخست رێگەیاننەدا چالاکیەکە بەڕێوەبچیت‌و چەند رۆژنامەنوس چالاکوانیشیان دەست بەسەرکران ".

من ئه‌و كاته‌و ئێستاش په‌یوه‌ندیم به‌چه‌ند كه‌سێكی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان كرد له‌ناوچه‌كه‌، به‌ڵام كه‌سیان ئاماده‌ نه‌بوون نه‌ هاوكاریم بكه‌ن نه‌ لێدوان بۆ ئه‌م راپۆرته‌ بده‌ن.

وه‌دات حسێن

تیرۆركردنی‌ رۆژنامه‌نووس وه‌دات حسێن له‌و رووداوانه‌ بوو كه‌ ساڵی‌ 2016 ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ زۆری‌ لێكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ راسته‌ چه‌ندین جاری‌ دیكه‌ پێشێلكاری‌ زه‌ق به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌دهۆك ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام ئه‌م رووداوه‌یان زۆر جیاوازتربوو له‌وانی‌ دیكه‌.

وه‌دات حسێن له‌ 13ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2016 له‌گه‌ڕه‌كی‌ ماڵتای‌ دهۆك، كه‌ قه‌ره‌باڵغترین گه‌ڕه‌كی‌ ئه‌و شاره‌یه‌، له‌لایه‌ن دوو ئۆتۆمبێله‌وه‌ رفێنراو دواتر كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئازادی‌ شاری‌ دهۆك ته‌رمه‌كه‌یان وه‌رگرته‌وه‌ كه‌ شوێنه‌واری‌ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی‌ زۆری‌ پێوه‌ دیاربوو.

وه‌دات حسێن له‌ئاژانسی‌ رۆژ نیوزی‌ نزیك له‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان كاری‌ ده‌كرد، كه‌سوكاره‌كه‌یی‌و ئاژانسه‌كه‌شی‌ هۆكاری‌ تیرۆركردنه‌كه‌یان گرێدایه‌وه‌ به‌پیشه‌كه‌یه‌وه‌.

ئاژانسی‌ رۆژ نیوز ئه‌وكات له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردبوو كه‌ پێشتر چه‌ند جارێك وه‌دات له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ دهۆكه‌وه‌ بانگكراوه‌و لێپێچینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كراوه‌.

ئه‌مه‌ی‌ خوێندتانه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌چیرۆكی‌ قۆناغی‌ ژیانی‌ كچێكی‌ رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ژینگه‌یه‌كی‌ زه‌حمه‌تی‌ كاركردندا، تائێستا هه‌موو ئه‌وانه‌م به‌سه‌رهاتووه‌و ناشزانم چی‌ دیكه‌ چاوه‌ڕێم ده‌كات.

*ئاشنا محه‌مه‌د، ناوی‌ خوازراوی‌ كچه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌یه‌، له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌‌و له‌سه‌ر داوای‌ خۆی‌ ناوی‌ شاردرایه‌وه‌ -ئیدیته‌ر-

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT