سكاڵاش ئەنجامی نەبوو

بابان ئەنوەر، كاتێك پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی بوو لە قەزای دەربەندیخان. فۆتۆ: ئەكاونتی بابان ئەنوەر

بابان ئه‌نوه‌ر

ئه‌زمونێکی‌ تاڵ له ‌هه‌ڕه‌شه‌وه‌ تا هه‌وڵی‌ رفاندن

دواهەمینجار کە چومە بنکەی پۆلیس، پۆلیسی بەردەرگاکە وتی ببورە، گەورەم وتویەتی ئەو کوڕە هات جارێکی تر مەیکەنە ژورە..! لە پەنجەرە بچوکەکەی قولەکەوە پۆلیسێکی تر دەستی درێژکرد و سکاڵاکەی دایەوە دەستم پێی وتم "ئەم وەرەقانەش بەرەوە با لێرە نەبێت بەژێر پێوە".

ئه‌مه‌ دواهه‌مین ئه‌نجام بو که‌ له ‌بێنه ‌و به‌رده‌یه‌کی‌ زۆر له‌گه‌ڵ دادگا و پۆلیسخانه‌کان ده‌ستم که‌وت، من ویستم دۆسییەی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ پێشێلکاریی به‌رانبه‌ر رۆژنامه‌نوسان وه‌ک هه‌موو دۆسییەکانی‌ تر تێپه‌ڕ نه‌کات ‌و لە‌ڕێی‌ دادگاوه‌ هه‌قی‌ خۆم وه‌ربگرم، به‌ڵام له‌مه‌شیاندا بێ ئه‌نجام بوم.

هەموو ئەوانەی بەسەرم هات هەر لەهەڕەشە و جنێوپێدان ‌و رێگەپێگرتن ‌و گرفت بۆ دروستکردنم بەهۆی ئەوەوە بوو کە چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانیم لەسەر ژمارەیەک بەرپرس بڵاوکردەوە کە له‌ قه‌زای‌ ده‌ربه‌ندیخان (باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌) زەویی ‌و موڵک ‌و ماڵی گشتیان بۆ بەرژەوه‌ندی‌ خۆیان بەکار ده‌هێنا و بەدەیان هەزار دۆنم زەوی گەشتیاریان داگیر کردبو.

ڕاپۆرتەکان که‌ له ‌مانگه‌کانی‌ ئاب‌ و ئه‌یلول ‌و سەرەتای تشرینی‌ یه‌که‌می‌ ساڵی‌ ٢٠١٥ به‌ زنجیره‌ له‌ که‌ناڵی‌ (NRT) بڵاوم ده‌کردنه‌وه،‌ نەبون بەسەرچاوەی گەڕاندنەوەی ئەو موڵکە گشتیانە بۆ حکومەت‌ و هاوڵاتیان، چونکە تا ئێستاش بەشێکی زۆریان هەر بە داگیرکراوی ماونەتەوە، بەڵام بونه‌ به‌ڵگه‌ بۆ ژمارەیە بەرپرسی تر کە بۆ ململانێی سیاسی ‌و تەکەتولاتی ناوخۆیی حیزبی وەک چەکێکی فشار بەرامبەر نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنا، تاکو وای لێهات هەندێ بەرپرس سزای سیاسی ‌و حیزبی ‌و ئیداری دران ‌و چەند کەسێکیان لە پۆستی ئیداری دورخرانەوە.

ئه‌و زنجیره‌ راپۆرته‌ که‌ هه‌موی‌ به‌به‌ڵگه ‌و داتا و ژماره‌ی‌ ورد و ناوی‌ که‌سه‌کانه‌وه‌ خرانه‌ رو، چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێ ده‌کرا ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان سودی‌ لێببینن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ موڵک ‌و ماڵه‌ گشتییه‌کان‌، که‌چی‌ بێ‌ ویستی‌ خۆمان ئێمه‌ی‌ ڕاکێشایه‌ ناو ململانێیه‌که‌وه ‌و به ‌چه‌ندین شێوازی‌ ڕوبه‌ڕوی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بوینه‌وه‌.

دڵنیابه‌ به ‌سزای‌ خۆت ده‌گه‌یت ‌و باجی‌ ئه‌و ده‌مدرێژیته‌ ئه‌ده‌یته‌وه‌... وه‌ک....ئه‌تتۆپێنین

یه‌کێک لەو ‌نامانەی که‌ له ‌ڕێی‌ ماسنجه‌ری‌ فه‌یسبوکه‌وه‌ بۆ ڕۆژنامه‌نوسی‌ ئاماده‌کاری‌ ئه‌م چیرۆکه‌ نێردراوه ‌و ئیدیته‌ری‌ چیرۆکه‌که‌ چاوی‌ پێکه‌وتوه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ڕون ‌و ڕه‌وانی‌ تێدایه‌ بۆ سه‌ر گیانی‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌که‌ تا ڕاده‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ کوشتن ‌و نوسراوه‌ "دڵنیابه‌ به ‌سزای‌ خۆت ده‌گه‌یت ‌و باجی‌ ئه‌و ده‌مدرێژیته‌ ئه‌ده‌یته‌وه‌... وه‌ک....ئه‌تتۆپێنین"، ئه‌و که‌سه‌شی‌ نامه‌که‌ی‌ ناردوه‌ رۆژنامه‌نوسه‌که‌ ده‌یناسێت.

ئه‌م نامه‌یه‌ منی‌ سارد نه‌کرده‌وه‌، به‌ڵام زانیم هه‌ڕه‌شه‌کان جدین ‌و زیاتر له ‌جاران خۆم ده‌پاراست، هەرگیز بەتەنیا بۆ هیچ جێگایەک نەڕۆشتوم تەنانەت ئەو ماوەیە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆم بەکار نەدەهێنا بە ئۆتۆمبێلی‌ که‌ناڵه‌که‌م هاتوچۆم دەکرد.

nrt1
سلێمانی/ 7ی كانونی یەكەمی 2020/ هێزێكی ئەمنی لەبەردەم كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، دوای راگرتنی پەخشەكەیان بە بڕیاری حكومەت بۆ ماوەی یەك هەفتە فۆتۆ: NRT

پێنج ڕۆژ دوای ناردنی دواهه‌مین نامه‌ لەقەرەباڵغترین جێگا و لەناو خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی مامۆستایان کە 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2015 لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی‌ سلێمانی‌ لەسەر شەقامی سالم به‌ڕێوه‌ده‌چو، کەسێکی باڵابەرزی جل ڕەش که‌ جلی‌ فه‌رمی‌ له‌به‌ردا بو، لەپشتەوە دای بەشانمدا و داوایکرد لەگەڵی بڕۆم گوایه‌ کاری‌ پێمه‌، تێگه‌یشتم ئه‌مه‌ش درێژکراوه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌یه‌ که‌ له‌سه‌رمه ‌و ژیانم له ‌مه‌ترسیدایه‌، ئەوکات زانیم ئیتر دوعا و نزاکانی دایکم بۆ ئەو ساتانەیە کە ئەو هەمیشە لێی دەترسا.

بەخێرایی داوای کەسە نەناسراوەکەم ڕەتکردەوە و له‌گه‌ڵی‌ نه‌ڕۆیشتم، به‌ڵام زانیم به ‌ته‌نیا نییه ‌و چوارکەسی تری لەگەڵ بو، ڕۆیشتمە ناوەڕاستی  خۆپیشاندانەکە و لەبەردەم هوتاف کێشانی خۆپیشاندانەکەدا وەستام تا هیچ نەبێت بەبۆنەی ئەو خەڵکەوە پارێزراوبم، ئەوە بو کەسەکە وازی نەهێنا و بەبەرچاوی هەمو ئەو خەڵکەوە پەلاماری دام تا بەزۆر لەگەڵ خۆیم بەرێ، وێنەگرەکەی هاوڕێم بۆ ئەوەی پارێزگاریم لێ بکات هاتە بەردەمیان ‌و من خۆم ڕاوەشان لە دەستیان‌ و کەوتمە سه‌ر زه‌وی‌، بەهۆیەوە کامێرای دەستی وێنەگرەکەم شکاو مامۆستایانی ناڕازی خۆپیشاندانەکە به‌رگریان لێکردین‌ و نەیان هێشت لەگەڵ خۆیانمان بەرن.

هەموو ئەمانە بەدیمەنی کامێرامانی هاوڕێیەکم لەکەناڵی کەی ئێن ئێن تۆمار کراوە دواتر هەموی بۆناردمەوە و ئێستاش کە سەیری دیمەنەکانی ئەو ڕوداوە دەکەم وەک یادگاریەکی ناخۆش هەمیشە لە مێشکمدا دوبارە دەبێتەوە.

بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەو ڕۆژە لەوێ بون بۆ ڕوماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان ئەو کەسەی کە پەلاماری داین لە کامێرای چەند کەناڵێکەوە دەرکەوت بو کە بەوردی چاودێری ئێمە ده‌کات بۆیە هەر زو بەیارمەتی چەند هاوڕێیەکم دۆزیمانەوە کێیە، بەڵام بەچی دەچێ!

من دوای‌ ئه‌م روداوه‌ راسته‌وخۆ چومه‌ بنکه‌ی‌ پۆلیس‌ و سکاڵای‌ یاساییم له‌سه‌ر هێرشبه‌ره‌کان تۆمارکرد، هه‌مو ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی‌ پێویست بو گرتمنه‌ به‌ر تا دوباره‌ کردنه‌وه‌ی‌ وته‌کان له‌به‌رده‌م لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی‌ داد و چونه‌ دادگا، به‌ڵام ئه‌مڕۆشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت نه‌ من‌ و نه‌ هێرشبه‌ره‌کان بانگ نه‌کراوین بۆ دادگا، ره‌نگه‌ به‌شێکی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌بێت که‌ من له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌ خۆم نه‌متوانی‌ له‌ناو سکاڵاکه‌ ناوی‌ که‌سی‌ هێرشبه‌ر بهێنم ‌و سکاڵام دژی‌ نه‌ناسراو تۆمارکرد.

نه‌ من‌ و نه‌ هێرشبه‌ره‌کان بانگ نه‌کراوین بۆ دادگا، ره‌نگه‌ به‌شێکی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌بێت که‌ من له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌ خۆم نه‌متوانی‌ له‌ناو سکاڵاکه‌ ناوی‌ که‌سی‌ هێرشبه‌ر بهێنم ‌

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان که‌ ئه‌وکات له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداری‌ ئه‌م دۆسێیه‌ بو گوتی‌ "پێشێلکارییەکان بەرانبەر ڕۆژنامەنوسان لە هەڵکشاندایە، تا ئەم ساتە لە کوردستان یەک کەس لەسەر ئەو پێشێلکارییانە دادگایی نەکراوە کە ناو و ناونیشان دیارەو بەڵگەی لەسەر.. لە ڕابردودا ڕۆژنامەنوسان سکاڵایان تۆمارکردوە، بەڵام ئێستا هێندە بێهیوا بون سکاڵاش تۆمار ناکەن".

هه‌ر به ‌ڕاستیش وابو، من که‌ دواجار له‌ بنکه‌ی‌ پۆلیس بێ هیوایان کردم تێگه‌یشتم ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان په‌ناش ببه‌نه‌ به‌ر ده‌دگا هیچیان بۆ سه‌وز نابێت.

جەلال هۆرێنی رۆژنامەنوس کە خۆیشی چەند جارێک بەهۆی کارە میدیاییەکەوە توشی سەرئێشە بوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم دۆسێیەن‌ و لە میدیاکانیش بڵاویان کردوەتەوە و ئاگاداری ڕێکارە یاساییەکانیشن، دەشڵێت "بەداخەوە دۆخی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان بەجۆرێک نییە کەس ئاواتی پێبخوازێ ‌و ڕۆژبەڕۆژ پێشێلکارییەکان لەسەر ڕۆژنامەنوسان ڕو لە زیاد بون، کەمترین جاریش دادوەرەکان کاریان بە یاسای ڕۆژنامەنوسی کردوە کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە، زۆرکات دادوەرەکان دەگەڕێنەوە بۆ یاسای سزادانی عێراقی کە سزاکانی سەر ڕۆژنامەنوسان قورسترن".

جەلال بێهیوایەیە لەوەی دۆخی ڕۆژنامەنوسان لە کوردستان بەمزوانە چاک ببێت‌ و دەڵێت "ئاسۆیەک ڕون نییە بۆ باشبونی دۆخەکە و ڕۆژانە پێشێلکاری جۆراو جۆر دەبینین کە بەرانبەر ڕۆژنامەنوسان دەکرێت".

ئەمە یەکێکە لەو دەیان چیرۆکە ڕاستەقینانەی ژیانی من کە بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە ڕوبەڕوی بومەته‌وه‌، ئێستا من له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ کوردستان ده‌ژیم، به‌ڵام هه‌مو هه‌وڵم بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئه‌زمونه‌ تاڵه‌ی‌ من بینم ڕۆژنامه‌نوسانی‌ دیکه‌ی‌ کوردستان نه‌یبیننه‌وه ‌و ئه‌زمونێکی‌ له‌بار بۆ کاری‌ ڕۆژنامه‌نوسی‌ ده‌سته‌به‌ر ببێت.

ئێستا ڕۆژنامه‌نوس بابان ئه‌نوه‌ر له‌وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژی‌، ئه‌و کاته‌ی‌ له ‌کوردستان بو، جگه‌ له‌م چیرۆکه‌ روبه‌روی‌ چه‌ندین پێشێلکاری‌ دیکه‌ بوه‌ته‌وه‌ -ئیدیته‌ر -.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT