کاری رۆژنامەنوسیی پڕ ئاڵنگارییە، بە تایبەت لە ناوچە حێناكۆكەكان، کە کەمترین ئازادیی کاری رۆژنامەنووسیی تێدایە، لە گەرمەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆدا بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پرسی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شارۆچکەى پردێ لە پارێزگای کەرکوک نەک تەنها میدیا کوردییەکان بەڵکو تەواوی میدیا عێراقییەکانیشی بە خۆیەوە سەرقاڵکرد.
رووداوەکە لە سەرەتای مانگی نیسانی 2020 بوو، ڤیدیۆ و هەواڵی دەستدرێژیی بۆ سەر ژنەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی تەنیبوو، چەکدارانی حەشدی شەعبی بەو تاوانە تۆمەتبارکرابون، پرسەکە لە بابەتێکی دەستدرێژیی بۆ سەر ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە بوو بوو بە هەڵایەکی سیاسیی لە نێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و عیراق، پەرلەمانتاران و هێزەکانی حەشدی شەعبیش.
رۆژی 23ی حوزەیرانی 2020 و دوای زیاتر لە دوو مانگ لە یەکلایی نەبونەوەى دۆسییەکە و بونی گومانی زۆر، رۆژنامەنوس سۆران محەمەد و کامێرامانەکەى بە ناوی ئەحمەد کەرکوکی لە دەزگای هەواڵی رۆژ نیوز ویستیان سەرێک لە شارۆچکەى پردێ بدەن بۆ ئەوەى راپۆرتێکی کنەوپشکنین لەسەر بابەتەکە بکەن و لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەنوسیی تێدا بکەن.. بەڵام دیسان هێزە ئەمنییەکان رێگریی دەکەن.
سۆران محەمەد (28ساڵ) کە نزیکەى 10 ساڵ ئەزمونی کاری رۆژنامەنوسیی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان هەیە دەڵێت، نیوەڕۆی ئەو رۆژە بەهۆی کۆرۆناوە قەدەغەیەکی هاتوچۆی توند جێبەجێ دەکرا، بەڵام "ئێمە بە گرفتمان نەدەزانی، چونکە پابەندی هەموو رێکارەکانی ئیدارەى پارێزگاکە بوین، نوسراوی رێگەپێدانی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوکم خستە سەر دەشبولی ئۆتۆمبێلەکەم، لەگەڵ باجی دەزگاکەمان و لەگەڵ ئەحمەدی وێنەگر بەڕێکەوتین".
"تا نزیکی شارەدێی پردێ کەوتینەوە، دوو بازگەی پۆلیس و هێزەکانی لیوای 61ی تایبەتمان بینی و بێ هیچ گرفتێک رێگەیان پێداین، بەڵام بەگشتی رێگای دەرەوەی شار چەندین بارەگای سەربازیی هەبون، دیمەنەکان بە گشتیی لای ئێمە ئاسایی بون، چونکە لەدوای روداوەکانی 16ی تشرینی یەکەمی 2017-ەوە هێزی سەربازیی دەرەوەی پارێزگا و ناو شارەکانیشی بە بەردەوامی تەنیوە".
بەڵام کاتێک سۆران و ئەحمەد دەگەنە بازگەى چونەژورەوە بۆ ناو شارەدێی پردێ، پێنج خولەک رایاندەگرن و لێکۆڵینەوەیان لێ دەکەن، باج و ڕێگەپێدانیان پێ دەدەن، بەڵام هەر ڕێگەنادەن، دوای ئەوەى لەگەڵ ئەفسەرانی خۆیان قسە دەکەن، بە سۆران و ئەحمەد دەڵێن ئۆتۆمبێلەکەتان لابدەن و تەواوی کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانتان دابگرن.
"ئێمەیان بردە لای رائیدێکی پۆلیسی فیدراڵی عیراق، لەگەڵ گەیشتنمان دەستی بە ئیهانەکردن و قسەی نەشیاو کرد. ویستم جارێکی تر بیری بهێنمەوە کە من رۆژنامەنوسم و رێگەپێدانم هەیە، زیاتر ئیهانەی دەکردین".
"رائیدەکە دەیوت، ئێوە دەتانەوێت وانیشانی بدەن کە کەرکوک وێرانەیە و کار لەسەر ناشرینکردنی هێزە عیراقییەکان دەکەن، چی لە پردێ هەیە وا دەچنە پردێ، ئێوە هاتونەتە ناوچەیەکی سەربازیی بۆیە دەبێت نوسراوی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشتان پێ بێت و ڕێگاتان پێنادەم".