"پۆلیسی خەبات وتی ئێمە حیساب بۆ باج و نووسراوی رێگەپێدان ناکەین"

رۆژنامەنوس عیمران ئەمیر، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی پەیام

عیمران ئه‌میر

لە کۆتایی مانگی نیسانی 2020، قەدەغەکردنی هاتوچۆ و کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان بەهۆی بڵاوبونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژیانی خەڵکی تەنگەتاو کردبوو، بە تایبەت کاسبکاران کە نە موچە وەردەگرن و نە هاوکاریش لە حکومەت.

ئیدی پەیتا پەیتا کاسباکاران، سەرباری مەترسی لە زیاتر بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە، هەوڵیان دەدا دوکان و بازاڕەکان بکەنەوە تاوەکو بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، بۆیە روماڵکردنی ئەو بابەتە بووە بەشێک لە ئەرکی میدیاکاران لە هەرێمی کوردستان.

رۆژی 18ی نیسانی 2020، عیمران ئه‌میر محەمەد کە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی پەیامە و ماوەى شەش ساڵ ئەزمونی هەیە لە بوارەکە، دەچێتە قەزای خەبات (35کم دورە لە هەولێرەوە) تاوەکو روماڵی گردبونەوەى چەند کاسبکارێکی قەزاکە بکات کە دەیانەوێت دوکانەکانیان بکەنەوە کە 40 رۆژ بوو داخرابوو.

وەک عیمرانی (23ساڵ) دەڵێت، "کاتێک سەرقاڵی وێنەگرتن بوین، دوو کەس بە جلی هێزەکانی ناوخۆوە بەبێ هیچ پرسیار و جوابێک کەوتنە قسەی ناشرین و لێسەندنی مۆبایلکەم. پێمگوتن بە فەرمانی کێ وا دەکەن، گوتیان بە فەرمانی بەرپرسی بنکەی پۆلیسی قەزای خەبات".

دوای ئەوەی خۆم بە بەرپرسی بنکەی پۆلیسی قەزای خەبات ناساند و باجی کەناڵەکەم نیشاندا، جەنابی بەرپرس لە پۆلیسەکان خراپتر باجی رۆژنامەنوسییەکەی لێ وەرگرتم و گوتی سەردانی بنکە بکە بۆ وەرگرتنەوەی باجەکەت، دواتر بە شێوازی زۆر ناخۆش و ناشیرین فەرمانی بە پاسەوانەکانی کرد دورم بخەنەوە لە گردبونەوەکە.

"دواتر نەقیبێک هات و گوتی ئێوه‌ مافی ئه‌وه‌تان نییە روماڵی هیچ روداوێک بکەن بەبێ رەزامەندی ئێمه"‌، منیش نوسراوی رێگەپێدانی کارکردن و وێنە باجی فەرمی کەناڵەکەم نیشاندا، چونکە هەر زوو باجەکەیان لێ سەندم، ئه‌فسەرەکە وتی "ئێمه‌ حیساب بۆ ئەو شتانە ناکەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT