بەهۆی پیشە رۆژنامەنوسییەکەمەوە یەک مانگی تەواو له شارو ماڵو شوێنی خۆم هەڵاتم، سەرەڕای بێنەو بەردەیەکی زۆر، تائێستاش ئەو دۆسێیە وەک خۆی ماوەتەوە.
شەش ساڵ دەبێت له کەناڵی ئێن ئاڕ تی کار دەکەم زۆر ناڕەواییو پێشێلکارییم چەشتوە، بەڵام هیچیان وەک ئەوەی ساڵی 2017 نەبو کە سەرەڕای ئەوەی لە کاتی کارو پیشەی فەرمی خۆمدا پێشێلکاریی گەورەم بەرانبەر ئەنجامدرا، هاوکات فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچو، بەو هۆیەوە تەنیا هەڵاتنو خۆ شاردنەوەم بۆ مایەوە.
کاتژمێر 9ی بەیانی رۆژی 19 کانونی یەکەمی ساڵی 2017 هێشتا لەماڵی خۆمان بوم کە زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا، بەڵێو فەرمو لە منو سڵاوکردن له کەسی پەیوەندیکار، خۆی ناساند مامۆستایەکی کۆیەیه و وتی "کاک خالید لە بەردەمی پەروەردەی کۆیەیەن ژمارەیەکی زۆر مامۆستاین، ئەگەر بێیت روماڵی خۆپیشاندانەکە بکەیت و دەنگمان بە حکومەت و رای گشتی بگەیەنیت".
هەمو ئەم روداوانە بەهایەکی هەواڵی گرنگیان بۆ کەناڵەکەی ئێمە هەیە، به تایبەتی کە خۆپیشاندانەکە پەیوەندی بە مامۆستایانەوە هەیەو چارەنوسی بەردەوامی یان راگرتنی پرۆسەی خوێندن بەوانەوە گرێدراوە.
زۆری نەخایاند کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانم هەڵگرتو چومە بەردەمی پەروەدەی کۆیە لە گەڕەکی شەهیدان لە پشت گۆڕستانی شەهیدان، بە گوتنەوەی دروشمو لافینەکانی دەستیان زو دەرکەوت کە داواکاریی مامۆستایان زۆرن، بەڵام گرنگترینیان راستکردنەوەی باری موچە بو کە بەهۆی کەمکردنەوەو دواکەوتنی بەردەوامییەوە گوزەرانی مامۆستایان خراپ بوبو.
مامۆستاکان لە گەیشتنی منەوە یەک کاتژمێری تەواو لەبەردەم پەروەردەی کۆیەدا مانەوە، دوای ئەوە بەرەو قایمقامیەتی کۆیە دەرۆیشتن، تا دەهاتیش به ڕێگاوە خەڵکی دیکەی کۆیەی تێکەڵدەبو کە پشتیوانی هەمان داواکاریی بونو وەک تۆپەڵە بەفرێک کە سەربەرەوخوار بڕوات قەبارەی خۆپیشاندانەکە گەورەتر دەبو، ئەمە جگە لەوەی پێشتریش خەڵکێکی بەرچاو لەبەردەم قایمقامیەت لە خوار قشڵەی کۆیە کۆبوبونەوە.
وا راهاتوم لەو جۆرە روداوانە هەمیشە بەشێکی دیاریکراو هەڵدەبژێرم کە هەم چاوم لە هەمو گۆشەکانی روداوەکە بێتو هەم خۆم بپارێزم لەوەی لەسەر لایەکی ناو روداوەکە حیساب بکرێم.
لە پشتەوەی خۆپیشاندەران دەرۆیشتم کە شەش کەس بە جلی مەدەنییەوە هاتنە لام، له بن چاکەتی یەک دوانێکیانەوە دەمانچەم بینی، نازانم ئەوە بە رێکەوت بو یان خۆیان مەبەستیان بو دەمانچەکانیانم پیشان بدەن، بێ ئەوەی خۆیان بناسێنن داوایان کرد دەستبەجێ کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان بدەمێ کە بریتی بون لە کامێراو مایک کە لۆگۆی کەناڵەکەی لەسەرە لەگەڵ ستاندو ئامێری راستەوخۆو مۆبایلەکەم، لەناو پەخشی راستەوخۆدا بوم کە پەخشەکەیان وەستاند، بیریشم نەچێت ئەوە باس بکەم کە من لە کۆیە هەم خۆم کامێرا مانو هەم پەیامنێریشم.
له بن چاکەتی یەک دوانێکیانەوە دەمانچەم بینی، نازانم ئەوە بە رێکەوت بو یان خۆیان مەبەستیان بو دەمانچەکانیانم پیشان بدەن، بێ ئەوەی خۆیان بناسێنن داوایان کرد دەستبەجێ کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان بدەمێ
گفتوگۆم لەگەڵ دەکردنو باجی کەناڵەکەم پێ پیشان دەدان هەرچەند پێشوەختە من لای هێزە ئەمنییەکان وەک رۆژنامەنوس ناسراوم، بەڵام قسە سودی نەبو ئینجا هێزی بازویان بەکارهێنا و بەزۆر کەلوپەلەکانیان لێسەندم. لەگەڵیدا چەندین قسەی نەشیاویان پێ گوتمو لە پەنا دیوارێک دەستبەسەریان کردمو له دەورم وەستان.
به هەڵسوکەوتەکەیان بۆم رون بوەوە کە لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی من لەو ناوە دور بخەنەوەو دەستگیرم بکەن، چونکە پێشتر ئەزمونی لەو شێوەیەم بینیوە.
مانگی تەمموزی هەمان ساڵ (2017) لەخۆپیشاندانێکی دیکەی کۆیە بەهەمان شێوە چەند کەسێکی مەدەنی منیان دەستگیر کردو بردیانم بۆ ئاسایشی رۆژئاوای هەولێر له کۆیەو پاش نیو کاتژمێر ئینجا ئازاد کرام.
هەر ئەوەندەی خۆپیشاندەران بەم کەینو بەینەیان زانی، هاتن بەگژ هێزە ئەمنییەکانداو پڕ بەگەرویان هاواریان دەکرد ئێن ئاڕ تی، چەند خۆپیشاندەرێکیش وەک پشتیوانی منیان خستە سەر شانی خۆیانو بەرزیان کردمەوە، هەرچۆنێک بو کەلوپەلەکانی منیان وەرگرتەوە، بەڵام لەم بێنەو بەردەیەدا تا گەیشتەوە دەست من مایکەکەمو بەشێک لەکەلوپەلەکانم لەکار کەوتن.
یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە هاوکار بو لە وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکان مامۆستا هێرش بو کە چەند خولەکێک دواتر بەگوللەی هێزە ئەمنییەکان پێکراو گیانی لەدەست دا.
ئەوەندەی من ئاگادار بوم کەناڵەکانی کەی ئێن ئێنو سپێدەش هەر لەناو خۆپیشاندانەکەوە روماڵیان دەکرد، لەبەردەم قایمقامیەت ئەوانم بینی، بەڵام دواتر لێیان غافڵ بوم.
مادح جەمال پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی سپێدە له کۆیە، یەکێک بو لەو میدیاکارانەی روماڵی خۆپیشاندانەکەی دەکرد، خۆی بەچاوی خۆی بینی کە بەرگ مەدەنییەکان چۆن پەلاماری منیان دا، دەڵێت "شوێنەکەی کاک خالید لێی وەستابو لە پشتی خۆپیشاندەرانەوە بو شوێنەکەش کەمێک بەرزبو ئەو روماڵی راستەوخۆی دەکرد، ئاگاداربوین کە چەند کەسێک چونە لاییو دەستگیریان کردو دواتر کەلوپەلەکانیان لێ سەندو پەخشەکەیان وەستاند، دواتر دەرکەوت ئەو کەسانە هێزەئەمنیەکان بون". لای مادحو زۆربەی رۆژنامەنوسەکانی دیکەی کۆیە ئەو جل مەدەنیانە ناسراون.
شوێنەکەی کاک خالید لێی وەستابو لە پشتی خۆپیشاندەرانەوە بو شوێنەکەش کەمێک بەرزبو ئەو روماڵی راستەوخۆی دەکرد، ئاگاداربوین کە چەند کەسێک چونە لاییو دەستگیریان کردو دواتر کەلوپەلەکانیان لێ سەندو پەخشەکەیان وەستاند
بەدرێژایی ئەو ماوەیەی روماڵی خۆپیشاندانەکەم دەکرد، هەوڵم دەدا روداوەکە وەک خۆی بێ زیادو کەم بگوازمەوەو چەندە دەمتوانی بێلایەنیو بابەتی بونم دەپاراست، بەڵام بێگومان ئەم گواستنەوەیە بەدڵی لایەکی هاوکێشەکە نابێت.
حەسەن عەباس یەکێک له مامۆستا خۆپیشاندەرەکان گوتی "پەیامنێری کەناڵی NRT کە لەشوێنەکە ئامادەیی هەبو بە شێوەیەکی پیشەییانە روماڵی داواکاری خۆپیشاندانی دەکردو دەنگی ناڕەزایی خۆپیشاندەرانی دەگواستەوە، بەڵام لەلایەن هێزەئەمنییەکان هێرشی کرایە سەر تا رێگە بگرن لە گواستنەوەی دەنگی خۆپیشاندەران دەنگی ناڕەزایەتی مامۆستایان، هەربۆیە ئێمە لە هەوڵدابون بۆ ئازادکردنی خۆییو وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکانی".
خۆپیشاندەرەکان نزیکەی دو کاتژمێر لەبەردەم قایمقامیەت مانەوە، پاش ئەوەی هیچیان دەستگیرۆ نەبو، گرژی کەوتە نێوان خۆپیشاندەرانو هێزە ئەمنییەکان، وامان بەرگوێ کەوت کە چوار خۆپیشاندەر بە لێدانو پاڵەپەستۆ بریندار بون، کاتێک خۆپیشاندان فشاری زیاتریان برد، هێزە ئەمنییەکان له سەربانو حەوشەی قایمقامیەتەوە تەقەیان بە ئاسماندا کرد، خۆپیشاندەرەکان هەندێک کشانەوەو دواتر توڕەتر بەرەو بینای قایمقامیەت چونەوە، ئەو کات هێزە ئەمنییەکان بیناکەیان چۆڵ کردبو، خۆپیشاندەرانیش چونە ناو بینای قایمقامیەتو سوتاندیان.
خۆپیشاندەران به توڕەییەوە چونە سەر بارەگای هەریەک لە ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستانو بارەگای یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانو بارەگای رێکخراوە دیموکراتیەکانی یەکێتی نیشتمانیو مەکۆی گۆڕان و هەمو بارەگاکانیان سوتاند.
لە گەرمەی ئەو روداوانەدابو کە کامێراکەم شەحنی نەما، بۆیە شوێنی خۆپیشاندانەکەم جێهێشتو رۆیشتم بۆ ئەوەی کامێراکە شەحن بکەمەوە، لەو ماوەیەشدا خۆپیشاندەران بە ئاڕاستەی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕۆیشتبون، بەڵام روبەڕوبونەوە روی دا کە لەئەنجامدا 19 خۆپیشاندەر بریندارکرانو 3 کەسیش لە هێزە ئەمنیەکان برینداربون.
دوای کۆتایی هاتنی ئاڵۆزییەکان لەبەردەمی مەڵبەندو پەرتبونی خۆپیشاندانەکە، من چومە نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە کە بریندارەکانیان دەهێنا بۆ بەشی فریاکەوتنی ئەو نەخۆشخانەیەو بارودۆخی بریندارەکانم روماڵ دەکرد، بینیم بەشێکی زۆریان گوللەیان بەرکەوتبو ئەوانی تریش بە لێدان بریندار بو بون، تەندروستی هەندێکیان ناجێگیربو دوای 9 رۆژیش مانەوەی لە نەخۆشخانە یەک لەو بریندارانە بەناوی هێرش عومەر کە مامۆستا بو فیشەک بەر پشتی ملی کەوتبو بەهۆی سەخی برینەکەیەوە کۆچی دوایی کرد.
ئەو کاتەی له نزیک نەخۆشخانە روماڵم دەکرد، هەندێ لە دۆستەکانم ئاگاداریان کردمەوە کە هێزێکی ئەمنی بەدوای مندا دەگەڕێنو بە رێگاوەن بەرەو نەخۆشخانە تا دەستگیرم بکەن، بۆیە دەمەو عەسر خێرا چومە دەرەوەی نەخۆشخانەو سواری ئۆتۆمبێلەکەم بومو کۆیەم بەرەو شارێکی دیکەی کوردستان جێهێشت –ناوی شارەکە لای ئیدیتەری ئەم چیرۆکە پارێزراوە-.
ئەو کاتەی له نزیک نەخۆشخانە روماڵم دەکرد، هەندێ لە دۆستەکانم ئاگاداریان کردمەوە کە هێزێکی ئەمنی بەدوای مندا دەگەڕێنو بە رێگاوەن بەرەو نەخۆشخانە تا دەستگیرم بکەن
دواتر زانیم به پێی دو سکاڵای ئاسایشو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان به تۆمەتی "هاندانی خۆپیشاندانو پەلاماردانی بارەگا حیزبییەکان" دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردبوم، لە بارێکی ئاساییدا بوایە خۆم بەپێی خۆم دەچوم بۆ لای پۆلیس، بەڵام ئەو ماوەیە کۆیە دەسەڵاتێکی ئەمنی بەسەردا زاڵکرابو چەند خۆپیشاندەرێک دەستگیر کرابونو هەندێکیان عەزێت درابون.
ئەو ماوەیە جارێک هێزە ئەمنییەکان چوبونە سەر ماڵەکەمان تا دەستگیرم بکەن، کە زانیبویان له ماڵ نیم ئینجا ئەوێیان جێهێشتبوو.
ماددەکانی (221و 229)ی یاسای سزادانی عێراقی کە بەهۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خالید محەمەد دەرچوە، یەکەمیان پەیوەستە بەو کەسەی هانی گردبونەوەو بەلارێدابردنی دەداتو دوەمیشیان پەیوەستە بەهێرشکردنە سەر فەرمانبەرانی میری ئەوانەی له ئەرکی فەرمیدان، بۆ یەکەمیان دەشێ سزاکەی بگاتە یەک ساڵ دەستگیرکردنو دوەمیشیان سێ ساڵ - ئیدیتەر-.
هەواڵی ئەو پێشێلکارییەی بەرامبەر من کرا لەچەند میدیایەک بڵاوبوەوە، خۆیشم پەیوەندیم بەچەند رێکخراوێکی ناوخۆییەوە کرد گوتیان دەنگت دەگەیەنین بە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکاو بەریتانیا، ئیتر نازانم ئەو دەنگە گەیشت یان نا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا کە لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسانی سەر بە سەندیکای رۆژنامەنوسان لە سەرەتای ساڵی 2018 لە هەولێر رێکی خستبو، هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر دۆسێکەی من بە لیژنەکە رادەگەیەنێت، ئەوانیش رونی دەکەنەوە کە رۆژنامەنوسەکان خۆیان ناچن ئەو دۆسێیانە لای سەندیکا تۆمار بکەن.
سەڕەرای ئەو پێشێلکارییەی بەرامبەرم کرا، نەک هەر دەرفەت نەبو سکاڵا بکەم، بەڵکو دەبو لە ترسی دەستگیرکردن خۆم حەشار بدەم، وەک دەڵێن فیرارم کردبو –لە سەردەمی رژێمی بەعس دەستەواژەی فیرار زۆر بەر بڵاو بو بۆ ئەو کەسانەی لە سەربازی هەڵدەهاتنو لە ترسی دەستگیر کردن خۆیان حەشار دەدا-.
هەرچەندە کاتی مانەوەم لە دەرەوەی کۆیە زیاتری بخایەندایە، سەرەنجام هەر دەبو بچمەوە شارەکەم، چونکە ماڵو حاڵم لەوێیەو شەش ساڵیشە هەر لەوێ بۆ ئێن ئاڕ تی کاردەکەم.
دوای مانگێک هەر ئەوەندەی بارودۆخەکە کەمێک هێور بوەوە، چومەوە کۆیەو بەپێی خۆم چومە لای ئاسایش خۆم رادەستکرد، ئاسایش بردیانمە بەردەم دادوەر.
دادوەر لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە پرسیاری لێکردم، منیش رەتم کردەوەو رامگەیاند جگە له رایی کردنی کاری فەرمیو رێپێدراوی خۆم بۆ گواستنەوەی زانیاری، هیچ تاوانێکم نەکردوەو له هەمو ئەو تۆمەتانە بێبەریم، سەرەنجام دادوەر فەرمانیدا بە کەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازادبکرێم هەتا رۆژیی دادگایی کردن، تائێستاش ئەو دۆسێیە وەک خۆی ماوەتەوە.