رۆژنامەنوسانی ژن لە هەرێم "روبەڕوی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە"

فۆتۆ: ماڵپەڕی Monkhouse Law filed in Posts

ئاهەنگ حسێن

 

هه‌راسانکردنى خانمان له‌سه‌ر کاره‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌کى گشتى، له‌نێو میدیادا به‌شێوه‌یه‌کى تایبه‌تى یه‌کێکه‌ له‌و بابه‌تانه‌ى که‌ ئێستا له‌ جیهاندا په‌ره‌یسه‌ندووه‌ و جێگه‌ى قسه‌ و باسه‌، له‌ هه‌رێمى کوردستان و عیراقیشدا ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌کى فراوان له‌ په‌ره‌سه‌نددایه‌، به‌شێوه‌یه‌ک به‌پێى نوێترین راپرسى که‌ له‌ چوارچێوه‌ى  پرۆژەی "دەنگەکانمان" بە هاوکاریی ڕێکخراوی پاو (PAO)، ئەنجامادراوه‌ و 323 خانمى چالاکوان و رۆژنامه‌نووسى هه‌رێمى کوردستان به‌شدارییان تێدا کردووه‌، "62%ى ئه‌و خانمانه‌ کۆمێنتی سێکسى و هەراسانکارییان ڕۆژانه‌ بۆ ده‌نوسرێت".

شیرین محه‌مه‌د، کچه‌ رۆژنامه‌نووسێکى ته‌مه‌ن 28 ساڵانه‌ و ناچاره‌ به‌هۆى کاره‌که‌یه‌وه‌ ڕۆژانه ته‌له‌فۆن بۆ به‌رپرسان و چه‌ندین که‌س له‌ چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان بکات و به‌رکه‌وتنى له‌گه‌ڵ که‌سانى جیاواز هه‌بێت‌، به‌ڵام به‌هه‌مان هۆکار ڕۆژانه‌ تووشى هه‌راسانکردن ده‌بێته‌وه‌. 

ئێوارەیەک، ئەو کاتەی کە لە ماڵەکەی خۆیاندا لەگەڵ هاوسەرەکەی دانیشتبوون، لە پڕ نامەیەک بۆ مۆبایلەکەی دێت و تێیدا نووسراوە "من بیرى تۆ ئه‌که‌م". شیرین خۆى درێژه‌ى چیرۆکه‌که‌ى باس ده‌کات و ده‌ڵێت، "بە هۆی سروشتی کارەکەمەوە، ڕۆژانە به‌رکه‌وتنم له‌گه‌ڵ که‌سانى جیاواز هه‌بێت، ته‌له‌فۆن بۆ که‌سانى جیاواز بکه‌م، ئه‌و که‌سه‌ى ئه‌و شه‌وه‌ که‌ نامه‌ى بۆ ناردم، یه‌کێکه‌ له‌وانه‌‌ى که پێشتر‌ بۆ ئاماده‌کردنى ڕاپۆرتێک ته‌له‌فۆنم بۆ کردبوو، ئه‌م که‌سه‌ پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و شه‌وه‌ ئه‌و نامه‌یه‌م بۆ بنێرێت، داواى په‌یوه‌ندیى لێکردم و داواشى لێکردم‌ بچینه‌ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام من ئه‌مه‌م قبوڵ نه‌کرد و هاوسه‌ره‌که‌مم لێ ئاگادار کرده‌وه‌ و بێده‌نگ نه‌بووم، ئه‌و شه‌وه‌ش که‌ نامه‌که‌ى بۆ ناردم هاوسه‌ره‌که‌م ته‌له‌فۆنى بۆ کرد و رووبه‌ڕووى ئه‌و کاره‌ نه‌شیاوه‌ى بوویه‌وه‌، به‌نیازیشم که‌یسه‌که‌م به‌رمه‌ دادگا".

شیرین تاکه‌ قوربانى نییه‌، به‌ڵکو زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ چیرۆکه‌که‌یان هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌‌، دونیا که‌ریم، کچێکى ته‌مه‌ن 34 ساڵانه‌ و هاوسه‌رگیرى نه‌کردووه‌، یه‌کێکه‌ له‌ قوربانییه‌کانى گێچه‌ڵى سێکسى، ئه‌و له‌ شارى سلێمانى ژیان به‌سه‌رده‌بات، له‌ باره‌ى چیرۆکه‌که‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، "سه‌ره‌تاى چیرۆکى من و ئه‌و که‌سه‌ى که‌ ویستى ده‌ستدرێژى بکاته‌ سه‌رم له‌وه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد به‌بیانووى گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى کاره‌که‌مان له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک له‌گه‌ڵ یه‌کترى بووینه‌ هاوڕێ، ئه‌و کاتانه‌ى به‌هۆى کاره‌که‌مه‌وه‌ قسه‌مان ده‌کرد، له‌ نامه‌کاندا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چه‌ندین وشەی بۆ خۆنزیکردنەوە و هەراسانکردنم به‌کارده‌هێنا، به‌ڵام من کاردانه‌وه‌م بۆ وشه‌کانى نه‌بوو و وا نیشانمده‌دا که‌ ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ رێز نواندنى خۆى".

دونیا که‌ ئێستا به‌هۆى ئه‌و رووداوه‌ى به‌سه‌رى هاتووه‌ وازى له‌ کاره‌که‌ى هێناوه‌ درێژه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکه‌که‌ى ده‌دات و ده‌ڵێت: "ئێواره‌یه‌کیان کات دره‌نگى کردبوو، به‌هۆى کاره‌وه‌ ئێمه‌ مابووینه‌وه‌، من و ئه‌و که‌سه‌ که‌ کاره‌که‌مان ته‌واوبوو ویستمان بچینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، من ئۆتۆمبێلم نه‌بوو و ته‌کسیشم ده‌ستنه‌که‌وت، ئه‌ویش جه‌ختى کرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، ئێواره‌یه‌ و دره‌نگه‌ خۆى ده‌مگه‌یه‌نه‌ته‌ ماڵه‌وه‌، منیش رازیبووم، له‌ڕێگا چه‌ند پرسیارێکى لێکردم، وتى: بۆچى تا ئێستا ته‌نیایت و هاوسه‌رگیریت نه‌کردووه‌؟ منیش به‌ڕێزه‌وه‌ وه‌ڵامم دایه‌وه‌، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ رێڕه‌وى قسه‌کانى گۆڕى ویستى ده‌ستدرێژیم بکاته‌ سه‌ر، منیش خۆمم لێ دورخسته‌وه‌ و وتم: ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێله‌که‌ نه‌وه‌ستێنیت، هاوار ده‌که‌م، به‌ڵام رووداوه‌که‌ له‌ویا کۆتایی نه‌هات".

ئه‌م خانمه‌ که‌ یه‌کێکه‌ له‌ قوربانییه‌کانى گێچه‌ڵسى سێکسى، زیاتر باس له‌ چیرۆکه‌که‌ى ده‌کات و  پێوایه‌ ئەمە جۆرێکە لە شکاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتی لەناو کۆمەڵگە. زیاتر درێژە بە چیرۆکەکەی دەدات و دەڵێت "دواى ئه‌و ئێواره‌یه‌ ئه‌و که‌سه‌ ڕقئه‌ستوورتربوو به‌رامبه‌ر به‌ من، ده‌یزانى که‌ من ملکه‌چناکه‌م بۆ خواسته‌کانى، بۆیه‌ رۆژانه‌ به‌شێوه‌ى جیاواز گێچه‌ڵى پێده‌کردم، ناچاریده‌کردم بچمه‌ ژووره‌که‌ى کارى له‌گه‌ڵ بکه‌ن و به‌رکه‌وتم له‌گه‌ڵى هه‌بێت، منیش ئیتر نه‌متوانى له‌و دۆخه‌ ده‌روونییه‌ سه‌خته‌ى که‌ بۆى دروستکردبووم به‌رده‌وام بم، ناچار ده‌ستم له‌کارکێشایه‌وه‌". 

"به‌شێکى زۆرى ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ى که‌ دورستده‌کرێن ئاگادارى په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نووسانى سه‌ربه‌ فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى رۆژنامه‌نووسان نین" 

نیاز عه‌بدوڵا، راهێنه‌رى بوارى مافه‌کانى رۆژنامه‌نووسان که‌ هاوکات نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌ باس له‌ هۆکاره‌کانى هه‌راسانکردن ده‌کات و ده‌ڵێت: "هۆکاره‌کانى پشت روودانى ئه‌م حاڵه‌تانه‌ زۆرن، به‌ڵام سه‌ره‌کیترینییان بریتین له‌وه‌ى‌، به‌شێکى زۆرى ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ى که‌ دورستده‌کرێن ئاگادارى په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نووسانى سه‌ربه‌ فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى رۆژنامه‌نووسان نین، زۆرجار هه‌ر خۆشیان په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فیان نییه‌، نه‌بوونى گرێبه‌ست یه‌کێکى تره‌ له‌ هۆکاره‌کان که‌ به‌شى زۆرى ده‌زگاکانى راگه‌یاندن گرێبه‌ستى کارکردنیان نییه‌، ئه‌وانه‌شى که‌ هه‌یانه‌ له‌نێو گرێبه‌سته‌که‌دا هیچ خاڵێک نییه‌ که‌ پاراستنى ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ جا کچ بێت یان کوڕ ده‌سته‌به‌رى بکات، که‌ ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ خاڵه‌کانى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى، پاشان بیناى ئه‌م ده‌زگایانه‌ به‌پێى پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان دروستنه‌کراون له‌ڕووى ئه‌ندازیارییه‌وه‌، چونکه‌ به‌پێى پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌زگاکان پێویسته‌ به‌ شوشه‌ ژووره‌کانى ناوه‌وه‌یان جیابکرێنه‌وه‌، شوێنى تاریک و په‌نهانیان نه‌بێت، کارکردن و دانیشتن تێیاندا به‌ گروپ بێت، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بنه‌ هانده‌ر بۆ هه‌راسانکردن".

ئه‌و خانمه‌ چالاکوان و رۆژنامه‌نووسه‌ پێیوایه‌ که‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگى ئازاد و ده‌زگا میدیاییه‌ سه‌ربه‌خۆکان یه‌کێکه‌ له‌ پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانى هه‌راسانکردن و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات: "ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ حزبه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ڕووى ماددى و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ ده‌زگا سه‌ربه‌خۆکان مایه‌پووچبکه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ردا کۆمه‌ڵێک ده‌زگاى سێبه‌ریان بۆ خۆیان دروستکردووه‌، ئه‌م ده‌زگایانه‌ بوونه‌ته‌ مه‌یدانى که‌سانى ناشاره‌زا و تێنه‌گه‌یشتوو له‌ پیشه‌ى رۆژنامه‌وانى و ئه‌نجامه‌که‌شى ئه‌وه‌یه‌ که‌ رۆژانه‌ ده‌بینرێت".

نیاز عه‌بدوڵا بێمتمانه‌یی و نه‌بوونى لایه‌نێکى سه‌ربه‌خۆ که‌ به‌رگریی له‌و خانمه‌ رۆژنامه‌نووسانه‌ى که‌ تووشى هه‌راسانکردن ده‌بنه‌وه‌ به‌ یه‌کێکى تر له‌ نه‌نگییه‌کانى ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌زانێت و باس له‌وه‌ ده‌کات: "ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستان هیچ پێگه‌ و رێکخراوێک نییه‌ که‌ به‌رگریی له‌ خانمانى رۆژنامه‌نووس بکات له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ و که‌یسه‌که‌یان بپارێزێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێمتمانه‌یی هه‌یه‌ و ئه‌و خاتوونانه‌ى تووشى ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌بن ناچار بێده‌نگبن".  هاوکات نه‌زاکه‌ت حسێن، سکرتێرى لیژنه‌ى داکۆکى له‌  مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان له‌باره‌ى حاڵه‌ته‌کانى گێچه‌ڵى سێسکى به‌رامبه‌ر خانمانى رۆژنامه‌نووس ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌ سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان ئاگادارى ئه‌م بابه‌ته‌ین، له‌ ماوه‌ى رابردوودا راپرسییه‌کمان ئه‌نجامدا، که‌ تێیدا 70 رۆژنامه‌نووسى چالاک به‌شداربوون، له‌ ئه‌نجامدا بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ 50% ئه‌و خانمه‌ رۆژنامه‌نووسانه‌ رووبه‌ڕووى شێوه‌ى جیاوازى گێچه‌ڵى سێکسى ده‌بنه‌وه‌، که‌یسمان هه‌یه‌ که‌ داواى په‌یوه‌ندى سێکسى لێکراوه‌، هه‌مانه‌ داواى لێکراوه‌ به‌ داواکارى له‌ ده‌ره‌وه‌ى  چوارچێوه‌ى کاره‌که‌ى رازیبێت، که‌یسمان هه‌یه‌ پێشنیارى به‌ره‌وپێشچوونى زیاترى له‌ کاره‌که‌ى پێدراوه‌ له‌به‌رامبه‌ر رازیبوون به‌ په‌یوه‌ندى و که‌یسیشمان هه‌یه‌ که‌ ده‌ستدرێژى کراوه‌ته‌ سه‌ر و به‌ڵێنى گه‌وره‌ى پێدراوه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌، به‌ڵام له‌ کۆتایشدا ده‌رکراوه‌". 

"به‌داخه‌وه‌ کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى هه‌ستیاره‌ بۆ ئه‌م بابه‌تانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و که‌یسانه‌ى که‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌یان رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌ ناچارن به‌ نهێنى بیهێڵنه‌وه‌ و سکاڵا تۆمار نه‌که‌ن".

سکرتێرى لیژنه‌ى داکۆکى له‌  مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان له‌ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند خانمانى رۆژنامه‌نووس هۆشیارن و سکاڵا تۆمارده‌که‌ن له‌و حاڵه‌تانه‌ى که‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌؟ بۆچى هاوشێوه‌کانى دونیا په‌نا بۆ دادگا نابه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات: "به‌داخه‌وه‌ کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى هه‌ستیاره‌ بۆ ئه‌م بابه‌تانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و که‌یسانه‌ى که‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌یان رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌ ناچارن به‌ نهێنى بیهێڵنه‌وه‌ و سکاڵا تۆمار نه‌که‌ن، پاشان نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت که‌ کارى رۆژنامه‌وانى به‌ گشتى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌تانه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ یاسا رێکنه‌خراوه‌، له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا که‌ رۆژنامه‌نووسێک کارده‌کات یاسایه‌کیش هه‌یه‌ که‌ به‌رگریی لێبکات، به‌ڵام لێره‌، به‌پێى مه‌زاج (دۆخى ده‌روونى) به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاکه‌یه‌، ده‌توانێت ده‌رتبکات، هه‌ڕه‌شه‌ت لێبکات، مووچه‌که‌ت ببڕێت و بێزارت بکات".

به‌پێى راپۆرتى ژماره‌ (25 بۆ 26)ى لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە کوردستان که‌ له‌ کۆتایی ساڵى 2020 ئاماده‌کراوه‌، "ئه‌و خانمانه‌ى که‌ رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێکسى ده‌بنه‌وه‌ له‌ ده‌زگا میدیاییه‌کاندا به‌ پله‌ى یه‌که‌م ئه‌وانه‌ن که‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 20 بۆ 30 ساڵیدایه‌، به‌ پله‌ى دووه‌میش ئه‌و خانمانه‌ دێن که‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 30 بۆ 40 ساڵیدایه‌، هیچ جیاوازییه‌کش نییه‌ له‌نێو ئه‌و ده‌زگا میدیاییانه‌ى که‌ سه‌ربه‌ حزبه‌کانن یان سه‌ربه‌خۆن له‌ڕووى ئه‌م بابه‌ته‌وه‌".

به‌ وته‌ى نه‌زاکه‌ت حسێن، "ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بووه‌ته‌ دیارده‌"، به‌ڵام عێراق وه‌ک کۆى وڵاته‌که‌ که‌ کوردستان هه‌رێمێکه‌ له‌ چوارچێوه‌یدا له‌م بابه‌ته‌ بێبه‌ش نییه‌، خانمه‌ رۆژنامه‌نووسانى عێراقیش به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌یان رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وە.

ئه‌میره‌ جابرى، خانمه‌ پێشکه‌شکارێکى عێراقییه‌ له‌ به‌غدا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ره‌تیکردووه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌رى که‌ناڵه‌که‌ى هه‌بێت له‌ کارکه‌ى دوورخراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و که‌ به‌هۆى کاره‌که‌یه‌وه‌ بژێوى ژیانى کچه‌ تاقانه‌که‌ى و دایکى دابینده‌کات باسى لە که‌یسه‌که‌ى ده‌کات و ده‌ڵێت: "من ناترسم له‌وه‌ى ناوم ده‌ربکه‌وێت و پێچه‌وانه‌ى کچه‌ رۆژنامه‌نووسه‌کانى تر له‌ دادگا سکاڵام تۆمارکرد، به‌ڵگه‌ى ئه‌و کاره‌ نه‌شیاوه‌ى که‌ به‌رامبه‌رمکراوه‌ پێشکه‌شى دادگام کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش که‌یسه‌که‌م به‌و شێوه‌یه‌ى که‌ پێویسته‌ نه‌چووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام دووباره‌ په‌شیمان نیم، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌م مرۆڤه‌ دزێوانه‌‌ بدرێنه‌ دادگا".

به‌پێى ئامارێک که‌ له‌ ساڵى 2020 له‌ چوارچێوه‌ى راپۆرتێکدا له‌ پێگه‌ى (الرسف) بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و 100 خانمه‌ رۆژنامه‌نووس به‌شدارییان تێدا کردووه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى عێرق، "54% ئه‌و خانمانه‌ قوربانى گێچه‌ڵى سێکسین، 67% به‌شێوه‌ى زاره‌کى گێچه‌ڵیان پێکراوه‌، 22% ده‌ستدرێژییان کراوه‌ته‌ سه‌ر". 

گۆڕانى ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بۆ دیارده‌  و هه‌ڵکشانى زیاترى ژماره‌کان، وایکردووه‌ سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان رێکارى پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌و باره‌یه‌وه‌، سکرتێرى لیژنه‌ى داکۆکى له‌  مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان ئاشکرای ده‌کات: "ئێمه‌ له‌ ئێستادا ده‌رگایه‌کمان کردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خانمانى رۆژنامه‌نووس به‌بێ ئه‌وه‌ى ناویان ده‌ربکه‌وێت له‌ڕێگه‌ى راپرسییه‌کانه‌وه‌ حاڵه‌ته‌مانمان بۆ ده‌ستنیشان بکه‌ن، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى رۆشنبیرى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان کۆبووینه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ڕووى یاسایشه‌وه‌ پرۆژه‌ى بۆ پێشکه‌شبکرێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى تایبه‌ت به‌ داکۆکى له‌ مافى رۆژنامه‌نووسان گفتوگۆمان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى پرۆژه‌یه‌کى تایبه‌ته‌وه‌ هه‌م رۆژنامه‌نووسان هۆشیار بکه‌ینه‌وه‌ هه‌میش رێگه‌ له‌ هه‌ڵکشانى ئاماره‌کانى بگرین". 

"پێویسته‌ خانمانى رۆژنامه‌نووس بێده‌نگ نه‌بن له‌م حاڵه‌تانه‌، چونکه‌ ئه‌و که‌سه‌ى ماف به‌خۆى ده‌دات ئه‌و کاره‌ بکات، رۆژنامه‌نووس نییه‌ و مافیایه‌، جێگه‌ى سه‌رجه‌م مافیاکانیش زیندانه‌ نه‌وه‌ک ده‌زگاکانى راگه‌یاندن" 

هاوکات نیاز عه‌بدوڵا که‌ به‌ ‌ وته‌ى خۆى، " 17 ساڵه‌ له‌ دونیای رۆژنامه‌وانى کوردیدا کارده‌کات" له‌باره‌ى چاره‌سه‌رییه‌کانه‌وه‌ ئه‌وه ‌ده‌خاته‌ڕوو: "پێویسته‌ خانمانى رۆژنامه‌وان رۆشنبیربن و ته‌نیا بۆ ده‌رکه‌وتن له‌سه‌ر شاشه‌کان هه‌وڵنه‌ده‌ن، به‌ڵکو خوێنه‌ر بن، مافه‌کانى خۆیان بزانن، چونکه‌ پیشه‌ى رۆژنامه‌وانى پێویستى به‌ که‌سى رۆشنبیر و خوێنه‌ر و چاوکراوه‌ هه‌یه‌، پاشان به‌شداربن له‌ راهێنانه‌کان و رێکخراوه‌کانیش راهێنانى تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ زیاتر بکه‌ن و به‌ پلان کارى له‌سه‌ر بکه‌ن، دواتر خۆیان له‌ژێر هیچ بارودۆخێکدا و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵى هه‌راسانکردن نه‌که‌ن و رووبه‌ڕووى ببنه‌وه‌ په‌نا بۆ یاسا به‌رن، چونکه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌و بواره‌دا ئێمه‌ بۆشایی یاسایمان هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتاش کۆمه‌ڵێک یاساى جیاواز هه‌ن که‌ ده‌کرێت ئه‌م بابه‌ته‌یان له‌ژێردا جێگه‌ بکرێته‌وه‌ و بیانپارێزن، راسته‌ دادگاکان له‌ ئاستى پێویستدا نین، به‌ڵام هێشتاش کۆمه‌ڵێک دادوه‌ر هه‌ن که‌ ده‌توانن مامه‌ڵه‌یه‌کى یه‌کسان له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌یسانه‌ بکه‌ن". 

ئه‌و خانمه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، "پێویسته‌ خانمانى رۆژنامه‌نووس بێده‌نگ نه‌بن له‌م حاڵه‌تانه‌، چونکه‌ ئه‌و که‌سه‌ى ماف به‌خۆى ده‌دات ئه‌و کاره‌ بکات، رۆژنامه‌نووس نییه‌ و مافیایه‌، جێگه‌ى سه‌رجه‌م مافیاکانیش زیندانه‌ نه‌وه‌ک ده‌زگاکانى راگه‌یاندن". 

تێبینى: هه‌ردوو ناوى دونیا که‌ریم و شیرین محه‌مه‌د که‌ له‌م ڕاپۆرته‌دا به‌کارهاتوون دوو ناوى خوازراون و ناوه‌ راسته‌قینه‌کانیان و ناسنامه‌یان له‌سه‌ر خواستى خۆیان به‌ پارێزراوى هێڵراوه‌ته‌وه‌. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT