هاتنەدەرەوە لە زیندان بە مەرجی دەستبەرداربوون لە ئازادی روماڵکردن

تەحسین قاسم، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شنگال.

عەمار عەزیز

دوای گفتوگۆیەکی كورت لەگەڵ ژوری هەواڵی رووداو-دا بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێك دەربارەی هێزەكانی حەشدى شەعبى، بیرۆكەكە پەسەندکرا و خۆم بۆ کارەکە ئامادەکرد. بەڵام بەر لە کارپێکردنی کامێراکەمان، دەستبەسەر کرام و بە زۆر ناچارکرام ئیتر نەتوانم باسی حەشدی شەعبی بكەم ئەگەر بمەوێت لە نەینەوا کاربکەم. مەرجی ئازادكردنیشم لەو زیندانەی پڕ بوو لە تۆمەتبارانی تیرۆر و "چەكدارانی داعش"، دەستبەرداربوون لە ئازادی روماڵکردن بوو.

رۆژنامەنوس تەحسین قاسم، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شنگال، شەوی 19ی شوباتی 2021، بیرۆكەكەی بۆ كەناڵەكەی نارد و هەمان شەو دوای پەسەندکردنی، بە تەلەفۆن لەگەڵ لێپرسراوێكی حەشدی شەعبی لە شنگال كەوتە گفتوگۆ، مۆڵەتی وێنەگرتن، ڤیدیۆ و لێدوانی رۆژمانەوانی وەرگرت.

رۆژی دواتر 20ی مانگ تەحسین و وێنەگرەكەی بەرەو گوندی سینۆ – بە دوری نزیكەی 20كم لە خۆرهەڵاتی شنگال- بەڕێكەوتن، كاتژمێر 8و نیو چونە ئەو گوندەی هێزێكی حەشدی شەعبی لێی جێگیرن.

یەكەم شت بە كامێرامانەكەم وت جارێ وێنە مەگرە تا دەچینە لای لێپرسراوی هێزەكە و جارێكی تر مۆڵەتی كاری رۆژنامەوانی وەردەگرین، چونكە ئەزمونمان هەبوو لەسەر ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی نەینەوا چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا دەكەن.

لەگەڵ سڵاوكردن، هەموو پلانەكانی تەحسین و كامێرامانەكەی پێچەوانە دەبنەوە، ئەوەش كاتێك لێپرسراوانی باڵای فرقەی 21ی حەشدی شەعبی لەو گوندە دەڵێن "فەرمانی دەستگیركردنتان لە دەستەی حەشدی شەعبییەوە هاتووە".

پرسیارمكرد لەوەی چیمانكردووە تا دەستگیربكرێین؟ وتیان تۆ هاتویت باسى حەشدى شەعبى بکەیت و كەناڵەكەشت دەیەوێت بزانێت حەشدى شەعبى لە شنگال چۆن خۆى بەهێزدەکات.

ئەو قسەیە دوای ئەوە هات، شەوی پێشتر تەحسین بە لێپرسراوانی هێزەكانی حەشدی شەعبی وتبوو بیرۆكەكەی دەربارەی ئەوەیە حەشد چۆن لە شنگال خۆی بەهێزدەكات.

tahseen
شنگال/ 20ی شوباتی 2021، تەحسین قاسم دوای ئازادكردنی چارەسەر وەردەگرێت بەهۆی بەركەوتنی شەقێك بە یەكێك لە قاچەكانی. فۆتۆ: رووداو

بڕیارەكەی حەشدی شەعبی بۆ دەستگیركردنمان توشی سەرسوڕمانی كردین؛ بەردەوامبوین لە گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا؛ دەمانویست قەناعەتیان پێبكەین ئێمە رۆژنامەنوسین، كاری راگەیاندن دەكەین، یاسا و رێنماییەكان رێگەیان پێداوین؛ لەو گفتوگۆیەدا بوین وتیان "یەڵا سەركەون بۆ ناو سەیارە و بەرەو زیندانی تەلەعفەر".

یەڵا سەركەون بۆ ناو سەیارە و بەرەو زیندانی تەلەعفەر

تەحسین قاسم، لە سەرەتاى 2016ەوە وەك پەیامنێری تۆڕی میدیایی روداو لە شنگال كاردەكات، بەڵام ئەو رووداوە وەك خۆی دەڵێت گەورەترین ترسی لا دروستكردووە.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتون، له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وە؛ لەڕوی ئەمنییەوە، حەشدی شەعبی یەكێكە لە هێزە دەسەڵاتدارەكانی ناوچەكە.

راستییەكەی ئێمە پێداگریمان دەكرد لەوەی شوێنی ئێمە زیندان نییە و وتمان سەرناكەوین؛ لەپڕ بە پۆستاڵ لە قاچیان داین، قاچێكم ئازاری پێگەیشتوو برینداربوو، بەزۆر كردیانینە ناو بۆدی ئۆتۆمبێلێكی سەربازییەوە؛ تاكە شت كە لەو گفتوگۆیەدا بە گوێیان كردین ئەوە بوو رێگەیان پێداین تەلەفون لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی رووداو بكەین و پێمانوتن لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیركراوین.

ئیتر دوای ئەوە مۆبایل و هەموو كەلوپەلێكی رۆژنامەوانیمان لێ سەندرا و بەرەو زیندانی قەزای تەلەعفەر كە تایبەتە بە حەشدی شەعبی بەڕێكراین.

دوای تەلەفونەكە، پەیوەندی تەحسین قاسم و كەناڵی رووداو دەپچڕێت و هەواڵی دەستگیركردنیان لە رووداو بڵاودەبێتەوە و داوای دەستبەجێ ئازادكردنیان دەکەن.

دوری نێوان گوندی سینۆ و قەزای تەلەعفەر لە خۆرئاوای موسڵ لانیكەم 40كم دەبێت.

بەرلەوەی بخرێینە زیندانەوە هەواڵگری حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردین، دواتر ئێمەیان بردە لای سەید موختار، كەسی یەكەمی حەشدی شەعبی لەو قەزایە.

سەید موختار وتی "ئایا ئێمە وەك حەشدى شەعبى بەڕەڵاین؟ بۆچى باسمان دەکەن و زانیاریى و شوێنەکانمان بۆ پێشمەرگە و لایەنەکانى تر باس دەکەن؟...". وتیشی فەرمانى دەستگیرکردنى تۆ لەلایەن دەستەى حەشدى شەعبییەوە دەرچووە و دەبێت بتبەن بۆ شارى نەجەف و لەوێ لەناو زیندان بمێنیتەوە.

ئایا ئێمە وەك حەشدى شەعبى بەڕەڵاین؟ بۆچى باسمان دەکەن و زانیاریى و شوێنەکانمان بۆ پێشمەرگە و لایەنەکانى تر باس دەکەن

تۆەمەتەكە بۆ ئێمە قورس و گەورە بوو؛ ترساین شتێكمان لێ بكەن؛ زۆر هەوڵم لەگەڵدان كە ئەو تۆمەتانە راست نین و ئێمە تەنیا كاری رۆژنامەوانی دەكەین، بەڵام بێسوود بوو.

دواتر، كاتژمێر 11ەو نیو لەگەڵ وێنەگرەكەم بەرەو زیندانی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر بەڕێكراین، زیندانەكە پڕ بوو لە تۆمەتبارانی تیرۆر و ئەوانەی  بە تۆمەتی پەیوەندیكردن بە داعشەوە دەستگیركراون.

tahseen.rufaw
پۆستەرێكی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر دەستگیركردنی تەحسین قاسم

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی مافەكانی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ ساڵی 2020، حەشدی شەعبی بەندیخانەی نهێنی لە چەندین شوێنی نەینەوا بەڕێوەدەبات و "لانیكەم 1000 زیندانیكراویان تیادایە، ئەوەش بە پاڵنەری مەزهەبی و لەسەر تۆمەتی بێبنەما".

 كە چومە زیندانەكەوە هەستێكم لا دروستبوو كە ژیانی ئێمە تەواو بووە و دەمانكوژن؛ ئازاریان نەداین، بەڵام دیمەنەكە بەڕادەیەك ناخۆش بوو كە یەكەمجارم بوو رووداوی لەو شێوەیە ببینم.

لە هەر خولەکێکدا بیرم لەوەدەکردەوە کە تا چەند رۆژى تر لێرە دەمێنینەوە؛ دەموت زۆر ئەستەمە ئازادبکرێین، "كەیسەكەیان لەسەر ئێمە زۆر گەورە كردبوو؛ بەتایبەت تۆمەتباریان دەكردین بەوەی سەنگەر و بارەگاكانیان بۆ پێشمەرگە و هێزی تر ئاشكرادەكەین".

دوای كاتژمێر و نیوێك، پاسەوانێكی زیندانەكە، تەحسین و وێنەگرەكەی ئاگاداردەكاتەوە لەوەی لە زیندان دەردەكرێن. بڕیارەكە بۆ هەردوكیان چاوەڕوانكراو نەبوو، ئەوەش بەهۆی سوربونی لێپرسراوانی حەشدی شەعبی لەسەر تۆمەتەكانی سەر ئەو تیمەی رووداو.

كە هاتمە دەرەوە لە دڵى خۆمدا وتم "سوپاس بۆ خوا" ئەم جارە رزگاربوین لە دەستی چەکدارانى داعش، مەبەستم چەکدارانی دەستگیرکراوی ناو زیندانەکە بوو.

حەشدی شەعبی دوو مەرج بۆ تەحسین قاسم و وێنەگرەكەی دادەنێن لە بەرامبەر ئازادكردنیاندا، ئەوەش بە هیچ شێوەیەك لەمەودوا نابێت بە باش و خراپ باسی حەشدی شەعبی بكەن، مەرجی دووەم بەهیچ شێوەیەك لە سنوری جوگرافی ئەوان هیچ كارێكی رۆژنامەوانی نەكەن.

هێزەكانی حەشدی شەعبی لە زۆرینەی ناوچەكانی شنگال و تەلەعفەر لە نەینەوا هەن و وەك هێزی سەرەكی حكومەت مامەڵە دەكەن.  

لەو رۆژەوە تا ئێستا تەنانەت یەك راپۆرتی رۆژنامەوانیشم لەسەر حەشدى شەعبى نەکردووە؛ پێموایە ئامادەكردنی هەر راپۆرتێك لەسەر ئەو هێزە دەمخاتەوە زیندانەوە. تۆماركردنی سكاڵاش لەو ناوچەیە هیچ سودێكی نییە جگە لە زیان بۆ خۆمان و كارەكەمان.

كاتێك هاتمە دەرەوە زانیم بە هەوڵی لێپرسراوانی كەناڵەكەم دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ لێپرسراوانی حەشدی شەعبی ئازادكراوم.

لەوكاتەوە نەمتوانیوە بەهیچ شێوەیەك بچمەوە ئەو گوندەو دەیان ناوچەی تری شنگال.

ئەم هەموو لێکوڵینەوە و دەستگیرکردنەی بەرامبەر ئێمە كرا لەكاتێكدابوو ئەو رۆژە تەنانەت وێنەكیشمان نەگرتبوو.

ئێستا كاتێك هەر راپۆرتێك دەكەم ترسی ئەوەم هەیە بخرێمەوە زیندان و حەشدی شەعبی دەستگیرم بكەن. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT