دیوی شاراوەی ژیانی هاوڕەگەزخوازەکان
ئەو چیرۆکەی دووچاری هەڕەشەیەکی قورسی کردم

دوو هاوڕه‌گه‌زخواز له‌ کوردستان. فۆتۆ: سەنگەر ئاكرەیی

سەنگەر ئاكرەیی

ده‌ستبردن بۆ بابه‌ته‌ تابۆکان سه‌ر ئێشه‌ی‌ زۆری‌ به‌دواوه‌یه‌، من کاتێک هه‌نگاوی‌ یه‌که‌مم هه‌ڵهێنا بۆ نوسینه‌وه‌ی‌ چیرۆکی‌ هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان له‌کوردستان، ده‌مزانی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌روا به‌سانایی تێپه‌ڕ نابێت، به‌ڵام بڕوام نه‌بوو بگاته‌ ئاستی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ رون ‌و ره‌وانی‌ له‌ناوبردنم.

که‌س نییه‌ نه‌زانێت لە ‌کوردستان ژماره‌یه‌ک کوڕ و کچی‌ هاوڕه‌گه‌ز خواز هه‌ن – ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌مان ره‌گه‌زی‌ خۆیان هه‌یه‌ – به‌ڵام قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ڕوی‌ میدیایی‌، یاسایی ‌و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه ‌و هه‌موو هاوڕه‌گه‌ز خوازه‌کان به‌نهێنی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گرێ‌ ده‌ده‌ن ‌و چیرۆکه‌که‌یان به‌ په‌نهانی ده‌مێنێته‌وه‌.

وه‌کو چۆن له‌زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ دنیا بابه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان بابه‌تێکی‌ گه‌رم‌و گوڕی‌ میدیاییه‌و قسه‌ له‌سه‌ر شێوازی‌ ژیانیان‌و جۆری‌ په‌یوه‌نییه‌که‌یان‌و هۆکاری‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌کرێت، منیش ده‌مویست له‌کوردستان ئه‌و چیرۆکانه‌ بگێڕمه‌وه‌و ده‌ستم به‌هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان بگات‌و له‌زاری‌ خۆیانه‌وه‌ چیرۆکه‌کان به‌یان بکه‌م.

کارکردن له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هیچ ئاسان نییه‌، چونکه‌ هاوڕه‌گه‌خوازێک نابینی‌ ئاشکرا باس له‌خۆی‌ بکات، بۆیه‌ کاتێک ده‌ستم کرد به‌کۆکردنه‌وه‌ی‌ چیرۆکه‌کان، زیاتر له‌ساڵ‌و نیوێکم ویست بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌مه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی‌ که‌ ده‌مه‌وێت.

یه‌که‌م به‌شی‌ چیرۆکه‌که‌ له‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ 2020 له‌ئه‌کاونته‌ فه‌رمییه‌کانی‌ ئاژانسی‌ سێڤنی‌ ئه‌مه‌رکی‌ بڵاوبوونه‌وه‌، ئه‌و به‌شه‌ پێکهاتبوون له‌سێ‌ وێنه‌ که‌ دوو دانه‌یان هی‌ کوڕه‌کان‌و ئه‌وه‌ی‌ تریان هی‌ کچه‌کان بوو.

Sangar.akrey
رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەر سەنگەر ئاكرەیی

بۆ ئه‌م کاره‌ رۆژنامه‌نووس ئاڤان جاف سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤاری‌ ژن هاوکاری‌ ده‌کردم، زۆر هه‌وڵمدا له‌کوردستانه‌وه‌ بگه‌مه‌ چیرۆکه‌کان، به‌ڵام هه‌موو ده‌رگاکان داخرابوو.

بۆیه‌ په‌نام بۆ کوڕێکی‌ هاوره‌گه‌زخوازی‌ کورد برد که‌ له‌وڵاتی‌ ئیسپانیا نیشته‌جێیه‌و به‌"پێشکۆ"ی‌ خۆی‌ ده‌ناسێنێت، له‌رێی‌ ئه‌وه‌وه‌ گه‌یشتمه‌ به‌شێک له‌کوڕو کچه‌ هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کانی‌ کوردستان‌و داواملێکردن چیرۆکه‌کانیان ببه‌مه‌ ناو میدیاکانه‌وه‌.

زیاتر له‌مانگ‌و نیوێک بێنه‌و به‌رده‌و دانیشتنی‌ ویست تا به‌شێکیان قه‌ناعه‌تیان به‌وه‌ هێنا قسه‌م بۆ بکه‌ن‌و رێبده‌ن چیرۆکه‌کانیان بنوسمه‌وه‌

چیرۆکه‌کان به‌وێنه‌ ده‌گێڕدرانه‌وه‌و دیوی‌ شاراوه‌ی‌ ژیانی‌ هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کانی‌ نیشان ده‌دا، باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاره‌ به‌و شێوه‌یه‌و به‌و ورده‌کارییه‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان قسه‌ بکرێت‌و خۆیشیان ئاوا بێ ترس لێی‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ وێنه‌کانیشدا به‌تێکست چیرۆکه‌کان ده‌خرانه‌ روو.

پرۆژه‌که‌م ناو نابوو "شانازی‌" چونکه‌ ئه‌وانیش شانازی‌ به‌و جۆره‌ ژیانه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن‌و له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ 2020 له‌ئاژانسی‌ سێڤی‌ ئه‌مه‌ریکی‌ که‌ ئاژانسێکی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ دیکۆمێنتارییه‌ ده‌ستم کرد به‌بڵاوکردنه‌وه‌ی‌.

کۆی‌ پرۆژه‌که‌ له‌ 12 وێنه‌ پێکده‌هات که‌ نمایشی‌ ژیانی‌ هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کانی‌ ده‌کردو له‌گه‌ڵیشیدا به‌تێکست ورده‌کاری‌ له‌باره‌ی‌ ژیانیانه‌وه‌ باس ده‌کرا، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ سێ‌ چیرۆکی‌ یه‌که‌م بڵاوبوونه‌وه‌، ئیتر ئه‌وانی‌ تر رۆشناییان نه‌بینی‌، چونکه‌ هه‌رایه‌کی‌ زۆر له‌سه‌ر وێنه‌کان دروست بوون‌و ئاژانسه‌که‌ش وێنه‌کانی‌ له‌پێگه‌که‌ی‌ خۆی‌ سڕییه‌وه‌.

ئه‌و ده‌مه‌ی‌ چیرۆکه‌کان بڵاوبوونه‌وه‌، له‌رێی‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ هێرشێکی‌ به‌رفراوان ده‌ستی‌ پێکردو له‌رێی‌ نامه‌و ته‌له‌فۆنیشه‌وه‌ هه‌م هه‌ڕه‌شه‌ له‌خۆم‌و هه‌م هه‌ڕه‌شه‌ له‌هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان ده‌کرا.

ئه‌و ده‌مه‌ی‌ چیرۆکه‌کان بڵاوبوونه‌وه‌، له‌رێی‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ هێرشێکی‌ به‌رفراوان ده‌ستی‌ پێکردو له‌رێی‌ نامه‌و ته‌له‌فۆنیشه‌وه‌ هه‌م هه‌ڕه‌شه‌ له‌خۆم‌و هه‌م هه‌ڕه‌شه‌ له‌هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان ده‌کرا

کاتێک له‌میدیا کوردییه‌کان‌و له‌رێی‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ باسی‌ پرۆژه‌که‌ کرا، ئیتر خه‌ڵکێکی‌ زۆر به‌ناوه‌ڕۆکی‌ پرۆژه‌که‌یان زانی‌‌و به‌شێک له‌وانه‌ نه‌یارو ناڕازی‌ بوون‌و تیاشیاندا بوو به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستان‌و هێرشیان کرده‌ سه‌رمان.

من بۆ خۆم هه‌م له‌رێی‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌م لێکراو له‌رێی‌ مۆبایله‌که‌شه‌وه‌ نامه‌م بۆ هات تائاستی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ کوشتن هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌کرد –ئیدیته‌ری‌ ئه‌م چیرۆکه‌ ناوه‌ڕۆکی‌ به‌شێک له‌نامه‌کانی‌ بینیوه‌-.

LGBTT
دوو هاوڕه‌گه‌زخواز له‌ کوردستان. فۆتۆ: سەنگەر ئاكرەیی

له‌و هاوڕه‌گه‌زخوازانه‌ی‌ کارم له‌گه‌ڵ کردن تیایاندابوو کرێچی‌ بوون‌و له‌ماڵه‌که‌یان ده‌کران‌و له‌لایه‌ن دراوسیێ‌‌و خاوه‌نکاره‌وه‌ ئه‌زیه‌ت دران، هه‌شیانبوو ده‌یانوت ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی‌ هه‌ولێر بانگیان کردوون بۆ لێپێچینه‌وه‌.

یه‌کێک له‌هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان پێی‌ وتم که‌سێکی‌ راسپاردوو رۆژنامه‌نووسی‌ بابه‌ته‌که‌ بکوژێت له‌به‌رامبه‌ر پێنج هه‌زار دۆلار.

ئیدیته‌ری‌ ئه‌م چیرۆکه‌ گوێی‌ له‌تۆمارێکی‌ ده‌نگی‌ یه‌کێک له‌هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان بوو که‌ باس له‌وه‌ دکات که‌سوکاره‌که‌ی‌ هاتوونه‌ته‌ ماڵه‌که‌یی‌و ویستویانه‌ بیڕفێنن، به‌ڵام ئه‌و له‌گه‌ڵیاندا نه‌چووه‌، له‌ناو گفتوگۆکانیش ناوی‌ (سه‌نگه‌ر ئاکره‌یی) نوسه‌ری‌ بابه‌ته‌که‌ هاتووه‌ که‌ وتوویانه‌ له‌ناوی‌ ده‌به‌ن.

هه‌ڕه‌شه‌کان به‌ته‌واوی‌ هه‌راسانیان کردم، چونکه‌ له‌زۆر لاوه‌ په‌لامار ده‌درام‌و ده‌مزانی‌ مه‌ترسی‌ که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر ژیانم، بۆیه‌ سه‌ره‌ڕای‌ راگرتنی‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی‌ به‌شه‌کانی‌ دیکه‌ی‌ چیرۆکه‌که‌، خۆیشم بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی من کارێکی ڕۆژنامه‌وانیی ئاسایی بوو و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک هیچ لایه‌ن و که‌سایه‌تییه‌ک تێیدا نه‌کرابوونه‌ ئاماج.

له‌سه‌ره‌تاوه‌ بیرم له‌وه‌ کرده‌وه‌ داوای‌ یاسایی تۆمار بکه‌م، به‌ڵام دواتر پێم وابوو بۆ سه‌لامه‌تی‌ پیشه‌که‌ی‌ خۆم ئه‌و کاره‌ نه‌که‌م، چونکە ئەگەر هەیە کە دادگا یان هەر ئۆرگانێکی ئەمنی داوای وردەکاری لە پڕۆژەکەم لێبکات بۆ بەرێوەچوونی رۆتینی پرۆسەی داوای یاسایی، کە ئەوکات ناچارم دەکەن شوناسی هاورەگەزخوازەکان ئاشکرا بکەم و ئەمەش پێچەوانەی ئێتیکی رۆژنامەوانی یە و تەنانەت بۆ سەلامەتی و پاراستنی کەسەکان شیاو نیە.

ئاڤان جاف، سەرنوسەری گۆڤاری ژن، که‌ ئاگای‌ له‌زۆرێک له‌ورده‌کارییه‌کان هه‌یه‌ ده‌ڵێت: لە ماوەی‌ چەند مانگی‌ رابردوو ئاگاداری‌ کەیسی‌ فۆتۆگرافەری رۆژنامەوان سەنگەر ئاکرەیی‌ بووم، بەهۆی‌ کارێکی‌ لەبارەی‌ ژیانی‌ هاوڕەگەزخوازەکانەوە رووبەرووی‌ هەڕەشە و کێشە بوویەوە، وەک نوێنەری‌ سەنتەری‌ میترۆ لە هەولێر   سکاڵایەکەیمان  تۆمار کرد  و لەدواین راپۆرتی‌ سەنتەرەکە بڵاوکرایەوە، هەڕەشەکان لە رێگەی‌ ژمارەی‌ نەناسراو و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو،  هەڕەشەکان بەردەوام بوو تەنانەت پەیوەندیمان کرد بە پارێزەرێکی‌ راویژکار بەناوی‌ (یاسین وه‌لی‌ حەداد) بۆ ئەوەی‌ سکاڵاکەی‌ بۆ تۆمار بکات لە دادگا بەهۆی‌ هەڕەشەی‌ بەردەوام، بەڵام بەهۆی‌ هەستیاری‌ کەیسەکەی‌ نەمانتوانی‌ کەیسە ببەینە دادگا.

بەهۆی‌ کارێکی‌ لەبارەی‌ ژیانی‌ هاوڕەگەزخوازەکانەوە رووبەرووی‌ هەڕەشە و کێشە بوویەوە

بۆ من هه‌مو ده‌رگاکان داخرابوو، تاکه‌ چاره‌ ئه‌وه‌ بوو ماوه‌یه‌کی‌ زۆر بێده‌نگ ببم‌و هیچ له‌باره‌ی‌ چیرۆکه‌که‌وه‌ نه‌ڵێم، چونکه‌ هه‌موو قسه‌ کردنێک وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک بوو بۆ گڕدانی‌ ئاگری‌ ئه‌وانه‌ی‌ توڕه‌بوون، هاوڕی‌و که‌سه‌ شاره‌زاکانیش هه‌ر هه‌مان رێنماییان ده‌کردم.

یاسین وه‌لی‌ حه‌داد ئه‌و پارێزه‌ره‌ی‌ له‌م که‌یسه‌دا په‌نام بۆ برد ده‌ڵێت: ئاگاداری کەیسەکەی سەنگەر ئاکرەیی بوومە کە وەکو وێنەگرێکی رۆژنامەنووس کە چەند مانگێک لەمەوبەر بە هۆی کارێکی رۆژنامەوانی کە لەسەر هاوڕەگەزخوازەکانی کردبوو روبەروی هەرەشە بوویەوە، دوای وتوێژەکی زۆر لەسەر ئەم پرسە و سەرەڕای هەرەشەی کوشتن لێی، بە هۆی هەستیاری کەیسەکە نەیتوانی رەوانەی دادگا بکرێت بۆ سکاڵا تۆمار کردن، چونکە دۆخی کەیسەکە پەیوەست دەبوو بە زانیارییەکانی ناوەرۆکی کەیس و ئەمەش ئەگەری مەترسی بۆ سەر پاراستنی زانیاری هاوڕەگەزخوازەکان دەبوو.

هه‌واڵی‌ چیرۆکه‌که‌و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ش که‌ له‌سه‌رم بوون که‌ چه‌ند میدیایه‌کی‌ ناوخۆیی‌و جیهانی‌ بڵاوبوونه‌وه‌، به‌ڵام من له‌م ئه‌زموونه‌وه‌ تێگه‌یشتم ده‌ستبردن بۆ بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌کان پشوو درێژی‌‌و بوێری‌ ده‌وێت، له‌ژینگه‌یه‌کدا که‌ بۆ هه‌ندێ‌ که‌س زه‌حمه‌ته‌ له‌سروشتی‌ کاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ تێبگه‌ن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT