هێزێکی ئەمنی کەناڵی (ئای پڵەس IPLUS)ی سەر بە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی داخست، ئەوەش دوای "سوکایەتیکردن" بە ژمارەیەک لە کارمەندەکان و دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرەکەی نزیکەی کاتژمێرێک، لەگەڵ شکاندنی بەشێک لە کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان. كارمەندانی سێ پلاتفۆرمی تری نزیك لەو هاوسەرۆكەش دەرگای كەناڵەكەیان داخست و چوونە ماڵەوە.
ئەو هێرشە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تەمموز كرایە سەر كەناڵی ئای پڵەس کە ئەو هاوسەرۆکەی یەکێتی نزیکەی دوو ساڵە سەرقاڵی دامەزراندنییەتی. كەناڵەكە هێشتا پەخشی دەستپێنەکردووە، بارەگای ئای پڵەس دەکەوێتە گەڕەکی کوردسات لە سلێمانی و لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە پشتیوانی دارایی دەکرێت.
لێپرسراو و کارمەندێکی کەناڵەکە، کە ئامادەنەبون لەبەر دروستبونی مەترسی لەسەر ژیانیان ناوی خۆیان ئاشکرابکەن، بۆ (کەرکوک ناو) جەختیانکردەوە لەوەی هێزەکە دوای کاتژمێر 7ی ئێوارەی 13ی تەمموز چونەتە سەریان. "سەرەتا داوایان لێکردین کەناڵەکە چۆڵبکەین، بەڵام پێداگریمان کرد لەوەی کەناڵەکە چۆڵناکەین؛ بێئەوەی هیچ رونکردنەوەیەک لەسەر هێرشەکەیان بدەن، بەزۆر کارمەندەکانیان کردە دەرەوە و پەلاماری بەشێک لە کەلوپەلی رۆژنامەوانیی کەناڵەکەیاندا و شکاندیانن"، یەکێک لە لێپرسراوانی ئەو کەناڵە وایوت.
بەزۆر کارمەندەکانیان کردە دەرەوە و پەلاماری بەشێک لە کەلوپەلی رۆژنامەوانیی کەناڵەکەیاندا و شکاندیانن
جەختیشیکردەوە "دەرگای یەک دوو ژووریان شکاندووە؛ هیوا جەمال، بەڕێوەبەری کەناڵەکە و دوو کارمەندی تریان دەستبەسەرکردووە، بەڵام نزیکەی کاتژمێرێک ئەوانیش ئازادکراون و ئێستا هەمومان لە ماڵەوەیەن و چاوەڕێین بزانین هەڵوێستی کاک لاهور چی دەبێت".
دامەزراوەکە دوای نزیكەی سێ كاتژمێر لە روداوەكە، لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە لەوەی هێزە ئەمنییەكە لە 50 چەكدار پێكهاتبوون؛ بە دەمامک و پۆشاکی سەربازیی و چەکەوە هاتبوون و کاتژمێرێک ئەو رۆژنامەوان و کارمەندانەیان دەستبەسەركرد كە لە ئەرکدابون. "هەندێك کەلوپەلیان بردە دەرەوەی دامەزراوەکە و بەشێکی کەولوپەل و دەرگاكانیان شکاند، جگەلەوەی بەشێکی کامێرای چاودێرییان لێکردەوە، کارەبای باڵەخانەکەیان کوژاندەوە".
لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی "دوای ئازادكردنی بەڕێوبەر و کارمەندانی دامەزراوەکە، هێزەکانیان لە باڵەخانەی دامەزراوەکە جێگیرکرد".
دوای ئازادكردنی بەڕێوبەر و کارمەندانی دامەزراوەکە، هێزەکانیان لە باڵەخانەی دامەزراوەکە جێگیرکرد
ئەو دوو سەرچاوەیەی نێو دامەزراوەكە كە بۆ (کەرکوک ناو)، قسەیانكردووە، جەختیانکردەوە لەوەی هێزەکە خۆی نەناساندووە، بێ هیچ دودڵییەک کارەکەیان کردووە و سوکایەتییان بە کارمەندەکان کردووە.
بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی كە بۆ راگەیاندنەكانی نزیك لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان قسەیان كردووە، لەوانەش ماڵپەڕەكانی (ئێس ئێن ئێن و ئێستا)، جەختیكردۆتەوە لەوەی ئەو هێزەی بۆ ئەو ئەركە راسپێردرابون سەر بە سكرتاریەتی جەلال تاڵەبانی بون و داوایان لە كارمەندەكان كردووە كەناڵەكە جێبهێڵن".
رونیشیكردۆتەوە "كەناڵەكە (ئای پڵەس) موڵكی یەكێتییە و دەگەڕێتەوە بۆ یەكێتی، كەناڵەكەش كەناڵێكی حزبییە نەك سەربەخۆ". زیاتر وتویەتی "هەموو ئەو شتانەی بە پارەی یەكێتی دروستكراون موڵكی یەكێتین و دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ یەكێتی".
ئەو پێشهاتە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئەوەش دوای ئەوە دروستبوو کە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان هەردوو لێپرسراوی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری لە سلێمانی گۆڕی و کەسانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لابرد، لەوانەش دوو برای ناوبراو.
ئەو گۆڕانکارییانە لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە بە "گەلەکۆمەکێی" نێوخۆیی و ئیقلیمی و عوسمانی وەسفکرا، ئەوەش بەپێی تویتێکی ناوبراو لە تویتەر و دواتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک.
بافڵ تاڵەبانی دووشەممە 12ی تەمموز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تویتەر و فەسبوک خۆی وەک سەرۆکی یەکێتی ناساند. هاوکات لە راگەیەنراوی پێشوازیکردنی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عیراقدا لە سلێمانی، بەهەمان شێوە خۆی وەک سەرۆکی یەکێتی ناساند و پاشگری هاوسەرۆکی لابرد، لەکاتێکدا ناوبراو و لاهور شێخ جەنگی بەپێی بڕیاری کۆنگرەی یەکێتی لە کانونی یەکەمی 2019 وەک هاوسەرۆک دەنگیان بۆ دراوە.
دوای هەڵکوتانە سەر کەناڵی (ئای پڵەس IPLUS)، تەواوی کارمەندانی تۆڕی میدیایی ژیان – نزیک لە لاهور شێخ جەنگی- کەناڵەکەیان هەر لە سلێمانی چۆڵکرد و تا ئێستاش (كاتژمێر 9:30)ی بەیانی چوارشەممە 14ی تەمموز لەماڵەوە کارەکانیان دەكەن.
کارمەندێکی ئەو کەناڵە بە (کەرکوک ناو)ی وت "زانیارییمان پێگەیشت کە دێنە سەر ئێمەش، بۆیە لەسەروی خۆمانەوە ئاگاداركراینەوە بچینە ماڵەوە"، بێئەوەی زانیاریی تر ئاشکرابکات.
ڤیدیۆ: سەردانی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ژیان لە نیسانی 2021
دامەزراوەی راگەیاندنی ئایپڵەس، لە راگەیەنراوەكەیاندا داوا لە رێکخراو ی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئازادیی رۆژنامەڤانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات ئیدانەی ئەو کارە نا مەدەنیانە بکەن، هەروەها داوا لە نوێنەرانی نێودەوڵەتیی و کونسوڵی وڵاتان دەکەن لەئاستی ئەو پێشێلکارییە بێدەنگ نەبن و داوای رونکردنەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكەن. هەروەها هاتووە "سەلامەتی گیانی رۆژنامەوان و کارمەندانی دەخەینە ئەستۆی لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
هەردوو پەرلەمانتاری عیراق، سەرکەوت شەمسەدین و غالب محەمەد، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی ئەو روداوانەوە داوادەكەن سنورێک بۆ ئەو بە "سەربازیکردنە"ی سلێمانی دابنرێت.
"ماوەی چەند رۆژێکە بەبیانوی قەیرانێکی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دۆخێکی ئەمنی نەخوازراو سەپێنراوە بەسەر شاری سلێمانی... پێشهاتی نەخوازراو و مەترسیدار هاتە ئاراوە کاتێک بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، و دەستێوەردانی حزبی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی سلێمانی بە هاوکاری ژمارەیەک میلیشیای سەر بە یەکێتی هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک دەزگای میدیایی و بە شێوەیەکی وەحشییانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کارمەندان و رۆژنامەنوسان کردووە. هەر لەو هەڵمەتەدا دەیان رۆژنامەنوس رفێنراون و ئەشکەنجە دراون"، بەپێی راگەیەنراوەكەیان.
تۆڕی میدیایی ژیان، دەزگای میدیایی چاو، ئاژانسی وڵات سێ لەو پلاتفۆرمانەی تر بون كە نزیكن لە لاهور شێخ جەنگییەوە و دوای هێرشەكەی سەر كەناڵی ئای پڵەس كارمەندەكانیان چونە ماڵەوە و ئۆفیسەكەیان داخست.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، كەناڵی راگەیاندن قەدەغە ناكرێت و دەستی بەسەرداناگیرێت.
لە ماددەی هەشتەمی یاساكەدا هاتووە "نابێ لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوس بكرێت یان شوێنی كار و ماڵەكەی بپشكێنرێت، مەگەر بە بڕیاری دادوەریی نەبێت و نەقیب یان ئەوەی بەشێوەی یاسایی جێی دەگرێتەوە بۆی هەیە لەكاتی لێكۆڵینەوەدا ئامادەبێت".
نابێ لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوس بكرێت یان شوێنی كار و ماڵەكەی بپشكێنرێت، مەگەر بە بڕیاری دادوەریی نەبێت
هەر بەپێی یاساكە جەختكراوەتەوە لەوەی هەركەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بە رۆژنامەنوسان بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەریان، ئەوا ئەو سزایە دەگیرێتەوە كە بۆ دەستدرێژكردنە سەر فەرمانبەرێك لەكاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكەیەوە دانراوە، ئەوەش بەپێی ماددەی حەوتەم.
هەردوو پەرلەمانتاری عیراق و نوێنەری پارێزگای سلێمانی سەركەوت شەمسەدین و غالب محەمەد، لە راگەیەنراوەكەدا دەڵێن "کەسێک بەناوی بافڵ تاڵەبانی بێئەوەی هیچ بەرپرسیارێتییەکی حکومی هەبێت دەستیگرتووە بە سەر دژە تیرۆر و دەزگا هەواڵگرییەکانی سنوری سلێمانی و بە ئارەزوی خۆی بەرپرسەکانی دەگۆڕێت و فەرمان دەردەکات".
ئەو دوو پەرلەمانتارە داوا لە پەرلەمانی عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ و نێردەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەن لەسەر ئەو پێشهاتانە هەڵوێستیان هەبێت بەر لەوەی دۆخی سیاسی و ئازادی لەوە ئاڵۆزتر ببێت و دەستێوەردانی هەرێمییش ببێتە هۆی لەژێر کۆنترۆڵ دەرچونی زیاتر.