هێشتا لەیادمە، ئێوارەی رۆژی شەممە بوو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2008، کاتێک ئێمەی رۆژنامەنوس و راگەیاندنکاری کەرکوک ئاگادارکراینەوە کە کەسایەتییەکی گرنگ لە شاری کەرکوکە و بۆ رۆژی دواتر کۆبونەوەیەکی فراوان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و رێکخراوە حکومی وناحکومییەکان لە بینای پارێزگا ئەنجام دەدات.
بانگهێشتنامە ئاراستەی هەموو کەسانی پەیوەندیدار کرا لە کەرکوک، بەتایبەتی کە ئەو میوانه کەسایەتییەکی سیاسیی و خاوەن پۆستێکی باڵا بوو لەنێو دەسەڵاتدا، ئەو کەسایەتییە بەو دواییانە گەڕابووەوە گۆڕەپانی سیاسی دوای ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی نوێی عیراق، بەتایبەتی دوای گۆڕینی رژێمی پێشوو بۆ سستمێکی دیموکراتیتر کە پانتاییەکی فراوانتری ئازادی لەخۆدەگرێت.
لەبەیانی زووەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ کارەکەم، بەتایبەتی دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە کە ئەو کەسایەتییە تارق هاشمی، جێگری سەرۆک کۆماری عیراقە کە لەسەر داوای چەند سەرکردەیەکی سیاسی گەڕابۆەوە نێو کاری سیاسی، لەوانە خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی، لەگەڵ تیمی وێنەگرتن چوین بۆ دیوانی پارێزگا، دوای پشکنینی خۆمان و کەلوپەلەکانمان لەلایەن پاسەوانانی پارێزگا، کە لەبیرمە ئەوکات موقەدەم گۆران گلی بوو، دوای تەواوبون لەکاری پشکنینی کەسەکان و ئامێر و کەلوپەلەکانمان لەگەڵ هاوکارەکانم رومان کردە هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا، کە دیاریکرابوو بۆ کۆبونەوەی هاشمی لەگەڵ لایەنە بانگهێشتکراوەکان.
ئاشکرایە کە هەموو دەزگایەکی راگەیاندن لۆگۆیەكی تایبەت بە دەزگاکە لەگەڵ خۆی دەهێنێت، منیش ئەوکات بەڕێوەبەری نوسینگەی کەناڵی ئاسمانی (حورییە)ی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوم، هۆڵەکە جمەی دەهات لە میوان لە هەموو توێژێکی نەتەوە جیاجیاکان و فەرمانگە مەدەنییەکان و بە ئامادەبونی چەند لێپرسراوێکی ئەمنی سەر بە پۆلیس و سوپای عیراق، دیارترینیان لیوا جەمال تاهیر، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک و لیوا روکن ئەنوەر حەمە ئەمین، کە کاتی خۆی فەرماندەی لیوای 15ی سوپای عیراق بوو لە سەربازگەی کەی وەن (K1)، جگە لە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی و نوێنەرانی حزبه عەلمانی و ئاینییەکان.
هەر لەسەرەتاوە، لەگەڵ گەیشتنی هاشمی بۆ كەركوك و بەرلەوەی بێتە ناو هۆڵەکەوە، ژمارەیەک پاسەوانی هاشمی بەچەکی قورسی وەک بیکەیسی لەپڕ هاتنە ژوورەوە و بەناو هۆڵەکەدا بڵاوبونەوە، کە بووە مایەی سەرسۆڕمانی ئامادەبوان.
لەگەڵ گەیشتنی هاشمی بۆ كەركوك و بەرلەوەی بێتە ناو هۆڵەکەوە، ژمارەیەک پاسەوانی هاشمی بەچەکی قورسی وەک بیکەیسی لەپڕ هاتنە ژوورەوە و بەناو هۆڵەکەدا بڵاوبونەوە، کە بووە مایەی سەرسۆڕمانی ئامادەبوان
دوای چەند ساتێک موقەدەم گۆران گلی لەبارەی ئەو دۆخە نامۆیە ئاگادارکرایەوە و ئەویش پاسەوانەکانی هاشمی بانگکرد و داوای لێکردن بەخۆیان و چەکەکانیانەوە هۆڵەکە بەجێبهێڵن، بارگرژییەک دروست بوو لە هۆڵەکە، سەرەتا پاسەوانەکان رەتیانکردەوە بچنە دەرەوە، بەڵام سوربونی موقەدەم گۆران گلی کە بەرپرسی ئاسایشی پارێزگا بوو پاسەوانەکانی هاشمی ناچارکرد هۆڵەکە بەجێبهێڵن و چەند پاسەوانێک بەچەکی سوک مانەوە، دوای ماوەیەکی کەم ژمارەیەک راگەیاندنکار هاتن کە یاوەری جێگری سەرۆک کۆماریان دەکرد لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک.
راگەیاندنکارەکان لۆگۆی چەند کەناڵێکی میدیاییان هەڵگرتبوو کە لەبەغداوە لەگەڵ خۆیاندا هێنابویان، ویستیان ئەو لۆگۆیانە لاببەن کە پەیامنێر و راگەیاندنکارەکانی کەرکوک لەبەیانی زووەوە دایاننابوو، راگەیاندنکارێک کە یاوەری هاشمی دەکرد داوای لە پاسەوانێکی جێگری سەرۆک کۆمار کرد هەموو لۆگۆکان لاببات و دوبارە رێکیان بخاتەوە، بەڵام ئەو هەوڵە لەلایەن هەموو راگەیاندنکارانی کەرکوکەوە، لەنێویاندا هاوکارمان دلێر شوانی، لێپرسراوی نوسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پارێزگای کەرکوک رەتکرایەوە.
دلیر شوانی رێگەی نەدا پاسەوانەکان جێگۆڕکی بە لۆگۆکانی سەر سەکۆکە بکەن، دوای ماوەیەک، بەهۆی دواکەوتنی گەیشتنی هاشمی بۆ هۆڵەکە زۆربەی ئامادەبووان هۆڵەکەیان بەجێهێشت و ژاوەژاوێک دروستبوو، دواتر بەشێکی زۆری راگەیاندنکارەکان، کە یەکێکیان خۆم بوم، لۆگۆکانیان لەسەر سەکۆکە هەڵگرتەوە و چوونە دەرەوەی هۆڵەکە. کاتێک چوم بەرەو سەکۆکە بۆ لابردنی لۆگۆکە، کەسێک بە جلوبەرگی سەربازیی و بەچکەوە رێگەی لێ گرتم، بەتوڕەییەوە داوای لێکردم دوربکەومەوە، منیش پێم وت براکەم دەمەوێت لۆگۆکە ببەم، ئەویش وتی بگەڕێوە دواوە... قەدەغەیە، منیش وتم قەدەغەی چی براکەم، من راگەیاندنکارم دەمەوێت لۆگۆکەم ببەم و هیچی تر، ئەویش پاڵێکی پێوە نام.
دواتر داوام لە وێنەگرەکەم (مەهدی) کرد لۆگۆکە بهێنێت و چومە دەرەوەی هۆڵەکە، حەوشەی بینای پارێزگا پڕ بوو لە بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و کەسایەتیی و راگەیاندنکارەکان و هەریەک لە لیوا جەمال تاهیر و لیوا ئەنوەر حەمە ئەمین، منیش لەگەڵیاندا وەستابووم گفتوگۆمان لەبارەی کاری راگەیاندن دەکرد، بینیم یەکێک لە پاسەوانەکانی هاشمی کەلەناو هۆڵەکە بەگژما هات لەگەڵ ئەفسەرێک بە پلەی رائید وەستابون گفتوگۆیان دەکرد، پاسەوانەکە چەند جارێک دەستی بۆ راکێشام، منیش چومە لایەوە و لێم پرسی فەرموو براکەم خێرە؟ بۆچی دەستم بۆ رادەکێشیت؟ ئەویش بە ئەفسەرەکەی وت ئەمە ئەو کەسەیە کە کۆبونەوەکەی تێکدا و ئاژاوەکەی نایەوە، منیش ئەو تۆمەتانەم رەتکردەوە، لە بەرامبەردا دەستی کرد بە هەڕەشەکردن و وتی لەناوت دەبەم و ناهێڵم خۆر ببینیتەوە، منیش وتم ئەو هەڕەشانە لە هەڕەشەکانی رژێمی بەعس دەچێت، پاشان چومە لای بەڕێوەبەری پۆلیس و لیوا ئەنوەر حەمە ئەمین و پێموتن من لە ئەستۆی ئێوە و لەسایەی ئاڵای دەوڵەتی عیراقم، بەئاشکرا هەڕەشەی لەناوبردنم لێدەکرێت لەلایەن پاسەوانی تارق هاشمییەوە، دواتر هەموو راگەیاندنکار ورۆژنامەنوسەکان رایانگەیاند کە هۆڵەکە جێدەهێڵن و لەگەڵمدا ماندەگرن و رەتیانکردەوە روماڵی کۆبونەوەکە بکەن.
دەستی کرد بە هەڕەشەکردن و وتی لەناوت دەبەم و ناهێڵم خۆر ببینیتەوە
بەشێکی زۆر لە ئاژانس و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان پەیوەندییان پێوە کردم بۆ پاراستنم و ناردنم بۆ دەرەوەی عیراق لەپێناو پاراستنی گیانم، بەڵام ئەو شتانەم رەتکردەوە.
سوربوم لەسەر ئەوەی سکاڵایەک دژی تارق هاشمی و پاسەوانەکانی لە دادگای فیدراڵی تۆمار بکەم، بەڵام بەهۆی پابەندبونم بەکارکردن لەکەناڵەکە کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری کەناڵەکە کرد سەبارەت بەو بابەتە، کەچی ئیدارەی کەناڵەکە داوایان لێکردم سکاڵا تۆمار نەکەم، چونکە تارق هاشمی تازە گەڕاوەتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسیی و پۆستی جێگری سەرۆک کۆماری وەرگرتووە و کارێکی لەو جۆرە کاریگەری دروستدەکات لەسەر پەیوەندی نێوان تارق هاشمیی و جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عیراق.
تا ئەمرۆ نازانم رێکخراو و دەستە و ناوەندەکانی چاودێری ئازادییەکان چ بڕیارێک دەدەن لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی هەندێ بەرپرسی وەک تارق هاشمیی و کەسانی تر دەیکەن؟ ئاخۆ بڕیارێک یان سزایەکی دیاریکراو هەیە بۆ ئەو کەسەی مافی رۆژنامەنوس یاخود راگەیاندنکار پێشێلدەکات، بەتایبەتی کە چەندین راگەیاندنکار تیرۆرکران و بکوژەکانیان بەنادیاری مانەوە؟
ئومێدەوارم هاوپیشەکانم لە داهاتودا وەڵامی ئەم پرسیارەیان دەستبکەوێت.
زۆربەی کەناڵەکانی راگەیاندن و ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکان و ئاژانسە عەرەبی و بیانییەکان، لۆکاڵی و دەرەکییەکان گرنگیان بەم بابەتە دا بێجگە لەو کەناڵەی کاری بۆ دەکەم... لەوانەیە بابەتێکی سادە بوبێت، بەڵام خەمێکی قوڵی لەناخمدا بەجێهێشت.
من لەسەرەتاوە خۆشحاڵبوم بە گۆڕینی رژێمی پێشوو و هاتنە ئارای سستمێکی نوێی دیمکراتیتر کە پانتاییەکی فراوانتر بۆ ئازادی رادەربڕین فەراهەم دەکات، بەڵام ئەوەی دلًتەنگی کردوم ئەوەی کە نەمتوانی روماڵی روداوێکی گرنگ بکە کە پێموابوو تارق هاشمی بڕوای بە عیراقی نوێ و گۆڕانکاریی هەیە، بەڵام بە هەڵەدا چوبوم و لەوانەیە ئەو پەندە کۆنە بیگرێتەوە کە دەڵێت "خویەک بیگری بەشیری تەرکی ناکەیت بەپیری".
دڵتەنگی من بۆ ئەوەیە کە زۆر پەرۆش بوم بۆ روماڵکردنی ئیڤێنتەکە و هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانم ئامادەکردبوو، تەنانەت بەنیازبوم دوو راپۆرتی لەسەر بکەم، بەڵام هەموو پلانەکانم بەبا چوو، لەبری دەستخۆشی هەڕەشەی کوشتن و تۆقاندنم لێکرا، لەلایەن پاسەوانانی تارق هاشمی کە ئەوکات جێگری سەرۆک کۆماری عیراق بوو.