هه‌ڕه‌شه، سوكایه‌تی، ناوزڕاندن، مافخواردن، رێگریی.. هێشتا لیسته‌كه زۆر له‌مه زیاتره، راسته پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به كاری میدیایی بكه‌م چاوه‌ڕێ بوم ئاسته‌نگی زۆرم بێته پێش، به‌ڵام نه‌مده‌زانی به‌م راده‌یه‌یه! ده‌زانم ئه‌م حاڵه‌تانه هه‌ر بۆ منیش وانییه، به‌ڵكو ئه‌مه له رێی زۆرێك له میدیاكاره مێینه‌كانه له هه‌رێمی كوردستان.
چه‌ند ساڵێك بوو فه‌یسبوكم به‌كارده‌هێنا، له‌پڕ رۆژێك له سه‌ره‌تای ساڵی 2017 هیچ شتێك له‌ده‌ست خۆمدا نه‌ما، نه فه‌یسبوك ده‌كرێته‌وه و نه هیچ رێگایه‌ك ده‌زانم بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی، ئینجا زانیم فه‌یسبوكه‌كه‌م هاككراوه.
ئه‌مه بۆ هه‌ر كه‌سێك ناخۆشه، به‌ڵام من ترسێكی ئه‌وتۆم نه‌بوو، چونكه نه هیچ وێنه‌یه‌كی شه‌خسی و نه هیچ زانیارییه‌كی تێدابوو زیانم پێ بگه‌یه‌نێت، كه‌چی زۆری نه‌خایاند بینیم ئه‌مه سه‌ره‌تایه بۆ كارێكی گه‌وره‌تر.
سێ رۆژی نه‌برد هه‌ر له فه‌یسبوكه‌كه‌ی خۆمه‌وه نامه‌یه‌ك بۆ هاوسه‌ره‌كه‌م هات، نامه بوو به‌دوان و سیان و ده‌و پانزه، هه‌مووشیان له یه‌ك چوارچێوه‌دا ده‌سوڕانە‌وه، سوكایه‌تییه‌كی زۆر به خۆم و هاوسه‌ره‌كه‌م، زۆریان لێده‌كرد من ناچار بكات ده‌ستبه‌رداری ئیشه‌كه‌م ببم.
ئه‌وانه‌ی ده‌نوسران ره‌نگه به هیچ پیاوێك قبوڵ نه‌كرێت، به‌ڵام بۆ پیاوێك كه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ میدیادا هه‌بێت، ئه‌و جۆره هێرشانه پێشبینی كراوه.
18 ساڵ له‌مه‌وپێش(هه‌ردی) هاوسه‌رم له كه‌ناڵی زه‌حمه‌تكێشان ناسی، كه كه‌ناڵێكی لۆكاڵی بوو له شاری سلێمانی‌و یه‌كه‌م وێستگه‌ی كاركردنی میدیایی من بوو. ئه‌وكات من پێشكه‌شكارو ئه‌و كامێرامان بوو، زۆربه‌ی ساڵانی دواتریش هه‌ر پێكه‌وه له یه‌ك ده‌زگای میدیایی كارمان کردووە، بۆیه بۆ پیاوێك كه خۆی له كایه‌ی میدیایی كارده‌كات باشتر له سروشتی ئه‌و پیشه‌یه تێده‌گات.
نامه‌كانی فه‌یسبووك هه‌ر به‌رده‌وام بون، ئه‌مجاره بۆ براكه‌م و چه‌ند دانه‌یه‌ك له هاوڕێكانم كه هه‌مووی قسه‌ی ناشیاوو بوختان كردن بون. راسته هه‌موو ئه‌وانه‌ی نامه‌یان پێده‌گه‌یشت دڵنه‌واییان ده‌كردمه‌وه، به‌ڵام باش ده‌مزانی له ناخه‌وه عه‌زێتیان ده‌دات.
نامه‌كانی فه‌یسبووك هه‌ر به‌رده‌وام بون، ئه‌مجاره بۆ براكه‌م و چه‌ند دانه‌یه‌ك له هاوڕێكانم كه هه‌مووی قسه‌ی ناشیاوو بوختان كردن بون
هه‌فته‌یه‌كی پێنه‌چوو، ئینجا به ژماره‌ی نه‌ناسراوی مۆبایل نامه‌م بۆ ده‌هات، سه‌ره‌تا جنێو‌و سووكایه‌تی، ئینجا هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆ، ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر واز له كاری میدیایی نه‌هێنیت خۆمان ده‌زانین چیت پێ ده‌كه‌ین "حه‌یات ده‌به‌ین".
خۆزگه یه‌ك دێڕی ئه‌و نامانه به كه‌ڵكی ئه‌وه بهاتایه لێره دوباره بینوسمه‌وه تا ئێوه‌ش تێبگه‌ن ئه‌و ماوه‌یه چی به من ده‌گوتراو چۆن هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌كرا!
له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌كه له‌و جۆرانه بوو كه هیچ داتایه‌كیان له كۆمپانیاكانی مۆبایل نییه، له‌و جۆره‌ی له زمانی باوی خه‌ڵك پێیان ده‌ڵێن "علوج"، بۆیه هه‌رچی هه‌وڵماندا ده‌ستمان نه‌گه‌یشت به كه‌سی هه‌ڕه‌شه‌كار.
من ئه‌وكاته پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن بوم كه كه‌ناڵێكی ئۆپۆزسیۆن بوو، ناوه ناوه گۆڕان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه ناكۆكی بۆ دروست ده‌بوو، بۆیه ئاسایی بوو نه‌یارم هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من ده‌مزانی ئه‌و هێرشه زیاتر بۆ سه‌ر میدیاكاره مێینه‌كان بوو، هه‌ر له‌هه‌مان كه‌ناڵی خۆم زیاتر له هاوپیشه‌یه‌كم بۆی باسكردوم كه روبه{وی ئه‌و جۆره هێرشانه بووه‌ته‌وه.
ئه‌وكاته په‌نام بۆ هه‌ندێ هاوڕێی نزیكم برد یه‌ك له‌وانه كوێستان محه‌مه‌د بوو كه ئێستا وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌و ئه‌و ده‌مه ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو كه ده‌سته‌یه‌كی باڵای بزوتنه‌وه‌كه‌یه، پشتیوانی‌و دڵدانه‌وه‌ی ئه‌و رۆڵی زۆری هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له باری سه‌رشانمان سووك ببێت. دواتر دوو هاوڕێی شاره‌زا له كه‌ناڵه‌كه‌ی خۆمان هه‌رچۆنێك بێت هه‌ژماری فه‌یسبووكه‌كه‌یان به‌ده‌ست هێنایه‌وه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵ بێت نامه‌ی مۆبایله‌كان به‌رده‌وامن.
بیرم نایەت یان دیقه‌تم نه‌داوه ئه‌و ماوه‌یه چاودێری كرابم، به‌ڵام له چه‌ند هاوپیشه‌یه‌كم بیستووه كه گوتویانه سه‌ره‌ڕای هێرشه‌كان دور به‌دور به ئۆتۆمبێل چاودێری كراون.
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا گێڕامه‌وه ته‌نیا گۆشه‌یه‌كی بچووكی ئه‌و هه‌موو رێگری و زه‌حمه‌تییه بوو كه له ماوه‌ی هه‌ژده ساڵی كاری میدیاییم تووشم هاتووه، ورده‌كاری تر زۆرن كه هه‌ندێكیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنیان به‌رده‌ست نییه، بۆیه باسكردنیان ته‌نیا له هه‌وادا ده‌مێنێته‌وه‌و شوێنی خۆی ناگرێت.
به‌ڵام من ده‌توانم بڵێم به خۆشمه‌وه كه‌م خانمی میدیاكار هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕوی چه‌ندین جۆری پێشێلكاریی نه‌بووبێته‌وه، هه‌ر له گێچه‌ڵ پێكردنه‌وه، تا سوكایه‌تی ئاشكرا و نهێنی، تا ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌زگا میدیاییه‌كان وه‌ك خۆی مافت پێ نادرێت.
ده‌توانم بڵێم به خۆشمه‌وه كه‌م خانمی میدیاكار هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕوی چه‌ندین جۆری پێشێلكاریی نه‌بووبێته‌وه
كێشه‌ی هه‌ره زۆری خانمه میدیاكاره‌كانیش ئه‌وه‌یه ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت هی ئه‌وه نین باسی بكه‌ن یاخود ئه‌گه‌ر بوێری ئه‌وه‌شیان هه‌بێت بیخه‌نه‌ڕوو، ئه‌وا له‌ترسی ناوزڕاندن ده‌بێ ناوی خۆیان بشارنه‌وه.
مانگی شوباتی ئه‌مساڵ لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنووسان له سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان رایگه‌یاند ساڵی 2019 كۆی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر كراوه 151 رۆژنامه‌نوس بون، له‌وانه ته‌نیا پێنج رۆژنامه‌نوسیان مێینه بوون!
له ده ساڵی پێش ئه‌وه‌ش هه‌موو ئه‌و رۆژنامه‌نوسه مێینانه‌ی لە هەرێمی کوردستان‌و چەند ناوچەیەکی عێراق كه‌یسی پێشێلكارییه‌كانیان راگه‌یاندووه ژماره‌كه‌یان 64 رۆژنامه‌نووس بووه، به‌ڵام ئایا به‌راستی ژماره‌كه ئه‌وه‌نده‌یه؟ ره‌نگه ئه‌و رۆژنامه‌نووسه مێینانه‌ی بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه بتوانن وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌نه‌وه.
پێتان سه‌یر نه‌بێت كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری میدیاكاره ژنه‌كان له ترسی تانه‌و ته‌شه‌ری كۆمه‌ڵگا په‌نا نابه‌نه به‌ر سكاڵا تۆماركردن، سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئه‌و رۆژنامه‌نووسه مێینانه‌ی سه‌رسه‌ختانه دژی "سوڵحی عه‌شایه‌ری"ن، ناچارن كه‌یسی پێشێلكارییه‌كانی خۆیان به‌و سوڵحه چاره‌سه‌ره بكه‌ن، ئه‌وه‌تا ته‌نیا یه‌ك ساڵ پێش هێرشه‌كانی سه‌ر من حه‌وت رۆژنامه‌نووس له رێگەی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كه‌یسه‌كانیان چاره كردووه‌و په‌نایان نه‌بردووه‌ته به‌ر دادگا.
ئه‌گه‌ر له من بپرسن ئه‌ی بۆ په‌نام نه‌برده دادگا، بێگومان ره‌نگه منیش هه‌مان بیانووی رۆژنامه‌نووسه مێینه‌كانی دیكه‌م هه‌بێت، چونكه زۆرجار ئاشكراكردنی ئه‌م جۆره كه‌یسانه دیسان له‌ناو كۆمه‌ڵگا ده‌تكاته‌وه به‌قوربانی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێکجار له‌پاش سكاڵاكه‌ت كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری ناو دۆسێكه بڵاو ده‌كرێنه‌وه كه دواتر دژی خۆت به‌كارده‌هێنرێنه‌وه.
به‌تایبه‌تی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی، هه‌موو ئه‌و ژنه میدیاكارانه‌ی ده‌رده‌كه‌ون بابه‌تێكی چه‌وری هێرشی میدیایین به‌تایبه‌تی له رێی ئه‌كاونته فه‌یكه‌كانی سۆشیال میدیاوه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركوتیان بكه‌ن.
ساڵی رابردوو له مانگی ئایار، ئاریان محەمەد میدیاكارو توێژەر، توێژینه‌وه‌یه‌كی وردی له‌باره‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه‌وه بڵاوكرده‌وه كه له رێی سۆشیال میدیاوه ده‌كرێنه سه‌ر میدیاكاران، به‌شێكی گرنگی په‌یوه‌ست بوو بە بە ئامانجگرتنی ژن لە کەرتی کارداو به‌دیاریكراویش خانمانی میدیاكار، ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه "ئه‌گه‌ر به‌هۆی پاڵنەری سیاسیی بێت یان بەپاڵنەری کۆمەڵایەتی، هەمیشە ئەو ژنانەی کە لە کەرتی کاردان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، لە میدیا‌و سۆشیال میدیا رووبەڕووی بەئامانجگرتن دەبنەوە".