چیرۆکی پێشێلکاريی دژی رۆژنامەنوس ئامانج وەرتێ؛
ئاسایش وتی بۆت نییە روماڵی هاتنی سوپای تورکیا بكەیت

ئەحمەد وەرتێ

کۆششی مرۆڤ بۆ کاری باش و باشتر و پلەیەک هەوڵ و ماندوبون و قوربانی دەوێت، بە تایبەت ئەگەر بوارەکەت، ناوچەکەت و دۆخەکەش هاوکار نەبن، من دەمویستم ئەوەى ڕۆژنامەنوسانی دەڤەرەکەم پێیان نەکراوە بیکەم، مایکەکەم دەنگی زیندو، کامێراکەم وێنەی ڕاستەقینەی ڕوداوەکان بگرێت و خەڵکیش بە ئاسانی و سادەیی بیبینن. بەڵام دەستگیرکرام، هەڕەشەم لێکرا، لێمدرا و سوکایەتیم بینی!

من، ئامانج ئەحمەد، زۆرجار بە ئامانج وەرتێ بانگ دەکرێم، ماوەى 10 زیاترە لە بواری پەیامنێری و هەواڵسازی و کاری مەیدانی و بەرنامە و ڕاپۆرت لە قەزای سۆران و ناوچەکانی دەوروبەری کار دەکەم. پەیامنێری کەناڵی KNN بوم و ئێستاش لە دیجیتاڵ میدیاکەى بەردەوامم، لەگەڵ ڕادیۆی گۆڕان و دیجیتاڵ میدیای زەمەنیش کار دەکەم. بە فریلانسیش کار بۆ چەند میدیایەکی عەرەبی و جیهانیی دەکەم.

من زۆر هەوڵمداوە دەست بۆ ئەو بابەتانە ببەم کە رۆژنامەنوسانی تری دەڤەرەکە کاری لەسەر ناکەن. رۆژی 12ی تشرینی دوەمی 2019 بوو، سوپای تورکیا لەسەر لوتکەی چیای کتکین تۆپبارانی کۆمەڵێک گوندی کرد لە ناوچەى گەروی زراران کە دەکەوێتە سنورەکانی دەشتی ھێرت لە ناحیەی سیدەکان، رەنگە 15 بۆ 20کم لە سەنتەری ناحیەکەوە دوربێت.

دوای تۆپبارانەکە، رەوەندەکان و گوندنشینەکان ئاگادارکرانەوە کە دەبێت ناوچەکانیان چۆڵبکەن، بەشێکیان رایانکرد و نزیکبونەوە لە ناوچە ئارامەکان و خێمە و رەشماڵ و دەواریان گواستەوە، چەند کەسێک پەیوەندیان پێوەکردین تاکو بە ھانایانەوە بچین و راپۆرتیان لەسەر ئامادەبکەین، بۆئەوەى بکرێنە دۆسیە و کوردستانیانی لێ ئاگادار بکرێتەوە.

بۆ ڕۆژی دواتر، بە زۆر هاوڕێی ڕۆژنامەنوسم وت پێکەوە بچین، بەڵام کەسیان نەهاتن، بەڵام بە خۆمم وت ئێستا کاتی تاقیکردنەوە و کاری قورسە، ئەمەیە ئەرکی ڕۆژنامەنوس و دەبێت زانیارییەکان وەک خۆی و بە بەڵگەوە بخاتەڕوو.

بەڕێکەوتم بەرەو برادۆست، ڕێگای سۆران-سیدەکان تەنھا 45 خولەکە، بەڵام بۆ گەیشتن بە شوێنی بۆردومان و تۆپبارانەکان زیاد لە کاتژمێر و نیوێکم دەویست، ڕێگاکەش ھەموی داروبەردە و ھی ئەوە نییە ئۆتۆمبێلی پێدا بڕوات،بەڵام دەست گەیشتن بە حەقیقەتی زانیارییەکان وایکرد گوێ بە بەربەستەکانیش نەدەم.

کە گەیشتمە سیدەکان، لێدوانم لە ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەکە وەرگرت، پێم گوت جەنابی بەڕێوەبەر من دەڕۆمە دەشتی  ھێرت و گەروی زراران، دەمەوێت لێدوانی خەڵک وەربگرم ، گوتی بڕۆ کێشە نییە ، ماڵئاوایم کرد و بەرەو لای ڕەوەند و کۆچەری و گوندشنییە ئاوارەبوەکان بەڕێکەوتم.

لە ڕێگەدا کەسێک پەیوەندی کرد و خۆی وەک خزمی ئەو ماڵانە ناساند. گوتی ببورە تۆ مۆڵەتت نییە و نابێت بێیت بۆ لای ئێمە، ئەگەریش بێیت قسەت بۆ ناکەین، دەبێت مۆڵەت لە ئاسایش وەربگریت. نیگەران بوم بەڵام بڕیارم دا ھەر بڕۆم، گوتم دەتوانم سود لە خەڵکی تر وەربگرم.

 چۆن دەستگیرکرام؟

بەرەو دەشتی ھێرت دەڕۆیشتم، لەبەرئەوەی ڕێگاکە خۆڵ و بەرد بو نەمدەتوانی بەخێرایی بڕۆم، بینیم دو ئۆتۆمۆبێل لەسەر ڕێگە وەستاون، نزیک بومەوە لێیان، بینیم ئۆتۆمبێلەکان جۆری مێگزەمینی ئاسایش و پیکابێکی جۆری دەبڵ ئەسل وەستاون و کۆمەڵێک چەکدار بەجلی سەربازییەوە وەستاون، نزیکتر بومەوە دو کەس بەچەکەوە ھاتنە بەردەمم، ناچار بوم ئۆتۆمبێلەکەم بوەستێنم، سڵاویان کرد و گوتیان لە کوێوە دێی؟ گوتم لەو دەشت و شاخ و کێوە دێم، گوتیان کوا ناسنامەکەت، منیش ناسنامەی شەخسیم پێدان، گوتیان چ کارەی گوتم فەرمانبەری دەوڵەتم ئەوەش ناسنامەی فەرمانبەریم، گوتیان نا تۆ ئیشی تریش دەکەی، وتم ئەی ئەگەر دەمناسن ئەو ئیجرائاتە بۆ چییە؟ وتیان کوا ناسنامەی رۆژنامەوانیت، دوو ناسنامەم پێدان، ھەردوکیان لەگەڵم سەرکەوتن گوتیان بڕۆ بۆ بنکەی ئاسایش، ھەوڵمدا حاڵیان بکەم کە کارێکی نایاساییم نەکردوە، بەڵام سودی نەبو، گوتیان لێکۆڵینەوەت لەگەڵ دەکەین، ناچار رۆیشتین و ئۆتۆمبێلێکی ئەوان لە پێش من دەڕۆیشت و ئەوی تریش لە دوامەوە بوو.

سەرچاوە: ژمارەیەک رۆژنامەنوس داوای ئازادکردنی پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن دەکەن

 منیان بردە بنکەی ئاسایشی نزاری لە سنوری دەشتی ھێرت لە ناحیەی سیدەکان، دەرگای حەوشەیان بۆ کردمەوە دەیان کارمەندی ئاسایش بە پێوە وەستابون و ئینزاربون، خۆم وەک تیرۆرست و تاوانبارێکی گەورە دەھاتە بەرچاو، گوتیان کامێراو شتەکانت بھێنە، منیان بردە ژورێک و کەسێک ھات بە جلی مەدەنییەوە نزیکەی 30 خولەک لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردم، لێکۆڵینەوەکە تەنھا پرسیار و وەڵام بو، دواتر کامێرا و کەلوپەلەکانی پشکنی، گوتی دەبێت بچینە ژورەکەی تر لای بەڕێوەبەری بنکە!

بەڕێوەبەر کەوتە لێ پرسین، گوتی دەبو تۆ مۆڵەت لە ئێمە وەربگری ئینجا بێیتە ئێرە، گوتم بەڕێز سەرەڕای بونی مۆڵەتی فەرمی کارکردنمان لە سەرتاسەری کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناسراوین و من لەماوەی دو ساڵی ڕابردودا سەدان جار ھاتوم بۆ برادۆست، ھیچ کات مۆڵەتم لە ئاسایش وەرنەگرتوە.

گوتی دەتنێرم بۆ ئاسایشی گشتی لە سۆران با ئەوان بڕیار بدەن ئاخۆ ڤیدیۆکەت لێ ڕەش دەکەنەوە یاخود بواری بڵاوکردنەوەت پێ دەدەن، گوتم پێویست ناکات من بچم بۆ ئەوێ لێرە خۆتان ڕەشی بکەنەوە قیرسیا من ئەو 10 ھەزارەشم ناوێت کە لەڕێگەی ئەم ڕاپۆرتە ھەواڵەوە دەستم دەکەوێت.

سەرچاوە: سبەی: ئەمڕۆ ئامانج ئازاد نەکرێت ڕێگای دیکە دەگرینەبەر

سەرچاوە: ئامانج لەسەر داگیرکاریی تورکیا کاری کردوە بۆیە دەستبەر کراوە

بەڕێوەبەرەکە تەلەفۆنێکی کرد و چوە دەرەوە ، ھاتەوە ژورەوە و گوتی ببورە دەبێت بچیتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و لەوێ لێکۆڵینەوەت لەگەڵ دەکرێت. زۆر هەوڵم دا قەناعەتی پێ بکەم کە کارێکی نایاساییم نەکردوە بەڵام ھەمدیس سودی نەبو.

گەیشتینە بەردەمی ئاسایشی گشتی، کارمەندەکەی ئاسایش تەلەفۆنی بۆ بەڕێوەبەرەکەی خۆی کرد ، گوتی "سەیدی بیبەمە کام ژور؟"، گوتی بیبە ژوری ڕامیاریی. دوبارە ترس و نیگەرانی کەوتەوە دڵم، گوتم کێشەم بۆ دروست دەکەن و بابەتەکەم لێ ئاڵۆز دەکەن.

لینکی ڕاپۆرتێکی لیژنەى پارێزگاری لە ڕۆژنامەنوسان (CPJ) کەلەبارەى هەڕەشەکردن لە من بڵاکراوەتەوە. (ڕاپۆرتەکە بە کوردی)

کەوتینە قسە، گوتی تۆ دەبێت زیندانی بکرێیت چونکە ئەمڕۆ ناتوانین لێکۆڵینەوەت لەگەڵ بکەین، منیش گوتم خۆ من ھیچم نەکردوە تا لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکەن، ئەوەتا کامێرا و شتەکانم سەیربکەن و تەواو، گوتیان نەخێر تۆ زۆرت کردوە دەبێت ئیجرائاتت لەگەڵ بکرێت.

ڕاستەوخۆ مۆبایلەکەیان لێ سەندم، ھەرچەند گوتم با تەلەفۆنێک بکەم یەکێک لەکەسوکارم یان یەکێ لە ھاوڕێکانم لە دەزگاکەم ئاگاداربکەم، گوتیان نەخێر بۆت نییە.

ژوری زیندان و بەسەربردنی شەوێکی درێژ!

کە چومە ژوری زیندان بینیم تەنیا کەسێکی بە ڕەچەڵەک عەرەب لە ژورەوەیە، ژورێکی ناخۆش و ناحەز بو، تەنھا یەک تی ڤی لێ بو، ئەویش تەنها کەناڵی ڕوداو و کەی 24ی تێدا بو، دۆخێکی زۆر ناخۆش تێکەوتم، نەمدەزانی من بۆچی بردرامە ئەو ژورە؟ تاوانم چیە و تاکەی لێرە دەمێنمەوە؟ ڕەوشی خێزان و کەسوکارم چیە؟

لە کونی دەرگای ژورەکەوە هاوارم کرد کە هیچ کارێکی نائاساییم نەکردوە، گوتم تکایە ھاوکاریم بکەن تەنھا یەک تەلەفۆن یان یەک نامەم بۆ کەسێک بۆ بنێرن، گوتیان ئێمە ناتوانین، ھەرچەند پاڕامەوە بێ ھودەبو؟

چیرۆکەکە درێژە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت شەوێکی درێژی ناھەموار و سەخت، بەڵام پڕ لە ئیرادەم بەڕێکرد، جارجارە لەگەڵ کابرای عەرەب دەکەوتینە قسە، بەھۆی ئەویشەوە ھەندێ ئارامیم بۆ دروستبو، ترس و نیگەرانی من لەسەر ئەوە نەبو کە من تاوانێکم کردبێت، بەڵکو لەبەرئەوە بو کە من یەکەمجارمە ژوری زیندان دەبینم، ئەوە بە جۆرێک ناخۆشە کەھیچ کەسێک ئارەزو ناکات بچێتە ئەو ژورە.

کۆتایی شەو و سەرەتای رۆژێکی نوێ!

بۆ بەیانی دواتر، بانگیان کردم و بردمیان بۆ ژوری ڕامیاریی. سێ کەس دانیشتبون، بە جۆرێک چومە ژورەوە و سڵاوم لێکردن وەک ئەوەی من ھیچ کێشەیەکم نییە و زۆر ئاسودەم، لە دڵی خۆمەوە وتم نابێت ئەوان بە لاوازیی سەیرم بکەن، دوای سڵاوکردن گوتیان خۆتمان پێ بناسێنە، منیش گوتم ئەگەر نامناسن بۆچی منتان کردوەتە ژوری زیندان؟

یەکێک لە لێکۆڵەرەکان گوتی، ئامانج تۆ چیت باوکە؟ وتم بۆ؟ گوتی لە دوێنێوە 200 تەلەفۆن بۆ ئێمە ھاتوە لەسەر تۆ، گوتم ئەوە پێگەی ئێمەیە لەناو خەڵک و ئازادیخوازان، ئەوە فشاری ئەوانە چونکە ئێوە کارێکی ھەڵەتان بەرامبەر بە من کردوە.

رەوت و ئاڕاستەی لێکۆڵینەوە

لێکۆڵینەوەی جدی دەستی پێکرد، گوتم فەرمون سەیری کامێرا و لاپتۆپەکەم بکەن ئەگەر ئیشێکی ھەڵەی تێدایە بیسڕنەوە، گوتیان تۆ شتت زۆر لەسەرە، کابرای لێکۆڵەر گوتی ئێمە 11 ساڵە چاودێری تۆ دەکەین، سێ فایلی لە بەردەم بو، گوتی ئەمە ھەرسێکی لەسەر تۆ کۆکراوەتەوە و ھەر فایلێک زیاتر لە 15 لاپەڕەیە.

سەرچاوە: برایەکی پەیامنێرەکەی دیجیتاڵ میدیایKNN: ئامانج بۆکارێک لەسەر داگیرکاری تورکیا چوە دەستگیرکراوە

وتی دەبێ بۆمان بسەلمێنی تۆ ھاوکاری (پەکەکە) دەکەی، گوتم ھاوکاریم نەکردون تەنھا خۆشم ویستون ، کوردن و لە خەباتی چەکداریدان. ڕەوتی  لێکۆڵینەوەیان ئەوەبو کە ئەوەم بەسەردا ساغ بکەنەوە کەمن پەکەکەم و ھاوکاری ماددی و هەواڵگری و پێدانی زانیاریی و ھاوکاری خۆراکم کردون. گوتم بۆ ھەریەکێک لەوانە بەڵگەتان ھەیە من ئامادەم لە زیندان بمێنمەوە، ئەگەرنا بە پێچەوانەوە کەس ناتوانێ ئەو تۆمەتانەم بخاتە پاڵ.

ئەوان داوایان کرد من بەڵێننامە بدەم کە چیتر بەدواداچون بۆ شەڕی گەریلا و بۆردومان و ئاوارەبونی خەڵک نەکەم. گوتیان کورت و موختەسەر نابێت تەدەخولی زانیارییەکانی ھاتنی سوپای تورکیا و چالاکییەکانیان بکەیت، گوتیان ئەو مەسەلەیە لە حکومەتی ھەرێمیش گەورەترە، گوتم ئەوە مەبدەئە و ناتوانم دەستبەرداری ببم، گوتیان کەوایە نابێت بەبێ پرسی ئێمە بڕۆیتە ئەم شوێنانە.

لە کۆتاییدا بەڵێننامەیەکیان بە ناچاری پێ ئیمزاکردم، کە بریتی بو لە ( من ھیچ کات بەبێ پرسی ئاسایشی ناوچەکە نەچم بۆ ناوچە پارێزراوەکان).

 شکاندنی وشەى نهێنی مۆبایلەکەم!

گوتیان مۆبایلەکەت بکەوە با سەیری بکەین، گوتم دەبێت نوسراوی دادگاتان پێ بێت، توڕەبون و مۆبایلەکەمیان خستە سەر کۆمپیوتەرێک و ڕاستەوخۆ کۆدەکەیان شکاند، بە توڕەیی و دەنگی بەرزەوە ھەستام لەشوێنی خۆم و گوتم قبوڵی ناکەم، زۆر قسەم کرد، بەڵام دادی نەبو، دواتر گوتیان مۆبیالەکەت خاوێنە و ھیچی تێدا نییە، تەنیا ناوی ھەندێ کەسیان دەپرسی کە ژمارەکەیان لەناو مۆبایلم بو کە ئەوانە کێن.

دوای ماوەیەکی زۆر لە لێکۆڵینەوە، کاتژمێر 11:30 خولەک گوتیان بڕۆ تۆ ئازادیت و ھیچت لەسەر نییە، یەکێک لەگەڵم ھاتە دەرەوە کامێرا و سویچی ئۆتۆمبێلەکەم و مۆبایلەکەمی بۆ ھێنام. گوتی تۆ پیاوێکی ڕاستگۆی و ئێمە غەدرمان لێکردی، ئیتر بەو شێوەیە منیان بەڕێکردەوە کە بە ھەمو شتێکەوە دەستگیریان کردبوم.

بۆچی سکاڵام تۆمار نەکرد؟

سەربەخۆ نەبونی دادوەران و دادگاکان لە ھەرێمی کوردستان و دەستەمۆبونیان بۆ وەلائی حیزب وایکردوە ھیچ ئومێد و ھیوایەکم بە دادگا نەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان. ئەگەرنا من دەمتوانی بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری سکاڵای پێچەوانە لەسەر بنکەی ئاسایشی نزاری لە سیدەکان و بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی سۆران و ئەو کەسەی مۆبایلەکەمی شکاند تۆماربکەم، بەڵام دوای ڕاوێژ و پرسکردن بەچەند پارێزەرێکی خۆبەخش لەوە تێگەیشتین کە سکاڵاکردن بێسودە، سکاڵام تۆمارنەکرد و کەیسەکەم ئاوا بەجێھێشت، لە ھەرێمێکدا کە دادگاکان ئازا و ئازاد نەبن و بەدەستی حیزب جوڵەیان پێ بکرێت بێگومان کەیسی ڕۆژنامەنوسێکی وەک من لەدەرەوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەلاڕێدا دەبرێت، بۆیە لەم ئەگەرانەدا سکاڵانەکردن باشترە لەکردن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT